ئەمریکا داوا لە عێراق دەکات قاسم سولەیمانی دەستگیر بکات

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە کاربەدەستانی عێراق کرد کە بەپێی بڕیارنامەی ژمارە "١٧٤٧"ی ئەنجومەنی ئاسایش قاسم سولەیمانی دەستگیر بکەن.


دەیڤید شەنکر جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێرانی بە پێشلکردنی سەروەری عێراق تۆمەتبار کردووە و داوای لە کاربەدەستانی عێراق کردووە کە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەستگیر بکات.

شەنکر لە دیمانەیەک لەگەڵ تۆڕی 'عەرەبیە' ڕایگەیاند: دەستێوەردانی سولەیمانی لە کاروباری ناوخۆی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ ئەو وڵاتە، قبوڵکراو نییە.

شەنکر هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەوڵەتی عێراق بەپێی بڕیارنامەی ژمارە "١٧٤٧"ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەسەندکراوی ساڵی ٢٠١٢، دەتوانێت قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس دەستگیر بکات.

ئەم وتانەی شەنکر لە کاتێکدایە، کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندبوو "محەمەد کەوسەرانی لە ڕۆحانییە شیعەکانی دەستڕۆشتوو و نوێنەری حزبوڵا لە عێراق، لەگەڵ سولەیمانی لە هەوڵی ئەوەدان کە پارتە سیاسییەکانی عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە کاندیدی ئێران بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق هانبدەن".

جێگای ئاماژەیە، کە دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری عێراق ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو کۆمەڵگای عێراق بە تایبەت شارە شیعەکانی باشوری عێراق لێکەوتووەتەوە بە شێوەیەک کە لە خۆپیشاندانەکاندا، وێنەکانی عەلی خامنەیی و قاسم سولەیمانی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دڕێندران و سوتێندران و هەروەها دروشمی توند، دژی ئەو دوو کەسە و دەوڵەتی ئێران لە شەقامەکانی عێراق بەرز کرایەوە.

س.ح