ئارام قادر خەبات: قبوڵ نییە ڕێککەوتنی پشت پەردە بکرێت بۆ دانانی سەرۆکی یەکێتی

ئارام قادر خەبات، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتیی باس لەوەدەکات، لەدوای پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆوە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی یەکێتیی دەکرێتەوە، ئەوەش دەخاتەڕوو کە دەیانەوێت سەرکردایەتییەک هەڵبژرێن "نەبێتە هۆی لاوازبوونی یەکێتی" بەڵام "کەس قبوڵی نییە ڕێککەوتنی پشت پەردە بکرێت و سەرۆک دابنرێت"، دەشڵێت: سەرکردایەتیی یەکێتی لە بێ پەیامیی پارتی و کاک مەسعود نیگەرانە.


ئارام قادر خەبات، پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیدا بە ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتیی هەڵبژێردرا، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، وەڵامی چەندین پرسیار لەبارەی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی، پەیوەندییەکانی یەکێتیی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەتایبەت پارتی و ڕۆڵی یەکێتیی لە پرسی پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد دەداتەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- لەدوای کۆنگرەوە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا چی گوزەرا؟

ئارام قادر خەبات: دوای کۆنگرە کۆمەڵێک ئەرکی گرنگ کەوتووەتە سەرشانی ئەو ١٢١ کەسەی هەڵبژێردراون، خەڵکی کوردستان و جەماوەری یەکێتییش چاوەڕوانییەکی ئێجگار گەورەیان لەو سەرکردایەتییە نوێیە هەیە، دوای کۆنگرەش ئەرکی سەرەکیی ئەنجومەنەکە هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییە، پەیڕەوێک کە بتوانێت یەکێتی لە گرفتەکانی پێشتر دەربازبکات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی ٢٠ کەسیی پێکهێندراوە.

 

- ئەو هەیکەلە ڕێکخراوەییەی ئێستا چ جیاوازییەکی لەگەڵ هەیکەلیەتیی پێشتر هەیە، لەم سیستمە نوێیەدا دەسەڵاتی ڕەها لای کێ دەبێت؟

 

"وەک سەردەمی جەنابی مام جەلال نییە هەموو دەسەڵاتەکان لای سکرتێر بێت"

ئارام قادر خەبات: بەپێی ئەم پەیڕەوە نوێیەی کە کاری لەسەر دەکرێت، دەسەڵاتەکان دابەشکراون، وەک سەردەمی جەنابی مام جەلال نییە هەموو دەسەڵاتەکان لای سکرتێر بێت، پەیڕەوی ئەمجارە ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەسەر ئۆرگانەکاندا دابەشکردووە، هەروەها ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتیی سکرتێرێک و ٢ جێگری دەبێت، سەرۆکی یەکێتیش دوو جێگری دەبێت.

 

-بۆچی هێشتا وەڵامی ئەو کەسانە نەدراوەتەوە کە لەدوای کۆنگرەوە ناڕەزایەتییان دەبڕی لەناو یەکێتی؟

ئارام قادر خەبات: بەشێک لەو برادەرانە لای ئەو قازییانەی چاودێریی هەڵبژاردنەکانیان دەکرد سکاڵایان تۆمارکردووە و وەڵامیش دراونەتەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە لیژنەیەکە کە تایبەتبێت بەو کەسانە و بەوردیی گوێیان لێ بگیرێت.

 

- کارەکانی لیژنەی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ بەکوێ گەیشتووە؟

"دەمانەوێت پەیڕەوێک بێت بۆ هەستانەوەی یەکێتی"

ئارام قادر خەبات: هەوڵدراوە لە پەیڕەوی نوێدا زۆرترین بایەخ بە جەماوەر بدرێت و پەیڕەوێکی دادپەروەربێت، پەیڕەوێک بێت بۆ هەستانەوەی یەکێتی و بایەخ بە هەموو بەشەکانی نوێبوونەوەی یەکێتیی بدرێتەوە، دوای هێنانەوەی ئەو پەیڕەوەش لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی گشتییەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.

 

- ئەو لیژنەیە دەتوانێت لەو وادە ١٠ ڕۆژییەی کە بۆی دیارییکراوە کارەکانی تەواوبکات؟

ئارام قادر خەبات: بڕیارە ڕۆژی ٢٩ی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی گشتیی لە سلێمانی کۆببێتەوە، پێموایە پێش ئەو وادەیە ئەو پەیڕەوە تەواو دەکرێت و ئامادە دەکرێت بۆ گفتوگۆی ناو ئەنجومەنی گشتیی.

 

- لە کۆبوونەوەی ٢٩ی مانگدا تەواوی پەیڕەوی ناوخۆ پەسەند دەکرێت؟

ئارام قادر خەبات: بەدڵنیاییەوە هەوڵدەدرێت لە کۆبوونەوەی ٢٩ی مانگدا پەسەندبکرێت، ئەگەریش پەسەند نەکرا ڕەنگە کۆبوونەوەکە بەکراوەیی بهێڵدرێتەوە و بەزووترین کات پەیڕەو پەسەندبکرێت.

 

- هەنگاوی دوای پەسەندکردنی پەیڕەو چی دەبێت؟

ئارام قادر خەبات: هەنگاوی دواتر هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتیی و دوو جێگرەکەی، سکرتێری ئەنجومەنی گشتیی و جێگر و بڕیاردەرەکەی، کە تا ئێستا بڕیارە بەمشێوەیە بێت، هەروەها بەرپرسی مەکتەب، ناوەند و مەڵبەندەکانیش هەڵدەبژێردرێن.

 

- هەر لە کۆبوونەوەی ٢٩ی مانگدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکی یەکێتیی دەکرێتەوە؟ یاخود کۆبوونەوەیەکی دیکەی بۆ دەکرێت؟

ئارام قادر خەبات: لەو کۆبوونەوەدا پێموانییە بتوانرێت دەرگای خۆپاڵاوتن بکرێتەوە.

 

- لەناو خەڵک و میدیاکانیشدا سێ ناو زۆر باسیان لێوە دەکرێت بۆ سەرۆکی داهاتووی یەکێتی، کە ئەوانیش بریتین لە بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی و دکتۆر بەرهەم ساڵح، کامیان چانسی زیاترە ببێتە سەرۆک؟

"تا ئێستا کەس بەفەرمیی ئەوەی نەوتووە کە خۆی کاندید دەکات"

ئارام قادر خەبات: تا ئێستا کەس بەفەرمیی ئەوەی نەوتووە کە خۆی کاندید دەکات، ئەوە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتییدا یەکلایی دەبێتەوە، من نامەوێ ئێستا ناوی کەس بهێنم، چونکە تا ئێستا باسێکی ئەوتۆی لێ نەکراوە، لەبەر ئەوەی چاوەڕوانی دوای پەسەندکردنی پەیڕەوین، بەڵام نە لە کاک بافڵ، نە لە کاک لاهور و نە لە کاک بەرهەمیش نەمبیستووە کە بڵێت خۆم کانید دەکەم.

 

- پەیڕەوی ناوخۆ چ مەرجێکی داناوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی؟

ئارام قادر خەبات: مەرجە ڕابردوویەکی باشی هەبێت و کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت، بتوانێت لە ئایندەدا کەموکورتییەکانی ڕابردوو نە‌هێڵێت، ئەوانەشی کە تا ئێستا ناویان دەهێندرێت بەدەرنین لەو مەرجانە.

 

- هەڵبژاردنی سەرۆک هاوشێوەی کۆنگرە بە "تەوافوق" دەبێت یاخود بە دەنگدان؟

ئارام قادر خەبات: بە دەنگدان دەبێت، بەڵام لەوانەیە هەڤاڵان لەسەر ناوێک کۆکبن بۆ سەرۆک و دوو ناویش بۆ جێگرەکانی، کەسیش ئەوەی قبوڵ نییە ڕێککەوتنی پشت پەردە بکرێت و سەرۆک دابنرێت.

 

- پێشتر بڕیاربوو سەرۆکی یەکێتی چوار جێگری هەبێت، بۆچی ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ دوو جێگر؟

ئارام قادر خەبات: لە ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتیی و لیژنەی ڕاسپێردراو بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەویش، پێمان وابوو چوار جێگر پێویست ناکات و دوو جێگر بەسە، چونکە لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکیش ئەنجومەنێکی جێبەجێکار پێکدەهێندرێت، کە ئەرکی دەستەی کارگێڕیی جارانی دەبێت.

ئەوەی کە دەمەوێت بیڵێم، دەبێت هەڤاڵان لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی و ئۆرگانەکانی دیکە، کار لەسەر ڕیشەکێشکردنی گەندەڵیی، پاوانخوازیی دیکتاتۆر و خۆسەپێن بکەین، سەرکردایەتییەک سەرکردایەتیی یەکێتیی بکات نەبێتە هۆکار بۆ لاوازبوونی یەکێتیی و خۆدەوڵەمەندکردن.

 

- لەو دوو جێگرەی بۆ سەرۆک دانراوە، یەکێکیان ژن نابێت؟

ئارام قادر خەبات: مەرج دانەنراوە بۆ ئەوەی ئەو دوو جێگرە هەردووکیان پیاوبن یان یەکێکیان ژن بێت، بەڵام مەرجە لە ئۆرگان و مەکتەبەکان و دەستەی جێبەجێکاردا ژن هەبن، بەشێوەیەک کە بەڕێژەی ٢٠% کەمترنەبێت.

 

- بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان و هەندێ لە وڵاتانیش پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەیان لێکردن، بەڵام تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسعود بارزانی پیرۆزباییان لێ نەکردوون، بۆچی؟

"سەرکردایەتیی یەکێتی لە بێ پەیامیی پارتی و کاک مەسعود نیگەرانە"

ئارام قادر خەبات: پێموایە ئەمە شتێکی باش نەبوو، خۆزگەم دەخواست ئەوانیش پەیامیان هەبوایە، سەرکردایەتیی یەکێتیش لە بێ پەیامیی پارتی و کاک مەسعود نیگەرانە، چونکە ئێمە دەمانەوێت هەرێمێکی بەهێزمان هەبێت، ئەم بەهێزییەش بە یەکێتیی پارت و لایەنەکان دەکرێت.

 

- ئەمە دەرەنجامی خراپیی پەیوەندییەکانتان نییە لەگەڵ پارتی؟ بەتایبەت لەدوای کەیسی ئەو پێشمەرگەیەی کە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر گیانی لەدەستدا؟

ئارام قادر خەبات: پێموانییە پەیوەندییەکانمان خراپبێت، لەسەر کەیسی ئەو پێشمەرگەیەش ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی توێکاریی پزیشکی دادی سلێمانین، چونکە هێشتا ئەنجامەکەی نەداوەتە سەرکردایەتیی یەکێتی، بەڵام ئەگەر تێوەگلاوی ماددەی هۆشبەریش بێت لە دنیادا خەڵک بە ژمارەی زیاترەوە دەگیرێت و ناشکوژرێت و هۆیەکانی خۆکوشتنیشی ناخرێتە بەردەست.

 

- بێمە سەر پرسی یەکێتیی نەتەوەیی، لەو پەیڕەوی ناوخۆیی نوێدا تاچەند پرسی یەکڕیزیی ناوماڵی کوردی تێدا جێکراوەتەوە؟ ئایا یەکێتیی لە داهاتوودا چۆن هەوڵ بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی دەدات؟

"یەکێتی ڕۆڵی دەبێت لە تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەم دروستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی"

ئارام قادر خەبات: بێگومان ئەرکی قورس دەکەوێتە سەرشانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی، بۆ ئەوەی یەکێتیی نەتەوەیی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین، بیگومان یەکێتی ڕۆڵی خۆشی دەبێت لە تێپەڕاندنی ئەو بەربەستانەی کە بوونەتە ڕێگر لە دروستنەبوونی یەکێتیی نەتەوەیی، قسەمان لەسەر ئەمە کردووە کە یەکێتی ڕۆڵی خێر ببینێت بۆ بەهێزبوونی ئەو یەکێتیی نەتەوەییە.

ک.س