حاجی ئەحمەدی: لە سیستەمی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیەدا شتێک نیە بەناوی هەڵبژاردن


ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

تەنها چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شواری ئیسلامی ئێران (پەرلەمان) و ئەنجومەنی شارەزایان.

زۆربەی حزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئەو هەڵبژاردنە بایکۆت دەکەن و پێیاوایە کە سیستمێکی دژە دیموکراتی وەک ئێراندا هەڵبژاردن هیچ مانایەکی دروستی نیە.

لە چاوپێكەوتنێکی ئاژانسەکەمان ڕۆژنیوز لەگەڵ عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژەک) سەبارەت بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران لەلایەن پارتەکەیانەوە ناوبراو دەڵێت: تەنیا ئاڵتێرناتیو ئەوەیە کە راستێکان و ئامانجەکانی ئەو سیناریۆ و ئەو شێوە هەڵبژاردنانەی کۆماری ئیسلامی بۆ گەلانی ئێران رون بکرێتەوە و لەقاوبدرێت.

وەک پەژاک ئێوە هەڵبژاردنەکانی ئەو خولەی پەڕلەمانی ئێرانتان بایکۆت کرد، هۆکارەکانی ئەو هەڵوێستەی ئێوە چی بوون؟

حاجی ئەحمەدی: هەڵبژاردن سیستەمێکی دێموکراتیکی کۆمەڵایەتیە، ئوسول و پڕێنسیبی خۆی هەیە، ئەگەر ئەو ئوسول و پڕێنسیبانە لەبەرچاو نەگیرێن کاردانەوەی بە پێچەوانەی دەبێ و دەکەوێتە خزمەت دیکتاتۆریەت، لە وڵاتانی دێموکرات دا هەرکەس تەمەنی بگاتە ئەو رادەیە کە یاسا دیاری کردوە دەتوانێ خۆی کاندید بکات، هەرکەس تەمەنی بگاتە ١٨ ساڵ دەتوانێ بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات و دەنگبدات بە کاندیدی دڵخوازی خۆی، مافی خۆکاندیدکردن و مافی دەنگدان هیچ پێوەندێکی نیە بە ئێتنیسیتە و ئاین و ئیدیۆلۆگی و بیرو بۆچونەوە، لە سیستەمێکی دیکتاتۆریدا بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ولایەتی فەقیەدا شتێک نیە بەنێوی هەڵبژاردن، لە کۆماری ئیسلامی ویلایەتی فەقیەدا سیناریۆی هەڵبژاردن دوو ئامانجی هەیە.

یەکەم/ بەهێنانی خەڵک بۆ سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن بە جیهان نیشانبدەن کە کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی دێموکراتیکە و خەڵک لەرێگای هەڵبژاردنەوە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵدەبژێرن.

دووەم/ هەروەها بە گەلانی ئێرانیش دەڵێن کە ئەوانە نوێنەری ئێوەن، چون بەدەنگی ئێوە هەڵبژێردراون، کە واتەهێنانی خەڵک بۆ سەر سندوقەکان تەنیا وتەنیا مەشروعیەتدانە بۆ ئەو نوێنەرانە کە خۆیان لە پێشدا دیاریان کردوون، بەو شێوە هەوڵدەدەن وانیشان بدەن کە بەدەنگی خەڵک هەڵبژێردراون.

ئایا ئەو هەڵوێست و ئەو بایکۆتکردنە لەگەل هەڵوێستەکانی رابردوو جیاوازی هەیە؟

حاجی ئەحمەدی: لە رابوردو و ئێستا و لەداهاتوشدا هەڵوێستی ئێمە لە پێناو دێموکڕاتیزە کردنی ئێران دا بووە، دایە و دەبێت کە وابو هەڵوێستی رابوردومان لە گەڵ هی ئێستا هیچ جیاوازێکی نیە.

هەر وەک دەزانرێت زۆربەی حیزبەکانی دیکەی کورد رۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو هەڵبژاردنەیان بایکۆت کرد، ئایا نەدەتوانرا کە بە یەک دەنگ و یەک رای و لەیەک بەرەدا ئەو هەڵوێست (ئەو بایکۆت کردنە) راگەیاندراببێت؟

حاجی ئەحمەدی : دیارە نەک وا باشتر دەبو، بەڵکو دروستێکەشی هەر ئەوە بوو کە نەک هەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو هەمو حیزبەکانی لۆکاڵ و ناوچەیی نەتەوەکانی ئێران و حیزبەکانی سەراسەریش هەمویان پێکەوە یەک هەڵوێستیان گرتبایە، هەم لە جیهاندا و هەم لە ناوخۆی ئێران دا کارگەری زۆر باشتر و بەرچاوی دەبوو.

وەک پەژاک، ئیوە چۆن پلان و پرۆژەیەکتان هەیە کە وەک ئەلتەرناتیڤ لە جێگای بەشداریکردن لەهەڵبژاردن، گەلانی ئێران و گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بتوانن متمانەی پێبکەن و پەیڕەوی بکەن؟

حاجی ئەحمەدی: تەنیا ئاڵتێرناتیو ئەوەیە کە راستێکان و ئامانجەکانی ئەو سیناریۆ و ئەو شێوە هەڵبژاردنانەی کۆماری ئیسلامی بۆ گەلانی ئێران رون بکرێتەوە و لەقاوبدرێ، چون هوشیاری نەتەوەکان و گەلانی ئێران تەنیا ئالتێرناتیوە..

س.خ