ئەبوبەکر هەڵەدنی: داگیرکردنی شارەوانییەکان دەستدرێژییە بۆ سەر شکۆی تەواوی کورد

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتوو، ڕایدەگەیەنێت، پێویستە تورکیا پێشوازی لە پەیامەکانی ئۆجەلان بکات بۆ ئاشتی چونکە کلیلی ئاشتییە، دەشڵێت: ئەو دۆخەی ئێستا لە ناوچەکە دەگوزەرێت نا ئاساییە و دەبێت کورد بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکان بێتەوە، دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانیش بە کودەتا و دەستدرێژیی بۆ سەر شکۆی تەواوی کورد وەسف دەکات.


ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، لە بارەی پەیامەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بۆ ئاشتی و وەڵامەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ئەو پەیامانە و لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە دەدوێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- ئۆجەلان لە زیندانەوە کۆمەڵێک پەیامی دەربارەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان خستەڕوو، بەڵام تورکیا لە بری وەڵامێکی هەڵیکوتایەە سەر سێ شارەوانی و لە باشوریش کۆمەڵێک هێرشی فراوانی دەستپێکرد تێڕوانینی تۆ بۆ ئەمە چییە؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: دیارە بەڕێز ئۆجالان وەکو تێکۆشەرێکی بە ئەزموون وەکو سەرکردەیەکی واقع بین ئەم پەیامەی بڵاوکردەوە، دەبێت ئەم پەیامە لەسەر دوو ئاست پێشوازیەکی گەرمی لێبکرێت، یەکەم لەسەر ئاستی دەوڵەتی تورکیا، چونکە ئەوە شەڕی ڕاگەیاندوە، وە ئەو دەبێت پێشوازییەکی گەرم لەم پەیامە بکات وە دەروازەکانی چارەسەری ئاشتیانە جارێکیتر بخاتەوە سەرپێ، هەموو ئەو ڕێکارە سەربازیانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا گرتویەتیەبەر هەموو ئەو دەستدرێژیانەی بۆسەر دیموکراسی بووە هەموو ئەوانە بوەستێنێت.

لایەنی دووەم بریتییە لە کەجەکە یان پەکەکە بەدڵنیایەوە ئەوانیش دەبێت ڕێنمایی و ئاراستەکانی بەڕێز ئۆجالان جێبەجێبکەن چونکە کلیلی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە باکوردا بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و خوێنڕشتن بە ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان دەستپێدەکات ئەوەش بە گوێگرتن لەو پێشنیار و ڕێگا چارانەی دەیخاتە بەردەم خزمەت گەلانی تورکیا بۆ خزمەتی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دەتوانێت پریشکی شەڕ لە ناوچەکدا کەم کاتەوە.

- هۆکار چییە دەوڵەتی تورک لە بری ئەوەی هەنگاو بنێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان وەڵامی بە فراوانکردنی شەڕ و هەڵکوتانە سەر شارەوانیەکانی باکورە؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: ئەوەی کە پەیوەندی بە دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانیەکان و دورخستنەوەیان هەبوو ئەوا کودەتایەکی گەورەبوو لە دیموکراسی کرا، چونکە ئەو سەرۆک شارەوانیانە بە دەنگدانی گەل لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا هەڵبژێرداراون، بۆیە ئەمە دەستدرێژی نیە تەنها بۆسەر چەند سەرۆک شارەوانیەک، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر شکۆ و ئیرادەی گەل لە کوردستان تورکیاش بەوە پاشەکشەدەکات لە دیموکراسی.

ئەو هەنگاوانەی ئەمڕۆ دەیگرێتە بەر هەنگاوەکانی شەڕ چ لە سەر باشوری کوردستان چ لە ناوخۆی باکور چ لە سنوردارکردنی پانتای ئازادی ڕادەربڕین و دیموکراسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەم دەوڵەتانەی ناوچە بە تورکیاشەوە هەڵبژاردنی سەربازی دەگرنە بەر وە بێباکانە مامەڵە لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکاندا دەکەن، وە وادەزانن تەنها ڕێکارە ئەمنییەکان چارەسەرە لە کاتێکدا ئەم ڕێکارە لە سەد ساڵی ڕابردوودا تاقی کرایەوە کە جگە لە ماڵ وێرانی و شەڕ و کودەتا و خوێن ڕشتن هیچ شتێکی تری لێ بەرهەم نەهات، بۆیە دەبوایە پەند لە ڕابردوو وەرگیرایە.

ئەوەی کە هێزێکی سیاسی زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە و ماوەیەکی دورو درێژ لە حکومدا دەمێنێتەوە بەڵگەنیە لەسەر ئەوەی ئەم هێزە هەموو پلانەکانی سەرکەوتبێت، وەکو بینیشمان لە دوا هەڵبژاردنەکاندا ئاک پارتی لە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵیشدا هەردوو شارە گەورەکەی لە دەستدا و ڕێژەیەکی بەرچاویش لە دەنگەکانی دابەزی.

- دەوترێت جگە لە باکوری کوردستان ئێستا تورکیا باشوریشی کردوەتە ئامانج، لەم چوارچێوەیەشدا بەرپرسانی تورکیا ئێستا ڕوو لە هەرێمی کوردستان ناکەن و لەگەڵ بەغدا کۆدەبنەوە خوێندنەوەی تۆ بۆ ئەوە چییە؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەداخەوە تاکو ئێستا نکۆڵی لە مافەکانی گەلی کورد دەکرێت لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا کە ئەمەش دەرکەوت ئەزمونێکی شکست خواردوە وە ئیرادە و ویستی گەل هەم سەرکوت ناکرێت هەم پاشەکشەی پێناکرێت، ئەوەی کە حکومەتی تورکیا دەیکات دەیەوێت سود لە وزەی هەرێمی کوردستان ببینیت وە ئابووری تورکیا کە ئێستا لە قەیراندایە، لە ڕابردووشدا سودێکی زۆری لێبینی لەوەی کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا باشبوو، سودمەندی یەکەم تورکیایە ئینجا هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی تورکیا دەزانیت عێراق دەوڵەتێکی دانپێدا نراوە خاوەن سیادە و سەروەرییە بۆیە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەکات.

- زۆربەی پارتەکان داوای یەکێتی نەتەوەیی و دروستبوونی یەکێتی نەتەوەیی دەکەن بارزانیش لە باڵەکایەتی جەختی کردەوە کە نایانەوێت چیتر خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێت، بەڵام بۆچی ئەم یەکێتیی نەتەوەییە پێکنایەت، ڕێگرییەکان چین؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: بابەتی یەکێتی نەتەوەیی تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە لە قاڵبی دروشمدا ماوەتەوە، لە دە ساڵی ڕابردوودا حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان تەنانەت لە سەر ئەنجامدان و گرێدانی کۆنگرەی نەتەوەیش ڕێکنەکەوتن، کە ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی هەنگاوی یەکەمە بۆ دروستبوونی یەکێتییەکی نەتەوەیی چونکە لەوێدا دەتوانین ڕۆڵەکان دابەش بکەین.

دەبوایە پارت و هێزە سیاسیەکانی کوردستان ئامادەکاری باشیان بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بکردایە بۆئەوەی کورد بە لاوازی نەچێتە بەردەم ئەو لافاوانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات بەڵکو دەبێت بە پێگەی بەهێزەوە بڕوات.

بە ڕای من ئەوەی تاکو ئێستا بۆ یەکێتی نەتەوەیی دروست نەبووە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی ڕێگربووە هەیمەنەی حیزبی ڕێگربووە کە هەر پارتە و ئامادە نیە قوربانی بە خۆی بدات ئەم دروشمی یەکێتی نەتەوەییە پێویستی بە ڕاستگۆیی و لێبڕان و خۆنەویستی هەیە.

- ئەرکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ دروستبوونی یەکێتی نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە داگیرکارییەکان چییە؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: پەرلەمانی کوردستان بە کۆمەڵێک ئەرکی خۆی هەستاوە، بۆنموونە ئێمە بڕیاری پەرلەمانی کوردستانمان هەیە کە دەبێت هێزەکانی تورکیا لە باشوری کوردستان بڕۆنە دەرەوە، لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا دوو یاسای گرنگ دەرچوو یاسای پشتیوانیکردن لە کانتۆنەکان و پشتیوانی ئیرادەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان وە هەروەها ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، کۆمەڵێک بڕیاری باش دراون وەکو یاسا و بڕیار کە لە باشوری کوردستان دروستبوون، بەڵام پەرلەمانی کوردستانیش لە ناو ئەو ژینگە سیاسیەدا جوڵە دەکات کە زۆرجار هێزە باڵا دەستەکانی کوردستان ڕێگری دەکەن لەوەی کە ئەم دامەزراوەیە بە ڕۆڵی مێژوویی خۆی هەستێت کە دەبوایە ناوەندی یەکلاکەرەوەی بڕیارە چارەنوس سازەکان بوایە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان کۆت و بەندکراوە چونکە هێزە سیاسیە باڵا دەستەکانی کوردستان ڕێگرن لەوەی کە پەرلەمان بەم ڕۆڵەی خۆی هەستێت، لە هەموو حاڵەتێکیشدا پەرلەمانی کوردستان بەرپرسیارێتی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆ کە نابێت تەماشاکەربێت بەرامبەر بەم دۆخەی کە هەیە بەرامبەر بە پریشکی شەڕ کە کەوتۆتە ناوچەکەمانەوە.

- باس لەوە دەکرێت مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین دەیەوێت نێوەند گیری لە نێوان تورکیا و کوردانی باکور و پەکەکە بکات هەوڵەکانی بە کوێ گەیشتووە؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەکو هێزێکی کاریگەر وە هێزێکی ئاشتیخواز هەستی بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی کردوە بەرامبەر بەو دۆخەی دەگوزەرێت چ بۆ باشوری کوردستان چ بۆ پارچەکانیتریش، ئێمە بڕوامان وایە کە هێزە ئاشتی خوازەکان بژاردە دیموکراسیەکان باشترین بژاردەن دەبێت ڕێکارە ئەمنی و سەربازییەکان وەلا بنێین چونکە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئەمە جگە لە کاول کاری هیچیتری لێ فەرامهەم نەبووە، بۆ ئەم مەبەستە یەکگرتووی ئیسلامی لەم ماوەیەدا هەوڵەکانی خۆی خستۆتەگەڕ، پێگە دیبلۆماسیەکانی خۆی وە پەیوەندی خۆی لەگەڵ چ هێزەکانی باشوردا چ هێزی پارچەکانیتردا بەکارهێناوە، هەموو جارێک لە سەردانەکاندا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت ڕێگا چارەی ئاشتی زاڵبێت بەسەر بژاردەکانیتردا وە دەبێت نکوڵی کردن لە مافەکانی گەلەکەمان لە باکووردا کۆتای پێبهێنرێت وە دەبێت دیموکراسی پەرەی پێبدرێت وە ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان کلیلی چارەسەرە بۆ ئەم کێشانە چونکە ئۆجالان ڕەمزێکی نەتەوەییە دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت.

ئێستا تازەترین دەستپێسخەری یەکگرتوی ئیسلامی ئەوەیە بانگهێشتی پارتەکانی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتەکانی کوردستاندا پێکەوە دەنگۆی شەڕ لەم وڵاتە کپ بکەین، ئومێدەوارین ئەم دەستپێشخەریەی یەکگرتوو پێشوازی لێبکرێت، چونکە هەموومان سودمەند دەبین کاتێک یارمەتیدەربین بۆ ئەوەی بژاردەی ئاشتی سەربکەوێت.

- بە نیازن کەی هەنگاوەکان دەست پێبکەن؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: هەنگاوەکان دەستیپێکردوە وەکو ڕاگۆڕینەوە، بیروڕای هاوبەش لەگەڵ لایەنەکاندا وە ئێمە نیەت و ئیرادەی خۆمان بۆ بەرامبەرەکانمان خستوەتەڕوو کە کات درەنگە، کات لە قازانجمان نییە، ئەگەر زوو فریا نەکەوین کەشتییەکە کە کونی تێبوو هەموو سەرنشینەکان زەرەرمەند دەبین، لەم دۆخەی کە ئێستا دەگوزەرێت ئەم دۆخە دۆخێکی نا ئاساییە چ دەستێوەردانەکان لە باشوری کوردستان و ڕۆژانە بۆردومان کردن و کوشتنی خەڵکی مەدەنی چ لەولاوە ئەو پەرەسەندنانەی کە هەیە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستاندا چ ئەو ڕەوشەی لە باکوری کوردستان ڕۆژبەڕۆژ ئازادی ڕادەربڕین سنوردار دەکرێت.

هەموو ئەمانە ڕەوشی نا ئاساین وە ئەوانەی کە پەیوەندیدارە بۆ نمونە بە دۆسیەی کەرکوک، شەنگال دۆسیەی جینۆسایدی ئێزیدیەکان هەموو ئەمانە لەسەر ئاستی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەرپرسیارێتی دەخەنە ئەستۆمان کە دەبێت زوو ئەم گفتوگۆیانە دەست پێبکات.

- لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و پەکەکە هیچ جۆرە دانوستانێک زەمینەی بۆ ڕەخساوە؟

ئەبوبەکر هەڵەدنی: ئێمە بەردەوام، پەیاممان بۆ ئەوانیش ناردوە یەکگرتوو، لەگەڵ پەکەکە و تورکیا لەسەر هێڵە بۆ ئەم مەبەستە، ئێمە ڕۆڵی ئاشتی خوازیمان بینیوە، لەسەر ئەم ڕۆڵەشمان بەردەوام دەبین نرخەکەی هەرچییەک بێت، چونکە پێمانوایە جگە لە ئاشتی هیچ بژاردەیەکیترمان نییە.

ک.س