د.سەردار عەزیز: دەوڵەتی تورک لەسەر قووتدانی کورد دروستبووە

دەربارەی سیاسەتی دەوڵەتی تورک و داگیرکارییەکانی، د.سەردار عەزیز پێیوایە، تا کورد لاواز و پەرت بێت ئەوان دەتوانن زیاتر ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبێت، دەشڵێت، "دەوڵەتی تورک لەسەر قووتدانی کورد دروستبووە"، ئاماژەبەوەش دەکات: ئەردۆغان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت چۆن سوودمەندبێت لەو قەیرانانەی لە ناوچەکەدا هەیە.


دکتۆر سەردار عەزیز، توێژەر و مامۆستای زانکۆیە لە وڵاتی ئێرلەندا، شارەزایی هەیە لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا، لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ئێمە، شیکردنەوە بۆ ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەیرانە ناوخۆییەکانی تورکیا و مەترسییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردستان دەکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- جموجوڵەکانی دەوڵەتی تورک لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەبینین، بەتایبەت سوریا و لیبیا و عێراق، ئامانج لەم شێوازە سیاسەتە دەرەکییەی تورکیا چییە؟

"ئەردۆغان دەیەوێت بە پەلکێشان بە دەرەوە جۆرێک لە هاوسەنگی دروستبکات کە لەناوەوە پێی ناکرێت"

د.سەردار عەزیز: بۆ ئەوەی باشتر تێبگەین، دەبێت ئەوە بپرسین کە چی پاڵنەری ئەردۆغانە کە دەیەوێت فراوانخوازیی لە سنووری تورکیادا پیادەبکات، جا چ بە هێزی ڕاستەوخۆی خۆی بێت یاخود لەڕێی میلیشیای کرێگرتەیەوەبێت، بەڕای من دوو فاکتەر لەپشت ئەم هەنگاوانەی ئەردۆغانەوەن، یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێزەی داودئۆغڵو کە تورکیا وڵاتێکی ناوەندییە نەک پەراوێزیی، چونکە تورکیای نوێ بە وڵاتێکی پەراوێزی ئەوروپا و ناتۆ هەژمار دەکرا، بەڵام تێزەکەی داودئۆغڵو فراوانخوازییە لەڕووی ئابووریی، مێژوویی، کەلتووریی و ئاینییەوە، ئێستا بوارێکی دیکەش زیادیکردووە بۆ ئەم تێزە ئەویش ئەوەیە کە سیاسەتی دونیا لە دۆخێکدایە کە تورکیا دەتوانێت یاری لە نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا و چین بکات، خۆی وەها دەبینێت کە ئەویش یەکێکە لە هێزە کاریگەرە هەرێمییەکان، بۆیە دەبینین پەلکشانی هەیە بۆ قەتەر، لە دەریای سوور بەندەر دەکڕێت، ئێستا دەستوەردانەکانی لە لیبیا، پێشتریش هەوڵیدەدا بە پشتیوانیکردنی ئیخوانییەکان لە تونسەوە بۆ ئیستەنبوڵ ئەڵقەیەک بە قەراغی دەریای ناوەڕاستدا دروستبکات و خۆی سەرپەرشتی بکات، بۆ ئەمەش سوود لە داعش، لە قەیرانەکان و خواستی خەڵک دەبینێت.

"فاکتەرەکەی دیکەش فاکتەری ناوخۆییە، تورکیا لە ڕووی ئابوورییەوە لە قەیراندایە، خەڵک زۆر بێزارە لە هەڵسووکەوتەکانی ئەردۆغان و نەمانی ئازادیی و سەرکووتکردنی ئۆپۆزسیۆن، ئەردۆغان دەیەوێت بە پەلکێشان بە دەرەوە جۆرێک لە هاوسەنگی دروستبکات کە لەناوەوە پێی ناکرێت، چونکە کاتێک قەیرانێک دروستدەکات، ئۆپۆزسیۆنی ناوەوە ناچار دەکات بێدەنگبێت یاخود پشتیوانیی لێبکات".

- زۆر جار دەوترێت ئەردۆغان دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی پێشتر لەژێر فەرمانڕەوایی عوسمانیدابوون، بەتایبەت تورکیا ئێستا پرسی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی لۆزانی کردووەتە ڕۆژەڤی خۆی، تورکیا دەتوانێت ئەم خەونەی بهێنێتەدی؟

"ئەردۆغان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت چۆن سوودمەندبێت لەو قەیرانانەی لە ناوچەکەدا هەیە"

د.سەردار عەزیز: تورکیا ئامانجێکی دیکەی لە ٢٠٢٣دا هەیە ئەویش یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا و ڕووخانی عوسمانییە، ئەمان وەک ئیسلامی سیاسیی دەیانەوێت کۆتایی بە ئەتاتورکیزم بهێنن و تورکیا بەرەو ئیسلامییەت بەرن، دەمێکە ئەوان ئەم ئامانجەیان هەیە، بەڵام ئەمە دروشمە، ڕاستییەکە ئەوەیە ئەردۆغان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت چۆن سوودمەندبێت لەو قەیرانانەی لە ناوچەکەدا هەیە، سوودمەندبێت لەڕووی هەژموون و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی، ئامانجی هەرە سەرەکیی ڕۆشتنی تورکیا بۆ لیبیا بۆ ئەوەیە سوودمەندبن لەو غازە سروشتییەی کە لەژێر دەریای ناوەڕاستدا بوونی هەیە، وە بەشێک بێت لە مێزی دانووستان لەو پرۆسەیە بۆ ئەوەی دەستکەوتی هەبێت، ئەو وزەیەش دەبێت بە سەرچاوەیەک بۆ ڕووسیا و بە تورکیادا تێدەپەڕێت، ئەگەر بێتوو ئەو وزەیە بە تورکیادا تێنەپەڕێت و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ئەوروپا، ئەوا تورکیا هێندەی تر پەراوێز دەخرێت.

- بەڵام لە بەرامبەر ئەم پەلهاوێشتنە بەرژەوەندییخوازانەشیدا، تا ئێستا هەڵوێستی ئەوتۆ چ لە یەکێتی ئەوروپا، چ لە ناتۆ و چ لە ئەمریکاش نابینرێت، بۆچی؟

"دۆخی ئێستا بە کێشەی ئەردۆغان دەبینرێت"

د.سەردار عەزیز: تورکیا هەم لەبەر ئەندامبوونی لە ناتۆ و هەمیش لەبەر ئەو پێگەیەی کە هەیەتی بەرامبەر ئەوروپا بێدەنگیی لێکراوە، ئێستا ئەوروپا لاوازە، زۆر دەترسن لە شەپۆلی کۆچبەر و تیرۆر، تورکیاش ئەمەی بە سیاسیی کردووە و بازرگانیی پێوە دەکات، ئەمەش وایکردووە یەکێتی ئەوروپا نەتوانێت هەڵوێستێکی تووندی بەرامبەر بنوێت، ئەمریکاش هەڵوێستێکی جێگیری نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی جیاوازی کەسیی نێوان ئەردۆغان و ترامپ، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و مایەی خۆشحاڵییە ئیدارەی ئەمریکیی بەشێوەیەکی گشتیی لەگەڵ فراوانخوازییەکانی تورکیا نین، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە تورکیا ئەندامێکی ناتۆیە و چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە دوای ئەردۆغان جارێکیتر تورکیا بخرێتەوە ناو بازنەی سیستمی ڕۆژئاوایی، چونکە دۆخی ئێستا بە کێشەی ئەردۆغان دەبینرێت، ئەمە هۆکاری ئەوەن پەرچەکردارێکی ئەوتۆ بەرامبەر تورکیا نییە.

- پێشبینی دەکەیت تورکیا لە ئەندامێتیی ناتۆ دەربکرێت؟

"هێرشی ڕۆژئاوا جارێکی دیکە ئەندامێتی تورکیای خستەژێر مەترسییەوە"

د.سەردار عەزیز: کۆمەڵێک هەڵوێست لەلایەن تورکیاوە ڕوویدا، کە ئەندامێتی تورکیای لە ناتۆ خستە ژێر پرسیارەوە، بنەمایەکی ناتۆ ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە بەهانای یەکترەوە دێن لە کێشەکاندا، بەڵام ئەو هەڵوێستەی تورکیا لە دوا کۆبوونەوەی ناتۆ لە لەندەن نواندی کە وتی ئامادەنییە هاوکاریی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بکات لە پرۆسەی بونیادنانی سارووخدا، ئێستا گومان هەیە لەوەی کە ئایا تورکیا ئەو وڵاتەیە کە وەک هاوپەیمانێک پشتی پێ ببەسترێت، زۆرێک لە ئەندامانی ناتۆ و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە گومان لەوە دەکەن، بەتایبەت کە ئێستا تورکیا و ڕووسیا پێکەوەن، لە پەیوەندیی بە هێرشی ڕۆژئاواش جارێکی دیکە ئەندامێتی تورکیای خستەژێر مەترسییەوە، چونکە ئەو هێرشە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەندامانی دیکەی ناتۆدا نەدەهاتەوە.

-ئەگەر بێینە سەر بارودۆخی ناوخۆیی تورکیا، ئێستا قەیرانێکی زۆر ناوخۆی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، پێتوایە تاکەی تورکیا دەتوانێت بەرگەی ئەم دۆخە ناوخۆییەوە بگرێت؟

"زۆر کەس وادەبینن ئەمە دوا یاریی ئەردۆغانە"

د.سەردار عەزیز: دوو فاکتەر هەبووە لە مێژووی تورکیادا، فاکتەرێکی سەربازیی و فاکتەری دیموکراسیی، هەردووکیان لە قەیراندان ئێستا، دوای کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ ئەردۆغان توانی سوپا بە ئاراستەیەکی دیکە ببات، یەکێک لە هۆکارەکانی پەلکێشان بۆ دەرەوەش، سەرقاڵکردنی سوپایە بۆ ئەوەی نەیپەرژێتە ناوخۆی وڵات، تورکیا بەناوبانگە بە کودەتا، بەڵام سوپا کە فاکتەرێکی کودەتایە لە قەیراندایە، هاتووە دیموکراسیشی پەکخستووە، لەڕێگای شەڕەوە ئۆپۆزسیۆنی گۆشەگیرکردووە، لە ڕێگای سەرکووتکردن و بەندکردنیشەوە هەر لە مامۆستای زانکۆ، تا ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و چالاکوانی خستووەتە زیندانەوە، ئەمانە وایکردووە ئەو دەنگانەی کە دەتوانن فشار بکەن وەستێندراون، بەڵام ئەگەربێتوو هەڵبژاردن ببێت، ئەگەری زۆرە ئەمجارە وەک جاران نەبێت، چونکە لەناو ئاکەپە خۆیدا داودئۆغڵوو جیابووەوە، ئەو سیستمەی کە ئەردۆغان هێنایە کایەوە کە سیستمی سەرۆکایەتییە، بیری لەوە نەکردەوە کە دەبێتە هۆی یەکخستنی نەیارەکانی، چاوەڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی تورکیادا، هەموو ئەوانەی کە نەیاری ئەردۆغانن بەیەکەوە یەک کاندیدیان هەبێت بەرامبەر ئەردۆغان، ئەوەش وادەکات دەنگەکان پەرشوبڵاو نەبن، بۆیە زۆر کەس وادەبینن ئەمە دوا یاریی ئەردۆغانە.

- دکتۆر سیاسەتێکی ستراتیژیی دەوڵەتی تورک دەبینین بەرامبەر باکوری کوردستان، ئەویش ئابڵۆقەدانی باکوری کوردستانە، بۆنموونە ویستی بە قووڵایی ٣٢ کیۆمەتر و بە درێژایی ٤١٥ کیلۆمەتر بچێتە ڕۆژئاوای کوردستان، لە باشوری کوردستانیش زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر پێشڕەویی کردووە، واتا دەیەوێت پشتێنەیەک بەدەوری باکوری کوردستاندا دروستبکات، پێتوایە مەبەست لەم دابڕینەی باکور چییە؟

"دەوڵەتی تورک پرسی کورد بەکاردەهێنێت بۆ فراوانخوازیی خۆی"

د.سەردار عەزیز: دەمێکە تورکیا دەیەوێت پەلبکێشێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لاوازبوونی دەوڵەتانی عێراق و سوریا بە دەرفەتێک دەزانن بۆ ئەوەی بیقۆزنەوە، نەک تەنها پشتێنەیەک بەدەوری باکوری کوردستاندا دروستبکەن، بەڵکو ببنە هێزێک کە بڕیاردەر و کاریگەربن لە داڕشتنی داهاتووی ئەم وڵاتانەدا، دەوڵەتی تورک پرسی کورد بەکاردەهێنێت بۆ فراوانخوازیی خۆی، ئامانجی سەرەکییان دژایەتیی کوردە، ئامانجیشیان لاوازکردنی کوردە بە باشوور و ڕۆژئاوا و باکوریشەوە، چونکە ئێمە وانابینێت کە جیاوازیی و سنوور لە نێوانماندا هەیە، ئەو وا ئێمە دەبینێت کە هەموومان وەک یەک مەترسین بۆ ئەو، چونکە دەوڵەتی تورک لەسەر قووتدانی کورد دروستبووە.

- دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان تاچەند درکیان بەم مەترسییانە کردووە؟ لەکاتێکدا دەبینین لەڕووی سیاسیی و بازرگانییەوە ڕێککەوتن لە نێوانیاندا هەیە؟

"تا کورد لاواز و پەرت بێت ئەوان دەتوانن زیاتر کاریگەرییان هەبێت"

د.سەردار عەزیز: بەداخەوە شەڕی ناوخۆی کوردیی کۆتایی نەهاتووە، ئەمەش بنەمای داڕشتووە بۆ ئەوەی بەشێک بەلای تورکیادا بڕۆن و بەشێکیش بەلای ئێراندا، بۆیە ئەمە زەمینەی بۆ ئەوان سازاندووە، تا کورد لاواز و پەرت بێت ئەوان دەتوانن زیاتر ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبێت، لەهەمان کاتدا سوود لە وەرچەخانی تەکنیکیش دەبینن بۆ بەرفراوانبوونی ڕۆڵیان.

- کەواتە تاچەند لێرەدا دەتوانین گرنگیی پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد ببینین؟

د.سەردار عەزیز: بەداخەوە کورد فێرنییە سەرباری جیاوازییەکانی بێتوو و خاڵە هاوبەشەکانی لەیەک نزیکبکاتەوە، مەرج نییە هەموو هێزە کوردییەکان هەمان ئەجێندایان هەبێت، بەڵام دەتوانن کار لەسەر کۆمەڵێک بنەمای هاوبەش بکەن، بێگومان هێزی هەرێمییش ڕۆڵیان هەیە لەوەی ئاستەنگکردنی پرۆژەی یەکگرتنی کورد، چونکە ئەوان دەیانەوێت بە پەرتەوازەیی بمێنییەوە، پەرتەوازەییش بەمانای لاوازیی دێت.

س.ح