داستان مەعروف: ئازادبوون و کۆیلایەتیی لە فکردایە


ڕۆژنیوز- سەمیرا شەهابی

داستان مەعروف، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی ڕژاک، ڕایدەگەیەنێت: ڕێباز و پرەنسیبی ئێمە، گرنگیدانە بە پەروەردەی ژن، چونکە ئازادبوون و کۆیلایەتیی لە فکردایە، ئەگەر مرۆڤێک لە فکرەوە ئازاد نەبێت ناتوانێت خۆی ئازادبکات و ئەگەریش لە فکرەوە کۆیلە نەبێت ناتوانێت ئەو کۆیلایەتییە دەربازبکات و بچێتە قۆناغی ئازادییەوە.

داستان مەعروف، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک)، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوز-دا سەبارەت بە بەستنی چوارەمین کۆنگرەی ڕێکخراوەکەیان و میکانیزیمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان، دەدوێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

-کۆنگرەی ڕژاک بۆچی بەسترا و بابەتی سەرەکی باسکرا چیبوو؟

"کۆنگرە نوێبوونەوەیە"

داستان مەعروف: کۆنگرە وەک نوێبوونەوە وایە هەر دووساڵ جارێک دەبێت بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامەکانمان ببەسرێت، بۆ چاوپیاخشاندنەوە بە کار و خەباتی دووساڵی ڕابردوومان و خستنەڕووی پلانەکانی داهاتوومان، بابەتی سەرەکی لە کۆنگرەکەدا پرسی ژنان بوو لە هەمووکایەکانی کۆمەڵگادا، بەتایبەت بەشداریی کردنیان لە کایەی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و کایەکانی دیکە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، کە تا چەند بوونیان پێویستە و دوایش دەبێت چیبکەن بۆ خۆپێش خستنیان.

-ڕژاک لە سەر چ هێڵ و ڕێبازێک خەبات دەکات؟

"هێڵی خەباتی ڕژاک لە سەر فکر و ڕامانی ڕێبەر ئۆجالانە"

داستان مەعروف: هێڵی خەباتی ئێمە لەسەر بنەمای فکر و ڕێبازی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە و بە ڕێبەری ژنانی دادەنێین، چونکە ئەو هەموو کێشە و ململانێکان لە کۆیلایەتی ژندا دەبینێتەوە، هاوکات لە ئازادی ژنیشدا چارەسەری دەکات، بەڵگەی سەرکەوتنی فکری ڕێبەرمان، ڕۆژئاوایە کە ژنان لە هەموو پێکهاتەکان و لە ناو هەموو ڕیزەکاندا، فکری ڕێبەر ئاپۆ بە فکری خۆیان دەزانن و ئێمەش لە سەر ئەو فکرە خەباتی خۆمان بەردەوام دەکەین و دەڵێین، کە ئەگەر ژنێک ئازاد نەبێت مافی ئەوەمان نییە کە بڵێین گەیشتووینەتە ئازادیی.

-ئێوە زۆر جار باسی کردنەوەی خولی پەروەردەیی دەکەن، خولی پەروەردەیی چییە؟

"دەمانەوێت بە زانستی ژنۆلۆژیی ڕاستینەی ژن زیندوو بکەینەوە"

داستان مەعروف: ڕێباز و پرەنسیبی ئێمە، گرنگیدانە بە پەروەردەی ژن، چونکە ئازادبوون و کۆیلایەتی لە فکردایە، واتە ئەگەر مرۆڤێک لە فکرەوە ئازاد نەبێت ناتوانێت خۆی ئازادبکات و ئەگەریش لە فکرەوە کۆیلە بێت ناتوانێت ئەو کۆیلایەتییە دەربازبکات و بچێتە قۆناغی ئازادییەوە، بابەتی پەروەردەکانیشمان هەرێمیی و گشتییە، زیاتریش لە ڕێگای سیمینارەکان و کۆڕەکانەوە دەتوانین پەرەی پێبدەین، دەمانەوێت بە زانستی ژنۆلۆژی ڕاستینەی ژن زیندوو بکەینەوە، بە سودوەرگرتن لە زانستی ژن کە ژنۆلۆژییە توانیومانە زیاتر لە ناو ژناندا قووڵ ببینەوە و پێگەیان وەک هێزێکی چارەسەریی دیاری بکەین لە ڕێگای کردنەوەی ئاکادیمییاییەک، بەم زانستە دەتوانین ژنان لە مێژوو و ئێستاشدا هەڵسەنگێنین و پێگەی سەرەکی خۆیان بگێڕینەوە.

-بۆچی نەتانتوانیوە فکری خۆتان لە تەواوی باشووردا بڵاوبکەنەوە؟

"سیستمی دەسەڵاتداریی باشور دەترسێت لە هوشیاربوونەوەی ژنان"

داستان مەعروف: سیستمی باشور لە سەرەتای دەسەڵاتدارییەوە دەوڵەت نەتەوەیە، هەر لە ناوەندەکانی خوێندنەوە بگرە تا زۆر شتی دیکە، کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی دەسەڵاتداریی پەروەردەیان بکە، ئەویش تەنها بەدەستهێنانی بڕوانامە و بوون بە مووچەخۆرە، کە لە ڕاستییدا ئەمە سیاسەتێکی دژە مرۆڤایەتییە مرۆڤ لە قاڵب دەدات، تا ئێستا نەمانتوانیوە وەک پێویست و گشتیی ئەم فکرە بگەیەنین، خەباتمان تەنها لە سلێمانی و دەوروبەری گۆشەگیربووە و بەهۆکاری ڕێگەنەدانمان لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک چالاکییەکانمان فراوان نەبووە، هەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر بۆ ئاستەنگکردنی کارەکانمان.

-بۆچی ڕێگرییتان لێدەکرێت؟

"دەسەڵات لە هۆشیاربوونەوەی ژنان دەترسێت"

-دەسەڵات لە هۆشیاربوونەوەی ژنان دەترسێت و ڕێگرە لە پێشخستنی ژنان، ئەم سیستمە لەوە دەگەڕێت ژنان پارچە پارچە بکەن و بەسەر حزبەکاندا دابەشیان بکەن، کە بەداخەوە ژنانی باشور لەگەڵ ئەوەی ڕەنجدەر، زانا و تێکۆشەرن، بەڵام نەیانتوانییوە خۆیان دەرباز بکەن لەم قۆناغە، ئەمەش دوو بەرکەوتە هەیە لە باشوردا کە کاریگەرە، یەکەم سیستمی سەرمایەداریی، کە ژنانی بێهۆش کردووە بە شتی بریقەدار، دووەمیش ئیسلامی سیاسیی کە بە دورکەوتنەوە لە یەکەم دەچێتەوە لای دووەم، بۆیە ئێمە دژ بە هەردوکیانین و دەبێت ژن ئازادیی بە ناسین خۆی و مێژووی خۆی بە دەست بێنێتەوە.

-مەبەست لە دروستکردنی کەمپەینێک بۆ ئێزیدییەکان و هاوکاری کردنی ژنانی کۆچبەر چییە، کە ەل بڕیارنامەکەتاندا هەبوو؟

"بۆ ئازادیی ژنانی ئێزییدیە لە دەستی داعش"

داستان مەعروف: سەبارەت بە ئێزییدییەکان بەردەوام لە چالاکییداین و کاردەکەین بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تراژیدییایە، بە تایبەت هاوکاریی کردنی ئەو ژنانەی کە ئازاد کراون و ئێستا لەبەر خراپی دۆخی دەروونیان ئازار دەکێشن، هەروەها کەمپەینێکی یەک ساڵە دەستپیدەکەین بەناوی "نابۆ کۆمەڵکوژیی ژنان، کۆمەڵکوژیی شەنگال کۆمەڵکوژیی هەموو مرۆڤایەتییە"، چونکە هەوڵێک هەیە بۆ پەردەپۆش کردنی ئەم کارەساتە، بۆیە پێویستە گەل و ژنانی ئێزیدیی لەیاد نەکەین، تا ئێستاش ڕەنگە کە لەم کاتەدا قسە دەکەین ژنێک ئازار بکێشێت کە هێشتا ئازاد نەبووە، بۆیە کەمپینەکە بۆ ئازادیی ژنانە لە دەستی داعش، هەروەها بە هۆکاری هاتنی حەشدی شەعبی ژنانی داقوق و دوزخورماتوو ئاوارە بوون و تووشی دەسترێژی بوونەوە، ئێمە تیمێکی هاوکاری تەندروستیمان نارد بۆ یارمەتی ئەو ژنانە، زۆرترین هەوڵەکانمان ئەوەیە کە ئەو ژنانە بگەڕێنینەوە دۆخێکی ئارام و بیانگەڕێنینەوە بۆ سەر ماڵ و ژیانیان.

-پەیوەندیتان لەگەڵ ڕیکخراوەکانی تری ژنان لە ناو باشووردا چۆنە؟

"پەیوەندیمان زۆر باشە"

داستان مەعروف: پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تر لە ئێستادا زۆر باشە و گەیشتووەتە ئاستێک، کە ژنانی ناو ڕێکخراوەکانی تر لە ژێر باڵی ئەو سیستمە حزبییە دەرچوون و ئێستا خۆیان تا ئاستێ باش بڕیاردەرن، هەروەها پڕۆژە و پلانی خۆمانمان دەبێت لە کارکردنی هاوبەشدا، بۆیە ئێمە بووینە هێزێک بۆ ژنانی دیکەی ناو ڕێکخراوەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی پێشخستنی خەباتی نەتەوەیی و یەکگرتوویی لە پرسی ژنان لە ناوچەکەدا.

-تێکۆشانتان بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە چ ئاستێکدایە؟

"بۆ ئازادیی ئەو ڕێبەرە بێ وچان لە خەباتدا دەبین"

داستان مەعروف: لە کۆنگرەدا مژاری ترمان، تێکۆشان بوو بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، کە پێشەنگی هەموو ژنان و مرۆڤایەتییە، چونکە ئەو قاڵبی کۆیلەبوونی ژنی تێک شکاند، بۆیە بۆ ئازادی ئەو ڕێبەرە بێ وچان لە خەباتدا دەبین، چ بە چالاکی سەر شەقام بێت یان چالاکییەکانی دیکە و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە ئاست ڕێبەرمان و تێدەکۆشین تا گەیشتن بە ئازادیی.

-کاری داهاتووی ڕژاک چی دەبێت؟

"کارمان کۆکردنەوەی ژنانی نەتەوەکانی دیکە"

داستان مەعروف: بۆ ئەوەی خۆمان بە ڕێکخستن بکەین دەبێت یەک دەنگ و یەکگرتووبین تا بتوانین خەبات و تێکۆشانمان پەرە پێبدەین، کار و پلانی خۆشمان هەیە بەتایبەت ڕاوەستانە لەسەر دۆخی ژنان و وەڵامێک بین بۆ پرسەکانی ژنان لەناو باشووردا، ئێمە لە بەرنامەماندایه کە هەموو ژنانی نەتەوەکانی تێیدا کۆبکەینەوە، چونکە ئێشی هەموو ژنانی نەتەوە جیاوازەکان بە ئێشی خۆمان دەزانین و هەر ژنێک لە هەر شوێنک توندوتیژیی لەسەر بەڕێوە بچێت بە کەموکوڕی خۆمانی دەزانین کە نەمانتوانیوە کارێک بکەین بۆ ژنانی دیکە.

ش.ف