د.کامەران مەنتک: دەبێت شەڕی ئەوانە بکەین ڕێخۆشکەریی بۆ داگیرکاریی دەکەن

دکتۆر کامەران مەنتک ڕووناکبیر و مامۆستای زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، کە کۆی پرسی کورد لە مەترسییدایە و پیلانە ستراتیژییەکانی دەوڵەتانی زلهێز کوردستانی خستووەتە بەردەم ئایندەیەکی ترسناکەوە، پێشیوایە کورد لە باشوری کوردستان نەبووەتە خاوەن ئەقڵی سیاسیی و توانای تێگەیشتنی لە هاوكێشەکان لاوازە، دەشڵێت: دەبێت شەڕی ئەوانە بکەین ڕێخۆشکەریی بۆ داگیرکاریی دەکەن.


دکتۆر کامەران مەنتک، مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەدیین، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، باس لە پیلانە ستراتیژییەکانی دەوڵەتانی زلهێز لەسەر کوردستان بەگشتیی و پیلانەکانی دەوڵەتی تورک بەتایبەتیی دەکات، هاوکات ئاماژەش بە پەتەوازەیی ناوماڵی کورد دەکات و بەگرنگییەوە باس لە پێشخستنی ئەڵتەرناتیڤ دەکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- بۆچی ئاڵۆزیی و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان گەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا؟

"شەڕێکی جیهانیی و میدیایی دەگوزەرێت بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی کورد "

د.کامەران مەنتک: کوردستان بە هەموو پارچەکانییەوە بە دۆخێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، ئەوەش دەرهاویشتەی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە لە هاوکێشە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکاندا ڕوودەدات، لە ٢٠١٥ەوە ئەو گۆڕانکارییانە بەردەوامە و کاریگەریی لەسەر ناوخۆیی کوردستانیش هەبووە، ئەم ململانێیانەدا نوێ نییە، لەپاڵ قەیرانەکانیشدا شتێکی نوێ هەیە کە من پێموایە شەڕێکی جیهانیی و میدیایی دەگوزەرێت، کە کار لەسەر تێکشکاندنی ئیرادەی کورد دەکات، کار لەسەر ئەوە دەکرێت دۆخەکە بەشێوەیەکی زۆر ئاڵۆزتر نیشان بدرێت، ئەو شەڕەش لە چەند ئاستێکی دەگوزەرێت، وەک شەڕی دیموگرافیی و سیاسیی و ڕۆشنبیریی، بەڵام زیاتر فۆکسەکە لەسەر شەڕی سەربازییە.

-بۆچی کوردستان بووەتە گۆڕەپانی ئەو شەڕە؟

"باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بوونەتە بنکەیەکی ململانێی نێودەوڵەتیی"

د.کامەران مەنتک: ئەوە جیۆپۆلەتیکی کوردستانە کردوویەتییە گۆڕەپانی ئەو شەڕە، تەماشاکە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بوونەتە بنکەیەکی ململانێی نێودەوڵەتیی، پێموایە ئەمەی ئێستا ڕەنگە کۆتایی قۆناغێک بێت، کە بەداخەوە ڕەنگە بەکۆتاییهاتنەکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەبێت، لە بەرامبەریشدا سەرەتای قۆناغێکی دیکەیە، کە دەبێت خەڵکی کوردستان زیاتر هەست بە ڕووداوەکان بکات و زیاتر ڕووبەڕووی ئەو هەموو شەپۆلە ببێتەوە.

- مەبەستتان چ گۆڕانکارییەکە؟

"ڕۆژ بەڕۆژ پرسی کورد بچووک دەبێتەوە"

د.کامەران مەنتک: دەوڵەتە هەرێمییەکان لە ٢٠١٥ەوە تا ئێستا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە کە ئێمە نامانەوێت دانی پێدابنێین، لە باشوری کوردستان کورد بەشێکی زۆر لە خاکەکەی لەدەستداوە، کوردستان لە سەردەمی داعشدا بەشێکی زۆری خاکەکەی بەدەستهێنایەوە، بەڵام خەریکە لەسەر گۆڕەپانی شەڕەکە دەستکەوتەکان لەدەست دەدات، لە ٢٠١٦ەوە لە قەڵغانی فوراتەوە دەستیپێکرد و دواتر هاتە ١٦ی ئۆکتۆبەر، پاشان عەفرین، بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ پرسی کورد بچووک دەبێتەوە، ساڵی ٢٠١٠ حکومەتی عێراق لە هەولێرەوە دروستبوو، کە من پێموایە ئەوە یەکێک بوو لە هەڵە سیاسییە زەقەکانی سەرکردایەتیی کورد، لەبری ئەوەی کار لەسەر یەکخستنی ناوماڵی خۆی بکات کاری لەسەر یەکخستنی ناوماڵی عێراقییەکان کرد، بەڵام لە ٢٠١٤ پەرلەمانتارەکانی کورد بواری دەربڕینی بۆچوونی خۆیان نەبوو لەسەر حکومەتی نوێی عێراق، لە ٢٠٢٠ وا دەبینین دەستکەوتەکانی کورد لەو حکومەتە تەنها وەزیرێک بووە کە بەکردەیی دانراوە، کەواتە کورد ئێستا لە باشوریش بەوپەڕی لاوازیی بەشداریی حکومەت دەکات.

- کورد بۆچی گەیشتە ئەو ئاستە؟

"چەندە عێراق بەهێزتر دەبێت هەرێمی کوردستان بچووکتر دەبێتەوە"

د.کامەران مەنتک: لەبەر ئەوەی بەهاری عەرەبیی بووە هۆی گۆڕینی زۆر سیستمی سیاسیی، لە باکوری ئەفریقا دەستیپێکرد و لە سوریا چەقی، لەوێوە هاوکێشە هەرێمییەکان بەرەو بەرزبوونەوە دەچن، عێراقیش وەک دامەزراوەیەکی هەرێمیی لە دوای ٢٠٠٥ەوە کار لەسەر بەهێزبوونەوەی خۆی دەکات تا ٢٠١٠، بەڵام لەدوای ٢٠١٠وە حکومەتی عێراق بەرزتربوونەوە دەکات، چەندە عێراق بەهێزتر دەبێت هەرێمی کوردستان بچووکتر دەبێتەوە، تا دەگاتە ئێستا کە دەبینین بەغدا ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکات شتێک نەمێنێت بەناوی هەرێمی کوردستان، تەنانەت گۆڕەپانی سیاسیی باشوری کوردستانیش دابەشبوون بەسەر دوو بۆچوون، کە هەندێکیان باسی لامەرکەزیی دەکەن، بەڵام ئەوانە خۆی لەخۆیدا هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییشەوە هەڵبووەشێتەوە.

-عێراق بەتەنها کار لەسەر نەمانی ستاتۆی هەرێمی کوردستان دەکات وەک خۆتان دەڵێن، یان دەوڵەتە هەرێمییەکانی دیکەش ڕۆڵیان لەو هاوکێشەیەدا هەیە؟

"لیژنەیەکیان پێکهێناوە بەناوی لیژنەی هەماهەنگیی"

د.کامەران مەنتک: بێگومان ئەوە یارییەکەی سیاسیی هەرێمییە کە لە ٢٠٠٨ەوە لەلایەن ئەو چوار وڵاتەوە کاری لەسەر دەکرێت کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بەناوی لیژنەی هەماهەنگیی، کە دەوڵەتە لەپشت دەوڵەت، دەتوانین بڵێین دەوڵەتی سێبەر کار لەسەر ئەوە دەکات ئەو دامەزراوە هەرێمییەی بەر لە ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات هەبوو بگەڕێتەوە، کاتێک ڕاپەڕینی کورد ڕوویدا دەرەنجامی ئەوەبوو کە بلۆکی ڕۆژهەڵات ڕووخا، کەشێکی جیۆپۆلەتیکیی بۆ کورد ڕەخساند کە ڕاپەڕین دروستبوو و هەرێمی کوردستان دامەزرا، بەڵام ئێستا خەریکە ئەو کەشە جیۆپۆلەتیکییەش نامێنێت و سیستمی تاک جەمسەرییش بەکردەیی هەڵوەشاوەتەوە، بۆردوومانی کیمیایی ساڵی ٢٠١٧یش لە سوریا بەلای زۆرێک لە شارەزایانەوە بە سەرەتای گەڕێکی دیکەی شەڕی سارد ناوبرا، ئێستاش هەرێمی کوردستان خەریکە دەبێتەوە ناوچەیەکی تامپۆنیی لە نێوان زلهێزەکان، وەک ئەوەی لە قۆناغی شەڕی سارد هەبوو لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ ساڵی ١٩٩٠.

- بۆچی لایەنە کوردستانییەکان نەیانتوانی کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییە هەرێمییانە لە کوردستان دووربخەنەوە، یان لانیکەم خۆیان نەبنە بەشێک لێیان؟

" سەرکردایەتیی کورد لەئاست گۆڕانکارییەکاندا نەبوو"

د.کامەران مەنتک: لەبەر ئەوەی سەرکردایەتیی لەئاست گۆڕانکارییەکاندا نەبوو، پاشخانە مێژووییەکەیان وابەستەی کردبوون بە دەوڵەتە هەرێمییەکانەوە، بۆ نموونە لەکاتی شەڕکردن لەگەڵ ڕژێمی عێراق، هەردوو دەوڵەتانی تورکیا و ئێران کاریگەریی گەورەیان هەبوو لەسەر کڕین و لێسەندنەوەی ئیرادەی ئەو کەسانەی کە بەناوی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی کاریان دەکرد، شتێک نەبوو بەناوی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی کورد، سەرکردایەتیی قەیران نەبوون بەڵکو کۆمەڵێک بازرگانی سیاسیی بوون، بازرگانییان بە پرسی کوردەوە دەکرد، لەپڕ دەرفەتێکیش هاتە پێشەوە بۆیان خەریکبوو بیانکاتە سەرکردە، بەڵام خۆیان نەیانتوانی لە قاوخی بازرگانیی سیاسیی دەربچن، بۆیە بەهەمان ئەقڵییەتی قۆناغی شەڕی ساردەوە دەستیان بەکارکرد، ئەگەر تەماشای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش بکەیت، دروشمەکانیشی دروشمی شەڕی ساردن، دروشمی ئۆتۆنۆمی بۆ هەرێمی کوردستان و دیموکراسییان بۆ عێراق بەرزکردبووەوە، لەکاتێکدا ئەوە دروشمی شەڕی ساردبوون.

- واتە تێگەیشتنێکی دروستیان بۆ مێژوو نەبوو؟

"مێژووی کورد سەرلەنوێ پێویستی بە خوێندنەوەی ورد هەیە"

د.کامەران مەنتک: نەخێر، مێژووی کورد سەرلەنوێ پێویستی بە خوێندنەوەی ورد هەیە، ئەگەر ئێمە بینا لەسەر ئەو مێژووە بکەین، کە زۆر بە لێزانانە چەواشە دەکرێت، پێموایە بە سەدان ساڵی دیکە ئەو تاکە پەروەردە دەکەین، کە توانای تێگەیشتنیان لە دۆخەکان نەبێت.

- بێتان وایە بناغەی ئەو زهنییەتەشی کە هێزی کوردی دژ بە هێزێکی کوردیی دیکە پاڵ دەدەن بە داگیرکەرانەوە، هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؟

"ئەو شەڕە لە دواجاردا چارەنووسی کوردستان دیاریی دەکات"

د.کامەران مەنتک: هەتاوەکو ئێستاش ئەمریکا و ئەوروپاش بۆ لێکترازانی ماڵی کورد، کوردی باش و کوردی خراپ بەکاردەهێنن، ئەو کوردانەی کە لەگەڵ ئەوانن پێیان دەڵێن کوردی باش، ئەوانەشی پرۆژەیەکیان پێیە بۆ سەربەخۆیی ناویان ناوە کوردی خراپ، لەڕاستیدا پێموایە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنی جیۆپۆلەتیکیی ناوچەکە، شەڕەکان بەتەنها شەڕی ئایدۆلۆژیی نین بەڵکو شەڕی هاوسەنگیی هێزە، شەڕی داڕشتنەوەی سیستمێکی نوێی جیهانە، ئەو شەڕە لە دواجاردا چارەنووسی کوردستان دیاریی دەکات.

- ئەی لە ئەقڵییەتی هێزی کوردییدا ئەم دابەشبوونە چۆن چەسپاوە؟

"هەموو شتێکی کوردستانیان حەڵاڵکردووە بۆ داگیرکەران"

د.کامەران مەنتک: جارێ من ناکۆکییم لەگەڵ ئەوە چەمکە هەیە کە دەڵێن ئەقڵیەتیی سیاسیی کوردیی، چونکە لە باشوری کوردستان حزبی سیاسیی نییە هەتا ئەقڵییەتی سیاسیی هەبێت، ئەوەی هەیە بنەماڵەی سیاسیین، ئەو بنەماڵە سیاسییانەش لەسەر بنەمایەکی بچووک کە بریتییە لە بەرژەوەندیی بنەماڵە و حزبەکانیان کار دەکەن، ئامانجی ئەم هێزانە پاراستنی هەرێمی کوردستان نییە ئەوەندەی کە بەتەنگ پاراستنی بنەماڵەکەی خۆیانەوەن، بۆیە هەموو کوردستانیش وێران ببێت ئەوان بەردەوام دەبن لە گرێبەستەکانیان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، هەموو شتێکی کوردستانیان حەڵاڵکردووە بۆ داگیرکەران تەنها لەپێناو مانەوەی خۆیان.

- ڕێخۆشکەریی بۆ هاتنی دەوڵەتی تورکیش بۆ هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ئەو پاکێجەوە؟

د.کامەران مەنتک: هاتنی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بە بیانووی لێدان لە پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵکو بۆ ئەوەیە ستراتیژییەتێکی هەرێمیی خۆی بهێنێتە دی، ئەویش لەلایەک لێدانە لە پرسی کورد، لەلایەکیش چاوتێبڕینێکی جوگرافییە، بەڵام نەک هیچ هەڵوێستێک بەرامبەری نییە بەڵکو بەرگریشی لێدەکرێت، بەناوی ئەوەی کە کوردەکانی باکور بۆ هاتوون بۆ ئێرە؟ باشەی ئەی ئێمە بۆ دەستوەردان لە ڕۆژئاوا دەکەین؟ بۆ دەستمان وەردایە ڕۆژهەڵات؟ نیوەی شەهیدەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەست حزبەکانی ئێرەیە، ڕۆژئاوا ستاتۆیەکی دروستکردووە هەرێمی کوردستان چەند هاوکاریی کردووە؟ چەند کاریان لەسەر دروستکردنی هێزی دیکە کردووە بۆ ئەوەی دۆخی ڕۆژئاواش وەک ئێرەی لێ بکرێت.

- ئەو دەستێوەردانانەش هەر لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندیی "بنەماڵە سیاسییەکانە" وەک خۆت ناوتنان؟

"ئەم ئیدارەیەی لێرە دەکرێت لەسەر بنەمای هاوسەنگیی بەرژەوەندیی بنەماڵەکانە"

د.کامەران مەنتک: ئەم ئیدارەیەی لێرە دەکرێت لەسەر بنەمای هاوسەنگیی بەرژەوەندیی بنەماڵەکانە، ئەمریکا لەسەر هەمان توراسی بەریتانییەکان سیاسەتیان لەم ناوچەیە کرد، من خوێندنەوەم بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە کردووە کە ساڵی ١٩٩٢ تورکیا و هەرێمی کوردستان دژ بە پەکەکە ئەنجامیان دا، ئەگەر تەماشای دابەشبوونی هێزەکان بکەیت، هێزە کوردییەکان لەسەر بنەمای سەربازیی دانەمەزراون، بەڵکو لەسەر بنەمای خێڵ و عەشیرەت دامەزراون، تورکیاش لەسەر بنەمای خێڵێک مامەڵە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دەکات، تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمیی تورکیا مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکردووە، ڕاستە مامەڵە هەبووە بەڵام بۆ داگیرکردن بووە، تورکیا ئەو بنەماڵە سیاسییەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بۆخۆی حەڵاڵ بکات.

- سەرەنجام ئەمە چ مەترسییەکی بۆ سەر کوردستان بەگشتیی هەیە؟

"دەیانەوێت کوردستان لەسەر بنەمایەکی دیمۆگرافیی دابەشبکەن"

د.کامەران مەنتک: قۆرخکارییەکی ئابووریی و بە کۆلۆنیاکردنی ئابووریی لە کوردستان هەیە، زیاد لە هەزار و ٣٠٠ کۆمپانیای تورکیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام چەند کۆمپانیای کوردیی لە تورکیا کار دەکات، تورکیا تەنانەت ناوی کوردستانیشی پێ قبوڵناکرێت، ئێستا بەرەو بەکۆلۆنیاکردنی سەربازییش دەچین، لە سەر سنوورەکانی قەڵغانی فوراتەوە لە منبج'ـەوە وا دێت، ئەو دیوارە مرۆییە دروست دەکات بەناوی ناوچەی ئارام، دەیانەوێت کوردستان لەسەر بنەمایەکی دیمۆگرافیی و دابەشکردنی دیموگرافییی دابەش بکەنەوە، تەماشاکە پرۆسەی بە تورککردن لە عەفرین دەستیپێکردووە، لەو شوێنانەی باشوری کوردستان کە تورکی تێدایە، پرۆسەی گۆڕینی کلتوور دەستیپێکردووە، چۆن دەبێت کوردێک پێشوازیی لە سوپایەکی داگیرکەر بکات و ژنەکانی لەگەڵیان دابنیشێت و خواردنیان بۆ ئامادە بکەن و ئاهەنگ بگێڕن؟ ئەمە گۆڕانێکی کلتوورییە و داگیرکاریی کەلتوورییە.

- زینی وەرتێش بەشێكە لەو هاوکێشەیە؟

د.کامەران مەنتک: هەڵبەت ئەو پەلهاویشتنانەی تورکیا بەبێ ڕێگەپێدانی ئەمریکا نییە، ناکرێ تورکیا بۆردوومان و سنووربەزاندن بکات و ئەمریکا ئاگای لێ نەبێت، ئەمە بەشێکە لە ستراتیژییەتی گەورەکردنی تورکیا بۆ ئەوەی وەک پاسەوانێکی ناتۆ لە ناوچەکە بمێنێتەوە، تورکیا ئێستا خۆی وەکو پاسەوانێکی یاخیی نیشان دەدات، تورکیا لەڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە گرنگییەکی زۆری بۆ ئەوروپا هەیە، پەیوەندیی کوردیش وەک کارتێک بەرامبەر تورکیا بەکاردێت، چونکە ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئەو سیستمەی ئێستای تورکیا هەر بمێنێت، بۆیە تەماشا دەکەی چاوپۆشیی لێدەکەن و پێی دەڵێن لە کورد بدە، چونکە کورد لاوازترین خاڵە.

- کەواتە ئەگەر ئەم مەترسییانە بەمشێوەیە بەردەوامبێت بەکوێمان دەگەیەنێت؟

د.کامەران مەنتک: ئێستا کۆی پرسی کورد لە بەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، ئێمە دەبێت شەڕی ئەو هێزە سیاسییانە بکەین کە کوردستان بەرەو ئەو ئاقارە دەبەن و ڕێگەی داگیرکردن خۆش دەکەن، بەڵام دەبێت شەڕی مانەوەی ئەو قەوارەیەش بکەین کە لە باشوری کوردستان هەیە، ئێمە دەبێت لەوانە ڕزگارمان بێت کە بوونەتە بەڵام بۆ کورد، دڵنیام یەکێتی و پارتی خۆشیان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە دەڵێن ئەو خەڵکە چۆن بە حوکمی ئێمە ڕازین، چونکە خۆشیان دەزانن کە شایەنی حوکمکردنی ئەو خەڵکە نین.

- دەکرێت چی بکرێت بۆ کاڵکردنەوەی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان و سەرنجەکان زیاتر بخرێتە سەر ئامانجە ستراتیژییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر؟

د.کامەران مەنتک: پێویستە هێزی نوێ دابمەزرێنین و ئەڵتەرناتیڤ پێشبخەین، ئەو بناغە فکرییەشمان هەیە کە پێویستن بۆ ئەو گۆڕانکارییانە، من بۆخۆشم لە زنجیرە وتارێکدا کار لەسەر ئەو بناغە فکرییانە دەکەم.

س.ح