دیار غەریب لە بارەی عێراق و باشوری کوردستانەوە دەدوێت

ئەندامێکی کۆنسەی سەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، رایدەگەیەنێت، پێویستە گەل خاوەنداریی لە مافەکانی بکات و دەشڵێت: هەڵبژاردن گرنگە، بەڵام هۆکاریی سەرەکی چارەسەرکرنی کێشەکانی کۆمەڵگا نییە.


دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتی کەجەکە، دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت لە عێراق، ناکۆکی نێوان هێزە کوردییەکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و چارەسەریی کێشەکان، بۆ ڕۆژنیوز دەنرخێنێت.

پاش ئەوەی داعش لە عێراقدا تێکشکا بۆچی ئارامی پێکنەهات؟

"سەدام ڕۆشت کیشەکان چارەسەرنەبوو"

دیار غەریب: ئێمە وەک کەجەکە کێشەی عێراق تەنیا لە پەیوەند بە داعشەوە نابینین، داعش ئەنجامی ئەو کێشانەیە کە لە عێراقدا کۆبوبوونەوە، نەک تەنیا عێراق بەڵکو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوریا و عێراق وایان کرد ئەنجامێکی وەک داعشی لێبکەوێتەوە، کێشەی سەرەکیی عێراق نەبوونی عەقڵییەتێکی دیموکراتییە، پێشتر دەیانوت کێشەی عێراق سەدام حسێنە و بە لاچوونی کێشەکان چارەسەردەبن، ساڵی ٢٠٠٣ سەدام حسێن ڕۆشت، بەڵام هەمووان بینیمان کە ٢٠١٤ داعش هاتە ئاراوە، ١١ ساڵ بەسەر تێکشکانی سەدام حسێندا تێپەڕبووە، بەڵام هێشتا کێشەکان چارەسەرنەبوون.

هۆکار چییە؟

"سیاسەتێکی دیموکراتی پێکنەیەت داعشێکی نوێ دێتە ئاراوە"

دیار غەریب: تا ئێستا کێشەکان چارەسەرنەبوون، واتە کێشەی عێراق هەبوونی سەدام حسێن نەبوو، کورد، شیعە، سوننە و عەرەب هێزە چالاکەکانی عێراقن، بەڵام عەقڵییەتی دیموکراتی لە ناویاندا لاوازە، ئەوەش وادەکات کێشەکان قووڵترببنەوە، ئێستاش لە عەقڵییەتی سیاسەتمەدارە عێراقییەکاندا گۆڕانکاریی دیموکراتی پێکنەهاتووە و کێشەکان تا دێن قووڵتردەبنەوە، ئەگەر سیاسەتێکی دیموکراتی پێکنەیات، وا داعشێکی نوێ دێتە ئاراوە.

بەهۆی ئەو کێشانەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق پێکنەهاتووە، لەلایەکی دیکەوە ململانێی پارتی و یەکێتی بۆ پستی سەرۆک کۆماری بەردەوامە، ئەوانە چۆن دەنرخێنن؟

"هێزەکان پشت بە وڵاتانی دەرەوە دەبەستن"

دیار غەریب: ئەو قەیرانانە پەیوەندییان بە سیاسەتی عێراقەوە هەیە، عەقڵییەتی دیموکراتی لاوازە و لەناو هێزە چالاکە سیاسییەکانی عێراقدا زهنییەتی سەربەخۆبوون نییە، بۆیە کێشەکان چارەسەر نەبوون، بەهۆی نەبوونی عەقڵییەتی سەربەخۆییەوە، هەر هێزێک پشتی بە هێزە دەرەکییەکان دەبەستێت، ئەوەش وادەکات کە سعودی، ئێران، تورکیا و ئەمریکا دەستێوەردانی دۆخی عێراق بکەن، ئەوانیش بەگوێرەی بەرژوەندییەکانیان دەجووڵێنەوە، ناکۆکی نێوان هێزە شیعەکان زۆرن، کاتێک هێزە دەرەکییەکان دەستێوەردان دەکەن کێشەکان زیاتر و قووڵدەبن، پێویسە هێزە شیعەکان ڕاستیی دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان ببینن و تێی پەڕێنن، عێراق وەک مێژووی ناوەندی شیعەکانە، ئێستا دەتوانێت جارێکی دیکە ببێتە ناوەندی شیعەیەکی دیموکراتی، شیعەکان هەمیشە بۆ گۆڕان کراوە بوون، ئەگەر ڕێبەران سیاسی و ئاینی شیعەکان بەگوێرەی پرەنسیبەکانی ئیجتیهاد بجووڵێنەوە دەتوانن گۆڕانکاریی دیموکراتی پێکبێنن، دەتوانن کۆمەڵگای شیعەی عێراق بەدیموکرات بکەن

"یەکێتی و پارتی بە عەقڵییەتی دیموکراتی ناجوڵێنەوە"

دیار غەریب:"ئەوەی لەبارەی هێزە شیعەکانەوە وتم لەبارەی هێزە کوردییەکانیشەوە ڕاستە، بەتایبەتی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە هێزە سەرەکییەکانی باشوری کوردستانن و ساڵانێکی درێژە کۆمەڵگای باشور بەڕێوەدەبەن، بەڵام بەداخەوە بە عەقڵییەتێکی دیموکراتییەوە ناجووڵێنەوە، بەڵکو بە عەقڵیەتێک کاردەکەن کە هێز بە بنەمادەگرێت، دەڵێن ئێمە پێشمەرگایەتیمان کردووە و دەبێت دەسەڵاتداریش بین، لەلایەکی دیکەوە هەمیشەوە بە ڕقەوە لەبەرامبەر یەک وەستاون، ساڵانێکی درێژ کێشە و ناکۆکییەکانی پ.د.ک و ی.ن.ک کۆمەڵگای باشوری کوردستانی خستە قەیرانەوە، ئەوەش وایکردووە کۆمەڵگا پارچەبێت، بۆیە هێزی دیکە دێنە ئاراوە، خەڵک چاوی کراوەتەوە و ڕاستییەکان باستر دەبینن، پ.د.ک و ی.ن.ک وەک شیعەکان لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکانەوە سیاسەت دەکەن، پێویستە کۆمەڵگای کوردی بکەنە بنەمای سیاسەتەکانیان، هەرچەن لە قسەکانیاندا وا دەڵێن، بەڵام هیچ بۆ کۆمەڵگای کوردی ناکەن، چونکە خزمەتکردنی کۆمەڵگا بۆ ئەو حزبانە نەبووە بە پرەنسیب، ئەگەر وایان بیربکردایەتەوە دەیانتوانی بەبێ ئەوەی ببنە سەرۆک کۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان خزمەتی کۆمەڵگا بکەن، بەو شێوەیە دەتوانن بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا بکەنەوە، ئێستا کێشەیەک کە لە باشوری کوردستان دەبیندرێت ئەوەیە.

هەڵبژاردن بۆ باشوری کوردستان تا چەند دەتوانێت چارەسەربێت؟

"لەهیچ شوێنێک کێشەکان بە هەڵبژاردن چارەسەر نابن"

دیار غەریب: هەڵبژاردن بۆ ئامادەکردنی زەمینە بۆ گۆڕانکاری گرنگە، بەڵام نابێت ئەوەندەش باری هەڵبژاردن قورس بکەین، هەندێک لایەن هەڵبژاردن زیاتر لەوەی کە هەیە بە گرنگ پیشان دەدەن، نە لە کوردستان و نە لە هیچ شوێنی دیکە کێشەی کۆمەڵگا بە هەڵبژاردن چارەسەر نابێت، ئەوەش بەو واتایە نییە کە هەڵبژاردن گرنگ نییە، هەڵبژاردن دەتوانێت زەمنیە بۆ گۆڕانکاری دروست بکات، لە هەڵبژاردنی عێراقدا وتیان کە بەتایبەتی لە باشوری کوردستان ساختەکاری زۆر کراوە، بۆیە خەڵک بەگومانەوە بیر لە هەڵبژاردن دەکاتەوە، پێویستە خەڵکی باشوری کوردستان دانەبڕێن لە هیواکانیان و باوەڕیان بە خۆیان بێت، باوەڕیان هەبێت بە ئیرادەیان، دەبینن کە هەرچەند هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت زەمینەی گۆڕانکاریش زیاتر دەبێت، بانگەوازیی خەڵکی باشوری کوردستان دەکەین کە بە هۆشیارییەوە بچنە سەر سەندوقەکانی دەنگدان، دەنگەیان بەکاربێنن و بیپارێزن.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان ئامادەکاری دەکرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا، بەڵام ڕێگای پێنەدرا، ئەوە چۆن دەنرخێنن؟

"دەبێت گەل خاوەنداری لە ئیرادەی بکات"

دیار غەریب: دەسەڵاتی باشوری کوردستان ڕێگای نەدایە تەڤگەری ئازادیی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات، ئەو بڕیارە ڕاست نەبوو، خزمەت نە بە عێراق و نە بە باشوری کوردستان ناکات، تەنانەت خزمەت بەو هێزانەش ناکات کە ڕێگایان نەدایە تەڤگەری ئازادی بەشداری هەڵبژاردن بێت، هەندێک دەڵێن هۆکاری ئەو بڕیارە تورکیایە، هۆکار تورکیا نییە، هۆکارەکەی بۆخۆیانن، تورکیا ناتوانێت دەستێوەردانی هەموو کاروباری باشوری کوردستان بکات، چۆن حکومەتی عێراق ڕێگای دایە تەڤگەری ئازادی بەشداری لە هەڵبژاردن دا بکات؟ مەگەر باشوری کوردستانیش بەشێک لە حکومەتی عێراق نییە؟ بۆیە پێموایە کێشەکە لە حکومەتی هەرێمەوەیە، لەگەڵ ئەو بڕیارەشدا، پێویستە گەلی کورد لە باشوری کوردستان بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بۆ ئەوەی پەرلەمان ڕۆڵێکی دیموکراتی و نەتەوەیی بگێڕێت پێویستە گەلەکەمان بەرپرسیارانە لە هەڵبژاردندا بەشداری بکەن، ئەگەر ئەو ئیرادەیە بێتە ئاراوە، چیدی حکومەت ناتوانێت بڕیاری هەڵە بدات، بۆیە دەبێت خەڵک پشتگیریی و خاوەنداری لە ئیرادەکەیان بکەن.

حکومەتی عێراق دەڵێت کە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکات، ئەوەش دەکەنە ڕۆژەڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو بڕیارە بە چ واتایەکە؟

"کارێکی باشەو ئەرکی خۆیانە"

دیار غەریب: لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان باس لەو بابەتە کرا، نازانم تا چەند جدین، بەڵام کارێکی باشە، پێویستە حکومەتی عێراق سەروەریی خۆی بۆسەر خاکاکەی بپارێزێت، بۆ نموونە ئێمە ڕەخنە لە سەدام حسێن دەکەین، بەڵام لە سەردەمی سەدامدا هیچ هێزێکی تورکیا نەیدەتوانی سنوورەکانی عێراق ببەزێنێت، پێویستە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراق سەروەییان بۆسەر خاکەکەیان بپارێزن، ئەوە بەرپرسیارییەتی و ئەرکیانە، پێویستە هەستن بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان، جاری وایە حکومەتی هەرێم دەڵێت کە ئەوە لە دەستی ئێمەدا نییە، بەڵام وا نییە، چونکە جاری وایە ئەگەر دەستێوەردانێک بە دڵیان نەبێت هەڵوێست دەگرن.

لە ئێستادا لە نێوان ی.ن.ک و پ.د.ک دا ململانێ بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری هەیە، بەرهەم ساڵح گەڕاوەتەوە بۆ ناو ی.ن.ک و بووە بە کاندیدی ئەو حزبە بۆ سەرۆک کۆماری، کاندیدبوونی بەرهەم ساڵح چۆن دەبینن؟

"گەڕانەی د. بەرهەم زۆرباشە"

دیار غەریب: وا دیارە سەرۆک کۆمار کەسێکی کورد دەبێت، هیوامان ئەوەیە کە هێزە کوردییەکان بە ئیرادەیەکی هاوبەشەوە و بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆمار بجووڵێنەوە، گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی زۆر باشە، ئەو گەڕانەوەیە هێزە کوردییەکان لە یەک نزیکتر دەکاتەوە، هەنگاوی دکتۆر بەرهەم زۆر گرنگ بوو، لەلایەکەوە بۆ یەکێتیش زۆر باش بوو، ئێستا چەند کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری کاندید بوون، ڕێککەوتن هەیە، بەڵام دەبینین پ.د.ک بە کاندیدبوونی دکتۆر بەرهەم ڕازی نییە، بە بۆچوونی ئێمە ئێستا کاتی ئەوە نییە، وەکچۆن کاندیدەکانی دیکە بۆ کاندیدەکەی پ.د.ک لە جێگریی سەرۆکی پەرلەمان کشانەوە، پێویستە بۆ سەرۆک کۆمارییش ئەوە ئەنجام بدرێت، مادام ڕێککەوتنی وا دەکرێت پێویستە لەوێش دا ئەنجام بدرێت.

ئەگەر بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆک کۆمار پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان و عێراق بە بنەما بگرێت، ئەوەی کە خەڵکی عێراقیش بە بنەما بگرێت زۆر گرنگە، دەتوانێت هەم لە هەرێم و هەم لە عێراق ڕۆڵ بگێڕێت، ئەوەی ئاشکرایە بۆمان، ئەوەیە کە دەبێت هێزە کوردییەکان بە ئیرادەیەکی هاوبەشەوە بەشداری حوکمەت لە عێراق بن، گرنگترین هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکومەت پاش دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە، ئێستا کاتی قووڵترکردنەوەی کێشەکان نییە، پێویستە هێزە سیاسییەکانی عێراق گوێ بۆ یەکبگرن، لەجیاتی ئەوەی چارەسەریی لە دەرەوە وەربگرن، با لەناو خۆیاندا بۆ چارەسەر بگەڕێن، پێویستە لەسەر بنەمای مافە دیموکراتییەکان هەنگاو بنرێت، ئەگەر وا بکرێت باوەڕم وایە ئەو بڕیارانەی لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکە دراوە دەتواندرێت پێکبێت، ئەو کاتە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان گوێ دەگرن و و عێراق پێدەنێتە سەردەمێکی ئاڵتوونییەوە.

هێزە کوردییەکان و عێراقییەکان بۆ چارەسەربوونی کێشەکان دەبێت چی بکەن؟

"کەجەکە ئامادەی هەموو پشتیوانییەکە"

دیار غەریب: لە ئێستا دا عێراق دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵی گرنگ بگێڕێت، هەرچەندیش کێشەکان زۆربن بەڵام هەمیشە چارەسەریش هەیە، کوردەکان لەسەر بنەمای پرەنسیپە دیموکراتییەکان دەتوانن بەشداری سیاسەت لە عێراقدا بن، هاوکات دەتوانن بەشداری سیاسەتی نەتەوەیی کورد بن، هێزەکانی دیکە وەک سوننەکان و شیعەکان دەتوانن لەسەر بنەمای دیموکراتی ڕێککەون، خەڵکی عێراق پاش ئەو هەموو وێرانی و تاڵانی و کوشتارە ئارامیی دەوێت، ئێمە وەک کەجەکە ئەوەی بتوانین و بکەوێتە ئەستۆمان ئەنجامی دەدەین، وەکچۆن ئەو کاتەی داعش هێرشی کردە سەر باشوری کوردستان ئێمەش بەرگریمان کرد، ئێمە وەک کەجەکە خۆمان لە ئاستی گەلی کورد بەگشتی و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەبرپرسیار دەزانین، ئێمە پێکەوە دەتوانین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی دیموکراتی پێکبێنین.

س.ح