زیلان ڤەژین: پژاک خۆی بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران ئامادە کردووە

زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکی پژاک، ڕایدەگەیەنێت، پژاک چاوەڕێی ئەوە ناکات، کە شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێران-دا ڕووبدات یاخود نا، بەڵکو لە هەر ئەگەرێکدا خاوەن پرۆژەی تایبەتی خۆیەتی و بۆ هەر دۆخێک ئامادەیە.


زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنیوز-دا تیشک دەخاتە سەر ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و  ئەمریکا، ئەگەری شەڕ لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە و ئامادەکاریی پژاک بۆ دۆخەکە.

-ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا زۆر قوڵبوونەتەوە، ئایا ئەگەری شەڕی سەربازیی لەنێوان ئەو دوودەوڵەتەدا هەیە؟

"بڕیاریان نەداوە شەڕێکی توند لەدژی یەکدی بکەن"

ڤەژین: لە شێوازی بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی هەردوو هێزدا ئاشکرا دەبێت، کە بڕیاریان داوە نە شەڕێکی توند لە دژی یەکدی بکەن و نە پرۆسەیەکی ئاشتیی دەستپێبکەن، ئێران و ئەمریکا 40 ساڵە بەم جۆرە سیاسەت دەکەن، ئەم ڕەوشە نە شەڕە و نە ئاشتییە، بۆیە بەردەوامکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لەڕووی ڕاگەیاندنیی و ئابوورییەوە پرۆسەکە یەکلایی دەکاتەوە، کە ئایا شەڕ پێکدێت یانیش ئاشتیی.

-ئەگەر ئامانج شەڕێکی توند و یەکلاکەرەوە نییە، قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان بۆچی؟

"ئەمریکا دەیەوێت ئێران ڕادەستی خۆی بکات"

ڤەژین: ئەمریکا دەیەوێت ئێران لە ناوچەکەدا بەتایبەت لە یەمەن و عێراق و سوریا و لوبنان پاشەکشە پێبکات، هێزەکانی ئێران بکێشێتەوە ناو خاکی خۆی و بەمەش دەستی ئێران کورت بکات و ئێران ڕادەستی خۆی بکات، لەبەرامبەریشدا ئێران نایەوێت ڕادەستی ئەمریکا ببێت، ئەگەر ئەم ناکۆکییانە بەردەوام بن، دەبێت کە شەڕێکی توند یان شەڕێکی کاتیی بە دوای خۆیدا بهێنێت، ئێستا بەرەی عەربیش کۆبوونەتەوە، ئەوەی دیارە کە ئەوانیش نایانەوێت بکەونە شەڕ لەگەڵ ئێران، ئەمریکاش نایەوێت ڕاستەخۆ شەڕی ئێران بکات، بەڵکو دەیەوێت هێزێک وەک مەقاش بەکاربهێنێت بۆ شەڕی ئێران، ئەمریکا باش دەزانێت کە شەرێکی بەم شێوەیە لەبەرژەوەندییدا نییە، بۆیە سیاسەتێکی بەم شێوەیە بەڕێوەدەبات.

-پێتانوایە ئەو ناکۆکییانە دەتوانێت لەبواری سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییدا گۆڕانکاریی دروست بکات؟ ئایا شەڕ لە بەرژوەندیی گەلانی ئێراندایە؟

"شەڕ لە بەرژەوەندیی گەلانی ئێراندا نییە"

ڤەژین: کاتێک ئێمە چاو لە هەردوو هێز دەکەین دەبینین کە شەڕ و ناکۆکیی نێوانیان لە بەرژەوەندی گەلانی ئێران نییە، بەتایبەت کێشەکانیان لەسەر بنەمای چارەسەر کردنی کێشەی گەلی کورد، گەلانی بندەست و مافی مرۆڤ و مافی ژنان و گەنجان نییە، کاتێک کە باسی ڕوودانی شەڕێک لەنێوان ئێران و ئەمریکادا دەکەین، بێ گومان ڕاستەخۆ سیاسەتی هەردوو وڵات کاریگەریی لەسەر ناوخۆی ئێران دەکات، دەبینین کاتێک کە سوپا کەوتە لیستی تیرۆرەوە، فشارەکانی سوپا بۆسەر کۆمەڵگا زیاتر بوو، لە جاران زیاتر ئەمرۆ سوپا لە ناو کۆمەڵگادا لەبواری سیاسیی و سەربازیی دا خۆی بەڕێکخستن دەکات، هەتا هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ئێران لەو چوارچێوەیە دایە. ئێران دەستبەرداری گوشارەکانی بۆ سەر کۆمەڵگا نابێت، ئیستا لە هەرکات زیاتر کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕووبەڕووی بێکاری و برسییبوون بوونەتەوە، لە هەمووی خراپتر بە هۆی سیاسەتی ڕژێمی ئێرانەوە کۆمەڵگا لە پرنسیپە ئەخلاقیەکانی خۆی دادەماڵرێت و ڕۆژانە قەتڵ و عامی ژنان دەکرێت.

-پێتانوایە کۆمەڵگا زیاتر بە سیاسەتی کام لایەن کاریگەرە؟ پرۆژەی کام لایەن سەردەکەوێت؟

"ناکەوێتە ناو هیچ یەک لەو سیاسەتانەوە"

ڤەژین: ڕژێمی ئێران بە سیاسەتی میلتاریزەکردن و ترس و تۆقاندنی کۆمەڵگا ئەوە نیشان دەدات، کە دەستبەرداری سیاسەتی هەڵەی خۆی نابێت، لەبەرامبەر ئەمەشدا ئەمریکا بۆ ئەوە کاردەکات هێزی کۆمەڵگا بۆ خۆی بەکار بهێنێت، لەم قۆناغەدا هەر کەس خاوەن پرۆژەیە بۆ ئێران، ئەمریکا پرۆژەی هەیە، ڕوسیا پرۆژەی هەیە، ئێران ئێستا لەناوخۆی خۆیدا خاوەن پرۆژەیەکە، دەسەڵاتدارانی پێشووی ئێرانیش خاوەن پرۆژەن، بەڵام لەوە دڵنیاین کە کۆمەڵگای ئێران کۆمەڵگایەکی سیاسییە، خاوەن مێژوویەکی شۆڕشگێڕییە و ناکەوێتە ناو هیچ یەکێک لەو سیاسەتانەی لەلایەن دەرەوە لەسەری بەڕێوەدەچێت.

-بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەو پرۆژانە چییە؟

"بەپێی بەرژەوەندییەکانی گەل نین"

ڤەژین: بۆ ئێمە خاڵی گرنگ ئەوەیە کە دەبێت  پرۆژەکان بە شێوازێکی دیمووکراتیک بن، پێویستە پرۆژە بەپێی تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگای ئێرانی پێشکەش بکرێت، کە تێیاندا مافی هەموو گەل و ئەتنیکە جیاوازەکانی تێدا هەبێت، ئەگەر وانەبێت جێگای خۆی ناگرێت و چارەسەری بەدوای خۆیدا ناهێنێت، ئەوەندەی کە ئێمە چاودێریی دەکەین لەنێوان پرۆژەکانی دەرەوە و پرۆژە ناوخۆییەکانی ئێراندا پرۆژەیەک نییە، کە بە پێی بەرژەوەندیەکانی گەلانی ئێران بێت، ئەو پرۆژانە بە پێی ڕاستینەی مێژوویی کۆمەڵگای ئێران نین، لەبەر ئەوە ئەو پرۆژانە ناتوانن وەڵامدەرەوەی کێشەکانی کۆمەڵگا بن.

-ئێوە هیچ پرۆژەیەکتان هەیە؟

"خاوەن پرۆژە و سیاسەتی تایبەت بە خۆمانین"

ڤەژین: ساڵی پار ئێمەوە وەک پژاک و کۆدار و لە چوارچێوەی کۆمەڵگای ئێران و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی و کوردستان-دا پڕۆژە پێشنیارێکمان بۆ چارەسەری قەیرانەکانی کۆمەڵگا پێشکەشكرد، بەتایبەت وەک لە ڕێگای کەژارەوە لە چوارچێوەی کێشەکانی ژنان دا پرۆژەیەکی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان پێشکەشکرا. بەپێی تایبەتمەندی و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا هەوڵماندا، کە چەند ڕێگا چارەسەریەک پێشبخەین، ئەگەریش شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریکادا ڕووبدات ئێمە دانانیشین و چاوەڕێ ناکەین، بێ گومان ئێمەش سیاسەتی بەڕێکخستنی کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەین، ئێمە کە خاوەنی هێڵێ سێیەمینین، لە هەر ئەگەرێکدا خاوەن پرۆژە و سیاسەتی تایبەت بە خۆمانین.

-پێتوانوایە پرۆژەکەتان سەربکەوێت؟

"ئەو پرۆژەیە ئەنجامگیرە"

ڤەژین: ئەو پرۆژەیەی کە ئێمە پێداگری لەسەر دەکەین نموونەی بەرچاوی لە ڕۆژئاوای کوردستانە، لە باکوری کوردستانیشدا وەک سیاسەتێکی دیمووکراتیک خۆی نیشاندەدات، لەبەر ئەوە ئەو پرۆژەیە ئەنجامگیرە، ڕاستە پرۆژەیەکی درێژخایەنە، بەڵام پرۆژەیەکی هەمیشەییە کە کۆمەڵگا بەڕێکخستن دەکات و کۆمەڵگا دیموکراتیزە دەکات. لە چوارچێوەی بە پارادیگامای ئێمە لە پەرلەمانی ئەوروپادا پلاتفۆرمی گەلانی ئێران دروست بوو، ئیدی گەلانی ئێران خاوەن مۆدێلێکی نوێی خۆ بەڕێکخستن کردنن، لە هەمان کاتیشدا بۆ هێزی کوردیش گرنگە، کە ئێمە پرۆژەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ کۆداردا پێشکەشکرد، بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت وەک پارتی سیاسی ئێمە دەتوانین بەرەیەکی دیموکراتی دروستبکەین، دەتوانین بە هاوبەشی سیاسەت و دیبلوماسی و خەباتی ڕاگەیاندنیی و پاراستنی کۆمەڵگا بەڕێوە ببەین، هێشتا پارتە سیاسییەکان بە پێی سیاسەتی دەرەکی دەجوڵێنەوە، لە ئێستاوە هەندێک هێز خۆیان یەکلایی کردوتەوە کە لەبەرەی کێ دا بن و پشتگیری کێ بکەن، بەڵام ڕوانگەی ئێمەوە هەردوو هێز (ئێران و ئەمریکا) شەڕی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن، ئێمە پێداگریی لەسەر ئەو پرۆژەی خۆمان دەکەین.

-کەواتە بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەکاریی خۆتان کردووە؟

"چاوەڕێ نین کە ئێران و ئەمریکا شەڕ لەنێوانیان ڕوو بدات یان نا"

ڤەژین: هەروەک لە پێشتریش ئاماژەم پێکرد کە ئێمە خاوەن هێڵێ سێیەمین و پێداگریی لەسەر پرۆژەی خۆمان دەکەین، چاوەڕێ ئەوەنین کە ئێران و ئەمریکا شەڕ لەنێوانیان ڕوو بدات یان نا، ئێمە هێڵی سێیەم بە بنەما دەگرین و لە ڕوانگەی خزمەتکردن بە کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی سیاسی و دیبلۆماتیی و سەربازیی بەڕێوەدەبەین.

ش.ف