ئارام حاجی: ئۆجالان کلیلی دەربازکردنی تورکیایە لە هەموو کێشە و قەیرانەکان

ئارام حاجی، توێژەر و مافپەروەر پێیوایە، کە هەوڵەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ گواستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ئاڵنگارییەکانی شەڕەوە بۆ دۆخێکی چارەسەریی، ئاماژە بەوەش دەکات، کە کێشمەکێشم و ململانێ مەزهەبگەراییەکان نایانەوێت ئاشتیی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەراربێت، دەشڵێت: پەیامەکەی بایک زەنگێکی هۆشیارکردنەوەیە بۆ تورکیا.


لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە زیندانی ئیمرالییەوە، سێ پەیامی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتیی لە تورکیا و باکوری کوردستان لە ڕێگای پارێزەرەکانییەوە بڵاوکردەوە، لە ماوەی ڕابردووشدا بەهەمان شێوە جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە وتارێکی لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست-ی ئەمریکی بڵاوکردەوە، کە چەند پەیامێکی لەخۆگرتبوو و بووە جێی نیگەرانیی زۆری دەوڵەتی تورک، ئارام حاجی، توێژەر و مافپەروەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، هەڵسەنگاندن بۆ پەیامەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و وتارەکەی جەمیل بایک دەکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- لەگەڵ ئەوەی کە ئۆجالان زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە زینداندایە، بەڵام هەمیشە بە پەیامەکانی هەوڵی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی گەرەنتیکراو داوە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا چەند تێگەیشتنێکی ڕاست لەسەر ئەو پەیامانەی ئۆجالان لەلایەن هێزە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکانەوە پێکهات؟

" ئەو هێزانەی کە بە باکگراوندی باوەڕیی و شۆڤێنییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پەیامانە دەکەن جێگەی ئەمجۆرە وتارانە لەکارەکانیاندا نابێتەوە"

ئارام حاجی: بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو کێشمەکێشم و ململانێکان لەسەر دەستی دەسەڵاتە تۆتالیتار و ستەمکارەکان لەم ناوچەیە بەردەوامە، لەبری ئەوەی کە فاکتێک بن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێکخستنی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان، بە پێچەوانەوە بەردەوام ڕۆڵی نەرێنییان گێڕاوە و فاکتەری ڕاستەوخۆی ململانێ ئاینیی و نەتەوەییەکان بوون، بۆیە لەبری ئەوەی ئەم ناوچەیە کەشێکی دیموکراسیی بەخۆوە بگرێت، هێندەی دیکە بووە چەقی ململانێ و کێشمەکێشمەکان، ئەمانەش ئەو کەرەستەی دنیابینییە بوون، کە بەڕێز ئۆجالان لێیەوە سەیری تەواوی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە، لە دنیابینییەکی تایبەت و تێگەیشتنێکی قوڵی فەلسەفییەوە بەدوای چارەسەرییەکی ڕاستەقینەدا گەڕاوە، ئەوەی کە ئەو لە پەرتووکەکانیدا بەرجەستەی دەکات، پێداگرییەکی ڕاستەقینەیە لەسەر گەڕان بەدوای چارەسەرییەکی ڕیشەیی ڕاستەقینە بۆ هەموو ئاڵنگارییەکان، بۆیە هەندێکجار پێشنیارە چارەسەرییەکانی ئۆجالان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەتوانرێت بۆ چارەسەریی جیهانییش وەربگیرێت، بۆیە کاردانەوەکانیش لەسەری جیاوازن، ئەو هێزانەی کە بە باکگراوندی باوەڕیی و شۆڤێنییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پەیامانە دەکەن، سروشتی هەبوونیان بەشێوەیەکە کە جێگەی ئەمجۆرە لە وتاری تێدا نابێتەوە، چونکە هەمیشە ڕۆحییەتی شەڕەنگێزیی بەسەریاندا زاڵە، شەڕی ئۆجالان بۆ گواستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ئاڵنگارییەکانی شەڕەوە بۆ دۆخێکی چارەسەریی.

- ئۆجالان هەم لە شام و هەمیش لە ئیمرالیی، چەندین جار هەنگاوی کرداریی نا بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتیی، بەڵام هەرکاتێک هەوڵەکانی گەیشتبنە ئاستێکی بەرهەمدار تێکدراوە، کێ نایەوێت ئاشتی پێکبێت؟ بۆچی هەمیشە ئەم هەوڵانە لەباردەبرێن؟

"دەسەڵاتە ستەمکارەکان بە ڕازیبوونیان بەم بانگەوازییە، خۆری تەمەنیان ئاوا دەبێت"

ئارام حاجی: کێشمەکێشم و ململانێ مەزهەبگەراییەکان نایانەوێت ئاشتیی بەرقەراربێت، کە ئەمە لەناویشیدا ململانێ لەسەر ئاستی ڕێبەرایەتیی ئیخوانیی جیهانیی دەگوزەرێت، ئەمە ئاستەنگێکی زۆر گەورەی بەردەم پرسی چارەسەریی و ئاشتییە، لە هەمان کاتیشدا سروشتی فەمانڕەوایەتیی ئەم ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆتالیتار و ستەمکارن، بە سروشتی خۆیان بە ئاسانیی ناتوانن وەڵامی ئەم پرسە بدەنەوە و لەگەڵیدا هەڵبکەن، چونکە بە ڕازیبوونیان بەم بانگەوازییە، خۆری تەمەنیان ئاوا دەبێت، ئەمە ئەو ئاستەنگە ڕاستەقینەیە کە دێتە بەردەم ئەم پرسە، بۆیە بۆ بەرقەرارکردنی ئەو وتارە ئاشتیخوازییانەی ئۆجالان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە گەلانی ئەم ناوچەیە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە بۆ پرسی ئاشتیی و چارەسەریی لە ڕۆحی مامەڵەی سیاسیی خۆیاندا دروستبکەن، چونکە ئاشتیی تەنها بە لایەنێک ناکرێت.

- ئۆجالان لە پەیامەکەی نەورۆزی ٢٠١٣دا باسی لە پرەنسیپەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد کرد و لە ئاستی باڵاشدا وتووێژی لەگەڵ ئەنجامدرا، بەڵام دواتر ئاکەپە ئەو مێزی گفتوگۆیەی تێکدا و ئۆجالانی گۆشەگیرکرد، ئەو پەیامە بۆچی پێکنەهێندرا و ئۆجالان گۆشەگیرکرا؟

"ئاکەپە پێشەنگایەتیی بەرەی شەڕ دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"

ئارام حاجی: هەڵوەشاندنەوەی پرسی ئاشتیی لە تورکیا، نەخوازراوترین وەرچەرخانی سیاسییە لە مێژووی حکومڕانیی تورکیادا، چونکە ئاکەپە وەک هێزێکی ئیخوانگەرا و ڕەتکەرەوەی پرسی ئاشتیی، کە پێیوایە لە تورکیادا کێشەیەک بەناوی کێشەی کورد-ەوە نییە، نەک پرسی ئاشتیی و چارەسەریی هەڵوەشاندەوە، بگرە گەیاندی بە قۆناغی لەباربردنی ئاشتیی، ئەم هێزە پێشەنگایەتیی بەرەی شەڕ دەکات نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ نموونە دەستێوەردانەکانی لە لیبیا و هەوڵەکانی بۆ گەڕان بەدوای غازی سروشتیی-دا لەناو دەریای سپی، هەروەها تۆخکردنەوەی ململانێکانی لەگەڵ یۆنان، لە هەمان کاتدا پەلهاویشتنی بۆ ئەو دەستێوەردانانەی، کە لە ڕێگای میلیشیا ئەقایدییەکانەوە لە سوریا دەیکات، کە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی خوێناویدان چ بەرامبەر پرسی کورد و چ بەرامبەر فەرمانڕەوایەتیی سوریا، ئاکەپە هێزێکی نامۆیە بە ڕێبەرایەتیی سیاسیی و فەرمانڕەوایەتیی لە تورکیادا و هەڵەیەکی کوشندەی فەرمانڕەوایەتیی تورکیایە کە ئێستا تێیکەوتووە، چونکە ئەم هێزە زۆرێک لە پنت و پێگەکانی بوونی فەرمانڕەوایەتییەکی تەندروستی لە تورکیا شێواندووە، هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەو هێزە شۆڤێنییانەدا کردووە، کە لە تورکیادا نکۆڵیی لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکەن، بۆیە لەدوای ئەو قەیرانە سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییانەی کە بەسەر تورکیادا هاتووە، لەبری ئەوەی دەست بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان ببات، هەوڵی گواستنەوەی کێشەکانی دەدات لە ناوخۆوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەخاتری ئەوەی کە پەردەپۆشی شکستە ناوخۆییەکانی پێ بکات.

- کەواتە بڕیاری گۆشەگیرکردنی ئۆجالانیش بڕیارێکی تاکلایەنەی ئاکەپە بوو؟ یان هێزی دیکەشی لە پشتەوە بوو؟

"بەر لەوەی باس لە پرسی ئاشتیی بکەین، دەبێت زەمینەی ئاشتیی لە بەرامبەرەکەماندا خۆش بکەین"

ئارام حاجی: هیچکاتێک فەرمانڕەوایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوجۆرە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی کورد-دا نەکردووە، کە دۆزێک هەیە بەناوی دۆزی کورد و دەبێت چارەسەر بکرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە لەکوێدا بەپێویستیان زانیبێت کە دۆزی کورد بخەنە خزمەتی خۆیانەوە دەستیان بۆبردووە، لەکوێشدا پێویستیان پێی نەبووبێت نکۆڵییەکی سەرسەختانەیان لێکردووە، ئەمەشە وایکردووە کێشمەکێشمەکان لەسەر پرسی کورد نزیکەی ١٠٠ ساڵ درێژە بکێشێت، لە دنیابینیی بەڕێز ئۆجالانیشدا پێی وایە، کە بەر لەوەی باس لە پرسی ئاشتیی بکەین، دەبێت زەمینەی ئاشتیی لە بەرامبەرەکەماندا خۆش بکەین، ئەمەشە وائەکات کە ئەم پرسە لە فەلسەفەی ئۆجالانەوە بە تەنها بە پرسی چارەسەرکردنی دۆزی کورد وەرنەگیرێت، بەڵکو بە پرسێکی چارەسەریی جیهانیی بزانرێت، لەمەشدا گەلانی دیکە دوو هێندەی کورد لێی سوودمەند دەبن.

- چۆن لە پەیامەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان بۆ ئاشتیی بڕوانین؟

"کورد ناتوانێت دەستبەرداری پرسەکەی ببێت و ئیرادەی سیاسیی کەجەکە-ش چاو لە مامەڵەکانی ئاکەپە ناپۆشێت"

ئارام حاجی: ئەو مانگرتنانەی کە بە پێشەنگایەتیی بەڕێز لەیلا گوڤەن گوزەرا و سەرەنجام هەلی ئەنجامدانی دەرفەتی لەگەڵ ئۆجالان ڕەخساند، مامەڵەکردنێکی ڕاستەقینەی سیاسیی و دیموکراسیی بوو لەگەڵ پرسی چارەسەریی، وە وەڵامدانەوەیەکیش بوو بەو سیاسەتەی کە گۆشەگیریی لەسەر بەڕێز ئۆجالان دانابوو، پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالانیش دوو خاڵ لەخۆ دەگرێت، یەکێکیان ئەوەیە کە کورد ناتوانێت دەستبەرداری پرسەکەی ببێت و ئیرادەی سیاسیی کەجەکە-ش ناتوانێت چاو لە مامەڵە نامرۆڤانەکانی ئاکەپە بپۆشێت، لەلایەکی دیکەشەوە تێگەیشتنی ئاکەپە لەو شکستانەی کە بەسەری هاتووە، ناچاریکرد بگەڕێتەوە بۆ هەڵگرتنی بڕیاری قەدەغەی دیداری ئۆجالان، پێیوابوو کە دەتوانێت پرسی کورد بکاتە کارتێکی گەمەی سیاسیی، بەڵام خۆشبەختانە ئەوە نەبوو، فاکتەری ڕاستەقینە ئەو ئیرادەیەیە کە ڕێز لەم خەبات و دنیابینییە دەگرێت، لەبەر ئەوە پارسەنگەکە دوو جار نابەرابەر دەبێتەوە و سەرەنجام شکستی ئاکەپەی لێکەوتەوە لە ئەستەنبووڵ.

- ڕۆژی ٢٧ی ئایار و دوای تەنها یەک ڕۆژ لە پەیامەکەی ئۆجالان بۆ شکاندنی مانگرتنەکان، دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنی (چنگ)ی دژی باشوری کوردستان دەستپێکرد، ئەمە چ واتایەک هەڵدەگرێت؟

"ئاکەپە بە سروشتی خۆی هێزێکی شەڕانگێزە و پێیوایە کە مامەڵەکردنی سەربازیی دەشێت باڵانسی هێز بگۆڕێت"

ئارام  حاجی: ئەو مامەڵە ڕاستەقینەیەی بۆ پرسی ئاشتیی لە دنیابینیی بەڕێز ئۆجالانەوە سەرچاوە دەگرێت، زۆر لەوە گەورەترە کە ئێمە تەنها لە یەک ڕەهەندەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، ئۆجالان دەیەوێت پێمانبڵێت کە خەباتی مەدەنیی و دیموکراسیی فرە ڕەهەندە و مامەڵەکردنی زۆر لەوە گەورەتر هەیە، کە دەبێت ئێوە دەستی بۆ ببەن و بگەنە ئاستێک، کە پێشەنگایەتیی خەباتێکی مەدەنیی و دیموکراسیی بۆ هەموو گەلانی تورکیا بکەن، کاردانەوەی تورکیاش بەرامبەر پەیامەکە، ئەوەیە کە ئەم هێزە بە سروشتی خۆی هێزێکی شەڕانگێزە، هەمیشە پێیوایە کە مامەڵەکردنی سەربازیی دەشێت باڵانسی هێز بگۆڕێت، چونکە لە سروشتی ئەو هێزانەوە شەڕ بەشێکی درێژکراوەی سیاسەتە، ئاکەپە لێرەوە سەیری پرسەکان دەکات، بۆیە لەبری ئەوەی وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەقینەی بۆ پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان هەبێت، پێیوایە ئەم حاڵەتە دەتوانێت باڵانسی هێزەکە پێچەوانە بکاتەوە و لە بەرژەوەندیی سیاسەتە ئاکەپە بکەوێتەوە، بەڵام وانییە.

- لەدوای پەیامەکانی ئۆجالانەوە، واشنتن پۆست وتارێکی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە بڵاوکردەوە، تێیدا بایک باسی لە هاتنە پێشەوەی دەرفەتێکی گرنگ کردبوو بۆ چارەسەریی پرسی کورد و داوای کردبوو لەدەست نەدرێت، ئەم دەرفەتە چۆنە؟

"پەیامەکەی بایک زەنگێکی هۆشیارکردنەوەیە بۆ تورکیا"

ئارام حاجی: پەیامەکەی بەڕێز بایک لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ئاقڵانییە لە دۆخی سیاسیی تورکیا، لە هەمان کاتیشدا زەنگێکی هۆشیارکردنەوەشە بۆ تورکیا، کە چیتر ناتوانێت بەمجۆرە مامەڵە بکات، ئەم پەیامەش لە کاتێکدا دێت، کە ئاکەپە بەرهەمی شکست لەدوای شکستی خۆی دەچنێتەوە، دەیەوێت بە تورکیا بڵێت، ئەمەی کە دەیکەیت قەیرانی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە کاتی گەڕانەوەیە بۆ ئەقڵ و ڕادەستبوون بە ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی سیاسیی و مەدەنیی لە تورکیا، بۆ کۆبوونەوە لە دەوری پرسی چارەسەریی دیموکراسیی.

- جەمیل بایک لەو وتارەدا ڕەخنە لە خۆیان دەگرێت لەسەر ئەوەی کە پێیان وابووە چارەسەریی پرسی کورد تەنها بە گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتەکەی ئەردۆغاندا دەبێت، دەبوو کاریان بۆ هێنانە پێشەوەی هێزە دیموکراسییخوازەکان بکردایە، مەبەستی لەمە چیی بوو؟

"کەجەکە چاوی لە بەرقەرارکردنی ژینگەیەکی دیموکراسیی و سیاسیی ڕاستەقینەیە لە تورکیادا"

ئارام حاجی: بایک دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت، کە بەتەنها بە دانیشتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتێکی فەرمانڕەوادا، مامەڵەکردنێکی کامڵ نییە بۆ پرسی چارەسەریی، چونکە ئەوەی کە سیاسەت و دنیابینیی کەجەکە چاوی لەسەریەتی، بریتییە لە بەرقەرارکردنی ژینگەیەکی دیموکراسیی و سیاسیی ڕاستەقینە، بۆ خەباتی سیاسیی و مەدەنیی لە تورکیادا، لەبەر ئەوە هەنگاوێکی زیاتری دەوێت، پێیوایە کە تەواوی ئەو ئیرادەیەی کە توانای خاوەندارێتییکردنی پرسی چارەسەریی سیاسیی و دیموکراسیی هەیە لە تورکیادا، هەموویان لە دەوری ئەم پرۆژەیە کۆببنەوە، لە کۆی ئەمانەش پرسی چارەسەریی ڕاستەقینەی ئاشتییانە و دیموکراسییانە دێتە دی.

- هاوسەرۆکی کەجەکە لە وتارەکەیدا، جەختی لەوەکردووەتەوە، کە دانووستانکاری ئەوان عەبدوڵا ئۆجالان-ە، بۆ ئەوەی کە ئۆجالانیش لە دۆخێکی ئاساییدا بتوانێت ئەو قۆناغە بەڕێوەببات، دەبێت بگوازرێتەوە بۆ ماڵێکی ئەمن، دەبێت چی بۆ پێکهێنانی ئەم مەرجە بکرێت؟

"ئۆجالان کلیلی دەربازکردنی تورکیایە لە هەموو کێشە و قەیرانەکان"

ئارام حاجی: ئۆجالان کلیلی چارەسەریی ڕاستەقینەی دەربازکردنی تورکیایە لە هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی کە گەلانی تورکیای تێکەوتووە، پێشنیارەکەی بەڕێز بایک لەوەوە دێت، کە دەبێت خاوەندارییکی ڕێزدارانە لەو ڕێبەرایەتیی و دنیابینییەی ئۆجالان بکرێت، چونکە لەوپەڕی پەرۆشییدایە بۆ پرسی ئاشتیی و چارەسەریی، بۆیە ناکرێت وەک زیندانییەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و گۆشەگیربکرێت، بەڵکو دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت، دەبێت ئاکەپەش بەدەم ئەم پێشنیارەی بایک-ەوە بێت، بۆ بەدیهێنانی ئەمەش دەبێت لەگەڵ تەواوی ئەو گروپ و ڕێکخراو و هێز و لایەنە سیاسییانەی کە وزەی بەتەنگەوە هاتنی ژیانی مەدەنیی و دیموکراسییان تێدایە، چالاکیی ڕێکبخرێت و هاوپەیمانیی سیاسیی و دیموکراسیی ڕێکبخرێت، چونکە ئەمە ڕێگا ڕاستەقینەیەکە و سەرەنجام بە قازانجی هەموو گەلانی تورکیا دەشکێتەوە.

- سەرباری هەموو پەرۆشییەکانی پەکەکە بۆ ئاشتیی، هەتا ئێستاش هێرشی داگیرکەیی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان پێکدێت، دەسەڵاتی باشور و هەندێک هێزی سیاسیی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق-یش دەڵێن با پەکەکە بچێتەوە بۆ باکور، ئەمە تاچەند لەجێی خۆیەتی؟ ئەگەر ئەوان لایەنگری ئاشتیین، بۆ هاوکاریی داگیرکارییەکانی تورکیا دەکەن؟

"خەباتی مەدەنیی و دیموکراسیی کورد گەیشتووەتە قۆناغێک، کە ئاکەپە پێی هەزم ناکرێت"

ئارام حاجی: ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە لەعێراق و سوریادا ڕوودەدات و کورد تێیاندا بوونی هەیە، بوونی خەباتی مەدەنیی، سیاسیی، دیموکراسیی و دەستووریی و یاساییان گەیشتووەتە قۆناغێک، کە ئاکەپە پێی هەزم ناکرێت، بۆیە دێت بە پاساوی بوونی پەکەکە لە باشور و پەیەدە لە ڕۆژئاوا، دژایەتیی بوونی کورد دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەبوونی سەربازیی تورکیا لە باشوری کوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێک، کە پەکەکە هەر بوونی نییە، ئێستاش لە هەندێک شوێنی ستراتیژیی بارەگایان هەیە، کە پەکەکە دوورونزیک لەو شوێنانەدا بوونی نییە، کەواتە پەکەکە پاساوە ئەگینا ئەگەر تورکیا خاوەندارییەکی ڕاستەقینە لە چارەسەریی پرسی کورد بکات، ئەوکات پەکەکەش نەک لە ناوچە سنوورییەکان، بەڵکو لە ناوخۆی تورکیاشدا بوونی نامێنێت.

د.ع