ئەیوب بارزانی: دەبێت کورد پشتگیری تێکۆشانی باکوری بکات


ڕۆژنیوز - مستەفا دەلەن/ عابد کار

سیاسەتمەداری کورد ئەیوب بارزانی سەربارەت بە راگەیاندنی خۆبەرێوەبەری و رەوشی باکوری کوردستان بۆ ئاژانسی رۆژنیوز دوا و وتی:" کوردان لەباکوری کوردستان تێکۆشانی هەبوونی خۆیان بەرێوەدەبەن، دەبێ هەموو هێزە کوردیەکان پشتگیری ئەم تێکۆشانە بکەن، لەباکوری کوردستان بەدەر لە راگەیاندنی خۆبەرێوەبەری هیچ رێگەیەکی تر نەماوە.

ئەیوب بارزانی سەبارەت بەقەیرانی باشوری کوردستانیش وتی:" لەباشوری کوردستان پێویستی بەهزر و شێوازێکی نوێ تێکۆشان هەیە، ئەو پارتیانەی ئێستا ئیرادەی و هێزی چارەسەرکردنی کێشەکانیان نیە".

ئێوە وەکو سیاسەتمەدارێکی بەئەزمون، راگەیاندنی خۆبەرێوەبەری و پێشکەتنەکان لەم بارەیەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بارزانی: کێشەکانی تورکیا زۆرن، شوێنی ئەوەی گرنگە دەگوڕدرێت. ئەمەش راستیەکە کە کێشە بنەڕەتی تورکیا، پرسی کوردە و کۆکراوەی هەموو پرسەکانیشە، هەتا ئەم پرسە چارەسەرنەبێ، هیچ کێشەیەک لەتورکیا چارەسەری نابێ. تورکیا لەشوێنی ئەوەی پرسی کورد لەناوخۆی تورکیا چارەسەر بکا، دەچێ لەگەڵ داعش و عەرەبستان و قەتەر پەیوەندی دروست دەکا، لەبەر ئەم رەوشەش دیارە کە تورکیا لەناوخۆ و ئاستی نێونەتەوەیی و نەتەوەییدا لە رەوشێکی زۆر خراپ دایە. تورکیا لەگەڵ دراوسێیەکانیدا زۆر کێشەی هەیە، رەوشی لەگەڵ سوریا و ئێراق زۆر خراپە و تەنانەت لەباشوری کوردستانیش دا زۆر باش نییە، راستە کە لەگەڵ دەسەڵاتی باشوری کوردستان پەیوەندیەکانی گەرم و گوڕە، لەگەڵ یەکدا دانوستاندنیان هەیە، بەڵام لەگەڵ گەل دا وەها نییە، گەل لەبەرامبەر ئەم شێوە پەیوەندیە ناڕازیە، دەوڵەتی تورکیا هیچ کاتێک دۆستایەتی گەلی باشوری کوردستانی نەکردوە و ئەوانیش بەنەبوو دادەنێ. پەیوەندیەکانی تورکیا و روسیاش لەبەرچاوانە.

بەراستی لەنێوان تورکیا و سوریا ئاڵۆزیەکی گەورە هەیە، پەیوەندیەکانیشیان لەگەڵ یەکێتی ئەورۆپا زۆر سنوردارە، لەگەڵ یەکێتی ئەورۆپا بەچاوی هاوکاری تیرۆر تەماشای تورکیا دەکرێ، لەبنەڕەتدا سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانە پرسی کورد خەوتووە، هەر بۆیە هەتا تورکیا پرسی کورد بەرێبازی سیاسی چارەسەر نەکا، ناتوانێ لەگەڵ دەر و دراوسێیەکانی خۆی دا بەشێوەیەکی ئاشتی بژی.

ئەو هۆکارانەی لەمپەرن لەپێش چارەسەریدا چین؟

بارزانی: دەبێ لە مێژووە بەدوای هۆکارەکاندا بگەڕین، هاتنی تورک بۆ رۆژهەڵاتی ناوین، بەجێ بوون و بەنەتەوەبوونیان هەر کەس ئاگادارە، بەتایبەتی لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری تورکیا، بەشێوەیەکی ئایدیولۆژی نەژادپەرەستی قەبوڵ دەکەن، هەرچەندە ئەمە پەرەیسەند، چەمکی یەکخوازی و ئینکاریش پێشکەوت، ئەم چەمکە بەتێپەڕبوونی کات بوە ئایدیولۆژیەکی فەرمی دەوڵەت، خۆ لەخۆ دژایەتیکردنی ئەرمنیەکان و کوردان دەزانرێت، ئینکارکردنی گەلێک ناسنامە و کەلتوری تریش پێشکەوت، هەموویانیان لەناوبرد، ئەوەی پێش بەپێشکەوتنی ناوخۆ دەگرێ ئەم چەمکەیە.

ئایا ئاکەپە ئەم چەمکە بەردەوام دەکات؟

بارزانی: بێگۆمان ئەگەر جارجاران ئەمەیە لەئاستی قسەدا تێپەڕکردبێ، بەڵام لەراستیدا وانیە، هێشتا چەمکی دەسەڵاتداری و ئینکار بەردەوامە، ئاکەپە ناسنامە، چاند و زمانی بیست ملیۆن مرۆڤ کە لەسەر خاکی خۆیان دەژین ئینکار دەکا، بەمەشەوە سنوردار نابێ، دەیەوێت لەناویان ببا، لەمێژوودا نمونەی دەوڵەتان زۆرە، کە تاوانی وەهایان کردوە، بەڵام رووبەرووی ئەوان بوونەتەوە و لەو گەلانەی بندەست و ئەوانەی تاڵانیان کردون، داوای لێبوردنیان کردوە، دەبێ تورکیاش ئەمە بکا، چونکە لەبەەرامبەر بەکوردان تاوانی گەورەی پێکهێناوە.

ئەو کاتە دەبێ کوردان چی بکەن؟

بارزانی: گەلەکەمان لەباکوری بەرێکخستنە، لەناو دیسپلینێکیدا هەڵسوکەوت دەکەن، ئەم دیسپلینەش یەکێک لە رێکخستنەکانی پەکەکەیە، گەلیش بەم دیسپلینە باوەڕ دەکا و ناترسێ، لەناو ئەم دیسپلینەدا یان لەناو ئەم سیستەمەدا رەوشی ئابوری، کۆمەڵایەتی و ئابوری چیە، هەموو شت لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گەل و خزمەتکردن دایە، سیستەم پشتی بەگەل بەستوە، بەڵام لەباشوری کوردستان سیستەمێک پێچەوانەی ئەمە هەیە، پێش هەموو شتێک باشوری کوردستان پشتی بەدەرەوە بەستوە، پێشتر ئێران و سەدام پارەیان دەدا، ئێستاش لەگەڵ تورکیا پەیوەندیەکانیان گەرم و گوڕە، ئەوەی کە دەمەوێ بڵێم ئەوە کە هیچ کاتێک لەباشوری کوردستان سیستەمێک کە پشتی بەگەل بەستوە پێکنەهاتوە، هەموو کاتێک گرێدراوی دەرەوە بوون و ئەوانەشی سیستەمەکەیان دیار کردوە، بەرێوەیان بردوە، ئەو بڕیارانەی پەکەکە دەدا پشت بەهێزی خۆیی جەوهەری دەبەستێ و ئازادانەیە، بەڵام بڕیارە سیاسیەکانی باشوری کوردستان، نە بڕیاری ئەوانە، بەپێچەوانەوە بڕیاری هێزی دەرەکییە، کاتێک ئەم راستیە تەماشا دەکەین، ئەو بڕیارانەی پەکەکە لەباکوری کوردستان دەدا، سەبارەت بەداهاتووی گەل و ئازادیەکانیانە، لەدەرەوەی ئەمە هیچ رێگەیەکی تریان بۆخۆیان نەهێشتووتەوە.

ئاکەپەیە کە لەباکوری کوردستان دوژمنایەتی کوردان دەکات، ئاخۆ دەتوانێ ببێتە دۆستی کوردان لەباشوری کوردستان؟

بارزانی: دوبارە ئێمە نمونەی مێژوویی دێنینەوە، کاتێک ئیرادەی باشوری کوردستان رادەستی شاهی ئێران کرا، ئێران لێرەی دەپاراست، دوو مەرجی ئێران هەبوو، یەکەم؛ کورد دژایەتی بەغداد بکەن و دووهەم؛ هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان دژی تێکۆشانی ئازادیخوازی هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بن. ئێستا هەمان شت ئاکەپە دەیکا، مەرجەکانیان زۆر هاوشێوەن، ئەوانیش دەڵێن ئێوە لەدژی بەغدا بن و لەباکوریش دژی تێکۆشانی ئازادی کوردان بن.

ئەم رەوشەی ئێستای باشوری کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بارزانی: لەباشوری کوردستان قەیرانێکی سیاسی هەیە، ئەم قەیرانەش لەناو گەلدا، نەبوونی مووچە و خزمەتگۆزاریە، کارەبا و ...هتد. لەبنەمای ئەو کێشانەش، کێشەی کورسی و دەسەڵاتداری هەیە، بەشێوەیەکی روشنتریش، پرسی سەرۆکایەتی هەرێمە، ئەم قەیرانەش بێوچان کێشە دروست دەکا، تەماشا کەن ئەوانەی دەسەڵاتدارن و ئەوانەش لەگەڵیاندایە، بەئەندازەی سەد ساڵ پارەیان کۆکردوە، تەنیا بیر لەخۆیان دەکەنەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەش گەل دەستی لەداهاتووی بەرداوە لەفکری دابینکردنی بژیوی مانگێکی ژیانیە، خۆ لەخۆ رەوشی کارمەندان کە مووچەی چەندین مانگیان وەرنەگرتوە لەبەرچاوانە، نەوتەکەی باشوری کوردستانیش بەرچاوە، گازی سروشتیش زۆرە، ئاخۆ ئەم سەرچاوانە لەکۆنترۆڵی کێدایە، بێگومان تورکیا، خاوەن قسەیە، فرۆشی نەوت ئەمە رۆشن دەکاتەوە، پارەکەش ئەوان لەناو خۆیاندا دابەش دەکەن.

ئێوە دەڵێن دەبێ باشوری کوردستان بەغداد موخاتەب بگرێت؟

بارزانی: بێگومان دەستورێکی بنەڕەتی عیراق هەیە، هاوپەیمان و لەیەکتێگەیشت هەیە، بەڵام تورکیا ئەمەی ناوێ، خۆ لەخۆدا سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە تورکیا دیاری دەکا.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئێوە بەجێکردنی سوپای تورک لەموسڵ و زۆر شوێنی تری باشوری کوردستان چۆن دەبینن؟

بارزانی: هاتنی ئەرتەشی تورک لەسەر بنەمایەکی قازانج و خێر نیە، دەیانەوێ ئاڵۆزی دروست بکەن، تورک هیچ کاتێک شتێکی باشیان بۆ کوردان نەویستووە، هەموو کات هەوڵیانداوە دەسکەوتەکانی کوردان لەناو ببەن. ئەو وفدانەی دەچن بۆ تورکیا دەبینین چون پێشوازیان دەکەن، ئەوانیش باش دەزانن کە گەلی باشوری کوردستان لەم پەیوەندیانە ناڕازین و نایانەوێت، هەر چونێکی وفدێکی باشور ئەوان زیاتر بێ نرختر دەکا، میت و حکومەتیش ئەمەش باش دەزانن، بۆ ئەوەی دەریان خستووتە پێش، لەپشتیان هیچ ئاڵایەک دانانن، بۆ ئەوەش پێشوازیەکی وەها دەکەن، چۆنیان بوێ وادەکەن، بەڵام گەلەکەمان بەم شێوە هەڵسوکەوتانە هەڵناخەڵەتێت.

ئێستا پەرلەمان ئیفلیج بووە و داخراوە، بزوتنەوەی گوڕانیان دورخستووتەوە و قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمیش لەبەرچاوانە، لەڕوانگەی چەمکی دیموکراسییەوە ئەمە بەچی واتایەک دێت؟

بارزانی: لەباشوری کوردستان لەم بابەتانەدا جوڕێک فێربون هەیە، هەموو شتێک گەورە دەکرێ، پەرلەمانێکی وەهامان هەیە، دیموکراسێکی وەهامان هەیە و فڵان و فڵان ... بەڵام لەراستیدا نە ئیرادەیەکی پەرلەمان دروستبووە، نە پێش لەدیموکراسیبوون کراوەتەوە و نە رێز لەمافی مرۆڤ گیراوە. راستە هەڵبژاردن دەکرێ، بەڵام ئاخۆ ئەم هەڵبژاردنانە چەندە دروستن؟ لەباشوری کوردستان هەمیشە دەسەڵاتێکی تاکانە هەیە، پێشتر سەدام هەبوو، ئێستاش چەمکێکی وەها باڵادەستە لەئاستی رێوەبەرایەتیدا، شتێک نەگۆڕاوە.

لەوەها رەوشێکدا دەبێ گەلەکەمان لەباشوری کوردستان چی بکات؟

بارزانی: دەمەوێت هەندێ شتی تر بەنمونە بێنمەوە، دامەزراندنی پەکەکە لەباکوری کوردستان خۆ بەخۆ شۆڕشێکە، چونکە لەکاتی دامەزراندنی خۆی لەهەر دواکەوتوویەک خاوەن کردەوە، بەئایدیولۆژیەکی نوێ ئاواکرا، کەسایەتی و کەلتورێکی نوێ خۆلقاندوە، ئەمەش بەرچاوە.

لەباشوری کوردستان وەها نیە، پارتە سیاسیەکان یان لەسەر بنەمای ئاغایەتی ـ فئۆدالی ئاوا کران، یان لەسەر بنەما و چەمکی برژوازی بچوک ئاوا کراون، واتا پارتەکانی باشور، پارتی کلاسیکن، لەناوخۆدا هیچ شەڕ و تێکۆشانێک بەرێوە نابەن، تەنیا لەدژی بەغدان و ئەوەندە، تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتی نیە و هاوکات هەموو کێشەکانی ناو کۆمەڵگەیان وەکو خۆ هێشتووەتەوە.

ئەم رەوشە چۆن تێپەڕێنین؟

بارزانی: لەباشوری کوردستان روشنبیر زۆرن، بەڵام کاریگەریان کەمە و هێزی گۆڕانکاریان نیە، بەڵام ئێستا ئیدی راستیەک لەباشوری کوردستان هەیە کە دەبێ بگۆڕێ، پێویستی بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و هزر و ئایدیۆلۆژیەکی نوێ هەیە.

واتا ئێوە دەڵێن گۆڕانکاریەکی ریشەیی پێویستە؟

بارزانی: بەڵێ، ئەزمون زۆرن، ئەزمونێکی پەکەکە لەباکوری کوردستان هەیە و لەبەرچاوانە، ئەزمونی رۆژئاوا زۆر نوێیە، دەتوانرێـت لەوانە سودمەند بین.

پشتی چەند مانگ هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری گشتی کەجەکە"جەمیل بایک" ووتی؛ ئێمە دەتوانین ببینە هاوکار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی باشوری کوردستان، بەڵام هیچ وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنی نەبوو.

دەموێت جارێکی تر سەرەنج راکێشمە سەر ئەمە، کاتێک تۆ لەلایەنی ئابوری و سیاسیەوە گرێدراوی ناوەندێک بووی ناتوانی بەئیرادەی خۆی هەڵسوکەوت بکەی، کێشەکان لەم چوارچێوەیەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەرێز جەمیل بایک پێشنیارێکی عاقڵانەی کرد، چونکە ئەوان تەنیا بیر لەپارچەیەکی کوردستان ناکەنەوە و تێکۆشانەکەیان بۆ هەموو کوردستانە، بەڵام بەداخەوە لێرە هیچ هەڵوێستێک کە بتوانێ ئەم نزیکبوونە لەئامێز بگرێ بوونی نیە.

ئایا هێشتا بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کات هەیە؟

بارزانی: هەموو کاتێک پێویستی بەپێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی هەیە، ئەو هێزانەی کە ئیرادەی سیاسیان هەبێ، دەتوانن بڕیاری پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بدەن. کاتێک ئەم ئیرادەیە نەبێ، دەبێ گەڵ بکەونە جوڵەوە، ئیدی رۆڵ و بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەر رۆشنبیران، ئەوان دەتوانن لەهەرچوار پارچەی کوردستاندا رۆڵی پردێک ببینن، پەیوەندی و گفتوگۆ پێشبەخەن، بەمشێوەیەش کوردان دەتوانن لەهەرێمەکە ببنە هێزێکی گەورە و لەدیموکراتیک کردنی رۆژهەڵاتی ناوین ببنە ئەکتەری سەرەکی و لەئەنجامدا چارەسەرکردنی پرسی کورد لەقازانجی تورک، فارس و عەرەب دایە.

بێگومان، کاتێک یەکێتی نەتەوەیی پێکبێت ئەو کاتە ئەرتەشێکی هاوبەشێش دادەمەزرێ، کاتێک پێشمەرگە و گەریلا بونە یەک، پێویستیەکیان بەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت نامێنێ، بۆچی ئێمە ئەرتەشی هێزێکی جیاواز بێنینە سەر خاکی خۆمان؟ ئەرتەشێکی نەتەوەیی دەستکەوتەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان دەپارێزێ، دەبێ باوەڕمان بەمە هەبێ، وەکو وتم، پێویست بە ئیرادەیەکی ئازاد هەیە، دەزانین کە باشور شوێنێکی بچوکە، بەڵام دوو ئەرتەش، دوو سیستەم، دوو ئیدارە گفتوگۆی لەسەر دەکرێن، دەبێ ئەم رەوشە تێپەڕ بکرێ، ئەم چەمکە پارچەچیتی و پارچەبوونە دەبێ هۆی ئەوەی کوردان دەسکەوتەکانیان لەدەست بدەن.

لەکۆتاییدا بۆ قۆناخی تێکۆشان لەباکوری کوردستان شتێکتان هەبێت فەرموون؟

بارزانی: باکوری کوردستان پارچەی هەرە سەرەکەیە و تێکۆشانەکەشی زۆر گرنگە، هەر پێشکەوتنێک لەوێ، کاریگەری لە هەر سێ بەشی تری کوردستان بکا، لەبەر ئەمەش، دەبێ هەموو کورد، بەئەندازەی هێز و ئیمکانی خۆیان هاوکاری و پشتیوانی تێکۆشانی باکوری کوردستان بکەن و ئەو تێکۆشانە، وەکو تێکۆشانی خۆ ببینن.

س.خ/ئا