دەرونناسێک: ئۆجالان گەیشتووەتە لوتکەی فەلسەفەی ئاشتی

محەمەد ناسر، دەرونناس و مامۆستای زانکۆ، دەڵێت، کە وەک دەرونناسێک پێموایە ئۆجالان گەیشتووەتە لوتکەی فەلسەفەی ئاشتی، کە لەجیهاندا چەند کەسێک گەشتوونەتە ئەو ئاستە، هەروەها لەبارەی پێکهێنانی ئاشتی نێوماڵی کوردەوە دەڵێت: یەکێک لە میکانیزمە بەهێزاکانی پێکهێنانی ئاشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە.


دکتۆر محەمەد ناسر، دەرونناس و مامۆستای بەشی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی کۆیە، لەم چاوپێکەوتنەدا لەبارەی چەمکی ئاشتی و هەوڵەکانی پێکهێنانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و کوردستاندا و تێز و چەمکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە

- دکتۆر ئاشتی چییە؟ بە چ دۆخێک دەوترێت ئاشتی، چۆن ئاشتی لەناوکۆمەڵگاکاندا پێکدێت؟

" ئاشتی کۆی پێنج چەمکە"

محەمەد ناسر: چەمکی گشتی ئاشتی بە نەمانی شەڕو و ڕووبەڕووبوونەوە دەوترێت، یان بە نەمانی شەڕ دەوترێت' بەڵام لە پێناسەی نوێدا دەوترێت ئاشتی کۆی پێنج چەمکە کە بریتین لە ( پارێزراوی جەماوەر، ئازادیی ڕادەڕبڕین و مافپەروەریی و ژیان خۆشی و هاوسەنگی ژینگەیی)، لە ڕابردوودا ئاشتی لەسەر دەستی سەرۆک عەشرەت و سەرۆکی خێزان و ڕیش سپییەکان پێکهاتووە، بەڵام لەدوای دروستبوونی دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەتەکان، ئاشتی بوو بە چەمکێکی گرێدراو بە ململانێ سەربازییەکانەوە.

- بۆ لەناو کورددا ئاشتی پێکنایەت؟

"پەیوەندی بە هۆکاری ژینگەییەوە هەیە"

محەمەد ناسر: شەڕ تەنها لەناو کورددا نییە، ئەگەر ببینین لە بەڵقان، بۆسنێ و سرب، لەئەفریقاش هەندێک ناوچە هەیە زیاتر لە ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ ساڵە شەڕی تێدایە، بەگشتی لەم ناوچانە ململانێ و شەڕ هەیە، بەڵام ئەگەر باسی کوردستان بکەین بەشێکی پەیوەندی بە هۆکاریی ژینگەییەوە هەیە، باپیرانی ئێمە شوێنێکیان بۆ ژیان هەڵبژاردووە کە شوێنێکی سەختە، لەم شوێنانە مرۆڤی توڕە بەرهەمدیت، چونکە بەئاستەم ژیانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، بێجگە لەوە پسپۆڕانی سیاسەت، دەڵێن، کە بەهۆی ڕوودانی شەری زلهێزەکانی دونیا لەم ناوچەیەدا کاریگەریی لەسەر تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایانە کردووە، وایکردووە تاکەکانی ئەم ناوچەیە توندوتیژبن.

- ئەمە هۆکارە گشتییەکان بوون، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندی بەکورد خۆیەوە هەیە چییە؟

"پەیوەندی بە سیستمی پەروەردە و ئەو ژینگەیەوە هەیە کە تێکدا گەورە بووین"

محەمەد ناسر: من زۆر پسپۆڕی سیاسەت نیم، بەڵام ئەگەر وەک لایەنە پەروەردەیەکەی سەیری بکەین، ئەوا ڕێژەی کەمی نەخوێنەواریی هۆکارێکی سەرەکییە، من لەهەموو لێکۆڵینەوەکانمدا، گوشتوومەتە ئەو ئەنجامەی ئەوەی لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا باش پەروەردە نەکراو وانەکانی زانست و بیرکاریی و مافی مرۆڤ و ... باش پێنەوترا دواتر هەرچی هەوڵێکی لەگەڵ دەدەی بێ ئاکام دەبێت، سیاسەتمەدارەکانمان چەندین ساڵ لەشاخ جوامێرییان کردووە بەڵام کە دێنە شار هەرچی لەشاخیش کردوویانە بەفیڕۆی دەدەن.

شتێکی تایبەتم نییە لەبارەی ئەوەی بۆ لەناو کورددا ئاشتی پێک نایە، پەیوەندی بە سیستمی پەروەردە و ئەو ژینگەیەوە هەیە کە تێکدا گەورە بووین، چونکە سیستم و پەروەردە خەڵک پەروەردە دەکات، لەو شوێنانەی کە ڕێکخستن و پەروەردەیەکەی قوڵی تێدا هەبووە مرۆڤی ئاشتی خواز و بەئیرادەی تێدا پەروەردە بووە، بۆنموونە ٨٠ ساڵێک لەمەوبەر شوعییەکان توانیییان مرۆڤی خوێنەوار و بەئیرادەو ئاشتی خواز پەروەردە بکەن ئێستاش جێپێیان دیارە، یاخود لەدوای دروستبوونی پەکەکە وە لەژێر کاریگەریی و سێبەری پەکەکەدا کاری باش دەکرێت، بێجگە لەم شوێنانە لەهەموو شوێنەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە پەروەردەیەکی شکستخواردوو دەکرێت.

- دکتۆر لەزۆربەی پەیامەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە-دا باسی ئاشتی و پڕۆژەی چارەسەریی ئاشتیانە هەیە، تەنانەت لەدوا پەیامیشیدا باسی ئامادەییان بۆ ئاشتی دەکات، تێگەیشتنی ئۆجالان لە ئاشتی چۆن دەبینیت؟

"ئۆجالان گەیشتووەتە لوتکەی فەلسەفەی ئاشتی خوازیی"

محەمەد ناسر: ئۆجالان لە پەیامی نەورۆزی ساڵی ١٩٩٥ و ١٩٩٦دا دەڵێت بە جاشەکان ' ئێوە لەئێمە مەکوژن، چونکە ئەگەر ئێمە نەمێنین ئەوا ئێوەش مووچەتان نامێنێ' واتا دەڵێت، کە ئێوە شەڕی جدی لەگەڵ ئێمەدا مەکەن و ئێمەش شەڕی جدی لەگەڵ ئێوەدا ناکەین، لەئیمڕاڵیش هەر لەسەرەتاوە هەوڵی بۆ ئاشتی داوە، هەوڵەکانی بۆ ئاشتی زۆر تۆکمەن، هەروەها هەندێک کرداری پراکتیکی بۆ ئاشتی ناوە، بۆ نمونە لە هەوڵەکانی ئاشتی ساڵی ٢٠١٣ دا لە تورکیا وتی، 'ئازادیی من مەکەنە مەرجی پێشوەختی دانووستانەکان'، ئەوە هەڵوێستی سەرۆکێکە کە دەیەوێت پەیامێکی ئاشتی خوازانەی نوێ فێری گەلەکەی بکات، پەیامی نوێی ئاشتی خوازیی دەڵێت، کە وێنەی سەرۆکەکان زۆر گەورە مەکەن، وێنەی فەرماندەکانیشتان گەورە مەکەن، لەبەر ئەوەی کە ئەوەت زۆر گەورەکرد، ئەوە واتای ئەوەیە تۆ درێژە بە خەباتی چەکداریی و شەڕ دەدەی، یاخود ئەگەر لە شارەوانییەکدا وێنەیەکی زۆر گەورەی سەرۆکێک لەپشتی سەرۆک شارەیانییەوە هەڵواسرابوو، ئەوە بەگەل دەڵێت من بە مەنتیقی ئەو سەرۆکە من قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم.

پەیام و کردا و خۆڕاگرییەکانی ئۆجالان لە ئیمراڵی هەوێنێکی گەورەی ئاشتییە، ئەوەی کە ئۆجالان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا کردوویەتی سەقامگیریی کەسایەتییەتی، لەدوای ئەو گەمارۆ توندەی کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەری بوو، کە گەمارۆکان دەشکێت یەکەم دیدار کە لەگەڵی ئەنجام دەدرێت داوای ئاشتی دەکات، من وەک دەرونناسێک کە خۆم زیندانم بینیوە و زۆر لەگەڵ زیندانییەکانیشدا کارم کردووە دەتوانم بڵێم، دڵنیام لەوەی کە ئۆجالان گەیشتووەتە لوتکەی فەلسەفەی ئاشتی خوازیی، گەشتووەتە ئاستێک کە هاوشێوەی ئەو تەنها دەتوانین ناوی غاندی و ماندێلا و یەک دوو فەیلەسوفی هیندی و چینی بهێنین، واتا لە جیهاندا تەنها ١٠ بۆ ١٢ کەس گەشتوونەتە ئەو ئاستە، بەڵام ئەوەی لە ئێمەوە نزیکە سەرۆک ئۆجالانە.

- هەوڵەکانی ئۆجالان بۆ ئاشتی نێوان گەلان و پێکەوە ژیانی گەلان چۆن دەبینیت؟

"ئاشتی دەبێت ناوچەکەی فراوان بگرێتەوە"

محەمەد ناسر: ئێمە شتێکمان نییە بەناوی ئاشتی تەنها بۆ کورد، ئەگەر بڕیاربێت کە مرۆڤ تۆزێک ئاسودەبێت ڕزگاری بێت لە کاریگەرییەکانی مێژووی شەڕی سێ چوار هەزار ساڵە، دەبێت ئاشتی ناوچەیەکی گەورە و هەموو ئەو گەلانە بگرێتەوە.

- کەواتە ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان کراوە هەنگاوێکی پراکتیکی ئاشتییە؟

محەمەد ناسر: بەڵێ ئەوە هەنگاوێکی پراکتیکییە، لەبەر ئەوەی لە ڕۆژئاوا ئازادیی ژن بەدی هاتووە، ئازادیی تەواو هەیە، من ئەمڕۆ لە کەناڵەکانەوە بینیم، کە ئەو کەسانەی چەتەکەنی داعش لەنێو کەمپەکاندان بەهەمان شێوەی پێشوو ئاینداریی خۆیان دەکەن، تەنانەت دروشم و وتافەکانی چەتەکانی داعش دەڵێنەوە، کەس ڕێگرییان لێ ناکات، یاخود دەبینین پەروەردەی ڕۆژئاوا بڕیاریی دا هیچ خوێندنگا و زانکۆیەکی ئەهلی نەمێنێ، ئەوە دەرخەری ئەوەیە بەڕێوبەریی ڕۆژئاوا دەیەوێت ئاشتی چینایەتیش پێکبهێنێ و جیاوازیی چینایەتیش نەهێڵێت، بەڕاستی ڕۆژئاوا توانیوییەتی ئەو خەباتە زۆر بەباشی بەڕێوەببات.

- لەم ناوچەیەدا لەگەڵ ئەوەی هێزە نێودەوڵەتیەکان کاریگەرییان لەسەر نەچەسپانی ئاشتی هەیە، دەوڵەتە هەرێمییەکانیش کاریگەرییان هەیە، ڕات چییە لەسەر هەوڵە شەڕانگێزییەکانی دەوڵەتی تورک، کە هەم هەڕەشە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و هەم هەڕەشە لە باشوری کوردستان دەکات؟

"داهاتی واڵاتەکەی بۆ شەڕ خەرج دەکات"

محەمەد ناسر: تورکیا فڕۆکەکەی ڕوسیای خستە خوارەوە ئیستا خۆی بووەتە ئەڵقەلەگوێی ڕوسیا، دەیەوێت چەکی زۆرباش لەڕوسیا و ئەمریکاش بکڕێ، هەموو داهاتی واڵاتەکەی بۆ شەڕ خەرج دەکات، بەپێی ئەوەی لە میدیاکانەوە دەرکەوتووە لەم جەژنەدا لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ خەڵک توانای ئەوەی نەبووە نیوکیلۆ چکلێت بکڕێت، پارەی تورکیا شکاوە، هەمووی لەپێناو پاوانخوازی و شەڕ و داگیرکارییدا، ئەمە تەنها تورکیا نییە، لەم ناوچەیەدا کۆمەڵێک کەسی نزیکی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرەکان و دەسەڵاتدارەکان تێوەگلاون لە بازرگانی نەوت و چیمەنتۆ و شیش و شتی دیکە، ئەمانە بڕیاردەدەن کە لەناوچەکەدا شەڕ هەبێت یان نا، تۆ سەیرکە کە چەتەکانی داعش هاتنە ئەم ناوچەیە بەو هەموو مەترسییەی لەسەر ئەم ناوچەیە دروستیانکرد، هەندێک لە سەرانی شیعە و سوننەو کورد بازرگانییان لەگەڵ دەکردن، بۆیە پێکهاتنی ئاشتی لەم ناوچەیەداکەمێک ئاستەمە، بەڵام دەبێت ئێمە هەر خەباتی خۆمان بکەین.

- باشە ئەگەر ئاشتی لەنێوان کورد بۆخۆیدا پێکنەیەت، چی زیانێک بەر کورد دەکەوێت لەو گۆڕانکارییەی بەسەر ناوچەیەدا دێت؟

"ئەوەی کۆشمان کردووەتەوە لەدەستمان دەچێت"

محەمەد ناسر: دواکەتوویەکی گەورەی پەروەردەیی قوڵمان تووش دەکات، لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە ئەوەی کۆشمان کردووەتەوە لەدەستمان دەچێت، ئەگەر ئاشتی لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا پێکنەیەت، لایەنەکان دەچن پاڵدەدەن بە تورکیا و ئێران و عێراقەوە، بەوەش ژێرخانی ئاسایشی وڵات وێران دەبێت، هیچ بەردێکی ئەم نیشتیمانە نامێنێت، کە ئەوان ئامێرێکی سیخوڕیی لەبندا دانەنێن، هەروەها ژێرخانی کشتوکاڵ و ئابووریی وێران دەبێت، کە ئاسایشی خۆراک نەما جەماوەر دەبێتە کۆیکە.

- کەواتە کورد چی بکات بۆ ئەوەی ئاشتی لەنێو ماڵی خۆیدا پێکبهێنێت؟

"هەنگاوی ستراتیژیی ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەییە"

محەمەد ناسر: هەندێک هەوڵدانی ئاشتی خوازیمان هەیە، وەک ئەو هەوڵانەی قازی محەمەد و مام جەلال و ئۆجالان داویانە، هەروەها مەسعود بارزانی دەڵێت جارێکی دیکە ناهێڵین خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێ، ئەگەر حزبەکەی بە کرداریی ئەوە پێکبهێنێت هەوڵێکی باشە، دەبێت سەرەتا کار بەو هەوڵانە بکەین، دواتر دەبێت تاکەکانمان پەروەردەیەکی ئاشتی خوازانە بکەین، لە خوێندنگاکانەوە دەستپێبەکەین، هەروەها هەنگاوی ستراتیژیش ئەوەیە دەبێت یەکێتی نەتەوەیی بەهێز بکەین و کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستین، هەروەها ئەو کۆنگرەیەی ساڵی ٢٠١٣ بە دەستپێشخەریی و پێشنیاری ئۆجالان لە هەولێر ئەنجامدرا کاری لەسەر بکرێتەوە، بەڵام پێش ئەوە دەبێت تاکەکان بۆ یەکێتی نەتەوەیی کورد ئامادە بکەین.

د.ع