ئاڵدار خەلیل: بەڕێوبەریی خۆسەر وەک خۆی دەمێنێتەوە

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤدەم، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی قەسەدە لەسەر سنوور دەڵێت، کە بەڕێوبەریی خۆسەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و کاتێک هێزەکانی هەسەدە دەکشێنەوە بەڕێوبەریی لەشکریی شارەکان ناوچەکە دەپاریزن، دەشڵێت: سوپای سوریا لەسەر سنوورەکان جێگیردەبن.


لەدوای ڕێککەوتنی ئەمریکا و روسیا لەگەڵ دەوڵەتی تورک بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام، دوێنێ بەشیک لە هێزەکانی قەسەدە لەسەر سنوور کشانەوە، ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی- تەڤدەم، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا لەسەر کشانەوەی هێزەکانی قەسەدە لەسەر سنوور و جێبەجێکردنی ڕێککەوننامەکانی نێوان روسیا و ئەمریکا لەگەڵ تورکیا و ئایندەی خۆسەریی دیموکراتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا ڕوونکردنەوە دەدات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە بەمشێوەیەیە:

-بۆچوونی بەڕێوبەریی خۆسەر چییە لەسەر ڕێککەوتنەکانی ڕوسیا و ئەمریکا لەگەڵ تورکیا، تاچەند پابەند دەبن پێیەوە؟

"هیچکاتێک ئەو ڕێککەوتنەی بۆ داگیرکاریی لەنێوان ئەواندا کراوە قبووڵی ناکەین"

ئاڵدار خەلیل: لەسەرەتای داگیرکەریدا بەرخۆدانێکی گەورە نیشاندرا هەروەها لەهەموو شوێنێک چالاکی زۆر پیرۆز و بە بایەخ بۆ پشتگیریی ئەو بەرخۆدانە کرا، ئەوەش وایکرد فشارێک لەسەر داگیرکەران و ئەو کەسانەی کە بڕیاریان تێدادابوو دروستبێت، بەتایبەت ئەردۆغان و ترامپ، لە ئەنجامدا ئەوەی تورکیا دەیوت لە ماوەیەکی کەمدا سەرێکانی و گرێسپی داگیردەکات نەیتوانی بیکات، بۆیە ئەردۆغان و ترامپ ناچاربوون ئاگربەست ڕابگەیەنن، ئەوەش ئەنجامی هەڵوێستی گەلی ئێمە و بەرخۆدانی شەڕڤانان بوو، ئێمە بۆ ئەوەی ڕێگا لە شەڕ و کوشتنی خەڵکی مەدەنی بگرین ئەو ئاگربەستەمان قبووڵکرد، ئێمە تەنها ئاگربەستمان قبوڵکردووە، هیچکاتێک ئەو ڕێککەوتنەی بۆ داگیرکاریی لەنێوان ئەواندا کراوە قبووڵی ناکەین، ئەو داگیرکارییە ناڕەوایە.

-کەوایە بۆ هێزەکانی هەسەدە لە سنوور دەکشێنەوە؟

" تاوەکو ڕێگا لە داگیرکاریی بگرین"

ئاڵدار خەلیل: دوای ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا، ئەردۆغان بەردەوام بوو لە هەڕەشەکانی، بەردەوام دەیوت هێرش دەستپێدەکاتەوە، هەروەها ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هێرش دەکرد، ئێمەش بۆ ئەوەی هێرش دروستنەبێت و ڕێگا لە درووستبوونی شەڕێکی دیکە بگرین لەڕێگای ڕوسیاوە هەوڵدانێکمان دەستپێکرد بۆ ئەوەی چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە، لە ئەنجامی پۆتین و ئەردۆغاندا لێکتێگەیشتنێک دروستبوو، بۆئەوەی ئێمە هەنگاوێک بنێین هەتا ڕێگا لەشەڕ بگرین، وەک نمونەیەکیش لە پێشتردا لەکاتی جەیمس جێفریدا لەنێوان تورکیا و ئەمریکا و قەسەدە ڕێککەوتنێک کرابوو بەناوی ناوچەی ئارام، داوایان کردبوو هێزەکانی قەسەدە لە سنوور دوربکەونەوە، دواتریش ڕوسیاش هەر ئەو داوایەی کرد، بۆ ئەوەی ئێمەش نییەتێکی باش نیشانبدەین قبوڵمانکرد کە هێزەهانی قەسەدە لە سنوور دووربکەونەوە، بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە بکرێتە هەرێمێکی ئارام تاوەکو ڕێگا لە داگیرکاریی بگرین، بەڵام بەمەرجی ئەوەی ڕوسیا گەرەنتی بدات کە ئەردۆغان هێرش نەکات، هەروەها بەڕێوبەریی خۆسەر بەبێ ئەوەی کەس نزیکی ببێتەوە وەک خۆی بمێنێتەوە، لە داهاتووشدا لەنێوان بەڕێوبەریی خۆسەر و شامدا دانووستان بکرێت بۆئەوەی چارەسەریی دروستبێت، ئێمە پێشتریش داوامانکردبوو کە سوپای سوریا بێتە سەر سنووری نێوان بەڕێوبەری خۆسەری و تورکیا بەناوی دەوڵەتی سوریاوە سنوور بپارێزێت ئەوەش قبوڵکرابوو لەلایەن ڕژێم و روسیاوە، بۆ ئەوەی هێزی تورکیا لەو ناوچانە نەبێت، ئێستا لەسەر ئەو بنەمایە ڕیککەوتنەکان جێبەجێ دەکرێت، هەوڵدانەکان بۆ ئەوەیە ڕێگا لەبەردەم داگیرکارییدا بگیرێت.

-ئایندەی بەریوبەریی خۆسەریی چی لێدێت، شارە کوردییەکان زۆرینەیان لەسەر سنوورن، ئەگەر قەسەدە ٣٢کم بکشێتەوە بەڕێوبەریی خۆسەر لەکوێدا دەمێنێتەوە؟

"بێجگە لەو ناوچانەی داگیرکراون هەموویان وەک خۆیان دەمێننەوە"

ئاڵدار خەلیل: ئەو ناوچانەی کە داگیرکراوە لەلایەن تورکیاوە ئەوە ئەوانی لێن، ئەو ناوچانەی دیکە هەموویان بەڕێوبەی خۆسەری و ئەنجومەنی مەدەنی لێیە، واتا بێجگە لەو ناوچانە ئەوانە هەموویان وەک خۆیان دەمێننەوە، هەروەها چەند ناوچەیەک کە لەم دواییانەدا ئازادکران وەک ڕەقە و دێرەزۆر ئەوانیش لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیەنانەوە بەڕێوبەرییەکی بۆ دامەزراوە، بەهەمان شێوە دەمێننەوە، هەروەها هەرێمەکانی کۆبانێ و جزیرە وەک خۆیان دەمێننەوە.

-چ هێزێک ئەو ناوچانە پڕدەکاتەوە کە قەسەدە لێی دەکشێتەوە؟

"بەڕێوبەری لەشکریی شارەکان ناوچەکە دەپارێزن"

ئاڵدار خەلیل: کاتێک قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە لەو ناوچانە دەکشێنەوە بەڕێوبەریی لەشکریی ناوچەکان هەیە، گەنجەکانی ئەو ناوچەیە لەڕێگای بەڕێوبەریی لەشکریی شارەکانیانەوە ناوچەکەیان دەپارێزن، لەسەر سنوورەکان هێزی ڕژێم جێگیر دەبێت، بەڵام لەناو شارەکاندا بەڕێوبەریی خۆسەر و ئاسایشی بەڕێوبەریی خۆسەر کاردەکەن و نابێت هیچ کەسێک نزیکیان ببێتەوە.

-باس لەوەدەکرێت کە ئیدارەی دەرگای سنووری سێمێلکا لە بەڕێوبەریی خۆسەریی وەردەگیرێتەوە، ئەوە تاچەن ڕاستە؟

"هیچ گۆڕانکارییەکی تیادا ناکرێت"

ئاڵدار خەلیل: دەرگای سنووری سێمێلکا وەک خۆی دەمێنێتەوەو لە ئێستادا بەڕێوبەریی خۆسەر ئەوێ بەڕێوە دەبات و وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی تیادا ناکرێت.

-کەواتە سوپای تورک تاچەند لە ناوچەی ئارامدا بوونی دەبێت، یاخود ناوچەی ئارام چ هێزێکی تێدا دەبێت؟

"داوادەکەین هێزی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیەدا جێگیربن"

ئاڵدار خەلیل: هیچکاتێک قبووڵناکەین سوپای تورکیا لە هەرێمی ئێمە بمێنێتەوە، ئەو ناوچانەی کە بەزۆر داگیریی کردووە وەک عەفرین و جەرابلوس و سەرێکانی و گرێسپی ئێمە دانی پێدا نانێین و داوادەکەین لەوناچانە بڕواتە دەرەوە، هەروەها داوادەکەین هێزی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێمە و تورکیادا جێگیربن بۆئەوی مسۆگەر ببێت، کە تورکیا هێرش ناکاتە سەر ئێمە و ئارامی ناوچەکەمان تێک نادات، ئەوناوچانەش کە داگیرنەکراوە لەداهاتوودا ئەگەر داوابکرێت روسیا دەورییەی پێدابکات ئەگەر تورکیش لەگەڵ ئەواندابێت کێشە نابێت، بەڵام نابێت لەوێ بمێننەوە تەنها کاتژمێرێک یان دووان بگەڕێن پێیدا، بەڵام لەسەر سنوورەکاندا سوپای سوریا جێگیردەبێت، سوپای سوریاش لەناو شارەکاندا نابێت تەنها ئەرکیان پاراستنی سنوور دەبێت.

س.ح