زیلان ڤەژین: توندکردنی گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان شەڕ قوڵتر دەکات

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پژاک، ڕایدەگەیەنێت، کە دووژمن بۆ ئەوەی کاریگەریی ئۆجالان لەسەر گەلی کورد نەهێڵێت، تا دێت گۆشەگیریی توندتر دەکات، دەشڵێت: توندکردنی گۆشەگیریی دەبێتەهۆی دەرکەوتنی شەڕ و ئاڵۆزیی و قەیرانی قوڵتر.


زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، سەبارەت بە بارودۆخ و گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوز-ی دایەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە

 

-تا دێت فشار و گۆشەگیریی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر دەبێت، ئەم بارودۆخە چ کاریگەریی لەسەر قۆناغی ئێستا هەیە؟

"گۆشەگیریی سەر ڕێبەرایەتیی دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئاڵۆزیی و قەیرانی قوڵتر"

زیلان ڤەژین: ئەو پیلانەی بەڕێوەدەچێت، لەلایەن دەوڵەتی تورک و ئەو دەوڵەتانەی لە پیلانگێڕییدا دەستیان هەبووە، نەک تەنیا لەسەر ڕێبەرایەتیی لەسەر گەلی کورد-یش بەڕێوەدەچێت، لەم قۆناغەدا ڕێبەرایەتیی ڕۆڵ و ئەرکێکی گەورەی لە ئەستۆ گرتووە، گەلی کورد لەبواری سەربازیی، سیاسیی و ڕێکخستنیی بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەرایەتیی تێدەکۆشێت، ڕێبەرایەتیی لەبەرامبەر سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ئاواکرد، بۆیە دووژمن بۆ ئەوەی کاریگەریی ڕێبەرایەتیی لەسەر گەلی کورد نەهێڵێت، تا دێت گۆشەگیریی توندتر دەکاتەوە، تێکۆشانی گەلی کورد-یش بۆ ئاواکردنی سیستمێکی دیموکراتیک وڵامێکی بە هێزە بۆ ئەوان، بۆیە گرانکردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەرایەتیی دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ئاڵۆزیی و قەیرانی قوڵتر، تادێت شەڕ قوڵتر دەبێت، ئەگەر بەم شێوازە بڕوات کاریگەری زۆرتریش بکات.

-ئا دەتوانین ئەم قۆناغەی ئێستا وەکو گەلەکۆمە نێودەوڵەتییەکەی ساڵی ١٩٩٩ ببینین؟

"درێژکراوەی هەمان پیلانگێڕییە"

زیلان ڤەژین: بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئێستا هەیە درێژکراوەی هەمان پیلانگێڕییە، داگیرکردنی عەفرین و گۆڕینی دیمۆگرافیاکەی و کۆمەڵکوکردنی گەلەکەی، هەروەها ئەو داگیرکارییەی لەسەر خاکی باشوری کوردستان بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردنی پێشوەختی ٢٤ی حوزەیران لە باکور، بەشێکی نوێی ئەو گەلەکۆمەیە، بەڵام تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک ئیتر کۆتایی بە تەمەنی تەمەنی دەسەڵاتداریی تورکیا دەهێنێت، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە نەبویە تەمەنی هەتا ٢٠١٩ دریژەی دەکێشا، بەڵام بە پێشخستنی هەڵبژاردن، خۆی کۆتایی بە دەسەڵاتداریی خۆی دەهێنێت.

-بۆچی وڵاتانی سەدەست ئەوەندە لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزم دەترسن، کە عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیاری کردووە؟

"چەندە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک پێش بکەوێت، ئەوەندە دەوڵەت لاواز دەبێت"

زیلان ڤەژین: چەندە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک پێش بکەوێت، ئەوەندە دەوڵەت لاواز دەبێت، چەندە کۆنفیرالیزم پێش بکەوێت، بە هەمان ئەندازە سیستمی سەرمایەداریی بندەکەوێت، سیستمی دیموکراتیک هەموو گەلان بە هەموو باوەڕیی و ڕەنگە جیاوازەکانەوە لە ئامێز دەگرێت، کە ژنان و گەنجان پێشەنگایەتیی ئەم سیستمەیان لە ئەستۆ گرتووە، لە کاتێکدا سیستمی سەرمایەداریی و دەوڵەت نەوەتەوە لە ڕێگای ژنان و گەنجانەوە خۆیان پێشخست، بۆیە ئەمە مەترسیی گەورە بۆ لەناوبردنی سیستمی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوەی پاوەن خوازەکان.

-ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات، ئۆجالان چەندین ساڵ پێش ئێستا پێشبینیی کردبوو، هۆکاری ڕاست دەروچوونی ئەو پێشبینیانە چییە؟

"ڕێبەر ئاپۆ بەباشی قوڵ دەبێتەوە و ئەمڕۆ و مێژوو پێکەوە گرێ دەدات"

زیلان ڤەژین: ڕێبەرایەتیی لەناو مێژوودا بۆ سەرچاوەی کێشەکان دەگەڕێت و گرێی دەدات بە ئیستاوە، وەک خۆی دەڵێت"مێژوو لە ڕۆژی ئەمڕۆ شاراوەیە، ڕۆژی ئەمڕۆش لە ناو مێژوودا شاراوەیە"، هەروەها، باوەڕی بە هێزی گەل هەیە و هەر ئاڵۆزییەک، کە ڕووبدات گەل بە بنەما دەگرێت و چارەسەرییان بۆ دەدۆزێتەوە، نەک سیستمی دەسەڵاتدار، ڕێبەر ئاپۆ بەباشی قوڵ دەبێتەوە شیکردنەوە بۆ ئەو سیستمە دەکات، کە هەیە بۆیە دەزانێت کۆی قەیرانەکان سەرچاوەی خۆیان لە کوێ دەگرن، زۆر دەمێکە باسی ئەوەی کردووە، کە ئەگەر گۆڕانکاریی لە دەوڵەت-نەتەوە و هێزی ستاتۆ پارێزی هەرێمیی لەناوخۆدا نەکرێت، ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی و قەیرانی قوڵتر دەبینەوە، هەروەها ئەگەر هێزی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستوەردان بکەن، کێشەکان قوڵتر و درێژخایەنتر دەبن، لەڕاستیشدا بەو شێوەیەی لێهاتووە و دەستوەردانی ئەمریکا و ڕووسیا لە سوریا بووە هۆکاری قوڵبوونی قەیران و بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزیی، عێراق-یش نمونەی بەرجاوە، کە دەیانەوێت دەستوەردانەکانیان زۆرتر بکەین تیایدا، بۆیە ڕێبەرایەتیی لەبەرامبەریاندا تێکۆشانی کرد و پرۆژەی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکی بۆ چارەسەریی پێشکەشی گەلان کرد.

-نرخاندنی عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە ئێران هەیە، کە دەڵێت، ئەگەر ئێران بەرەو گۆڕانکاریی دیموکراتیانە نەچێت، ئەوا لەناو ئاڵۆزییدا دەژی، ئێستا ئێران تووشی قەیران بووە، ئێوە چۆن ئەمە شی دەکەنەوە؟

"ڕێبەرایەتیی لەسەر بنەمای ڕاستییی شیکاریی کردووە"

زیلان ڤەژین: ئەو قەیرانەی لە ئێران سەرەتای ٢٠١٧ دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامیی هەیە، لە قەیرانی ئابووریی و سیستمی بەڕێوبەرێیەوە پێشکەوت، ئەمەش لە سیستمی مەرکەز گەراوە سەرچاوەی گرتووە، هیچ بەشیکی سیستمی ئێران دیموکراتیک نییە و لەسەر یاسای بنەڕەتیی دەوڵەت-نەتەوە پێشکەوتووە، بەگشتیی لەسەر یەک نەتەوە، یەک کلتور و زمان و یەک مەزهەب پێشکەوتووە، لەکاتێکدا چەندین نەتەوە و ئاین و زمانی جیاواز لە ئێران-دا هەن، بۆیە ڕێبەرایەتیی لەسەر بنەمای ڕاستییی شیکاریی کردووە و دەڵێت"سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک ئەڵتەرناتیڤێکە بۆ کۆمەڵگەی ئێران".

-تێکۆشانی ئێوە لەم ڕووەوە چۆنە؟

"لەسەر ئەو بنەمایە کار و خەبات دەکەین و پرۆژە پێکەش دەکەین"

-ئێمە بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەرایەتیی باوەڕ دەکەین و لەسەر ئەو بنەمایە کار و خەبات دەکەین، لە هەر شوێنێک سیستمی دیموکراتیک پێشنەکەوێت و خواست گەل پێک نەیەت، ئەو سیستمە تێکدەچێت، ئێمە دەمانەوێت نەخشەڕێگایەک پێشکەش بکەین، کە خواستەکانی گەلانی ئێران تێیدا جێ بگرێت و ڕۆڵ و ئەرکی دەوڵەت دیار بکەین، چونکە تەنیا ئەم سیستمە دیموکراتیکە دەتوانێت وەڵامی داخوازییەکانی گەل بداتەوە.

-پەیام و بانگەوازیی ئێوە بۆ گەلی کورد چییە؟

" تێبکۆشن بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ"

زیلان ڤەژین: هەر نزیکایەتییەک دژ بە ڕێبەر ئاپۆ، دژایەتییە لەبەرامبەر گەلی کورد، چونکە ڕێبەر ئاپۆ خاوەنداریی لە گەلی کورد دەکات، بۆیە پێویستە گەلی کورد و تایبەت گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەرکی ئەخلاقیی و ویژدانیی خۆیان پێکبێنن و تێبکۆشن بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، نابێت ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ وەک ئازادیی کەس ببیندرێت، دەبێت وەکو تێکۆشین بۆ ئازادیی کۆمەڵایەتیی ئازادی گەل ببینین.

 

ش.ف