ئەمین بەکر: کورد بەهۆی یەکنەبوونیەوەیەتی لە گۆڕینی دەستور دەترسێت

ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، کە داواکاریی گۆڕینی دەستور داواکاریی خۆپیشاندەران نییە و حزبە سیاسییەکان دەیانەوێت بیکەنە داواکاریی ئەوان، دەشڵێت: حزبە کوردییەکان بەهۆی یەکنەبوونیان و گەندەڵی خۆیانەوەیە لە گۆڕینی دەستور دەترسن.


ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران- لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا، تیشک دەخاتە سەر خۆپیشاندانەکانی عێراق و ئەو گۆڕانکاریانەی کە ڕەنگە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە لە عێراق ڕووبدەن، هەروەها وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە لەبارەی ئەو هۆکارانەی خۆپیشاندانەکانیان دروستکردووە و ئەو بەرژەوەندیانەی کە لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەیانەوێت بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە بەدەستی بهێنن.

دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:

دکتۆر تێڕوانینت بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراق چییە؟ پێتوایە هۆکارەکانی پشتی خۆپیشاندانەکان کامانەن؟

"لەساڵی ٢٠٠٥ وە هەتا ئێستا ١٠ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی عێراق زیادی کردووە"

ئەمین بەکر: خۆپیشاندانەکان پەیوەندی بە دۆخی خراپی عێراق هەیە لەڕووی گەندەڵی و بێکاریی و چەندین هۆکاری دیکەوە، هەروەها هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەشێوەیەک کە لەساڵی ٢٠٠٥ وە هەتا ئێستا نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس زیادی کردووە، ئەمە کاریگەری هەبووە لەسەر نەبوونی هەلی کار، حکومەتیش نەیتوانیوە خزمەتگوزاری زیادبکات هەلی کار دابینبکات، هەروەها گەندەڵییەکی زۆر فراوانیش هەیە، بەتایبەت بەشبەشێنەی حزبی لە دامەزراوەکاندا، هەندێک لە حزبەکانیش دەیانەوێت ببە حزبی موقەدەس، تەنانەت هەندێک لە حزبەکان دەیانەوێت پاشناوی موقەدەس بلکێنن بە حەشدی شەعبییەوە بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت دەستکاریی بکات.

باشە ئەو جەماوەرەی هاتوونەتە سەر شەقام هەر جەماوەری ئەو حزبانەنین؟

"زۆرینەی جەماوەری ناڕازین"

ئەمین بەکر: هەڵبژاردنەکان بەتایبەت هەڵبژاردنی کۆتایی پێی وتین کە ئەم حزبانە جەماوەریان زۆر نییە، زۆرینەی جەماوەر ناڕازین، چەندین جاری دیکەش خۆپیشاندانیان کراوە بەڵام وەک ئەم جارە نەتواندراوە درێژەی پێبدرێت، بۆ ئەم خۆپشاندانانە دەستی دەرەکی و هۆکاری ناوخۆیی هەیە بۆ ئەنجامدان و درێژەپێدانی خۆپیشاندانەکان.

کێن ئەو لایەنە دەرەکیانەی دەیانەوێت دۆخی عێراق بگۆڕێت، بۆنمونە باسی هاندانی ئێران و ئەمریکاش دەکرێت؟

"ئێران دەیەوێت عێراق بکاتە دەوڵەتێکی کۆماری وەک خۆی"

ئەمین بەکر: ئێران ڕۆڵی تێیدا نییە، بەرژەوەندی ئێران لەوەدایە کە عێراق ئارامبێت و بەو ئاڕاستەدا بیبات کە خۆی دەیەوێت، بۆنمونە ئێران دەیەوێت عێراق بکاتە دەوڵەتێکی کۆماری وەک خۆی و ڕۆڵی مەرجەعییەت تێیدا باڵابێت.

کەوایە کێ شەقام دەجوڵێنیت؟

"ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان کاریگەرییان هەیە"

ئەمین بەکر: زۆرینەی هۆکارەکە جەماوەر بۆ خۆیەتی لەدژی گەندەڵی و نادادی خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش کاریگەرییان هەیە.

مەبەستی من دەستی دەرەکی بوو؟

"ئەوانەی لە دژی ئێرانن"

ئەمین بەکر: ئەوانەی لە دژی ئێرانن، واتا ئەمریکا و سعودیە و ئیماران تەنانەت ئیسرائیلیش دەوری هەیە، چونکە ئەمە شەڕی نفوسە، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین زۆرینەی هۆکارەکان هۆکاری ناوخۆیین و داواکاری ڕەوای خۆپیشاندەرانن.

دکتۆر هەندێک لایەن خۆیان داوەتە پاڵ خۆپیشاندەران کە خۆیان بەشێکن لە گەندەڵی، بۆنمونە تەیاری سەدر و موقتەدا سەردر خۆی دەچێتە لای خۆپیشاندەران کە خۆیان کۆمەڵێک وەزارەت و پۆستی زۆریان بەدەسەوەیە، خۆپیشاندەران هەست بەوە ناکەن؟

"ئەوە مانای ئەوەنییە کە بوونی سەدر گرنگ نییە"

ئەمین بەکر: خۆپیشاندەرانیش ئەوە دەبینن، داوای ئەوەش دەکەن کە سەرد سواری شەپۆلی خۆپیشاندەران نەبێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوەنییە کە بوونی سەدر لەناو خۆپیشاندەراندا گرنگ نییە، ئێستا لایەنەکان بەتایبەت لایەنە شیعەکان ئەوەندەی خەمی ئەوەیانە سەدر لەناو خۆپیشاندەراندایە و ئەو بەری لێگرتوون، خەمی جەماوەریان نییە، چونەکە ئەم هێزانە مامەڵە لەگەڵ هێزدا دەکەن، ئەگەر جەماوەر هێزی نەبێت ڕەنگە پەلاماری بدەن.

خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەکەن، بەڕاستی کیشەی عێراق عادل عەبدولمەهدییە؟

"نیزامە سیاسییەکە گەندەڵە"

ئەمین بەکر: وەک شەخس نا، عادل عەبدولمەهدی لە زۆربەی سیاسییەکان پاکترە، بەڵام نیزامە سیاسییەکە گەندەڵە، عادل عەبدولمەهدی ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی وەزیر و بەڕێوبەر و کەسانی دیکە بۆ پۆستەکان دابنێت و بیانگۆڕێت، ئەمانە هەموو ڕۆڵێان هەیە، بۆیە چاکسازیی تەنها بە عادل عەبدولمەهدی ناکرێت.

لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتەدا حکومەتێکی بەهێز دروست دەبیت لە عێراقدا؟

"ئەگەر ئەم دۆخە بە ئاشتیانە چارەسەر نەکرێ زۆر مەترسیدار دەبێت"

ئەمین بەکر: ئێستا شیعەکان مەترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر ئەم حکومەتە بڕوخیت تەواوی سیستمە سیاسییەکە بڕوخێت، وە لەوە دەترسن دەسەڵات لەدەستی شیعە دەربچیت، یاخود ترسی ئەوەهەیە کە دەسەڵات بکەوێتە دەست عەسکەر و وەک سوریامان لێبێت، لە باشترین حاڵەتیشدا لە لوبنان باشتر نابین، کە حزبێکی وەک حزبوڵڵای تێدا دروستبووە و نفوسی تەواوی هەیە لە لوبناندا، کەواتە ئەگەر ئەم دۆخە بە ئاشتیانە چارەسەر نەکرێ زۆر مەترسیدار دەبێت، بۆیە باشترین شت لەئێستادا خۆپیشاندەران بیکەن ئەوەیە چاکسازیی لە حکومەتدا بکەن، هەروەها داوای هەڵوەشاندەوەی حەشدی شەعبیی بکەن، چونکە ئەوەی ئەوان دەیانەوێت لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و نیزامی سیاسیی وڵات بەرەوە شەڕی ناوخۆ دەبات.

یەکێک لە داواکارییەکان گۆڕینی سیستمی سیاسی و دەستورە، پێت وایە ئەم داواکارییە مەترسی بۆسەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟

"داواکاریی گۆڕینی دەستور، داواکاریی خۆپیشندەران نییە"

ئەمین بەکر: داواکاریی گۆڕینی دەستور، داواکاریی خۆپیشندەران نییە، ئەمە داواکاریی هێز و لایەنە سیاسییەکانە کە دەیانەوێت بیخەنە سەر زاری خۆپیشاندەران، سونەکان دەیانەوێت هەندێک خاڵ لە دەستوردا لە بەرژەوەندی خۆیان جێگیربکەن، بەجۆرێک دەیانەوێت هەرێمێک بۆ ئەو چەند پارێزگایەی خۆیان دابینبکەن، هەروەها دەیانەوێت یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس لابەرن، بەڵام شیعەکان دەیانەوێت سیستمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بکەن بە کۆماری، ئەویش هاوشێوەی جمهوری ئیسلامی ئێران، چونکە دەیانەویت ڕۆڵی مەرجەعیەت زیادبکەن.

زیانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان چییە؟

"کێشەکەمان بێهێزیی خۆمانە نەک گۆڕینی دەستور"

ئەمین بەکر: لەڕاستیدا ئێستا ڕۆڵی هەرێمی کوردستان زۆر لاوازبووە، حزبە سیاسییە کوردییەکان لەبەر شەڕەدەنوک و حزبحزبێنەو گەندەڵی خۆیان ئەجێندایەکی سیاسیی یەکگرتوویان نییە و ناتوانن داکۆکی بکەن لەو مافانەی کە ئێستا لە دەستوردا هەیە بۆیە ڕەنگە پاشەکشێ بکەین، واتا کێشەکەمان بێهێزیی خۆمانە نەک ئەوەی گۆڕینی دەستور کێشەیەکی گەورەبێت.

دکتۆر بەپێی تەجروبەکانت ئەم خۆپیشاندانەنە دەگەن بەکوێ و ئایندەی عێراق چی لێدێت؟

"ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت یان حوکمی عەسکەری هەیە"

ئەمین بەکر: لایەنە سیاسییە شیعیەکان دەیانەوێت کۆدەنگییەک لەسەر ئەوە دروستبکەن کە مانەوەی سیستمەکەیان بپارێزن، تا ڕادەیەکیش سەدریان ڕازی کردووە بۆ ئەوە، بەشێک لە سونەکانیش دەیانەوێت سیستمکە بمێنێتەوە، دەیانەوێت جەماوەر ڕازی بکەن بە هەندێک داواکاریی کە جەماوەر خۆیان نایەوێت، بۆ نمونە گۆرینی دەستور جەماوەر نایەوێت، ئەگەریش هەیە داوابکرێت حوکم بدرێتە دەس عەسکەر، یاخود هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەگەر بتوانن سەدرییەکان لە خۆپیشاندەران دور بخەنەوە ئەوکاتە هێزێکی ئەمنی زیاتر دژی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنن و لەچەند ناوچەیەکی تەنگدا گەمارۆیان دەدەن هەتا بێزاریان دەکەن.

بەڵام هەفتەی پێشوو سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیران ئامادەیە دەستلەکار بکێشێتەوە؟

"پەشیمان بوونەتەوە"

ئەمین بەکر: لایەنەکان ڕێککەوتنێکیان هەبوو کە عادل عەبدولمەهدی دەست لەکار بکێشێتەوە، بەڵام بە تەداخولی هەندێک لایەن تەنانەت لایەنی نێودەوڵەتیش ئێستا پاشگەز بوونەتەوە.

واتا دەست لەکار ناکێشێتەوە؟

ئەمین بەکر: بەرنامەیان نییە لە ئێستادا.

د.ع