باکور وەڵامی ئەردۆغانی دایەوە: ئێرە کوردستانە

لە پیرۆزباییەکانی نەورۆزدا لە باکوری کوردستان بە ملیۆنان هاوڵاتی بەشداریان کرد و تێیدا و جارێکیتر دەنگ و ڕەنگی خۆیان پیشانی جیهاندا، لەبەرامبەر هەڕەشەو نکۆڵیکردن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان کە لە کوردانی دەکات، بەدەنگێکی بەرز پەیامی "ئێرە کوردستانە و دەبێت گۆشەگیریی بشکێت و بە دڵنیاییەوە ئێمە سەردەکەوین" بەگوێی هەموواندا درا.


پیرۆزباییەکانی نەورۆز لە باکوری کوردستان بوونە قەرەباڵغترین پیرۆزباییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای هەوموو هێرش و گرتن و کوشتن و ئاستەنگیی و قەدەغەکانی دەوڵەتی تورک، بە ملیۆنان هاوڵاتی ڕاژانە مەیدانی پیرۆزباییەکان.

بەو پەیام و پانکارد و درووشمانەی دران و ئەو گۆرانی و سروودانەی لە ئاهەنگەکاندا پێشکەشکران، بۆ دەوڵەتی تورک و هەموو ناوچەکە پەیامی ئاشکرا و ڕوون بوون.

لە باکوری کوردستان و تورکیا بەتایبەت لە ساڵی ڕابردوو فشارێکی زۆر لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەبرا، هەموو بەرنامە و چالاکییەکانیان قەدەغە دەکرا و هەزاران کەس دەستگیردەکران، بەشیوەیەک بوو، کە ئەردۆغان لە قسەکانی خۆی پاشگەز بوویەوە، کە دەیوت پرسی کورد پرسی ئێمەیە، بەڵام لەم ماوانەی دواییدا دەیوت شتێک نییە بەناوی کوردستان.

بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو گوشار و فشارەکانی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان، ئەمڕۆ لە باکوری کوردستان بە ملیۆنان کەس لە مەیدانەکان نەورۆزیان پیرۆزکرد و بەیەک دەنگ دژایەتی خۆیان بۆ فاشیزمی دەوڵەتی تورک دووپاتکردەوە، بەتایبەت لە شارەکانی ئامەد، وان، ئیلح و بۆتان.

لە وتار و پەیامەکانی ئەمڕۆدا، بەتوندی وەڵامی ئەردۆغان درایەوە، هەروەها لە تەواویی پیرۆزباییەکاندا توڕەبوون دژی گۆشگیرییەکانی سەر ئۆجالان دەبیندرا و هەمووان داوای شکاندنی گۆشەگیرییان دەکرد.

هەر لە پیرۆزباییەکاندا، پشتگیریی لە مانگرتووان و ئامانجەکەیان دووپاتکرایەوە.

لە دژی هەموو گوشارەکان، پەیامێکی هاوبەش هەبوو، کە ئەوەبوو، "ئێرە کوردستانە، گۆشەگیریی دەشکێنین، بە دڵنیاییەوە ئێمە سەردەکەوین".

 

س.ح