بەرواریى: چالاکوانانى بادینان بە ماددەیەک دەستگیرکراون حکومەت پێى تاوانبارە

دکتۆر کامیران بەرواریى، ئاماژە بەوەدەکات، ئەو ١٨ چالاکوانەى بادینان بە ماددەى ١٥٦ى یاساى عێراقى دەستگیرکراون، کە تایبەتە بە هێنانى هێزى بیانى و سیخوڕیى کردن، هەموو ئەمانەش حکومەت خۆى پێى تاوانبارە، هەروەها دەڵێت: هەرێمى کوردستان بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە سەربازگەیەکى گەورە.


لەدواى ڕاپەڕینەکەى شیلادزێ، دژى بارەگاى سوپاى تورک و سوتاندنى بارەگاکە، هێزە ئەمنییەکانى بادینان زیاتر لە ٩٠ چالاکوانیان دەستگیرکرد، دکتۆر کامیران بەروارى، هاوسەرۆکى بەرى دیموکراتى گەل و مامۆستاى زانکۆى دهۆک لەم چاوپێکەوتنەى ڕۆژنیوز- دا، باس لە ڕەوشى ئەمنى بادینان و دۆخى ئەو ١٨ چاکوانەى لە زیندانى ئاسایشى پارتیدا ماونەتەوە و ڕەوشى ئازادیی ڕادەربڕین لە بادینان و هەرێمى کوردستان دەکات.

 

دەقى چاوپێکەوتنەکە

  • دکتۆر پێت وایە هۆکارى سەرەکى توڕەبوونى خەڵک لە بادینان و ڕاپەڕینەکەى شیلا دزێ چی بوو؟

"دەرئەنجامى هێنانى سوپاى تورکە بۆ ئەو دەڤەرەوە"

کامیران بەرواریى: دیارە چەندین جار خەڵکى بێتاوان بەهۆى بۆردوومانەکانى دەوڵەتى تورکەوە گیانى لەدەستداوە، هەروەها چەندین چالاکوانى کۆمەڵى مەدەنى کوژراون، چەندین کەس بێسەروشوێن کراوان و هەتا ئێستاش دیارنین، ئەوەى لە شیلادزێ و دێرەلوک ڕوویدا، دەرئەنجامى هێنانى سوپاى تورکە بۆ ئەو دەڤەرەوە و داگیرکارییەکانى تورکیایە، هەروەها دەرئەنجامى ئەو بۆردوومانانەن کە فڕۆکەکانى سوپاى تورک ئەنجامى دەدەن.

  • دۆخى ئازادیی ڕادەربڕین دواى ئەو ڕووداوانە و دەستگیرکردنى چالاکوانان لە بادینان چۆنە؟

"شتێک بەناوى ئۆپۆزسیۆن لە بادینان نییە"

کامیران بەرواریی: ئازادیی لە بادینان گرێدراوى ئازادییە لە باشورى کوردستان و عێراق، ئێمە دەزانین لە عێراق و باشورى کوردستان بە گشتى مافەکانى مرۆڤ ناپارێزێن، لە بادینان کەسانى چالاکوان دەستگیردەکرێن و ڕێکخراوەکانى چالاکى مەدەنى دادەخرێن، ئەوەى کە دەشمێنێتەوە سەر بە دەستەڵاتن، شتێک بەناوى ئۆپۆزسیۆن لە بادینان نییە، کە ڕۆڵى هەبێت وەک پارتێکى سیاسى یان هێزێکى فشار، ئەو دۆخەش مەترسیدارە، لەبەر ئەوەى قەدەغەکردنى چالاکیی واتاى بەدوایى هاتنى ئازادییە لە دەڤەرى باینان.

ئەو ڕەشبگیرییەى کە لەدواى خۆپیشاندانەکانى شیلادزێ و دێرەلوک ئەنجامدرا، کارێکى مەترسیدار بوون لەبەر ئەوەى زۆرێک لەوانەى دەستگیرکران لەسەر ڕێگاى هەولێر و ئاکرێ دەستگیرکران، هیچ پەیوەندییەکان بە خۆپیشاندانەکانەوە نەبوو.

  • بەچ تۆمەتێک و ماددەیەکى یاسایی دەستگرکراون؟

"بە تۆمەنى سیخوڕى و هێناى هێزى بیانى"

کامیران بەرواریی: بەپێى ئەو زانیارییانەى لە پۆلیس و دادگا هەیە بەپێى ماددەى ١٥٦ دەستگیرکراون، ئەو ماددەیەش زیاتر پەیوەندى بە کارى سیخوڕى و هێنانى لەشکرێکى بێگانەو هاوکاریکردنى دەوڵەتى بیانییە دژى دەوڵەت و گەلى خۆت، هەڵبەت ئەو ١٨ کەسەى کە ماونەتەوە لە زینداندا کەسى ڕۆشنبیر و نیشتیمان پەروەر و چاکوان و مامۆستا و ئەکادیمین، هیچ پەیوەندییەکیان بەو کارانەوە نییە، ئەو تۆمەتەى دراوەتە پاڵیان، حکومەتى هەرێم خۆى پێى تاوانبارە.

  • واتا ئەو ماددەیەى کە ئەوانى پێ دەستگیرکراون حکومەتى هەرێمى خۆى پێى تاوانبارە؟

" بەڵێ حکومەتى هەرێم پێى تاوانبارە"

کامیران بەرواریی: بەڵێ حکومەتى هەرێم خۆى پێى تاوانبارە، چونکە هێنانى هێزێکى بیانى لە تواناى کەسێکى ڕۆشنبیر و چالاکوانێکدا نییە، هێنانى بنکەى سیخوڕى بیانى لە تواناى کەسێکدا نییە، پاراستنى دەزگایەکى ئەمنى و سیخوڕى لە تواناى ڕۆشنبیر و چالاکواندا نییە، لەبەر ئەوە ئەگەر پێشێلکارییەک هەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆى کردووەیەتى.

  • دکتۆر لەدواى خۆپیشاندانەکەى شیلادزێ، ڕەشبگیریى ئەنجامدرا بۆ ئەوەى خەڵک چالاکى دیکە نەکات، هێزە ئەمنییەکان لە ئێستادا بەردەوامن لە ترساندنى خەڵک لە بادینان؟

"هێزێکى زۆرى ئەمنى هێندراونەتە شیلادزێ"

کامیران بەرواریی: بەداخەوە، ئەو هەنگاوانانەى کە لەسەرەتاى خۆپیشاندانانەکانەوە نایان داخستنى نوسینگەى کەناڵى NRT و دەستگیرکردنى ڕۆژنامەنووسەکانیان بوو، دیسانەوە نەیانهێش کەناڵەکانى دیکەش ڕۆڵ ببینن لە ڕووماڵکردنى خۆپیشاندانەکان، لەهەمان کاتدا سەرکوتکردنى ئازادیى تاکەکەسیش هەیە، ئێستاش هێزێکى زۆرى ئەمنى هێندراونەتە شیلادزێ و ئامێدى و هەتا ناو کۆڵانەکانى شارى دهۆکیش، ئەگەر وابڕوات باشورى کوردستان وەک سەربازگەیەکى گەورەى لێدێت، ئەوەش مەترسیدارە، چونکە گەلى باشورى کوردستان لەسەر هەموو ئەو قەیرانانەى، کە هەیە بەرگەى دۆخێکى نائاسایى ئەمنى ناگرێت، پێویستە ڕەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە و متمانە لە نێوان حکومەت و خەڵکدا دروست ببێت.

  • دکتۆر هیچ سەردانى زیندانییەکانتان کردووە، ئەوەنەى ئاگاداربن ڕەوشیان چۆنە؟

کامیران بەرواریی: من باش ئاگاداریی ڕەوشى زیندانییەکانم، بەس سەردانم نەکردوون لەبەرى ئەوەى ناهێڵن سەردانیان بکەین، هەتا چەند ڕۆژێکە ڕێگایان بە کەسوکاریان داوە سەردانیان بکەن.

  • چییان پێ دەوترێت لە زینداندا، ئەوەنەى کە من ئاگادار بم بە دوو چالاکوانیان وتووە کە دەبێت دان بەوەدا بنێن لەناو خۆپیشانداندا دەستگیرکراون نەک لەسەر ڕێگاى هەولێر؟

"دەیانەێت وایان لێبکەن دەست لە خەباتى خۆیان بەردەن"

کامیران بەرواریی: بەڵێ ڕاستە، ئەوەى بەشێوەیەکى سەرەکى دەیانەوێت پێیان بکەن ئەوەیە، کە دان بەوەدا بنێن لەناو خۆپیشانداندا دەستگیرکراون، دووەم هەوڵدەدەن ناچاریان بکەن بەڵێن نامە پڕبکەنەوە بەشداریی هیچ چالاکییەکى ئەدەبى و فکرى و نەتەوەیى و نیشتیمانى نەکەن، هەروەها دەیانەوێت بیانترسێن بە ماددەى ١٥٦ بۆ ئەوەى دەست لە چالاکى و خەباتى خۆیان بەردەن، بەڵام چالاکوانانەکان خاوەن ورەیەکى بەرزن چەند ڕۆژ مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، هەتا ئێستاش ئامادەنین ئەو بەڵێن نامانە پڕبکەنەوە، چونکە پڕکردنەوەى ئەو بەڵێن نامانە واتاى ئەوە دەدات کە هیچ ئازادییەک لە باشورى کوردستان نامێنێت.

  • دکتۆر ئەگەر بەم شێوەیە خزمەتى خواستەکانى تورکیا بکرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانى هەرێمەوە لە ئایندەدا تورکیا دەست بەسەر هەرێمدا ناگرێت؟

"تورکیا بە شێوازێکى ڕاستەوخۆ حوکم دەکات لە هەرێم"

کامیران بەرواریی: بێگومان هەر ئەوەى کە حکومەتى هەرێم خەڵکى شیلادزێ و دێرەلوکى بە گێرەشێوێن ناوبرد، هەروەها داواى لێبوردنى لە تورکیا کرد بۆ ڕووداوەکانى شیلادزێ، ئەوە واتاى ئەوەیە، کە تورکیا بە شێوازێکى ڕاستەوخۆ حوکم دەکات لە هەرێمى کوردستان، هەروەها تورکیا زاڵە بەسەر دام و دەزگا ئەمنى و ئیدارییەکانى هەرێمى کوردستان.

  • چى بکرێت بۆ ئازادکردنى زیندانییەکان؟

"ئەوانەى دەستگیرکراون کرێچى نین لە هەرێمى کوردستان"

کامیران بەرواریی: جیهان هەمووى ئاگادارە لە زیندانى کردنى ئەو چاکوانانە، بۆیە پێویستە ئازادیی بیروڕا تێکەڵ بەسیایەت نەکرێت، حکومەتى هەرێمى کوردستان یاساى هەیە، یاساى خۆپیشاندان و چالاکى هەیە، هەموو کەس مافى ئەوەى هەیە خۆپیشاندان و چالاکى بکات، ئەوانەى دەستگیرکراون کرێچى نین لە هەرێمى کوردستان، چۆن پارتە سیاسییەکان خۆیان بە خاوەنى هەرێمى کوردستان دەزاننن ئەو چالاکوانانەش بە هەمان شێوە خاوەنى هەرێمى کوردستانن.