زانا ڕۆستایی: کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق ناکشێتەوە


ڕۆژنیوز - قه‌ره‌چوغ ئه‌نوه‌ر

زانا ڕۆستایی، ڕایدەگەیەنێت، کە ئومێد نییه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پشکی هەرێم بۆ ڕێژەی 17% و هەموو فراکسیۆنە عەرەبیەیکان لەسەر کەمکردنەوەی کۆکن، به‌دووریشى ده‌زانم کورد له ‌پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق بکشێته‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى بودجه‌.

زانا ڕۆستایی، ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنیوز-دا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و پرسی بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان و بودجەی پێشمەرگە و چەند بابەتێکی پەیوەندییدار دەنرخێنێت.

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

-چ ڕێگایه‌ک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پشکى کورد له‌ بودجه‌دا زیاد بکرێت بۆ 17% ؟

"به‌هۆى که‌مته‌رخه‌میى لایه‌نێکى کوردیى پرۆژه‌ یاساکه‌ ئاماده‌کرا"

ڕۆستایی: پرۆژه‌ى بودجه‌ قۆناغه‌ ئه‌ساسیه‌که‌ى بڕیوه‌، که‌ قۆناغى حکومه‌ته‌، ده‌بوایه‌ له‌کاتى گفتوگۆکان حکومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵ بوایه‌ پێویست بوو به‌شداربوونایه‌ له‌پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ له‌ڕێگه‌ى وه‌زیر و بریکارى وه‌زاره‌تى دارایی عێراق، که‌ هه‌ردووکیان پۆستى کوردن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى که‌مته‌رخه‌میى لایه‌نێک له‌لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان (پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق) و له‌غیابى ئه‌وان پرۆژه‌ یاساکه‌ ئاماده‌کرا.

-بۆچی حکومەتی هەرێم هەوڵی نەدا؟ ئێستا چارەسەر چییە؟

"ئومێدێک نییه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پشکی هەرێم بۆ 17%"

ڕۆستایی: حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌وڵى جدیى نه‌دا سه‌رقاڵى شتى تربوو، ئێستا که ‌هاتووەته‌ ناو ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئێمه‌ هه‌ندێک میکانیزمى په‌رله‌مانییمان له‌به‌رده‌سته‌ و ناتوانین هه‌موو شتێک بکه‌ین، ڕه‌نگه‌ بتوانین بایکۆت بکه‌ین یان ڕێژه‌ى یاسایی تێکبده‌ین یاخود له‌گه‌ڵ کوتله‌ سیاسییه‌کان کۆببینه‌وه‌ و ڕاوبۆچوونه‌کانیان بگۆڕێن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانیش کۆببینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوکارمان بن، به‌ڵام ئومێدێک نییه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پشکی هەرێم بۆ ڕێژەی 17%، چونکه‌ ئه‌وان ده‌ڵێن کاتى خۆى که‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ بۆ هه‌رێم دیاریکراوه‌ به‌شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه‌ نه‌بووه‌، دەڵێن ١٥ پارێزگاى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى فۆڕمى خۆراک بودجه‌یان بۆ دانراوه‌، بۆ پێوه‌رى هه‌رێمى کوردستان فۆڕمى خۆراک نه‌بێت و به‌ڕێککه‌وتنى سیاسى بێت؟، بۆیە بیانووى ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ که‌ پێچه‌وانه‌ى دادپه‌روه‌ریى بووه‌ و ڕاستى ده‌که‌نه‌وه‌.

-له‌گه‌ڵ کام له‌ فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مان دانیشتن و ڕێککه‌وتنتان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌ یاساکه‌ ڕه‌ت بکه‌نه‌وه‌؟

"به‌ڵێنیان پێنه‌داوین"

ڕۆستایی: ئێمه‌ وه‌ک فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى سه‌ردان و کۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کانى ناو ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق کردووه‌، به‌ڵام به‌ڵێنیان پێنه‌داوین، چونکه‌ ئه‌وان بڕوایان وایه‌ که‌ ده‌بێت ته‌نیا یه‌ک پێوه‌ر هه‌بێت بۆ هه‌موو عێراق ئه‌ویش سه‌رژمێرییه‌که‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراقە، که‌ به‌پێى ئه‌و سه‌رژمێیریه‌ش هه‌رێمى کوردستان له‌ 13% تێپه‌ڕناکات له ‌باشترین حاڵه‌تدا، سه‌رژمێرییکردنی دانیشتوانیش پرۆسه‌یه‌کى ئاڵۆزه‌ و کاتى زیاترى ده‌وێت، بۆیه‌ فریاناکه‌ون بۆ بودجه‌ى ساڵى 2018.

-ئەگەر فراکسیۆنەکان هاوڕانین لەسەر نادادپەروەریی پرۆژەکە، چۆن لە پەرلەمان قبوڵ نەکرا و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کرایەوە؟

"عه‌ره‌ب پێیوایه‌ ڕێژه‌ى 17% زیاده‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان"

ڕۆستایی: ڕەنگە فراکسیۆنه‌کان ڕاى جیاوازیان هه‌بێت له‌سه‌ر بودجه‌ به‌س له‌سه‌ر ڕێژه‌ى کورد ڕاى جیاوازیان نییه‌، هه‌موو عه‌ره‌ب پێیوایه‌ ڕێژه‌ى له‌ 17% زیاده‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، ڕه‌نگه‌ ئه‌وانیش هاوڕانه‌بن له‌سه‌ر بودجه‌ى پارێزگاکان بۆ نمونه‌ پێکهاته‌ى سوننه‌ پێیانوایه‌ ئه‌م پرۆسه‌ یاساییه‌ غه‌درى لێکردوون، چونکە هیچ بڕە پارەیەکی ته‌رخان نه‌کردووه‌ بۆ بابه‌تى گێڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شار و شارۆچکه‌کان، که‌ به‌هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ وێران بوون‌، له‌لایه‌کى تر هاوپەیمانیى نیشتیمانى داواى ته‌رخانکردنى پاره‌ى زیاتر ده‌کات بۆ حه‌شدى شه‌عبى، جگه‌ له‌مانه‌ش نوێنه‌رانى پارێزگاى به‌سرا به‌هۆى نه‌بوونى پترۆدۆلار له‌ پرۆژه‌ یاساکه‌ بیروڕاى جیاوازییان هه‌یه‌، که‌واته‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ ڕوانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى ڕازیی نییه‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌که‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو کوتله‌ عه‌ره‌بییه‌کانیش نه‌بێ ئه‌وه‌ زۆرینه‌یان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ 17% بۆ هه‌رێمى کوردستان زۆره‌.

-ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ یاساکه‌ په‌سه‌ند کرا کورد له‌ پڕۆسه‌ى سیاسى ده‌کشێته‌وه‌ یاخود چ هه‌ڵوێستێکى ترتان ده‌بێت؟

"کورد له‌پرۆسه‌ى سیاسى عێراق ناکشێته‌وه‌"

ڕۆستایی: به‌دوورى ده‌زانم کورد له ‌پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق بکشێته‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى بودجه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک له‌په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کان ئه‌م قسه‌یه‌یان کردبێت، به‌ڵام کوتله‌ سیاسیه‌ کوردییه‌کان له‌نێو خۆشیان یه‌ک ده‌نگ نین له‌سه‌ر هه‌ڵوێستیان، راسته‌ ده‌ڵێن بایکۆت ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ یاساکه‌ تێبپه‌ڕێندرێت، به‌ڵام ناڵێن له‌پرۆسه‌ى سیاسى ده‌کشێینه‌وه‌.

-خه‌ڵکى هەرێم چاوه‌ڕوانى مووچه‌یه‌، که‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆى بێت، ئایا هیچ به‌ڵێنێک دراوه‌ حکومه‌تى عێراق مووچه‌ ڕه‌وانه‌ بکات؟

"به‌ڵێنى نه‌داوە و ئه‌و مه‌رجى هه‌یه‌"

ڕۆستایی: تاکو ئێستا به‌غدا به‌ڵێنى نه‌داوە و ئه‌و مه‌رجى هه‌یه‌، مه‌رجه‌کانیش قابیلى گفتوگۆ نین لاى به‌غدا، چونکه‌ له‌ ڕوانگه‌ى به‌غداوه‌ مه‌رجه‌کان ده‌ستورین، به‌ڵام به‌ ڕوانگه‌ى کورد مه‌رجه‌کان هه‌ندێکیان زیاده‌ڕۆیین، بۆیه‌ ده‌کرێت گفتوگۆ بکرێت له‌ چۆنیه‌تى و چه‌ندێتى و له‌جێبه‌جێکردنى، به‌غداش ده‌ڵێت بێ گفتوگۆکردن ڕادەستکردنی فڕۆکه‌خانه‌کان و خاڵه‌ سنوورییه‌کان و نه‌وت ڕاده‌ستکردنى کۆمپانیاى سۆمۆ جێبه‌جێ بکرێت، هەروەها دەڵێت دەبێت حکومه‌تى هه‌رێم له‌ به‌یاننامه‌یه‌کى فه‌رمییدا بڵێت ئێمه‌ پابه‌ندى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵین سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆم.

-بۆچی بەغدا ئەوەندە مەرجی قورس بۆ هەرێم دادەنێت؟

"خۆى به بە‌هێز ده‌بینێت"

ڕۆستایی: لێره‌ به‌غدا خۆى به‌ بەهێز ده‌بینێت و له ‌ڕاستیه‌که‌شیدا به‌هێزه،‌ چونکه‌ پشتیوانییه‌کى نێوده‌وڵه‌تیی گه‌وره‌ى هه‌یه‌، ‌ عه‌بادى زۆرجار ده‌ڵێت پابه‌ندم به‌ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، به‌ڵام هه‌رگیز ناڵێت که‌ى و بیانوو دههێنێتەوە، پێشموایه‌ ئه‌مه‌ ده‌که‌وێته‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى عێراق.

-بۆچى حکومه‌تى عێراق تاوه‌کو ئێستا هه‌نگاوى نه‌ناوه‌ بۆ وردبینى کردن له‌ لیستى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم؟

"تەنیا بە بەغدا ناکرێت"

ڕۆستایی: به‌گوێره‌ى زانیارییه‌کانى من تاکو ئێستا به‌فه‌رمیى لیستى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم نه‌دراوه‌ته‌ به‌غدا، ئه‌م وردبینیه‌ ته‌نیا به‌به‌غدا ناکرێت و له‌سه‌ر کاغه‌زیش نابێت، ئه‌گه‌ر نیه‌تى جدیى هه‌بێت ئه‌وه‌ پێویسته‌ دیوانى چاودێریى دارایی عێراق بێته‌ هه‌ولێر و به‌هاوبه‌شیى له‌گه‌ڵ دیوانى چاودێریى دارایی هه‌رێم به‌شێوه‌ى مه‌یدانیی له‌فه‌رمانگه‌کان بکرێت، ئێمه‌ وه‌ک په‌رله‌مانتاران پشتیوانى پاککردنه‌وه‌ى لیستى موچه‌خۆران ده‌که‌ین له‌ که‌سانى نایاسایی و بندیوار و نابێت حکومه‌تى هه‌رێم ڕێگربێت له‌م بابه‌ته،‌ چونکه‌ له‌به‌رژوه‌ندیى خه‌ڵکى هەرێمی کوردستان و حکومه‌تیشدایه‌ دیارده‌ى نایاسایی له‌ناو لیستى مووچه‌خۆران نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌غدا بیانوو ده‌بینێته‌وه‌ له‌ چاککردنى لیستى مووچه‌خۆران و هه‌نگاوى جدیى نه‌ناوه‌.

- ئێوه‌ وه‌ک په‌رله‌مانتاران هیچ هه‌وڵێکتان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دانیشتن له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا-دا دروست بێت؟، ئەو لایەنانە کێن، کە دەبێت لەو شاندەدا جێبگرن؟

"سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوى جدیى نه‌ناوه‌ بۆ ئه‌م پرسه‌"

ڕۆستایی: ئێمه‌ داوا ده‌که‌ین ئه‌و شانده‌ى ئه‌مجاره‌ که ‌بچێت بۆ به‌غدا شاندێکى ڕاسته‌قینه‌ بێت نه‌وه‌ک شاندى حزبێک و دوو حزب، دەبێت به‌ته‌واویى گوزارشت له ‌شاندى کوردیى بکات و هاوبه‌ش بێت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوى جدیى نه‌ناوه‌ بۆ ئه‌م پرسه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌کانى ترى باشور چه‌ند سه‌ردانێکى رۆتینى کردووه‌، ئه‌گه‌ر حکومەت سەردانی بەغداش بکات ژماره‌یه‌ک بڕیارى بوێرانه‌ نه‌دات له‌وانه‌ چاکسازییکردن له‌ دۆسیه‌کانى گه‌نده‌ڵیدا یان ئه‌م باره‌ نائاساییه‌ى ئێستا، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌کرێت ته‌نها پینه‌کردن ده‌بێت له‌وه‌ى چاره‌سه‌رکردن.

-حکومه‌تى عێراق چه‌ند قه‌رزاره‌؟ پێتوایه‌ کورتهێنان له‌ بودجه‌ى ساڵى 2018 دا دروست بێت؟

"عێراق زیاتر له‌ 100 ملیۆن دۆلار قه‌رزاره‌"

ڕۆستایی: حکومه‌تى عیراق زیاتر له‌ 100 ملیۆن دۆلار قه‌رزاره‌، به‌ڵام قه‌رزى عێراق قه‌رزى وڵاتانه،‌ رێژه‌ى سووه‌کانیان زۆر که‌مه‌ واته‌ زۆر جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ قه‌رزه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، چونکه‌ هه‌رێم له ‌وڵاتان وه‌رینه‌گرتووه‌ به‌ڵکو له‌ چه‌ند بانکێکى وه‌رگرتووه‌ و به‌م هۆیه‌وه‌ ڕێژه‌ى سوه‌که‌ى زۆره‌، ئه‌وه‌ى عێراق زۆرجار واده‌کات کورتهێنان ڕووبدات به‌س ڕاسته‌قینه‌ نییه‌ واته‌ ته‌نها له‌سه‌ر کاغه‌زه،‌ چونکه‌ عێراق داهاتى نه‌وت و ناو‌خۆ و خاڵه‌ سنووریهی‌کانى هه‌یه،‌ بۆیه‌ بودجه‌که‌ وه‌ک خۆى ده‌بێت و ده‌توانێت جه‌رجیه‌کانى بۆ ده‌وڵه‌تى خۆى دابین بکات.

-به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ حکومه‌تى عێراق ناچار نابێت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران که‌مبکاته‌وه‌؟

"ده‌نگۆ هه‌یه 20%ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراق که‌مبکرێته‌وه‌"

ڕۆستایی: به‌ڵێ ئێستا فشارێکى زۆر له‌سه‌ر عێراق هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن سندوقى پێشینه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، که ‌ده‌بێت خه‌رجییه‌کانى که‌م بکاته‌وه‌ و به‌شێکى زۆرى خه‌رجییه‌کانیش مووچه‌خۆرانن، چونکه‌ له‌ عێراق زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هه‌زار مووچه‌خۆر هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش به‌پێى ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ژماره‌یه‌کى ئێجگار زۆره‌ به ‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ژماره‌ى دانیشتوان، ڕه‌نگه‌ ژماره‌یه‌کیش له‌م موچه‌خۆرانه‌ فه‌رمانبه‌رى ڕاسته‌قینه‌ نه‌بن له‌ فه‌رمانگه‌کان له‌عێراقیش وه‌ک هه‌رێمى کوردستان بندیوار هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌نگۆ هه‌یە له‌سه‌ر داواى سندوقى پێشینه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى ‌ 20%ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى عێراق که‌مبکرێته‌وه‌.

-له‌ پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى 2018دا چه‌ند بۆ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان کراوه‌؟

"بڕێک بودجە بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ سوپاى عیراقى دیاریى کراوه‌"

ڕۆستایی: بۆ پێشمه‌رگه‌ ژماره‌یه‌ک دیاریى نه‌کراوه‌، ته‌نها وتراوه‌ به‌پێى ڕێژه‌ى دانیشتوان بڕێک مووچه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌شى هێزه‌ وشکانییه‌کانى سوپاى عێراقیى دیارى ده‌کرێت، که‌ کۆمه‌ڵێک پێوه‌رى داناوه‌ و وه‌ک هێزه‌ وشکانییه‌کانى عێراق ئه‌ژمار ده‌کرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش ژماره‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌پێى دانیشتوان که‌ مووچه‌ى بۆ دێت تێپه‌رناکات له‌ 50 هه‌زار پێشمه‌رگه،‌ که‌ ئێستا حکومه‌تى هه‌رێم خاوه‌نى 200 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى هه‌یه‌ به‌ناو، به‌ڵام حکومه‌تى عیراق ناتوانێت موچه‌ى هه‌ر هه‌مووى دابین بکات.

-ئەی بۆ حەشدی شەعبی؟

ڕۆستایی: بۆ حه‌شدى شه‌عبى بڕه‌ پاره‌یه‌کى ئێجگار زۆر دیارییکراوه‌، که‌ زیاتر له‌ یه‌ک تریلیۆن دیناره‌،‌ هێشتا حه‌شدى شه‌عبى داواى زیاتر ده‌کات و پێیوایه‌ ئه‌م بڕه‌ زۆر که‌مه‌ به‌تایبه‌ت داواى یه‌کسانکردنى مووچه‌کانیان ده‌که‌ن وه‌ک هێزه‌ چه‌کداره‌کانى ترى عێراق.

-کێ رێگاى هه‌ولێر ــ که‌رکوک، هه‌ولێر ــ مه‌خمورى داخستووه‌ هه‌رێم یان عیراق؟

" تاوانه‌که‌ى ده‌که‌وێته‌سه‌ر ئه‌ستۆى حکومه‌تى هه‌رێم"

ڕۆستایی: ئه‌م ڕێگا داخستنه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ نیشانه‌ى نه‌مانى هه‌موو جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌که‌ له‌گه‌ڵ عێراق، که‌ ئه‌مه‌ نمایشێکى خراپه‌ و کاریگه‌رى زۆرى کردووەته‌سه‌ر لێک نزیک بوونه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا، ئێمه‌ به‌دواداچوونمان کردووه ‌و به‌غدا پێیان راگه‌یاندووین، که‌ که‌مته‌رخه‌مى له‌ ئه‌واندانییه‌ و ئاماده‌ی هه‌موو ڕێکارێکن به‌مه‌به‌ستى کارئاسانى بۆ هاتووچۆى هاوڵاتیان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ولێره‌وه‌ که‌مته‌رخه‌مى هه‌یه ‌و ئه‌و هه‌موو ئازاردان و ماندبوونی خه‌ڵکى که‌رکوک و مه‌خمور تاوانه‌که‌ى ده‌که‌وێته‌سه‌ر ئه‌ستۆى حکومه‌تى هه‌رێم، چونکه‌ رێگاى هه‌ولێر ـ موسڵ کراوه‌یه‌ له‌به‌ر خاترى هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندى کۆمپانیاى حزبى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى هه‌ولێر قسه‌مان کردووه‌ بیانوویان ئه‌وه‌ بووه،‌ که‌ بۆیه‌ ئه‌و ڕێگایه‌ کراوه‌یه‌، چونکه‌ شه‌ڕى داعش هه‌بووه،‌ ئێمه‌ش پێمان وتوون به‌س ئێستاش شه‌ڕ نه‌ماوه‌ سه‌ره‌نجام نه‌کردنه‌وه‌ى ئه‌م رێگایه‌ زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌که‌م خه‌ڵکى ئه‌و ناوچانه‌ و چاره‌سه‌رکردنى دۆخى ئێستاى هه‌ولێر و به‌غدایه‌.

ش.ف