ئەسرین قادری: پشتگیری شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و باکور دەکەین


رۆژنیوز – ئاوات هاوار

ئەسرین قادری، ئەندامی کومیتەی ژنانی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کومونیستی ئێران (کۆمەڵە)، باس له‌ کارو چالاکییه‌کانی ژنانی کۆمه‌ڵی ده‌کات و راشیده‌گه‌یه‌نێت: په‌یوه‌ندی باشمان له‌گه‌ڵ ژنانی رۆژئاوادا هه‌یه‌.

ئەسرین قادری، ئەندامی کومیتەی ژنانی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کومونیستی ئێران (کۆمەڵە له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنیوز باس له‌ کاروچالاکییه‌کانی خۆیان و په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ژنانی رۆژئاوای کوردستان ده‌کات و بەرخۆدانی ئازادیخوازانەی ژنان لە باکور و ڕۆژئاوا ستایش ده‌کات.

ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

رۆژنیوز: دەوترێت کۆمەڵە یەکەم هێزی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانە کە هەلی بۆ چالاکی ژنان ڕەخساند، په‌یوه‌ندی بزوتنەوەی ژنان لەگەڵ کۆمەڵە چۆن بووە؟

-ئامادەبوونی ژنان لە خەبات و چالاکی سیاسی دا دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە دامەزرانی کۆمەڵە، بەرەی چەپی بزوتنەوەی ژنان لە ئێران تا ساڵی 1953 بەتەواوی لە ژێر کاریگەری حیزبی توودە دا بووە، حزبی توودە بە خاتری پشت بەستنی بە سۆڤیەت، بایەخی بۆ بزوتنەوەی ژنان دادەنا و چالاکیەکی زۆری لە ئەم بوارەدا هەبوو، سۆڤیەت ئەگەرچی لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیست دا بەرە و پەیوەستە کاپیتالیستیەکان ڕاکێشرا، بەڵام لە سەرەتاوە پرسی ژن یەکێک لە پرسە سەرەکیانی بوو، بۆیە حزبی توودەش لە بواری ژناندا چالاکی باشی کردبوو، بەڵام دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵە لە کوردستان پێشەنگی بزوتنەوەی ژنان بوو، کۆمەڵە لە میژووی کوردستان دا یەکەمین هێز بوو کە دەرفەتی دا بە چالاکی هزری و پڕاکتیکی سەربەخۆی ژنان، پاش کۆمەڵە بوو کە هەندێکی تر لە حزبەکان پێشوازیان لە ئەم ئایدیایە کرد و دەرفەتیان دا بە ژنان کە چالاکی خۆیان بەڕێوە ببەن، لە کۆمەڵەی سەردەمی هەشتاکاندا هەندێکی زۆر لە ژنانی کۆمۆنیستی کوردستان لە کۆمەڵەدا کاری ڕێکخستنیان دەکرد، هەڵبەت دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە ئەم چالاکیانە لە فەزای چەپی شۆڕشی 79ی ئێراندا ڕوویدەدا کە شەپۆلی سوسیالیزم هەموو شوێنەکانی ئێرانی داگرتبوو، کۆمەڵەش وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی ڕۆڵێکی گرنگی لە ئەو ساڵانەدا گێڕاوە.

رۆژنیوز: کۆمەڵە وەکو هێزێک کە ژنان ڕۆڵێکی زۆریان تێداگێڕاوە، ئایا ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆی ژنانی بووە؟

- ئەندامانی ژنی کۆمەڵە بەردەوام لە ناوخۆی وڵاتی ئێران کاری ڕێکخستنیان کردووە، کە لێرەدا بە هۆی پاراستنی ئەمنی ڕێکخرەکانی ناوخۆ ناتوانین ئاماژەیان پێبکەین، لە دەرەوی وڵاتیش هەروەها لەگەڵ چەند ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چالاکی و هاوکاریان هەیە، ئەوەی کە گرنگ بێت، لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەندامانی کۆمیتە ناوەندی کۆمەڵە هەستیان بە پێویستی پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ژنان کرد و بۆ ئەم مەبەستەش دوو ساڵە چالاکی دەکەین.

رۆژنیوز: دەزانین کە ئەوەی کە لە ڕۆژئاوا خەریکە ڕوودەدات، بەر لە هەموو شت شۆڕشی ژنانە، ئێوە وەکو کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا چۆن دەبینن و په‌یوەندیتان لەگەڵیان بە چ شێوەیەکە؟

- یەکێک لە مەبەستە سەرەکیەکانی ئێمە وەکو کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە توێژینەوە لەسەر شۆڕشی ڕۆژائاوایە، بەنیازین لە سەر چالاکی سیاسی و گەریلایی و پەروەردەیی ژنان لە ڕۆژئاوا لێکۆڵین بکەین و په‌یوەندیمان هەبێت، بۆ ئەم کارە چەند کۆبوونەوەمان هه‌بووە و بەرنامەمان داڕشتووە، بۆ نمونە چەند لێدوانی ڕادیۆییمان ئامادەکردووە و بڵاومانکردۆتەوە، په‌یوەندی دوولایەنەشمان هه‌بووە، ئێمە وەکو کۆمەڵە لە سەرەتای دامەزرانی کانتۆنەکان و یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن پشتگیریمان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا کردووە و بە هەموو شێوەکان هاوکاریمان کردوون، هەروەها ڕخنەکانیشمان پێ ڕاگەیاندوون، بۆ نمونە ئێمە لە پێشوازیمان لە (یاسای کانتۆنی جزیرە، مافی ژنان) کرد و پشتگیری خۆمان لە یاساکە لە ڕێگای مێدیاکانمانەوە ڕاگەیاندووە، هەروەها خاڵە بەهێز و لاوازەکانی شۆڕشی ژنان-مان لە ڕۆژئاوا کۆکردۆتەوە و زۆر خوشحاڵین کە لە بوارەکانی سیاسی و گەریلایی و ڕێکخستن و پراتیک و هتد هاوکاری نزیکمان لەگەڵ ئەوان هەیە.

رۆژنیوز: لە هەفتەی ڕابردوودا ئێوە لەگەڵ شاندێک لە ژنانی کەژار چاوپێکەوتنێکتان هەبووە، دانیشتنەکە چۆن بەڕێوە چوو؟ ئایا لە داهاتوودا بەرنامەیەکتان بۆ هاوکاری هەیە؟

- لە چاوپێکەوتنێک، کە لەگەڵ هەڤالانی کەژار بوومان لە زۆر بواردا گفتوگۆمان کرد، لە ئەم دانیشتنەدا لە بارەی دۆخی ئێستای خەباتی ژنان لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان باسکرا، هەر دوولا ڕوانگە و تێبینیەکانی خۆمان دەربڕی و لەگەڵ جیاوازی لە هەندێک بوارەکاندا جەختمان لە سەر هاوکاری زۆرتر کرد، باسی هێرشی داعش و بە دیلگرتنی ژنان و منداڵانی ناوچەکە بەتایبەت ژنان و منداڵانی ئیزدی کرا و بەرخۆدانی ئازادیخوازانەی ژنان لە باکور و ڕۆژئاوا ستایشکرا، پاشان باس لەوەکرا کە کۆماری ئیسلامی بە درێژەی نزیک بە 40 ساڵ بە هەموو شێوەیەک ژنانی سەرکوتکردووە، باس لە تواناکانی ئێستای بزوتنەوەی ژنان لە 8ی ئازار و یەکی ئایار لە ئێران کرا، لە رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش بە هۆی هەبوونی کۆمەڵە، بەرخۆدان و خەباتی ژنان بەردەوامە، لە کوردستانی ئەمڕۆ دا بێکاری و کوژران لەسەر ناموس و خۆکوژی ژنان زۆرە و ئێمە دەبێ بە هەموو هێزمانەوە لە دژی ئەمانە چالاکی بکەین، چەند خاڵێک کە وەکو چالاکی هاوبەش لەگەڵ هەڤالانی کەژار باسکران، خەبات لە دژی پیاوسالاری و کوژران لەسەر ناموس و پاراستنی مافی زیندانیانی سیاسی چەند نموونەیەک لە ئەم خاڵانە بوون.

رۆژنیوز: بزوتنەوەی ژنان لە ئەمڕۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینن و پێتان وایە لە چ ئاستێک دایە؟ ئایا لە چالاکیەکانی ناوخۆی ئێران بەشداری ڕاستەوخۆتان هەیە.؟

-کوردستان وەکو لانکەی بزوتنەوەی چەپی ڕادیکاڵی ژنانە لە ئێران، ئێستا ئێمە دەزانین کە چالاکانی ژن لە ناوخۆی ئێران خەریکن دووبارە شۆرای ژنان ڕێکدەخەنەوە، لە لایەکی ترەوە ڕژێم هەموو شێوە فێڵێک بۆ دژایەتی لەگەڵ ژنان بە کار دەهێنێت و هەزارن مەلای سەر بە کۆماری ئیسلامی بە کرێ گرتووە کە دژی مافی ژنان قسە بکەن و بانگەشەی ژنێکی ئیسلامی و سەکوتکراو بکەن، هەروەها بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی ڕۆحانی کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا هەموو کارێکی بۆ کردنەوەی سنوورەکانی ئێران بەرەو نیۆلیبرالیزمی داگیرکەر کردۆتەوە دۆخەکە سەختتر بۆتەوە، واتە خەباتی ئێمە تەنها لەگەڵ کۆنەپەرستی ئیسلامی نیە بەڵکو په‌یوەستە دژایەتی شەپۆلی نیۆلیبرالیزمیش، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووی کردۆتە ژنانی ئێران، ئێمە هیوادارین بتوانین لە بەرامبەر هەمووی ئەم هێزە داگیرکەرانەدا خەبات بکەین و سەرکەوین.

ش.ف