تورک: کورد لە سیاسەتی حکومه‌تی هەرێم ناڕازییه‌، نامانه‌وێت شتی قورستر بڵێین 


رۆژنیوز ـ عومه‌ر ئیکه‌

هاوشاره‌داری شاری مێردینی باکوری کوردستان ئه‌حمه‌د تورک دەڵێت: حکومه‌تی ئاکه‌په‌ ده‌یه‌وێ وه‌کو ساڵی 1937 چۆن له‌دێرسیم کوردانیان له‌کۆمه‌ڵکوژ کرد و ویستیان ئه‌وان ته‌مێ بکه‌ن، ئێستاش ده‌یانه‌وێ له‌جزیره‌، سلۆپی، هه‌زه‌خ، نسبین، دێرک و سور ئه‌وە دووباره‌ بکه‌نه‌وه‌.

تورک له‌به‌رامبه‌ر ئەو کۆمه‌ڵکوژیەی لە باکور پێکدێن ڕەخنەی لە سیاسه‌تی بێدەنگی حکومه‌تی باشور گرت و ده‌ستنیشانی کرد کە ئەگەر ئه‌مڕۆ له‌ به‌رامبه‌ر باکور بێده‌نگبن، ئەوا سبه‌ینێ نۆره‌ی باشوریش دێت.

سه‌باره‌ت به‌رۆژه‌ڤی ‌باکوری کوردستان هاوشاره‌داری شاری مێردین ئه‌حمه‌د تورک وه‌ڵامی پرسیاری ئاژانسه‌که‌مان ڕۆژنیوزی دایه‌وه‌.

له‌تورکیا پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی 7ی حوزه‌یران شه‌ڕێکی چه‌په‌ڵ بۆ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ‌گه‌لی کورد به‌رێوه‌ده‌چێت، له‌ئه‌نجامی ئه‌م شه‌ڕه‌دا ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی کۆمەڵکوژ کراون، ئێوه‌ قۆناغی شه‌ڕ له‌ 7ی حوزه‌یران به‌دواوه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

تورک: له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوین گۆڕانکاری زۆرگه‌وره‌ ڕووده‌ده‌ن، هه‌موو گه‌لانی دنیا ده‌ڵێن له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوین کوردان هێزی هه‌ره‌ مه‌زنن، به‌بێ کوردان موممکن نییه‌ هیچ چارەسەریەک پێکبێت، له‌م قۆناخه‌ مێژووییه‌دا حکومه‌تی ئاکه‌په‌ ده‌یه‌وێت گه‌لی کورد بێده‌نگ بکات و بۆ ئه‌وه‌ی کوردان ده‌سکه‌وته‌کانیان له‌ده‌ست بده‌ن به‌شێوه‌یه‌کی ده‌ڕندانه‌ په‌لاماری کوردان ده‌دات، ئاکه‌په‌ ده‌یه‌وێت له‌کوردستان له ناوچەکانی ‌جزیره‌، سلۆپی، نسیبین، دێرکی چیای مازی و سور وه‌کو چۆن له‌ساڵی 1937 له‌دێرسیم کوردانیان کۆمه‌ڵکوژ کرد و ویستیان ئه‌وان ته‌مێ بکه‌ن، ده‌یانه‌وێت له‌م کاته‌دا سیاسه‌تێکی بەهەمان شیوە به‌رێوه‌ببه‌ن، به‌م بۆنه‌یەوه‌ گه‌لی کوردیان کردوه‌تە ئامانج و به‌شێوه‌یه‌کی ده‌ڕندانه‌ گه‌نجان و ژنانی کورد کۆمەڵکوژ دەکەن.

داواکاری گه‌ل له‌باکوری کوردستان بۆ خۆبه‌رێوه‌به‌ری چۆن ده‌بینن؟

تورک: له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوین 40 ملیۆن کورد بوونی هه‌یه‌، له‌م قۆناغه‌ گرنگه‌دا گه‌لی کورد ژیانێکی بێ پێگه‌ قبوڵ ناکات، کورد ده‌یه‌وێت وه‌کو هه‌موو گه‌لانی تری جیهان ببێته‌ خاوه‌ن پێگه‌ی خۆی، ده‌وڵه‌تی تورک ئه‌مه‌ ده‌بینێت که‌ له‌باشور و رۆژئاوا کورد ده‌بێته‌ خاوه‌ن پێگەی خۆیان و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر کورد ببنه‌ خاوه‌ن پێگە، ئێمه‌ زۆر شت له‌ده‌ست دەده‌ین، ئێمه‌ش ده‌ڵێن هه‌موو گه‌لان ده‌توانن به‌ئاشتیانه‌ پێکه‌وه‌ بژین، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورک ده‌یه‌وێت وه‌کو پێشتر کوردان وه‌کو کۆیله‌ بهێڵێته‌وه‌ و بانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ چاخەکانی تاریکی.

له‌ ئیمراڵی ماوه‌ی دووساڵ له‌ژێر ناوی چاره‌سه‌ری له‌گه‌ڵ رێبه‌ری په‌که‌که‌ عه‌بدوڵا ئۆجالان چاوپێکه‌وتن به‌رێوه‌چوو، ئێوه‌ ئه‌م ره‌وشه‌ی ئێستا که‌ وه‌کو شه‌ڕێکی ناوخۆییه‌ چۆن ده‌بینن؟

تورک: له‌کاتی هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزیراندا قۆناغی ئاشتی به‌رێوه‌ ده‌چوو، حکومه‌تی ئاکه‌په‌ حیسابی ئه‌وه‌ی ده‌کرێت له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بیباته‌وه‌ و ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ڵام گەلی کورد له‌کاتی قۆناغی ئاشتیدا خاوەنداری له‌نرخ و سیاسه‌تی خۆی کرد، ئاکه‌په‌ پاش ئه‌وه‌ی بینی گه‌لی کورد خاوه‌نداری لە خۆی دەکات تاده‌چێت سیاسه‌تی کورد پێشده‌که‌وێت، ده‌ستی به‌قۆناخی شه‌ڕ کرد، به‌و شه‌ڕەی ویستی که‌سانی فاشیست و نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستەکان لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە و سیاسه‌تی کوردان و رۆڵی کوردان تێکبشکێنێت، گه‌لی کوردیش ئه‌وه‌ باش ده‌زانێت و بۆ ئه‌وه‌ش له‌هه‌موو روویه‌که‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێگەی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی به‌رخۆدانی بڵندترکرد.

حکومه‌تی تورک بانگه‌شه‌ ده‌کات که‌ کێشه‌که‌ له‌به‌ر خه‌نده‌ق هەڵکۆڵین و دانانی له‌مپه‌رەکانە له‌سه‌ر شه‌قام و رێگه‌کان بۆیە دۆخەکە گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م قۆناغه‌، ئاخۆ ئه‌م قسانه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئه‌مڕۆ له‌کوردستان به‌رێوه‌ده‌چێت نیشان ده‌دات؟ مه‌سه‌له‌ خه‌نده‌قه‌ یان شتی دیکه‌؟

تورک: کێشه‌ له‌کوردستان نه‌ کێشه‌ی خه‌نده‌ق و به‌ربه‌ستانه‌،کێشە بێده‌نگ کردنی گه‌لی کورده‌، بۆ ئه‌وش ئاکه‌په‌ به‌شێوه‌یه‌کی دڕندانە په‌لاماری گه‌لی کورد ده‌دات، له‌رۆژئاوا کوردان ده‌بنه‌ خاوه‌ن پێگە، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆکه‌ ئه‌سه‌د دەرفەتی هەبوایە راسته‌وخۆ دوژمنایه‌تی کوردانی بکردایە، ده‌وڵه‌تی تورک سیاسه‌تی خۆی دەگۆڕی تەنها لەبەر ئەوەی کوردان نه‌گه‌نه‌ ئامانج و پێگەی خۆیان، له‌و کاته‌دا تورکیا دۆستایه‌تی خۆی بۆ ئه‌سه‌د نیشان دەدا و پشتگیری دەکرد، له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوین سیاسه‌تی تورکیا له‌سه‌ر هه‌بوون و نه‌بوونی کوردان به‌رێوه‌ده‌چێت، ده‌بێ گه‌لی کورد ئه‌مه‌ باش بزانێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بێده‌نگبین زۆرتر کۆیلە دەکرێین، رووبه‌رووی زه‌حمه‌تی زیاتر دەبینه‌وه‌، له‌مه‌و‌دوا‌ بۆ گه‌لی کورد به‌ده‌ر له‌به‌رخۆدانی هیچ رێگایه‌ک نه‌ماوه‌، ئامانج له‌به‌رێوه‌بردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌وڵه‌تی تورک تاریکردنی داهاتووی کوردانه‌، ده‌بێ گه‌لی کورد به‌به‌رخۆدان ئه‌و سیاسه‌ته‌ مایه‌پوچ بکات.

پێویستە هه‌ڵوێستی حکومه‌تی هەرێمی کوردستان له‌و شه‌ڕه‌ی له‌باکوری کوردستان به‌رێوه‌ ده‌چێت چۆن بێت؟ ئێوه‌ هه‌ڵوێستی باشور چۆن ده‌بینن داواتان له‌به‌رپرسانی باشور چیه‌؟

تورک: یه‌که‌مین ئامانجی ده‌وڵه‌تی تورک بێده‌نگکردنی هه‌موو کوردانه‌، ده‌بێت حکومه‌تی هەرێم ئه‌مه‌ باش بزانێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ لەبەرامبەر دۆخی باکور بێده‌نگە، سبه‌ینێ نۆره‌ی باشوریش دێت، تورکیا بۆئەوەی ده‌سکه‌وته‌کانیان له‌ده‌ست ده‌ربهێنێت په‌لاماری ئه‌وانیش دەدات، ساڵانێکه‌ ئێمه‌ باسی ئەمە ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر له‌سیاسه‌تی کوردیدا یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی به‌بنه‌ما نه‌گیردرێت و سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌کی هاوبەش به‌رێوه‌ نه‌چێت ئه‌وه‌ مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌یه‌، گه‌لی کورد له‌سیاسه‌تی باشور و حکومه‌تی باشوری کوردستان ناڕازییه‌، ئێمه‌ نامانه‌وێت شتی قورستر بڵێن، کاتێک له‌هه‌ڵه‌بجه‌ کۆمه‌ڵکۆژی پێکهات، گه‌لی باکور خاوەنداری له‌گه‌له‌که‌مان له‌باشور کرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆکه‌ ده‌وڵه‌تی تورک به‌هێرشی دڕندانە کۆمەڵکوژی له‌سه‌ر گه‌لی کورد له‌باکوری کوردستان به‌رێوه‌ ده‌بات، بەڵام حکومه‌تی هەرێمی کوردستان بێده‌نگە و هیچ کاردانه‌وه‌یه‌ک له‌به‌رامبه‌ر به‌و کۆمه‌ڵکۆژیانه‌ نیشان نادات، ئێمه‌ ئه‌و سیاسه‌ت و هاوکاریه‌ به‌توندی شه‌رمه‌زار ده‌که‌ین، ده‌بێت حکومه‌تی باشور به‌په‌له‌ ده‌ستبەرداری ئه‌و سیاسه‌ته‌ی خۆی بێت و پشتگیری براکانی خۆی له‌باکوری کوردستان بکات، ده‌بێت سیاسه‌تی کورد یه‌کبێت، شه‌ڕی باکور ته‌نیا له‌به‌رامبه‌ر ‌جزیره‌ و سور و سلۆپی نیه‌، له‌دژی هه‌موو کوردانه‌، ده‌بێت باشور و رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات ئه‌مه‌ باش ببینن و هه‌ڵیسه‌نگێنێت، ئه‌گه‌ر باکور بێده‌نگ بکرێت سبه‌ینێ نۆره‌ی ئه‌وان دێت.

ئه‌گه‌ر ئامانج هه‌موو گه‌لی کورد بێت، ئه‌وا ئێوه‌ یه‌کگرتوویی کوردان چۆن ده‌بینن؟

تورک: تورکیا ناتوانێت ببێته‌ هێزی رۆژهه‌ڵاتی ناوین، له‌به‌ر ئه‌وه‌شە ده‌یه‌وێت له‌کوێ کورد هه‌بێت بێده‌نگی بکات، ئێمه‌ له‌م رووه‌وه‌ ناتوانین قازانج لەتورکیا بکه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌شە له‌بوونی کوردان ده‌ترسن، کوردان هێزێکی دینامیکن و بەسیاسی بوون و ڕوداوەکانی داهاتوویان ده‌بینن، به‌ڵام ته‌نیا که‌م و کوڕیمان ئه‌وه‌یه‌ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییمان نیه‌.

له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوین گۆڕانکاری زۆر گه‌وره‌ رووده‌ده‌ن له‌م هه‌لومه‌رجانه‌دا کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردان چه‌نده‌ گرنگ و پێویسته‌؟

تورک: زۆر کاروخه‌بات بۆ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردان کراون، به‌گوێره‌ی من له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی زۆر گرنگه‌، پێش هه‌ر شتێک ئەو کۆنگرەیە بۆ ئێمە له‌نان و ئاو پێویست ترە، کاتێک ئێمه‌ ته‌ماشای سیاسه‌تی باشوری کوردستان ده‌که‌ین، له‌مکاته‌دا به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی موممکن نیه‌ و ئه‌مه‌ش پێکنایه‌ت، له‌مێژووی کورداندا شه‌ڕ وه‌کو بژارده‌یه‌کی سه‌ره‌کی گه‌لی کورد نه‌بووه‌، گه‌لی کورد هه‌میشه‌ ویستوویه‌تی به‌ئاشتیانه‌، دیالۆگ و دانوستاندن کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات، هه‌موو جیهانیش ده‌زانێت ئه‌وەی شه‌ڕی ده‌وێت حکومه‌تی ئاکه‌په‌یه‌، ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌په‌ڵه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ‌کوردان به‌رێوه‌ده‌چێت، ده‌بێت گه‌نجان و ژنان و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد له‌به‌رامبه‌ر به‌و سیاسه‌ته‌ شه‌ڕخوازیانە یەکبن و پوچه‌ڵی بکه‌نه‌وه‌.

س.خ