ئاڵدار: له‌ جنێف پرۆژه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری نیه‌، دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌‌


رۆژنیوز – ناوه‌ندی هه‌واڵه‌کان

ئاڵدار خه‌لیل، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌ری ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگای دیموکراتیکی رۆژئاوا (ته‌ڤده‌م)، رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شداری کۆبوونه‌وه‌ی جنێف بوون، هیچ پرۆژه‌یه‌کی چاره‌سه‌ریان بۆ کێشه‌ی سوریا پێنیه‌، ته‌نیا کورد پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ویش به‌شداری پێنه‌کرا.

ئاڵدار خه‌لیل، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوبه‌ری ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگای دیموکراتیکی رۆژئاوا (ته‌ڤده‌م)، له‌ چاوپێکه‌تنێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنیوز، باس له‌ کۆبوونه‌وه‌ی جنێف و ئه‌ولایه‌نانه‌ی تییدا به‌شداربوون و ئاگربه‌ستی سوریا ده‌کات، ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ ئامانجی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌نیوان خۆیان و رژێمی سوریا، نه‌ک هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی سوریا و دروستکردنی سوریایه‌کی نوێ.

ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

رۆژنیوز: پاش دانیشتنی یه‌که‌می کۆبوونه‌وه‌ی جنێف له‌ 13/نیسان به‌بێ ئاماده‌بوونی نوینه‌ری کورد، دانیشتنی دووه‌می کۆبونه‌وه‌‌ی جنێف ده‌ستپێده‌کات، ئێوه‌ ئه‌نجامی دانیشتنی یه‌که‌م چۆن ده‌بیننن، ئایا بانگهێشتکراون بۆ دانیشتنی دووه‌م.؟

-بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی سوریا به‌ گشتی پێویستی به‌ پێکهێنانی چاوپێکه‌وتن گفتوگۆی وه‌ک جنێف هه‌یه‌، ئه‌مه‌ شتێکی سروشتیه‌، پاش پێنج ساڵ ده‌ربازبوون به‌سه‌ر شه‌ڕ و ئاڵۆزی له‌ سوریا که‌ ئێستا پێده‌نێینه‌ ساڵی شه‌شه‌م، بێگومان ده‌سپێکردنی پرۆسه‌ی دیالۆگ پێکهاتنێکی گرنگه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌بیبینین ئه‌م پێڤاژۆیه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی هه‌ڵه‌ ده‌ستیپیکرد، پێش هه‌موو شتێک ئه‌و که‌سانه‌ی له‌سه‌ر ناوی ئۆپۆزسیۆن به‌شداری ئه‌و دانیشتنانه‌ ده‌بن، نه‌ ئه‌و هێزه‌ن بتوانن نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی سوریا بکه‌ن یانیش نوینه‌رایه‌تی هه‌موو به‌شه‌کانی سوریا بکه‌ن، هه‌روه‌ها نه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ن که‌ خاوه‌نی هۆشیاری بن له‌ پرۆژه‌یه‌کی دیموکراتیدا، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ که‌ پرۆژه‌یه‌ک بۆ پاشه‌ڕۆژی سوریا دروست ده‌بێت؟ ئه‌وه‌ دیار نیه‌، له‌ناو دانیشتندا ئه‌وه‌ سه‌رنجی مرۆڤ راده‌کێشێت، ده‌ردی ئه‌وان ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ که‌ چۆن ده‌سه‌ڵات له‌نێوان خۆیان و رژێمدا دابه‌شبکه‌ن، واتا شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداریه‌، نه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری کیشه‌کانی سوریا و سوریایه‌کی نوێ، ئه‌مه‌ به‌شداریپێنه‌کردنی نوێنه‌ری هه‌مووی گه‌لی سوریایه‌، به‌تایبه‌ت دورخستنه‌وه‌ی نوێنه‌ری کورد، نوێنه‌ری به‌ڕێوبه‌رێتی دیموکراتی، که‌سایه‌تی خاوه‌ن فکر و پێشنیاره‌کانی پێشکه‌وتنی دیموکراتی، که‌ بۆ پاشه‌ڕۆژی سوریا ببنه‌ هێز، هه‌موویان له‌ ده‌ره‌وه‌ هێشته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ زۆر سه‌رنجراکێشه‌، هێزێک که‌ %15 ی جوگرافیای سوریا به‌ڕێوه‌ده‌بات به‌شداری پێناکه‌ن، هێزی گه‌ل، هێزی زه‌مینی، ئه‌وانه‌ی به‌رخۆدان له‌دژی داعش ده‌که‌ن، هه‌موو له‌ده‌ره‌وه‌ مانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، ویستی ئه‌وان وه‌کو ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ مرۆڤ هیوایه‌کی به‌ جنێف هه‌بێت، به‌ڵکو به‌و واتایه‌ دێت، که‌ خواستی ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چۆن له‌گه‌ڵ رژێم رێبکه‌ون و حکومه‌تێک بۆ خۆیان دروستبکه‌ن و شوێنی خۆیانی تێدابگرن و له‌سه‌ر هه‌ندێک مه‌رج رێکبکه‌ون.

هه‌ره‌دواییی به‌ڕێز دیمستۆرا ره‌شنوسێکی پێشکه‌شکرد، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ دیمستۆرا به هاکه‌زایی نه‌ینوسیبوو، بۆچوونی که‌سانی به‌ناو ئۆپۆزسیۆن و بۆچوونی رژێمی وه‌رگرت، له‌ناو ئه‌واندا خاڵێک که‌ ده‌یانگه‌یه‌ننه‌ یه‌ک ئه‌و پێشکه‌شیکرد، به‌ڵام شتێکی زۆر سه‌رنج راکێشه‌، که‌ ئه‌و خاڵانه‌ی له‌سه‌ری رێککه‌وتوون، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ن، که‌ ئیراده‌ی گه‌ل قبوڵ ناکات، جیاوازی قبوڵ ناکات، گه‌لی کورد قبوڵ ناکات، پێکهاته‌کانی تر قبوڵ ناکات، بناغه‌یه‌ک که‌ سیاسه‌تیکی دیموکراتی دروستبکات، تیادا نابینرێت، هه‌ندێک شتی زۆر بچوک هه‌ن، به‌ڵام له‌ئاستی ئه‌وه‌دا نین ببنه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه‌ک، له‌ یه‌ک هه‌ڵوێستی نێوان ئۆپۆزسیۆن و رژێم-دا ئه‌م بابه‌ته‌ دیاره‌، ئه‌و جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و نزیکایه‌تیه‌ به‌و واتایه‌ دێت، که‌ ئێمه‌ بڵێین ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌مڕۆ چوون له‌به‌رامبه‌ر رژێمدا دانیشتوون، به‌هه‌مان شێواز بیرده‌که‌نه‌وه‌، پێویسته‌ ئێمه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ که‌مێک هۆشیاربین، ئێمه‌ کاتێک ده‌ڵێین، که‌ پلانی جنێف پلانێکی سه‌رکه‌وتوو نیه‌ و ئه‌نجامێکی ئه‌رێنی بۆ گه‌لی سوریا ناهێنێت، یانیش سوریایه‌کی دیموکراتیک ئاواناکات، ئه‌وه‌ به‌و واتایا نایه‌ت رێکناکه‌ون، ده‌بێت، که‌ رێککبکه‌ون، به‌ڵام رێککه‌وتنێکی چۆن، دیسان ئیراده‌ی گه‌ل قبوڵ ناکرێت، جارێکی تر گه‌لی کورد باس نه‌کرێت، جارێکی تر به‌رده‌وامی به‌ سیسته‌می ناوه‌ندی پێشوو بدرێت، به‌ڵام رێکبکه‌ون له‌سه‌ر ناوی هه‌ندێک که‌سایه‌تی، جارێکی تر وڵات بخه‌نه‌ ده‌ستی خۆیان و سوریا به‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن، ئێمه‌ش وه‌ک ته‌ڤگه‌ر ئاگاداری ئه‌و لایه‌نانه‌ین، په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌، به‌ڕێز دیمستۆراش هه‌ندێک جار ئاگادارمان ده‌کات له‌و پێشکه‌وتنانه‌ی دروستده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای ره‌خنه‌یه‌، بۆچی ئێمه‌ له‌ناو دانیشتنه‌که‌دا جێ ناگرین، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، ئه‌وان کاتێک له‌م بابه‌ته‌دا ده‌ڵێن ئێوه‌ به‌شدار مه‌بن و له‌ده‌روه‌ی دیالۆگ بمیننه‌وه‌، دیاره‌ ده‌یانه‌وێت که‌ به‌ ئێمه‌ بڵێن ئێوه‌ له‌ده‌روه‌ی سوریان، ئێمه‌ش له‌ نزیکایه‌تی و هه‌ڵوێست و رامانی خۆماندا، ده‌ڵێین ئێمه لایه‌نگری چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کوردین له‌ناو سنوری سوریا، به‌ڵام بۆچی ئێمه‌ ده‌خه‌نه‌ ده‌روه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی سوریا، به‌نمونه‌ ئه‌گه‌ر بێن له‌سه‌ر سوریا رێکبکه‌ون و بڵێن ئێمه‌ له‌سه‌ر سوریا رێککه‌وتووین، ئێمه‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ بین، ئه‌وکاته‌ ئه‌م رێککه‌وتنه‌ چۆن پێکدێت، ئایا ئه‌مان له‌ خۆیان ناپرسن، چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌مه‌ چیه‌، ئه‌و کاته‌ ئێمه‌ش ده‌ڵێین ئه‌م بڕیاره‌ قبوڵ ناکه‌ین و ئه‌و کاته‌ ئێمه‌ جیاده‌بینه‌وه‌، وا‌ته له‌‌ ئه‌و بڕیارانه‌ی به‌ گشتی بۆ سوریا ده‌درێت، ئێمه‌ جیاواز ده‌بین.

رۆژنیوز: له‌ جنێف ئه‌وان پرۆژه‌یه‌کیان بۆ پاشه‌ڕۆژی سوریا هه‌یه‌.؟ یانیش ته‌نیا ئه‌م دانیشتنه‌ له‌نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆندا ده‌کرێت بۆ پێکهێنانی هاوپه‌یمانێتیه‌ک.؟

-وه‌ک وتم ئێستا دیمستۆرا ره‌شنوسێکی پێشکه‌شکردووه‌، به‌ڵام هه‌موو چاره‌سه‌ریه‌کی تێدا نیه‌، ته‌نیا له‌ رێککه‌وتنێک بۆ پرسه‌که‌ هه‌یه، دیسان سوریا وه‌ک به‌شێک له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوده‌بات، هه‌ر به‌و ره‌نگه‌ به‌ڕێوه‌بردن هه‌موو له‌ده‌ستی ئه‌واندا بێت، بۆ هه‌موو پێکهاته‌کانی سوریا شتێکی جیاواز ناڵێین، بۆخۆی باسی که‌یسی میلـله‌تێک، گه‌لی کورد ناکات، بۆیه‌ ئه‌م ناکۆکیانه‌ی که‌ دروستده‌بێت له‌نێوان باوه‌ڕیه‌کاندا له‌نێوان نه‌ته‌وه‌کاندا، له‌نێوان پێکهاته‌کاندا، ه‌ک له‌ناو پینچ ساڵی رابردوودا هه‌ندێک شت قوڵکراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ چۆن تێده‌په‌ڕێنرێت، چۆن سونه‌ و شیعه‌ به‌یه‌که‌وه‌ بژین، چۆن کورد و پێکهاته‌کانی تر به‌یه‌که‌وه‌ بژین، چۆن سریانی و ئاشوری به‌یه‌که‌وه‌ بژین، که‌واته‌ له‌ ئه‌نجامدا دابڕانیک دروست ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ سیسته‌میک پێویسته‌،ئه‌ویش نیه‌، سیسته‌مێک پێشنیارنه‌کراوه‌، تا ئێستا ته‌نها باس له‌وه‌کراوه‌، که ده‌ڵێن ئێمه‌ حکومه‌تێک دروستده‌که‌ین، یه‌کێک ده‌ڵێت با ناوی ئه‌و حکومه‌ته‌ نه‌ته‌‌وه‌یی بێت، یه‌کێک ده‌ڵێت نا با حکومه‌تێکی کاتی بێت، هه‌رکه‌سه‌ و ناوێکی لێده‌نێت، به‌ڵام بابه‌ته‌کانی تر نه‌بوونه‌ته‌ کێشه‌ بۆ ئه‌وان، پرۆژه‌ی ئه‌وان هه‌موو به‌و ره‌نگه‌یه‌ که‌ باسمکرد، ره‌نگه‌ ئه‌وان بۆ ده‌سه‌ڵات رێکبکه‌ون، به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی سوریا ئه‌گه‌ر ئاوا بمێنێته‌وه‌ چه‌ندین ساڵ درێژه‌ ده‌کێشێت.

رۆژنیوز: له‌ دانیشتنی یه‌که‌می کۆبوونه‌وه‌ی جنێف-دا له‌سه‌ر انوی کورد که‌س به‌شدارنه‌بوو، له‌ ئه‌نه‌که‌سه‌ هه‌ندێک که‌س له‌سه‌ر ناوی ئۆپۆزسیۆن به‌شداربوون، به‌ڵام ئه‌وانیش راسته‌وخۆ به‌شداریان پێنه‌کرا، سه‌رنجی ئێوه‌ چیه‌.؟ ده‌توانین بڵێین کورد به‌شداری پێکراوه‌ یان نا.؟

-نه‌خێر، به‌ناوی کورد که‌س به‌شدارنه‌بووه‌، ته‌نیا به‌ناوی هاوپه‌یمانی و هه‌ندێک گروپی وه‌ک ته‌سیق و هه‌ندێکیش به‌ناوی سه‌ربه‌خۆن، له‌ناو شانده‌که‌دا له‌ناو هاوپه‌یمانی نیشتیمانیدا یه‌ک دوو گروپی کورد هه‌ن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ناوی کوردایه‌تی قسه‌ناکه‌ن، ئه‌وان ئه‌ندامی هاوپه‌یمانین، پێویستبوو ئه‌وانه‌ی له‌ سوریا ده‌توانن بڕیاربده‌ن، نوێنه‌ری ئه‌وان بن.

رۆژنیوز: بۆچی به‌شداری کورد، یانیش ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموکراتیک (مه‌سه‌ده‌) بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ قبوڵناکرێن؟

-ئه‌وان له‌وه‌ ناترسن، ئه‌وان و رژێم بۆ خۆیان به‌یه‌که‌وه‌ داده‌نیشن، کێشکه‌ له‌م روووه‌ نیه‌، بابه‌ته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ مه‌سه‌ده‌ دیموکراتیکه‌، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌ده‌ قبوڵ بکه‌ن، که‌واته‌ ده‌بێت پرۆژه‌که‌شی قبوڵ بکه‌ن، ده‌بێت بڕیاره‌کانیشی قبوڵ بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش قبوڵ بکه‌ن، ئه‌وکاته‌ ئه‌وان ناتوانن پلان و پرۆژه‌کانی خۆیان پێشکه‌شبکه‌ن، ئێستا ره‌شنوسێکیان هێناوه‌ و ده‌ڵێن وه‌رن ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێکبکه‌وین، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌ده‌ی تێدابوایه‌، ئه‌و ره‌شنوسه‌ی قبوڵنه‌ده‌کرد.

رۆژنیوز: یه‌کێک له‌ مه‌رجه‌کانی ده‌ستپێکردنی کۆبوونه‌وه‌ی جنێف راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی سه‌رتاسه‌ری بوو له‌ سوریا، به‌ڵام له‌ زۆر شوێنی رۆژئاوا و به‌تایبه‌تیش له‌ شێخ مه‌قسود هێرش له‌ دژی کورد راناوه‌ستێت، له‌به‌رمبه‌ریشاد رای گشتی نێوده‌وڵه‌تی بێده‌نگه‌، ئه‌مه‌ بۆچی.؟

-ئه‌و ئاگربه‌سته‌ که‌ کردیانه‌ بابه‌ت، ده‌یانه‌وێت زه‌مینه‌یه‌ک بۆ خۆیان دروستبکه‌ن، که‌ رێکبکه‌ون و ده‌سه‌ڵاتدارێتی دابه‌شبکه‌ن، دوومیش بیرده‌که‌نه‌وه‌، که‌ چۆن رێگا له‌به‌رده‌م کورد بگرن، مرۆڤ ئه‌توانێت وه‌ رێککه‌وتنێک له‌ دژی کوردیش ناوی ببات، چونکه‌ له‌هه‌موو ده‌ڤه‌رێک که‌ هێزی کوردی لێنیه‌ کاریگه‌ری کوردی له‌سه‌ر نیه‌، له‌وێ ئاگربه‌ست باش جێبه‌جێ ده‌کرێت، به‌ڵام له‌و ناوچانه‌ی که‌ کوردی تێدایه‌، له‌ رۆژی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست هه‌تا ئێستاش شه‌ڕ رانه‌وه‌ستاوه‌، ئه‌مه‌ راگرتنی شه‌ڕ نیه‌، ئێستا به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وه‌نده‌ وه‌حشیانه‌ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر هاوڵاتی مه‌ده‌نی که‌ ده‌توانرێت به‌ کۆمه‌ڵکوژی ناوببرێت.

رۆژنیوز: ئه‌و هێزانه‌ کێن؟

-ئه‌و هێزانه‌ سه‌ر به‌ به‌ره‌ی نوسره‌ و داعش-ن و هه‌ر یه‌که ‌و ناوێکی جیاوازیان له‌خۆیان ناوه‌.

ش.ف