حەفتەر: تا ئازادکردنی تەرابلوس و دەرکردنی چەتەکانی ئەردۆغان ئاگربەست ناکەین

خەلیفە حەفتەر، ڕایگەیاند، بڕیاریان بۆ ئازادکردنی تەرابلوس ناگۆڕن و ئاماژەی بۆئەوەشکرد، کەباسی ئاگربەستی هەمیشەیی و ئاشتی تەنها دوای ئازادکردنی تەرابلوس و وەدەرنانی چەکداران و چەتەکانی ئەردۆغان دەکرێت.


خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا دوێنێ لە ڕێگەی تەلەفۆن کۆنفرانسەوە قسەی بۆ خۆپیشاندەران کرد کە دژی دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە وڵاتەکەیان لە مەیدانی "کیش" لە ناوەندی شاری بنغازی لیبیا کۆببوونەوە.

حەفتەر ڕایگەیاند: سوپا تا دڵی پایتەخت (تەرابلوس) پێشڕەویی کردووە، هەنگاوێک ماوە بۆ ئازادکردنی، سوپاش پاشەکشێ ناکات، تەنانەت ئەگەر خائینەکان داوای هاوکاری لە هەموو چەتەکانی جیهان بکەن.

حەفتەر جەختی لەوە شکردووەتەوە کە "لیبیا بەم زووانە دەبێتە گۆڕستانی هەموو چەتەکان کە لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ پارێزوانی لە خائینەکان نێردراون".

فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا، هەروەها ڕایگەیاند: بڕیارمان بۆ ئازادکردنی تەرابلوس ناگۆڕین، باسی ئاگربەستی هەمیشەیی و ئاشتی تەنها دوای ئازادکردنی تەرابلوس و وەدەرنانی چەکداران و چەتەکانی ئەردۆغان دەکرێت.

ک.س