تالیب ڕەسوڵ: بەهۆی حزبەوە هونەرمەند لەسەر خاک و خەڵکیش بێدەنگە

هونەرمەند تالیب ڕەسوڵ، ڕەخنە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و زۆرینەی هونەرمەندان دەگرێت و دەڵێت، نایەکسانییەکی زۆری ژیانی خەڵک هەیە، داگیرکاریی هەیە، بەڵام هونەرمەندان بەهۆی حزبیی بوونەوە نایکەنە گۆرانی، هەروەها پێیوایە دەزگایەی شەڕی تایبەتی وڵاتان کاریگەرییان لەسەر هونەری کوردی کردووەو هونەری بێگانەیان هێناوەتە باشور، ئاماژە بە پەراوێزخستنی هونەرمەندانی بە ئەزموون دەکات و هەبوونی دەزگایەکی نیشتیمانیش بەگرنگ دەزانێت.


تالیب ڕەسوڵ، لە ساڵی ١٩٨٦ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەو ساڵەدا پێنج گۆرانیی بۆ تەلەفزیۆنی ئەوکاتەی کەرکوک تۆمار کردووە، هەروەها چەند بەرهەمێکی هونەری لەگەڵ تیپەکانی مۆسیقای شنروێ و میزۆپۆتامیا-دا هەیە، هاوڵاتی باشوری کوردستان و شاری سلێمانییە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە لە دەرەوەی وڵات دەژی، دوواین کاری هونەری سرودێک بووە بۆ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، هەروەها لەڕابردوودا سرودی بۆ عەفرین و شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستانیش تۆمار کردووە.

هەرچەند ئەو خۆی بە هونەرمەند ناونا‌هێنێت و دەڵێت "تەنها خزمەتکارێکی هونەری کوردیم"، بەڵام تالیب ڕەسوڵ-ی هونەرمەند زیاتر لە ٣٠ی ساڵە لە ناو هونەرو میوزیکی ڕەسەنی کوردیدایە، جگە لە گۆرانی وتن، شارەزایەکی بە ئەزموونی ئامێری سازە، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوز-دا تێڕوانینی خۆی لەسەر دۆخی هونەری کوردی لە ئێستا و ڕابردوودا دەخاتەڕوو.

ڕەوشی هونەر لە ئێستادا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

"هونەر بووە بە بازرگانی و ڕیکلام"

تالیب ڕەسوڵ: ڕەوشی هونەری کوردی لە قەیرانێکی قوڵدایە لە هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا کایەی هونەر بووە بە بازرگانی و ڕیکلام و خۆ دەرخستن، بۆیە کەم کاری ڕەسەن و جوان دەبینی لە باشوری کوردستاندا، دەتوانین بڵێین قەیرانی داهێنان هەیە لە بواری هونەردا، بە تایبەت لە بواری مۆسیقا و گۆرانی کوردیدا، دەتوانین بڵێین لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١وە ئەم بارودۆخە هەنگاو بە هەنگاو دروستبووە، دەتوانم بڵێم پێش ڕاپەڕین باشتربوو، چونکە ئەوکاتە هەستێکی تایبەت هەبوو بۆ خزمەتکردن بە هونەری کوردی و هونەرمانەدەکانی کۆدەکردەوە، نەک هەندێک هەستی بازرگانی و کۆکردنەوەی سەرمایە و ڕیکلامکردن.

پێتان وایە چ هۆکارێک هونەری بەم دۆخە گەیاندووە؟

"دەزگایەکی تایبەتی داگیرکەران"

تالیب ڕەسوڵ: داگیرکەرانی کوردستان وەک چۆن لە بواری سەربازیدا چالاکن، گرنگترین کایە بواری هونەرە کە لەو بوارەشدا دەزگایەکی تایبەت بەو بوارەیان هەیە، ئەویش دەزگای شەڕی تایبەتە، ئەم دەزگای شەڕی تایبەتە لە بواری مۆسیقا و گۆرانی کوردیدا لە هەرێمی کوردستاندا زۆر بە زەقی دیارە، زۆربەی ئەم بەرهەمە تازانەی ئێستا ئەو جێدەستەی پێوەدیارە، گۆرانییەکانی ئێستا هەموو کۆپی هەڵگەڕاندنەوەی ئاواز و تەنانەت تێکستیشن، بیروفکرەی کلیپەکانیش وەردەگێڕدرێت و گوایە دەیکەنەوە بە کوردی، و بە بەرهەمی تازە بڵاوی دەکەنەوە، تەلەفزیۆنەکانیش ڕیکلامی بۆ دەکەن و دەیدەنەوە بە چاوی خەڵکدا، دەزگاکە بەڕاستی چالاکە لەو بوارەدا داگیرکەرانی کوردستان توانیویانە لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕەوشێک دروستبکەن کە بۆ دەرمان بۆ کارێکی هونەری جوان و کوردی دەگەڕێی، کە ئەمەش داڕمانێکە چونکە وەکو سەرجەم نەتەوەکانیتر کوردیش دەبێت مۆرکی مۆسیقای خۆی دیاری بکات.

ئەرکی هونەرمەندان چییە لەم دۆخەدا؟

"بە ئەزموونەکان پشتگوێ خراون"

تالیب ڕەسوڵ: کێشەی هونەرمەندەکانی ئیمە بەگشتی نەبوونی باکگراوندی ڕۆشنبیرییە، بەتایبەتی گەنجەکانمان کە دەست دەدەنە بواری مۆسیقا و گۆرانی باکگراوەندی ڕۆشنبیریان نییە، یان زۆر لاوازە، هەروەها ونەرمەندە کۆنەکانمان ئەوانەی کە ئاستی ڕۆشنبیریان هەیە و پێشتر لەو بوارەدا قاڵ بونەتەوە بێ ئومێدییەک باڵی کێشاوە بەسەر ئەواندا، تاڕادەیەک بێ ئومێد بوون لەو ڕەوشەی کە ئێستا دروستبووە، هەندێکیان کەوتونەتە ڕەخنە گرتنێکی سەرزارەکی کە گوێیان لێناگیرێت و بێ ڕۆڵ کراون، هونەرمەند و ڕۆشنبیرمان هەیە کە دەتوانێت چەندین کتێب چاپ بکات، چەندین بەرنامە دابڕێژێت کەچی کەس لێی ناپرسێتەوە!، گەنجێک گۆرانییەکی تورکی یان فارسی کۆپی دەکات شەو و ڕۆژ گۆرانییەکانی لێدەدرێت، یان ڕیکلامی بۆ دەکەن، بەڵا‌م ئەو هونەرمەندە ڕەسەنانە پشتگوێ خراون.

کێ وای لە هونەرمەندان کردووە؟

"حزب پەرتی کردوون"

تالیب ڕەسوڵ: من بە دەستی حزبی دەزانم لە باشور کە هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی پەرت کردووە بەسەر چەندها دەزگا و بەرە و گەروپدا، حیزب کاریکی زۆر قێزەونی کردووە لەم بوارەدا، یەگرتوویی نەماوە لە نێوان هونەرمەند و ڕۆشنبیراندا هەموو دابەشبوون، حیزب کارێکی کردووە هونەرمەند و ڕۆشنبیری کردووەتە کۆیلەی بڕە پارەیەک کە مانگانە وەری دەگرێت، وای لێکردووە کە ئەو هونەرمەندە نەتوانێت بە ئازادانە ڕای خۆی دەرببڕێت کە بە ئازادی گۆرانی بڵێت و نووسەرەکان بە ئازادی نەنووسن هەمووی حیزب دەست لە پشتیانەوەیە، حیزب کارێکی کردووە پەرشوبڵاویی دروستکردوە، لەبەر ئەمانە کۆنگرەیەک دروستنابێت و هەمووی لە دەوری یەک کۆبکاتەوە، داگیرکەرانی کوردستان بە مەبەستێک لە کاتێکی دیاریکراودا ئەم شتە ئەکات، بۆنمونە "گوایە بۆ ناودارانی کورد کۆنگرە دەکات" بەڕای من ئەوە هەرگیز بۆ خزمەتی هونەری کوردینین".

"لە بواری هونەردا هەر لە دوای ڕاپەڕینەوە کار لەسەر ئەوە کراوە لەم بەشەی کوردستاندا کە ئیمە ئیتر ئازادبوین و پێویستناکات گۆرانیبێژ یان هونەرمەند شتی سیاسی بڵێت، بۆ نمونە من ساڵی ١٩٩٣ لە گەڵ گروپی میزۆپۆتامیادا لە سلێمانی کاسێتێکمان تۆمارکرد، گۆرانییەکانمان زۆربەی نەتەوەیی بوو خۆم دوو گۆرانیم لەو کاسێتەدا هەبوو کە دوانیان سیاسی بوو باسی خەبات و بەردەوامی شۆڕشی کورد دەکات، دەمانبرد بۆ تۆمارگاکان دەیانوت ئەم گۆرانیانە لێرە بازاڕیی نییە! ئێستا ڕەوشەکە زۆر خراپترە لەو کاتە، لەوانەیە لە هەندێک شوێن هونەرمەندەکان ڕەخنەشت لێبگرن و گاڵتەت پێبکەن بڵێن ئەم گۆرانیانە کەی باوی ماوە، ئەمە ٢٦ ساڵە کار لەسەر ئەمە دەکرێت کە ئیتر هونەرمەند و خەڵک و ڕۆشنبیری ئێرە بڵێن ئێمە پێویستمان بەم جۆرەگۆرانیانە نیە، کەچی لە ڕاستیدا ئێستا دەبوو هونەرمەندەکانی ئێرەو هەموو بەشەکانی کوردستان لەسەر داگیرکاری گۆرانی و سرودیان هەبوایە یاخود هیچ نەبوایە هەڵوێستیان هەبوایە، هەڵوێستێکی بچوکی کەمیشبێت لە تۆڕە کۆمەڵایەکانیش بێت دەتوانێت بە دوو دێڕ هەڵوێستی خۆت نیشانبدەیت، بەڵام لە باشوردا هونەرمەندەکان ئەوەش ناکەن".

کەوایە لە کارە نیشتیمانییەکاندا هونەرمەند دەبێت چێ بکات؟

"دەبوو وەزیری ڕێزی لێبگرێت، بەڵام یادی هۆزان سەرحەد بە دزییەوە کرایەوە"

تالیب ڕەسوڵ: هونەرمەند و ڕۆشنبیر ویژدانی کۆمەڵگایە، کە ئەوان بێدەنگبوون و هیچیان نەبوو لەسەر ئەو داگیرکاریانەی ڕوودەدات کەواتە ئەم کۆمەڵگایە ویژدانی مردووە، ڕەنگە ئەم قسانەی من ڕەشبینی تێدابێت، بەڵام ڕاستییە، بڕۆ ناو بازاڕ ببینە خەڵک لە چی ژیانێکدا دەژی و چ نایەکسانییەک هەیە، هیچ نەبێت با گۆرانیەکان ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیانەبێت کە هەیە، بەڵام گۆرانییەکان هی دنیایەکیترە، حیزبیش ئەجندای داگیرکەرانی کوردستان  پەیڕەودەکات ئەمەش ڕوونە، دوو ڕۆژ پێش ئێستا یادی هونەرمەند هۆزان سەرحەد بوو، دەبوایە ئەو یادە لە سلێمانی لە هۆڵێکی گەرەدا بوایە بە بەشداری وەزیری ڕۆشنبیری و ئەو هەموو دەزگایەی کە هەیە، چونکە هۆزان سەرحەد کێیە، هونەرمەندێکی کوردبووە بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەی، بڕۆ سەیری کارەکانی بکە بەس شایەنی ئەوەیە ڕێزی لێبگیرێت، واز لەوەش بینە کە کادری حیزبێکیش بووە باسی هونەرەکەی بکە، باسی گەورەیی توانای ئەو مرۆڤە بکە، بەڵام ئەوە نەکرا لە باشوردا بە دزیەوەو بە نهێنی لە شوێنێکدا کە ئاستەنگیان بۆ ئەوەش دروستکرد کە نەکرێت و بە نهێنی دەبیت بکرێت، ئەمە جێبەجێ کردنی ئەجندای داگیرکەر نەبێت لێرە چ پێناسەیەکی تری پێدەبەخشیت.

چی پێویستە حکومەت بۆ هونەرمەندانی بکات؟

"هەبوونی دەزگایەکی نیشتیمانی"

تالیب ڕەسوڵ: کێشەی سەرەکی ئێمە ئەوەیە دەزگای نیشتیمانیمان نییە، ئەو دەزگایانەی کە هەن حزبین بە خۆشیمان بێت یان ناخۆشی ئیمە دوو بەش و دوو ئیدارەمان هەیە، حزب ڕەواج بەو کەسانە دەدات کە سەر بە ڕێچکە و ڕێبازەکەی خۆیانن، من کەسێکی بێلایەنم کارێکی هونەریم هەیە دەبێت بیکەم، دەبوایە شوێنێک هەبوایە کە من بچومایە بموتایە ئەم کارەم هەیە هاوکاریم بکەن تا جێبەجێی بکەم، هونەرمەندیش کە خاوەنی هەڵوێستێکی مرۆڤانە و ویژدانێکی زیندو بوو خۆی بچوک ناکاتەوە خۆی بخاتە باوەشی دەزگایەکەوە، من ئێستا گۆرانیم هەیە دەمەوێت کلیپی بۆبکەم ناتوانم و لەڕووم نایەت داوا لە دەزگایەک بکەم کلیپەکەم بۆبکەن، دەبێت خۆتی بۆ دابەزێنیت و کەسایەتی تۆ سوک دەکا،ت وات لێدەکەن کە کارەکەشت بۆ بکەن دواتر تۆ ئەو بەهاو قورسایەت نامێنێت، ئەو هونەرمەندانەی خاوەن هەڵوێستن پەراوێزخراون و رەزامان قورسە، چونکە دەستنیشانی کەموکورتییەکان دەکەی ئەوان پێیان خۆشنییە، ئەوان پێیان خۆشە هەمیشە دەستخۆشی و ئافەرینیان لێبکەیت.

تۆ سرودت بۆ ئۆجالان وتووە، چی پاڵنەری ئەمەت بووە؟

"ئۆجالان بیرمەندێکە ٢٠ ساڵە بۆ کورد لە زینداندایە"

تالیب ڕەسوڵ: من ئۆجالان وەکو بیرمەندێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد دەبینم، من سەیری ئۆجالان وەکو سەرۆکی بزوتنەوە و پارتێکی کوردی ناکەم، من وەکو بیرمەندێک دەیبینم، لە سەرو ئەوەشەوە کوردێکە ئەوە ٢٠ ساڵ زیاترە لە کونجی زینداندایە، من ویژدانم پاڵم پێوە دەنێت بۆ ئەوەی ئەم کەسە بەرز ڕابگرم، نرخ بۆ ئەو خەبات و تیکۆشانەی دابنێم، ئەگینا هیچ هەستێکی حیزبی لە پشتی منەوە نییە و کەسێکی وڵات پارێزم، بەڵام ئەگەر ویژدانم زیندو بێت دەبێت ئەوە ببینم کە ئەم کەسە هەر لە زینداندا نزیکی ٢٠-٣٠ کتێبی نووسیوە، ئەمە ئەگەر باگراوەندێکی فکری و فەلسەفی لە دوای مێشکی ئەم مرۆڤەوە نەبێت هیچ شتێکیترنییە لەبەر ئەوە من ئەوە بە بەهایەکی گەورە دەبینم، سەرمایەیەکی گەورەی کوردە، ئەم کەسە دەبوایە هونەرمەندەکانی تریش ئەم هەستەیان هەبوایە کە نیانە دیارە کار لەسەر بیروبۆچونیان کراوە، یان هەندێک هۆکاریترهەبن، ڕەنگە هەندێک کەس هەبن هەر بترسن ناوی ئۆجالان بێنن لەبەر ئەوەی ڕەوشێکی وایان درووستکردووە، بەڵام ڕاستی وانیە، لە ئۆجالان وەکو بیرمەندێک بڕوانە وەکو سەرۆکی پارتیکی کوردی سەیری مەکە، لە ئەوروپا بە دەیان زانا و نوسەر ئۆجالان وەکو بیرمەندێکی جیهانی دەبینن، ئەمە پاڵی پێوەنام ئەم سرودە بۆ ئۆجالان بڵێم ئامادەشم لە هەموو شوێنێکدا ئەوە بڵیم ئۆجالان بیرمەندێکی سیاسی کوردە ٢٠ ساڵە لەسەر بیرو بۆچونی و خەباتی بۆ نەتەوەی کورد لە زینداندایە.

س.ح