بابەکر: ئەردۆغان ئامادەیی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ٥٠ ساڵەکەی دەربڕیوە

پشدەر بابەکر، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی ئاشکرایدەکات، کە ئەردۆ‌غان لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئامادەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ٥٠ ساڵەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، باس لە هەنگاوەکانی تورکیاش دەکات بۆ پەرەپێدانی بازرگانیی لەگەڵ عێراقدا و ڕایدەگەیەنێت، کە تورکیا دەیەوێت هەناردەی ساڵانەی بۆ عێراق بگەیەنێتە ٢٠ ملیار دۆلار.


پشدەر بابەکر، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، وەڵامی چەند پرسیارێک دەبارەی پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی عێراق و تورکیا، ئامانجەکانی تورکیا لە عێراق و کاریگەریی دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورک لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دەداتەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

-ماوەیەکە گەرموگوڕی بە ترافیکی نێوان بەغدا و ئەنقەرەوە دەبینین، ئەو ئامانجانەی تورکیا دەیەوێت لە عێراق بەدیبهێنێت چین؟

"تورکیا لەبەر سێ هۆکاری سەرەکیی دەیەوێت لە عێراق نزیکببێتەوە"

پشدەر بابەکر: تورکیا لەبەر سێ هۆکاری سەرەکیی دەیەوێت لە عێراق نزیکببێتەوە، هۆکاری یەکەم پرۆژەیەک هەیە لە پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان، دەیەوێت ئەگەر ئەم پرۆژە یاسایە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا هێزەکانی ئەو نەگرێتەوە، بەبیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ڕێگا بە تورکیا بدرێت لە عێراق بمێنێتەوە.

هۆکاری دووەمیش ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیا هەیە بۆ ئەوەی هەر وڵاتێک بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بچنە ناو سنووری یەکترەوە، ئێستا بەشێک لە شیعەکان پێیان وایە، کە لە بەرامبەر پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە و هاتنەناوەوەی زیاتری بۆ خاکی عێراق، ڕێککەوتنەکە هەڵبووەشێندرێتەوە، کە ئەمەش ترسی لای تورکیا دروستکردووە.

خاڵی سێیەمیش سکاڵایەکی حکومەتی عێراقە لە تورکیا، کە ساڵی ٢٠١٤ لە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا تۆماریکردووە و داوای ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات، ئەم سێ خاڵە وای لە حکومەتی تورکیا کردووە لە عێراق نزیکببێتەوە.

"تورکیا دەیەوێت ئەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراقدا دروست دەبێت، پڕبکاتەوە، بەڵام دیارنییە کە ئەم ئامانجەی سەردەگرێت یاخود نا، چونکە تورکیا دراوسێیەکی باش نەبووە بۆ دراوسێکانی لەناویشیاندا بۆ عێراق، کە هەمیشە سەروەریی خاکەکەی پێشێلکردووە"

"هەروەها ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لە دادگاکانی عێراقدا داواکراون تورکیا داڵدەی داون، لە تاریق هاشمییەوە بگرە تا ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی بەسرە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک خەڵکی دیکەی کە تۆمەتبارن بە هاوکاریکردنی تیرۆر لە تورکیا نیشتەجێن، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت کە پێناچێت تورکیا ئامانجەکانی لە پڕکردنەوەی بۆشایی ئێران لە عێراق-دا بپێکێت".

- بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی، تورکیا چی دەسپێشخەرییەکی بۆ عێراق کردووە؟

"ئەردۆغان ئامادەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ٥٠ ساڵەکەی لەگەڵ هەرێم دەربڕیوە"

پشدەر بابەکر: عادل عەبدولمەهدی لەدوای گەڕانەوەی لە ئەنقەرە، بە هەندێک لە پەرلەمانتارانی کوردی وتبوو، ئەردۆغان ئامادەیی دەربڕیوە لە بەرامبەر ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنە ٥٠ ساڵییەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەڵبووەشێنێتەوە، بەڵام عادل عەبدولمەهدی وتبووی من ڕەزامەند نیم و با لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگەینە لێکتێگەیشتن، ئەوکات بە ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵیی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی هەولێر ئەنقەرە هەموار دەکەینەوە، تەنها شتێک کە تورکیا لە بەرامبەر عێراقدا بیبەخشێت فرۆشتنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

- پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا و عێراق لە چ ئاستێکدان؟ بەتایبەت کە ئێستا باس لە کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی نوێ دەکرێت لە نێوانیاندا؟

"تورکیا دەروازەی خنکاندنی ئابووریی هەرێم لەگەڵ عێراق دەکاتەوە"

پشدەر بابەکر: تورکیا دەیەوێت پێگەی ئابووریی خۆی لە عێراق بەهێز بکات، ساڵی ٢٠١٨ هەناردەی تورکیا بۆ عێراق هەشت ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، کە زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری قازانج بووە بۆ تورکیا، لەماوەی ڕابردووشدا بەرپرسانی تورکیا ئەوەیان باسکردووە، کە دەیانەوێت سەقفی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان ساڵانە بگەیەننە ٢٠ ملیار دۆلار، ئێستاش تورکیا دەیەوێت جگە لە ئیبراهیم خەلیل، دەروازەیەکی سنووریی نوێ لەگەڵ عێراقدا بکاتەوە، ئەو دەروازەیە لە سەروبەندی ڕیفراندۆم-دا زیاتر بوو بە جێی باسوخواسی میدیا، هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیاش ڕێککەوتنی فەرمییان هەیە بۆ کردنەوەی ئەو دەروازەیە، ئەو دەروازە سنوورییە لای تورکیا بە ئوفاکوی-ی نوێ ناودەبرێت و ئەگەر بکرێتەوە زیانێکی زۆر بە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، وەک بەشێک لە میدیاکانیش بە دەروازەی خنکاندنی ئابووریی هەرێم وەسفی دەکەن.

-هاوکاتی ئەم هاتووچۆیانەی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، هەولێریش ترافیکی لەگەڵ بەغدادا هەیە و دەیەوێت کێشەکانیان چارەسەربکەن، ئایا تورکیا هیچ دەستێوەردانێکی لە نێوان بەغدا و هەولێر-دا هەیە؟

"هەرکاتێک بەغدا و ئەنقەرە لەسەر ئەو مەلەفە گەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوکات هەولێر نەوتەکەی ڕادەست دەکات"

پشدەر بابەکر: ئێستا تورکیا وەک خاوەنی نەوتی هەرێمی کوردستان خۆی وێنا دەکات، کاتێک لەگەڵ بەغدا دانووستان دەکات مەلەفی نەوتی هەرێمیش یەکێکە لەو مەلەفانەی کە دەیخاتە سەر مێزی گفتوگۆ، تورکیا ڕێگریی دەکات لە کۆمەڵێک ڕێککەوتن کە پێویستە لە نێوان هەرێم و بەغدا-دا بێتە ئاراوە، تورکیا ڕۆڵی هەیە لەوەی کە هەرێمی کورستان ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکەی ڕۆژانە ڕادەستی بەغدا نەکات، چونکە سوودمەندی یەکەم لە هەناردەی نەوتی کوردستان، حکومەتی تورکیا و ئاکەپە و بەتایبەتیش بنەماڵەی ئەردۆغانە، دەیەوێت لە بەرامبەر ڕادەستکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەغدا، تورکیاش سوودمەند ببێت، ئەم مەلەفەشی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسکردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەنجام، هەرکاتێک بەغدا و ئەنقەرە لەسەر ئەو مەلەفە گەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوکات هەولێر نەوتەکەی ڕادەست دەکات.

- ئەم دەستێوەردانانەی تورکیا پرسی پارێزگاری کەرکوکیش دەگرێتەوە، کە تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام؟

"تورکیا ڕێگرە لە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک"

پشدەر بابەکر: تورکیا ڕێگریی دەکات لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی کە ڕۆژی ١١ی ٧ی ئەمساڵ لە نێوان یەکێتی و پارتیدا کرا، بۆ دانانی تەیب جەبار وەک پارێزگاری کەرکوک، دەبوو لەماوەی ٤٥ ڕۆژدا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، بەڵام تورکیا ڕێگرە لەوەی کە جێبەجێ بکرێت و ڕۆژی ٢٥ی مانگی ڕابردوو وادەی ڕێککەوتنەکە کۆتاییهات، ڕەنگە بەشێکی ئەو ڕێگرییانەش پەیوەندی بەوەوە هەبێت، کە تورکیا دەیەوێت پرۆسەی تەعریب لە کەرکوک بەردەوام بێت، وە دەیەوێت کارەکانی ڕاکێشانی ئەو بۆرییە نەوتە تەواوبکرێت، کە بڕیارە لە کەرکوکەوە بۆ تورکیا ڕابکێشرێت، وە دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی لە کەرکوک بپارێزێت، یەکێتی و پارتیش کاریگەریی هەژموونی وڵاتانی دەرەوەیان لەسەرە و هیچ ڕێککەوتنێک بەبێ پرسی ئەو وڵاتانە واژۆ ناکەن.

س.ح