حەسەن ڕەحمان پەنا: پەیڕەوکردنی هێڵی سێیەم لە قازانجی گەلانی ئێراندایە

حەسەن ڕەحمان پەنا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران ٤٠ ساڵە پەنگیخواردووەتەوە و ڕژێمی ئێران چیتر توانای وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی گەلانی نەماوە، بە گرنگییشەوە باس لە یەکڕیزیی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و پێیوایە، کە دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش کۆکبن، دەشڵێت: پەیڕەوکردنی هێڵی سێیەم لە قازانجی خەڵکی ئێرانە.


ئاڵۆزییەکانی ئێران لەدوای ئاشکرابوونی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە تارانی پایتەخت جارێکی دیکە سەریانهەڵداوەتەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان چەندین شاری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئێران لە ئاستی دەرەوەش لە ناکۆکییەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووەتە بنبەست، بەتایبەت لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و مووشەکبارانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

حەسەن ڕەحمان پەنا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەروەها پێگەی کورد لەو بارودۆخەی کە ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا تێکەوتووە، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز ئەنجامدا.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- ئێستا لە ئێران خۆپیشاندانەکان دەستیپێکردووەتەوە، سەرباری ئەو کێشانەی کە ئێران لەگەڵ ئەمریکادا هەیەتی، خوێندنەوەی ئێوە سەبارەت بەم ئاڵۆزییانەی ئێران چییە؟

"ئەمە ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی چل ساڵەی ناخی کۆمەڵگایە دەرهەق بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر"

حەسەن ڕەحمان پەنا: ئەم دۆخە دۆخێکی تایبەت بەم ماوەیە نییە، زۆر دوور نەچین دوو ساڵ بەر لە ئێستا کۆمەڵێک ناڕەزایەتی بەرفراوان زیاتر لە سەد شاری گرتەوە، کە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوامبوو، لەو ڕاپەڕینانەدا خەڵک ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە هەموو کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەربڕی و حکومەتیش بە بەکارهێنانی گوشاری زۆر سەرکووتی کرد، هەر ئەو کاتەش دیاربوو ئەو جۆرە سەرکووتانە کاتییە و ئەم ناڕەزایەتییانە وەک ئاگرێک وایە کە خۆڵەمێش کرابێت بە سەریدا و دووبارە سەر هەڵدەداتەوە، چونکە خەڵک کۆمەڵێک داخوازی ئابووریی، ژیانیی و کۆمەڵایەتییان خستە بەردەم حکومەت و حکومەتی ئیسلامیش بە حوکمی گەندەڵی، گەمارۆکان و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ئابوورییەکەی تێکشکاوە و نەیتوانی داواکارییەکان جێبەجێ بکات.

ئەم ناڕەزایەتییانە کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی پەنگخواردووی چل ساڵەی ناخی کۆمەڵگایە دەرهەق بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، کە هەموو شتێکی بە ئاگر و گوللـە وەڵامداوەتەوە، هاوکات خۆپیشاندانەکانی ماوەی ڕابردوو کە خەڵک زۆرترین قوربانیدا و حکومەت لە ماوەیەکی کەمدا بە هەزاران گەنجی کوشت و هەزارانی خستە زیندانەکانەوە، بەڵام دیسان خەڵک کۆڵی نەدا و بەو سەرکووتانە نەتوانرا ئەو ئاگرە خامۆش بکرێت.

- ئەم ناڕەزایەتییانە تاکەی بەردەوام دەبێت؟

"ئەگەر بەوشیوەیە بەردەوامبێت ئەوا حکومەت دەڕووخێت"

حەسەن ڕەحمان پەنا: بەردەوامبوونی ئەو ناڕەزایەتییانە پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە چەندە داخوازییەکانیانی خەڵک بەدیدێت، بەردەوامییەکەش پەیوەستە بە ڕێکخستنی خەڵکەوە بەشێوەی سەرتاسەری لە تەواوی ئێران، پێموایە ئەگەر بەوشیوەیە بەردەوامبێت ئەوا ئەو حکومەتە دەڕووخێت، چونکە هەر لەم مانگانە و ڕێک چل ساڵ بەر لە ئێستا دەسەڵاتی شا بە دەستی خەڵکێکی بێ چەک، کە بە ئەندازەی ئەمڕۆش یەکگرتوو نەبوون ڕووخا، بۆیە ئەم داخوازییەی ئەوان کە نەمانی دەسەڵاتی خامنەییە، ئەگەری هەیە لە دۆخێکدا سوپای پاسداران دەسەڵات بگرێتە دەست و خامنەیی وەلابنێت، بەڵام ئەمە دەسەڵاتێکی کاتی دەبێت، بۆیە من پێموایە ئەم ناڕەزایەتییانە بەردەوام دەبێت و خەڵک فریوی باڵەکانی حکومەت ناخۆن.

- بە لەبەرچاوگرتنی گووشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، پێتوایە داهاتووی ڕژێمی ئێران بەکوێ دەگات؟

"لە ئێران تیخ گەیشتووەتە سەر ئێسقان"

حەسەن ڕەحمان پەنا: دوو ئاستی ناڕەزایەتیی بەرامبەر ڕژێمی ئێران هەیە کە دەبێت لەیەک جیابکرێنەوە، یەکەمیان ناڕەزیەتییە ناوخۆییەکانە و دووەمیان گووشارە دەرەکییەکان، ئەوەی کە پەیوەندی بە گووشارە دەرەکییەکانەوە هەیە شایەن بە ڕێککەوتنە، بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا، ڕەنگە ئێران سازش بکات لەسەر نەهێشتنی دەسێوەردانەکانی لە سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەن و دەستبەرداربوونی حەشدی شەعبی و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکەی لوبنان و یەمەن، کاتێکیش ئەو سازشە دەکات کە لەلێواری کەوتنەخوارەوەدا بێت، بەڵام لە ناوخۆی وڵات ناتوانێت ڕێککەوتن لەگەڵ خەڵک بکات، چونکە لە لایەکەوە چل ساڵە خوێن ڕژاوە و کەم ماڵ هەیە کەسی نەکوژرابێت، دەریایەک خوێن لە نێوان خەڵک و کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، جگە لەوەش کۆماری ئیسلامیی داخوازییەکانی خەڵکی پێ جێبەجێ ناکرێت، هەروەها ڕۆژ بەڕۆژ بەهای دراوی ئێرانی دادەبەزێت، ئاستی هەڵاوسان لە ئێران ٥٠% و ٦٠%ی خەڵکی ئێرانیش لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، هەموو ئەمانەش پێمان نیشان دەدات کۆماری ئیسلامی ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی خەڵک بێت، لە ئێران تیخ گەیشتووەتە سەر ئێسقان.

- ئەم دۆخە دەرفەتێکی چۆنە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟ تاچەند گرنگە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوماڵی خۆیان یەکبخەن؟

"دەمانەوێت لەناو هێزەکانی کوردستاندا کۆدەنگییەک لەسەر کۆمەڵێک خاڵ دروستبکەین"

حەسەن ڕەحمان پەنا: یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ئێران دانەبڕێن، ئێمە لە ناڕەزیەتییەکانی دوو مانگی ڕابردوودا بینیمان کە بەشێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات باشدارییان نەکرد، ئەمە بەزیان دەشکێتەوە، ئەو خەڵکە دەبێت خۆیان هاوشانی یەک ببینن، خاڵێکی دیکەش بۆ ئایندە ئەوەیە، کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکدارن، ئێمە دەبێت کارێک بکەین کە پێش بە شەڕی ناوخۆ بگرین جارێکی دیکە لە کوردستان، هەموو هەوڵێکی ئێمەش وەک کۆمەڵە بۆ ئەوەیە، دانیشتنمان بەجیا لەگەڵ پژاک و حزبی دیموکراتەکان بۆ ئەوەیە کە کۆدەنگییەک دروستکەین لەسەر کۆمەڵێک خاڵ، کە هەموومان بەفەرمیی بیناسێنین، بەڵام بەداخەوە لەناو هەندێک لە لایەنەکانی دیکەدا هەست بەو بەرپرسیارێتییە ناکەین، بۆنموونە هەندێک لەو لایەنانەی کە لەناو ناوەندی هاوکاری حزبەکانی ڕۆژهەڵاتدان، لەگەڵ کۆمەڵێک شۆڤێنیستی ئێران کۆبوونەتەوە، کە دەستبردن بۆ پرسی کورد لەلایان بڤەیە، سەرەڕای ئەوەی کە جیاوازیمان هەیە بەیەکەوە، بەڵام دەبێت هەموو حزبەکانی ڕۆژهەڵات بە وتووێژ هاودەنگ بین، بۆنموونە هەموومان لەسەر ئەوە کۆکبین کە لە کێشەی ناوخۆییدا کەس دەست بۆ چەک نەبات، هەرکەسێک دەستی بۆ چەک برد تاوانبار بێت، کەسیش وتووێژی جیاواز لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا نەکات، چونکە دڵنیام یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی، کوردستانە.

- کەواتە تاچەند سیستمێکی دیموکراسیی بۆ ئێران بەگشتیی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بە پێویست دەزانن؟

"بوونی سیستمێکی دیموکراتی لە نان پێویستترە"

حەسەن ڕەحمان پەنا: بوونی سیستمێکی دیموکراتی لە نان پێویستترە، ئەگەر سیستمێکی دیموکراسیی لە ئێران حکوم بکات، ئێمە پێشبینی مانەوەی کوردستان لەگەڵ تاران دەکەین، لانیکەم ئەگەر کوردستان داوای جیابوونەوەی کرد تاران لەشکرکێشیی نەکاتە سەری، لەوکاتەدا مانەوەی کوردستان لەگەڵ تاران لە قازانجی خەڵکی کوردستانە، دیموکراسیی زۆر پێویستە بەو واتایەی کە دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا نەمێنێت، ئەوەش بە بەشدارییکردنی خەڵک لە حکومڕانیی و دروستکردنی شووراکان لە خوارەوە دەکرێت، بە ئەنجومەن و ناوەندەکان و کۆمەڵگایەکی مەدەنیی و یەکسانیی ژن و پیاو ئازادیی ڕۆژنامەگەریی دەکرێت.

- پێتوایە لەم ئاڵۆزییانەی نێوان ئێران و ئەمریکادا، تاچەند پێویستە کورد هێڵی سێیەم هەڵبژێرێت؟

"دروستکردنی هێڵی سێیەم لە قازانجی خەڵکی ئێران و کوردستانیشە"

حەسەن ڕەحمان پەنا: لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئێران و ئەمریکادا کە هیوادارین هیچکات نەیەتە پێشەوە، ئێمە زۆر دەمێکە خۆمان یەکلاکردووەتەوە کە نە بەرەی ئێرانین و نە بەرەی ئەمریکا، بەڵکو بەرەی سێیەمین، بۆیە دروستکردنی هێڵی سێیەم لە نێوان دوو بەرەی شەڕخوازدا لە قازانجی خەڵکی ئێران و کوردستانیشە.

ک.س