سلێمان عەرەب: لە هەموو قۆناغێکدا بەها دیموکراتییەکان دەپارێزین

نوێنەری پەیەدە لە باشوری کوردستان دەڵێت، هێرشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فورات، تەنها لەسەر پارتێک یان لەسەر کورد نییە، بەڵکو لەسەر ستاتۆی کورد و لەسەر سیستمی دیموکراتییە لە ناوچەکەدا، ئاشکراشیدەکات، گفتوگۆ هەیە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ دامەزراندنی سوریایەکی نا ناوەندیی و دەشڵێت: ئێمە لە قۆناغە سیاسییەکاندا بەها دیموکراتییەکان دەپارێزین.


سلێمان عەرەب، نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتیی-پەیەدە لە باشوری کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، باس لە دوایین پێشهاتە سیاسیی و سەربازییەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و گفتوگۆ و دانووستانەکانی خۆسەری دیموکراتیی و وڵاتانی دیکە دەکات.

- ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانە چین کە لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی ڕۆژئاوای کوردستان بووەتەوە؟

"بڕیاری ئەمریکا دەکەوێتە خزمەتی بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزی لە سوریا"

سلێمان عەرەب: زیاتر لە شەش ساڵە تێکۆشان، شۆڕش و بەرخۆدان بۆ دروستکردنی سیستم لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە بەهایەکی گەورەی بەدەستهێناوە بۆ هەموو پێکهاتەکانی ڕۆژئاوا، هێزێکی پاراستنی گەورە و سیستمێکی دیموکراتی کە تێیدا هەموو پێکهاتە و نەتەوە و ئاینە جیاجیاکان بە ئازادیی دەژین، ئەم قۆناغەی ئێستاش قۆناغێکی گرنگ و مێژووییە، شەڕی داعش بەرەو کۆتایی دەچێت، داعش هەناسەکانی کۆتایی دەدات و تەواودەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتێکی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی بەڕێوەدەچێت، بڕیاری ترامپ-یش بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا، هاوکات بوو لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەردۆغان، کە ئەوەش ڕێککەوتێکی باش نەبوو، تورکیاش لەوڕووەوە سوودی لە بڕیارەکەی ترامپ وەرگرت بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمەکە، بێگومان ئەم بڕیارەش دەکەوێتە خزمەتی بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزی و تێکدانی ئەو سیستمە دیموکراتییەی، کە لە ناوچەکە دروستبووە.

-پێتان وایە بڕیارەکەی ترامپ ڕێککەوتن بێت لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا؟

"نایانەوێت یەپەگە کۆتایی بە داعش بهێنێت"

سلێمان عەرەب: تورکیا و ئەمریکا لە ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەکانیاندا لە هەرکەس زیاتر نزیکن لەیەکەوە، بۆ ئەم بڕیارەش پێدەچێت ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەواندا هەبێت، کە ئەردۆغان هێرش بکاتە سەر ناوچەکە، چونکە هەموو کەسێک دەزانێت داعش ئەگەر کۆتایی پێبێت، ئەوا لەسەر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەپەگە کۆتایی پێدێت، ئەگەر داعش لەسەر دەستی یەپەگە تەواو ببێت، ئەوا دەستکەوتی گەورە بۆ کورد و بۆ ناوچەکەش بەدەستدێت، هەم لە مێژوودا و هەمیش لە قۆناغی سیاسیی دامەزراندنەوەی سوریایەکی نوێ، بۆیە نایانەوێت یەپەگە کۆتایی بە داعش بهێنێت، دەڵێن کە پێویستە تورکیا بچێت کۆتایی پێبهێنێت.

"تورکیا ڕوویەکی دیکەی داعشە، لە ڕابردووشدا زۆرترین هاوکاریی چەتەکانی کردووە، ئەقڵییەتی داعش و ئەردۆغان یەکە، ئەگەر ئەردۆغان هێرشبکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەوا جارێکیتر مەترسیی لەسەر هەموو جیهان دروست دەبێت، زۆر گرنگە دەوڵەتانی سوریا و ڕوسیا و هەموو کەسێک ئەوە بزانێت، کە چوونی تورکیا بۆ ئەو ناوچانە، ئاڵۆزییەکی گەورە دروست دەکات، هێرشەکانی ئەردۆغانیش تەنها لەسەر پارتێک یان لەسەر کورد نییە، بەڵکو لەسەر ستاتۆی کورد و لەسەر سیستمی دیموکراتییە کە لە ناوچەکەدا دروستکراوە، هێرشە بۆسەر برایەتیی گەلان و سیاسەتی دیموکراتی و لەسەر ئەو هێزانەیە کە داعشیان تێکشکاندووە، چونکە ئەردۆغان قبوڵ ناکات سیستمێکی دیموکراتیی لە تەنیشتیدا هەبێت".

-باستان لە ئامانجی دەوڵەتی تورک لە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد، کەواتە لەم قۆناغەدا ڕوسیا و ئەمریکا دەیانەوێت لە سوریا چی بکەن؟ حکومەتی سوریاش هەڵوێستی چییە؟

"فشارێکی زۆر لە ئێمە دەکرێت بۆ ئەوەی ڕادەستی ڕژێمی سوریا ببین"

سلێمان عەرەب: پێش ئێستاش لە نێوان تورکیا و ڕوسیادا ڕێککەوتن لەسەر عەفرین هەبوو، کەس ئەوەی بیرنەکردووە کە ڕوسیا چۆن ئاسمانی سوریای بەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا کردەوە، بێگومان هەڕەشەکانی ئەردۆغانیش لە دژی ڕۆژئاوا بە ڕێگاپێدراویی ڕوسیایە، بۆ ئەوەی کورد ڕادەستی ڕژێمی سوریا و ڕوسیا ببێت، بێگومان دیارە کە قۆناغی سیاسیی دوای داعش کە خۆی لە جنێف و ئاستانە و سوچی دەبینییەوە تێکچوو، ئیتر پێویستە قۆناغێکی سیاسیی بۆ سوریای نوێ دەستپێبکات دوای داعش، پێویستە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کۆمیتەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سوریا بەشدارببن، پێویستە لە دانووستانەکانی جنێف-دا بەشدارببن، پێویستە پێکەوە بتوانن سوریایەکی نوێ بەپێی بەهاکانی شۆڕش دابمەزرێنن.

"بۆئەوانەیە فشارێکی زۆر لە ئێمە دەکرێت بۆ ئەوەی ڕادەستی ڕژێمی سوریا ببین، ڕاستە پێویستە ڕژێمی سوریا ئێمە بپارێزێت و هێزەکانی خۆی لەسەر سنوور جێگیربکات، واتە بەوشێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت ئێمە بچینە ژێر خواستەکانیانەوە، بەڵام ئێمە لە سەرەتاوە تاوەکو ئیستاش وتوومانە کە ئامادەین بۆ قۆناغی سیاسیی، بەگوێرەی سوریایەکی نا ناوەندی و دیموکراتی، کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا پێکەوە ژیان بکەن".

-ئەو شاندەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات-مەسەدە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی ڕوسیایان کرد، لە دانووستانەکانیاندا بەچی گەیشتوون؟

"گفتوگۆ هەیە بۆ دامەزراندنی سوریایەکی نا ناوەندیی"

سلێمان عەرەب: بێگومان لە دوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکاوە، کۆمەڵێک هەنگاوی دیبلۆماسی بەڕێوەچوون، دەستەی جێبەجێکاری مەسەدە لە فەرەنسا کۆمەڵێک دانووستان و کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، هەڵوێستی بەرپرسان و سەرۆکی فەرەنساش بۆ پاراستنی بەهاکانی شۆڕش و ئەو هێزانەی کە کۆتاییان بە داعش هێنا و بۆ بەردەوامیی هاوپەمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا گرنگ بوون، لەم دواییەشدا شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات-مەسەدە چوونە ڕوسیا بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک دانووستان و کۆبوونەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵۆزییانەی کە هەیە و وەستاندنی هەڕەشەکانی ئەردۆغان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێک لە دانووستانەکانی مۆسکۆ بەدەستنەهاتووە، بەڵام گفتوگۆ هەیە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ دامەزراندنی سوریایەکی نا ناوەندیی، هەروەها لەنێوان بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی سوریادا گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی بگەنە هەڵوێستێکی هاوبەش.

-بۆچی تاوەکو ئێستا ئەو دانووستانانە نەگەیشتوونەتە ئەنجام؟

"گفتوگۆکان لەپێناو کردنەوەی دەرچەیەکی سیاسیدان بۆ دروستبوونی ڕێککەوتن"

سلێمان عەرەب: قۆناغێکی سیاسیی و دیبلۆماسیی لەبەردەم سوریادایە، ئاڵۆزییە سیاسییەکانی سوریا تا ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، لە نووسینەوەی دەستووردا بێت یان لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان، یانیش لە هێزە زەمینییەکاندا، تاوەکو ئێستا داگیرکاریی دەوڵەتی تورک هەیە لەسەر عەفرین و هەندێک ناوچەی دیکە، هەروەها تاوەکو ئێستاش ڕێککەوتنێک لەسەر سوریای نوێ نەکراوە، بۆیە ئەو دانووستانەشی کە ئێستا دەکرێن، لەپێناو کردنەوەی دەرچەیەکی سیاسیدان بۆ ئەوەی ڕێککەوتن دروست ببێت، هەروەها لە خاکی سوریاشدا دوو هێزی سەرەکیی هەن، هێزی حکومەتی سوریا و هێزەکانی خۆبەڕێوبەریی خۆسەر هەیە، هەڵوێستی ئێمە دیارە، کە خۆی دەبینێتەوە لە سوریایەکی نا ناوەندیی و دیموکراتیی و پەرلەمانیی، کە دۆزی کوردی تێدا چارەسەر بکرێت، پێویستە ڕێککەوتنێک لە نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتی و حکومەتی سوریادا بکرێت، لەسەر ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستهاتوون لەلایەن بەڕێوبەریی خۆسەریی دیموکراتییەوە، کە ئەمڕۆ ٣٠%ی خاکی سوریای بەدەستەوەیە، ئەمانەش بەشێکن لە ڕێگاکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن.

-هەڵوێستی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر دۆخەکە چییە؟

"ئێمە لە قۆناغە سیاسییەکاندا بەها دیموکراتییەکان دەپارێزین"

سلێمان عەرەب: ئێمە لە قۆناغە سیاسییەکاندا بەها دیموکراتییەکان دەپارێزین، دەبێت چیتر کورد لە ڕۆژئاوا لە دژی یەک سیاسەت نەکەن، دەبێت عەرەب لە دژی عەرەب سیاسەت نەکەن، چونکە ئەو سیستمەی کە لەوێ جێگربووە لە دژی گەلانی ناوچەکە نییە، ئەو گوشارانەی کە لەسەر بەڕێوبەریی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە هەیە بریتییەلەوەی 'کە ڕۆژئاوا لە هێڵێ شۆڕشی تەڤگەری ئازادیخوازی کورد دەربچێت - پێویستە ڕۆژئاوا لەبەرامبەر پارچەکانی دیکەی کوردستان خاوەن هەڵوێستێکی کوردانە نەبێت'، وەک چۆن بەداخەوە هەندێک هێزی باشوری کوردستان لەبەرامبەر باکور و ڕۆژئاوا خزمەتی هێزە داگیرکەرەکان دەکەن، دەیانەوێت کە کوردیش لە ڕۆژئاوا بەهەمان شێوەبێت، ئەو پرۆژەیەشی کە هەیە خزمەتی ئەوان بکات.

"ئێمە بەهەموو شێوەیەک ئەو سیستمەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە دەیپارێزین، بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقیی و سیاسیی دروستبکەین، بەڵام ئەگەر بڵێن پێویستە ئێوە پرەنسیپەکانی شۆڕشی خۆتان بگۆڕن، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی تورکیا نەبنەوە و حکومەتی سوریا هێرشتان نەکاتە سەر و ڕوسیا بێت ئێوە بپارێزێت، ئەوە ڕاست نییە، بێگومان تاکە ڕێگای ئێمە بەرخۆدانە بۆ پاراستنی ئەو بەهایانە، بێگومان لە بەرامبەر هەڕەشە و مەترسییەکان بەرخۆدانێک بە ئاستی بەهاکان بەڕێوەدەبرێت، پێویستە هەموو کەسێکیش ئەوە بزانێت، کە ئێمە بێچارە نین، بەڵکو چەندین کارتی فشارمان بەدەستەوەیە، بێگومان ئێمە هێز لە کۆمەڵگای خۆمان دەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەیەکی گەورە لە ژێر سەروەریی ئێمەدایە، هەروەها هەرێمێکی زۆر کە دەوڵەمەندن بە سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی لەژێر سەروەریی ئێمەدایە، شەڕی داعش تاوەکو ئێستا بەردەوامە، لە ڕایگشتیی نێودەوڵەتیدا ئێمە خاوەن ڕۆڵێکی بنەڕەتین، کە کۆمەڵگاکانی جیهان هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە وەک هێزی خۆیان دەبینن، وەک پارێزەری مرۆڤایەتیی لە بەرامبەر چەتەکانی داعش تەماشای یەپەگە و یەپەژە دەکەن".

-هەڵوێستی کورد لەم قۆناغەی ئێستادا چۆن بێت؟

"بەرخۆدانێکی گەورە لەبەردەم کورد-دایە"

سلێمان عەرەب: لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەهای نەتەوەیی و نیشتمانیی دامەزرێندراوە، کورد دەتوانن لەسەر ئەو بەهایانە یەکێتیی خۆیان پێکبهێنن و هێزی خۆیان پیشانبدەن، لە ڕۆژئاوای کوردستان گەلێکی پەروەردەکرا و ئیرادەیەکی بەرخۆدانی بێ کۆتایی هەیە، کە بە دەیان هەزار کچ و کوڕی کورد بڕیاری بەرخۆدانیان داوە، بۆیە کورد دەتوانن لەو ڕووەوە یەکێتیی خۆیان پێکبهێنن، ئەگەر ئەم هەڕەشانەی تورکیاش بەردەوامبوون و هێرشیان کرد، بێگومان بەرخۆدانێکی گەورە لەبەردەم کورد-دایە، هێزی ئەو بەرخۆدانەشمان هەیە.

"زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان هەڵوێستی بەرامبەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک هەبێت، بە تایبەت حکومەت و پەرلەمانی هەرێم کە لایەنی فەرمین هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک قبوڵ نەکەن و لە ڕووی کردارییەوە هەڵوێستیان هەبێت، زۆر گرنگە باشوری کوردستان وەک دەستکەوتێکی کورد لەبەرامبەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکدا هەڵوێستێکی کردەیی هەبێت، هەروەها هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستانیش پێویستە هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن، چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لێدوانێکی فەرمیی دا، پشتگیریی شۆڕشی ڕۆژئاوا و پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد لەبەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیادا، ئێمە ئەو هەڵوێستە بە هەڵوێستێکی زۆر باش دەبینین، پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکانی دیکەش هەڵوێستێکی بەوشێوەیە دەرببڕن، لەچوارچێوەی یەکێتیی و یەکڕیزیی کورد-دا، کە لەبەرامبەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکدا ڕۆڵ بگێڕن، نەک تەنیا بە لێدوانێک هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن، پێویستە لەڕووی کردەییەوە پشتگیریی شۆڕش بکەن، سنوورەکانی ڕۆژئاوا - باشور بکەنەوە و گەل لەسەر پێ بێت، هێزە سیاسییەکان دیبلۆماسییەتی خۆیان بخەنە هەوڵەوە، بۆ ئەوەی فشار لەسەر ڕایگشتیی نێودەوڵەتیی بکەن".

س.ح