سالار باسیرە: ڕۆژئاوا زەمینەی یەکێتیی بەهێزکردووە و دەبێت بگاتە ئامانج

د. سالار باسیرە، هێرشی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە بە ئەڵقەیەک لەو زنجیرە سیناریۆ نێودەوڵەتییانە دەزانێت، کە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، دەشڵێت: بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ یەکەمجار بەشێکی زۆری کوردی هێناوەتە لای یەک و زەمینەی یەکێتیی نەتەوەیی ڕەخساندووە، پیویستە بیگەیەنینە ئامانج.


لە ٩ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، دەوڵەتی تورک هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد، ئەو هێرشانەش هەم لە ئاستی ناوخۆیی کوردستان، هەمیش لە ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی تووندیان بەدوای خۆیاندا هێنا.

پڕۆفیسۆر دکتۆر سالار باسیرە، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و نووسەر، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، وەڵامی چەند پرسیارێک لەبارەی ڕەهەندەکانی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و پرسی یەکێتیی گەلی کورد دەداتەوە.

تەواوی چاوپێکەوتنەکە:

- پێش ئەوەی هێرشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای  کوردستان دەستپێبکات، هەمووان دەیانوت تورکیا هێرش ناکات، بەڵام دواتر بینیمان هێرشی کرد، چۆن بوو ئەم هێرشە کرا؟

"دەیان ساڵە چاوەڕوانی بۆشاییەک دەکات بۆ داگیرکردنی کوردستان"

سالار باسیرە: هێرشی تورکیا هەمیشە چاوەڕوانکراو بووە لەسەر کوردستان، مەترسییەکی زۆر گەورەیە نەک هەر بۆ ڕۆژئاوا، بەڵکو بۆ سەر باشوری کوردستانیش، باوەڕم وایە لەوێ ئەو دەستکەوتانە بەدەستبهێنێت کە دەیخوازێت، تەنانەت باشوری کوردستانیش دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە ئەو هەموو کەرەستە سەربازییەی کە هێناویەتی بۆ باشور بەناوی شەڕی پەکەکەوە، لەڕاستیدا ستراتیژێکی دوورمەودای هەیە، ئەویش داگیرکردنی هەرێمی کوردستانە. دەیان ساڵە چاوەڕوانی بۆشاییەک دەکات بۆ داگیرکردنی کوردستان، ئێستاش ئەو بۆشاییەی بۆ دروستبوو و لەشکرکێشیی بۆ ڕۆژئاوا دەکات.

- ئەو بۆشاییە چۆن بۆ دروستبوو؟

"لە ئاستی نێودەوڵەتییدا دروستبوو"

سالار باسیرە: لەسەر ئاستی سیاسیی و نێودەوڵەتیی دروستبووە، تەماشاکە، سیاسەتی ئەمریکی بە کشانەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لاوازبوو، گەمەکان زۆرن لەنێوان ئەمریکا و سیاسەتی دەرەوەی ڕوسیا لە سوریا، ئێرانیش بەهەمان شێوە لە گەمەکەدایە، دەوڵەتی تورکیش ئەم دۆخە بۆخۆی دەقۆزێتەوە، لە داگیرکردنی عەفریندا گڵۆپی سەوزی لە ڕوسیاوە بۆ هەڵکرا، بۆیە دەبێت کە سنوورێک بۆ ئەو سیاسەتانەی ئەردۆغان دابنرێت.

- هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا هەڵوێستی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت ئەمریکا سزای ئابووریی بەسەر تورکیادا سەپاند، بەڵام دواتر ئاگربەست کرا، سەرنجی ئێوە؟

"تەنها بە بڕیاری ترامپ بووە"

سالار باسیرە: فشارێکی سیاسیی نێودەوڵەتیی لەسەر تورکیا دروستبوو، دەتوانم بڵێم ڕۆژئاوای کوردستان بۆ یەکەم جار دەنگی کوردی هێندە بڵندکرد، ئێستا چەندین دەوڵەت لە ئەوروپا بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا ڕەزامەند نین بەو دۆخە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیار هەیە بۆ دروستکردنی ناوچەی داماڵراو لە چەک، هەرچەندە ئەوروپا تا ئێستا لەڕووی کردارییەوە هەڵوێستێکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام دەکرێت لە داهاتوودا گۆڕانکاریی ڕووبدات، دوای ئەوەش کۆنگرێسی ئەمریکا بەم دۆخە ڕازییە نییە، ئەوەی کە کراوە تەنها بە بڕیاری ترامپ بووە، ئێستا کۆنگرێس پرۆژەی هەیە بۆ ئەوەی سزای ئابووریی بخەنە سەر تورکیا.

- لەم نێوەندەدا هەڵوێستی دیمەشق و مۆسکۆ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

" گەمەکان لەسەر کات وەستاون"

د.سالار باسیرە: لە ڕاستیدا ناوەندی بڕیار لای بەشار ئەسەد نییە لە سوریا بەڵکو لای ڕوسیایە، ئەگەر ڕوسیا نەبوایە، بەشار ئەسەد دەمێکبوو بەدەستی هێزە ئیسلامییەکان ڕووخابوو، ڕوسەکان لە سوریا بەرژەوەندییەکی زۆریان هەیە، بەتایبەت لەسەر پرسی نەوت و وزە، دەتوانین بڵێین سوریا بووە بە جێ نفوزی ڕوسیی، بۆیە بڕیارەکانیش لای ڕوسیایە، ئێستاش لەم گەمە سیاسییەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد و تورکیا دەکات، شتێکە کە ناتوانین بەتەواویی بیزانین، جێگیرییەک هەیە لە ستراتیژدا، بەڵام یاری و گەمەکان لەسەر کات وەستاون.

- پێشبینیی دەکەن لێرە بەدواوە چی ڕووبدات؟

"پێشبینیی زۆر قورسە"

د.سالار باسیرە: پێشبینییەکان زۆر قورسە، چونکە سیناریۆکان زۆرە، ئەمە سیاسەتی نێودەوڵەتییە، ناوچەکە ناوچەیەکی زۆر ئاڵۆزە، سروشتی ئەم ناوچەیە وایە گۆڕانکارییەکان وەک ئەڵقەیەکی یەک زنجیرن، ئێستا قەیرانی ئێران، یەمەن، سعودییە، سوریا، عێراق و لوبنان هەیە، هەر زلهێزێکیش لە جیهاندا بییەوێت لە ئاستی بازرگانی و وزەدا سەرکەوتووبێت، دەبێت قاچێکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت.

- هەڵوێستی ئێستای کورد چۆن دەنرخێنن؟

"پێویستە ئەو هەڵوێستە فراوان بکرێت"

سالار باسیرە: ئەو هەڵوێستانە زۆر باشن، ئەوە خەباتێکی سیاسیی و مەدەنییە، شانبەشانی خەباتی سیاسیی و چەکداریی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆڵی دەبێت، پێویستە ئەو هەڵوێستانە بەردەوامییان هەبێت، بۆ یەکەم جارە کورد ئەوەندە پشتگیریی سیاسیی و مەدەنیی هەبووە، بەهۆی ئەو دۆخەی کە لە ڕۆژئاوا هەیە، وە بایکۆتکردنی کاڵای تورکیش بە پێویستییەکی زۆر گەورە دەزانم، چونکە ساڵانە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار بازرگانیی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەمەش دەتوانین وا لێی بڕوانین، کە ئەو داهاتە دەدرێتە چەک و کوردی پێ دەکوژرێت، بۆیە پێویستە ئەو هەڵوێستەش فراوان بکرێت.

- بانگەوازییەکی زۆر بۆ یەکێتیی کورد دەکرێت، ئەگەر هەیە ئەم یەکێتییە پێکبێت؟

"زەمینە ڕەخساوە"

سالار باسیرە: دەمێکە باس لەوە دەکرێت، ستراتیژی کەنەکەش ئەوەیە کە یەکێتییەکی نەتەوەیی دروستبکرێت، ئێستاش ئەو زەمینەیە ڕەخساوە، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ یەکەم جار بەشێکی زۆری کوردی یەکخست، بەوهیوایەی ڕۆژئاوای کوردستان بتوانێت یەکمان بخات و بگەینە ئامانج، چونکە باشوریش کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە، تورکیا دەسەڵاتی باشور وەک پاشایەکی عوسمانی تەماشا دەکات، کە دایناوە بۆ جێ نفوزی خۆی.

- کەواتە دەبێت کورد چی بکات بۆ ئەوەی سەربکەوێت؟

سالار باسیرە: یەکەم شت دەبێت یەکێتیی نەتەوەییمان هەبێت، دەبێت دەنگمان یەکبخەین و هەندێ جیاوازیی فکریی بخەینە لاوە، دەبێت هەستێکی نەتەوەیی بەهێز لەناوماندا دروستببێت، هەست بکەین کە ئێمە خاوەن نیشتمانێکین، چونکە کەرامەتمان بەستراوە بە نیشتمانەکەمانەوە، ئەردۆغان نەخۆشیی و فۆبیای کوردیی هەیە، هەروەک چۆن هیتلەر فۆبیای جولەکەی هەبوو، بۆیە دەبێت ئەو مەترسییە لەبەرچاو بگرین و بە وریاییەوە مامەڵە بکەین.

ش.ف