سلێمان عەرەب: ناوچەی ئاراممان قبوڵە بەس ئەوەی تورکیا دەیەوێت قبوڵمان نییە

هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشوری کوردستان، لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا لەسەر ئاگربەست و دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەڵێت، کە وەک کورد ناوچەی ئارام و ئاگربەستمان قبوڵە بەڵام ئەوەی تورکیا دەیەوێت قبوڵمان نییە، دەشڵێت:قبوڵمان نییە تورکیا یەک بست خاکی ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکات.


سلێمان عەرەب، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشوری کوردستان، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا باس لە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا دەکات لەسەر ئاگربەست و دروستکردنی ناوچەی ئارام لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشوری سوریا.

دەقی چاوپێکەوتنەکە

ڕای کورد چییە لەسەر ڕێککەوتنەکەی ئەمریکا و تورکیا؟

"بۆ گفتوگۆ و چارەسەریی دیموکراتی ئامادەین"

سلێمان عەرەب: دژی هێرشی تورکیا بەرخۆدانێکی گەورە کراوە، ئەو بەرخۆدانەش ڕای گشتی جیهانی گۆڕی، جیهان بەگشتی پشتگیریی ئەو بەرخۆدانەی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و دژی داگیرکاریی تورکیا هەڵوێستیان دەربڕی، هەروەها لە ناوەندەکانی بڕیاردانیشدا کاریگەریی دروستکرد، ئەوەش وایکرد کە ئەمریکا داوای ڕاوەستانی شەڕی کرد، بێگومان ئێمە بۆ ڕاوەستاندنی شەڕ و ڕیککەوتن و گفتوگۆ و چارەسەریی دیموکراتی ئامادەین، بەڵام هەتا ئێستا تورکیا شەڕی ڕانەگرتووە و هێرشدەکات شەڕڤان و خەڵکی مەدەنیی لە ماوەی ئاگربەستا شەهیدکردووە، ئێمە لەگەڵ ڕاوەستانی شەڕداین بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان بەرگریی دەکەین.

مەبەستی من ئەوەیە ئایا کورد بەوە ڕازی دەبێت  ٣٥ کیلۆمەتر لە سنوورەکان بکشێتەوە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام و چەکە قورسەکان لە هەسەدە بسەندرێتەوە وەک ئەوەی لە ڕێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا هاتووە.

"ئەو مەرجانە قبوڵناکەین"

سلێمان عەرەب: ئێمە ئەو مەرجانە قبوڵناکەین، دروستکردنی ناوچەی ئارام پێویستی بە مناقەشە هەیە، ئێمە پێش ئێستاش ئەوەمان قبوڵنەکردووە کە تورکیا ناوچەکە داگیربکات و گۆڕانکاریی لە دیموگرافیای ڕۆژئاوای کوردستاندا بکات.

واتا ئێوە ناوچەی ئارامتان قبوڵە، بەڵام ئەوەی تورکیا دەیەوێت قبوڵتان نییە؟

"ئەوەی تورکیا دەیەوێت داگیرکارییە"

سلێمان عەرەب: ئەوەی تورکیا دەیەوێت داگیرکارییە، تێکشکاندنی ئیرادەیە، بۆیە دەڵێین دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەین بە چاودێریی هێزە نێودەوڵەتییەکان، پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەکان چاودێریی ڕاوەستاندی شەڕ و هەرێمێکی ئارام بکەن.

- ئەگەر ناوچەی ئارام دروستبکرێت کورد قبوڵی دەکات ئەو ناوچەیە لەلایەن تورکیاوە بەڕێوە ببرێت؟

"بەدڵنییاییەوە ئەوە قبوڵناکرێ"

سلێمان عەرەب: وەک لە بەیاننامەی فەرمی هەسەدە هاتووە ئاگربەست و ڕێککەوتنەکە لەسەر ناوچەی گرێسپی و سەرێکانی کراوە، وەکوتر ئەوەی باسدەکرێت هەموو سنوور بگرێتەوە بە درێژایی ٤٠٠ کیلۆمەتر، بەدڵنییاییەوە ئەوە قبوڵناکرێ، ئێمە بڕوامان وایە بەشەڕ و داگیرکاریی هیچ بەدەست نایەت، لەبەرامبەر داگیرکاریی ئێمە بڕیاری بەرخۆدانمان داوە، بەڵام بڕواشمان وایە دەبێت بۆ چارەسەری ئاشتیانە گفتوگۆی سیاسیی بکرێت.

چەند ڕۆژێکە ڕێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و تورکیا کراوە، هیچ قسە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر کراوە لەسەر ڕێککەوتنەکە؟

"لەگەڵ هەڤاڵ مەزڵوم قسەیان کردووە"

سلێمان عەرەب: ئەمریکا لەگەڵ هەڤاڵانی بەڕێوبەریی لەشکریی قسەی کردووە، هەندێک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکی لەگەڵ هەڤاڵ مەزڵوم قسەیان کردووە، بەبڕوای من ئەمریکا دەیەوێت لەنێوان ئێمەو تورکیادا ڕێککەوتنێک دروستبکات، بەڵام پێویستە پێش هەر شتێک شەڕ بووەستێت و داگیرکاریی کۆتایی پێبێت ئەوکاتە قسە لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی بکرێت، ئێمە لەسەر عەرز خاوەنی بەڕێوبەرییەکی دیموکراتی خۆمانین، چارەسەری لە سوریایەکی یەکگرتووی نادیموکراتیدایە، ئێمە شەڕی داعش و گروپە توندڕەوەکانمان کرد، لەبەر ئەوە ئێمە ئامادەین لەچوارچێوەی ئەو دەستکەوتانەدا ڕێککەوتن و گفتوگۆ بکەین.

خەڵک دەڵێت ئەگەر کورد بەو ڕێککەوتنە ڕازی بێت و ٣٥ کیلۆمەتر بکشێتەوە ئیتر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەدەست کورددا نامێنێت، بە بۆچوونی تۆ ئەگەر ناوچەیەکی ئارام دروستبکرێت، نابێت لەچەند کیلۆمەتر زیاتربێت؟

"هەموو کەس دەزانێت ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کەوتوونەتە سەر سنوور"

سلێمان عەرەب: ئامانجی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەموو کەس دەزانێت هەموو ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کەوتوونەتە سەر سنوور، دووریەکەیان لە سنووری باکوری کوردستانەوە لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتردایە، ئێستا کە قسەلەسەر ئەوەدەکرێت ناوچەیەکی ئارام  بە قوڵایی ٢٠ میل دروستبکرێت بێگومان ئامانج لەناوبردنی گەلی کوردە لەو ناوچانەدا، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە ملوێنان خەلکی ئەو ناوچانە کۆچبەربکات و لەجێگەی ئەوان نەک پەنابەری سوریی، دەیەوێت ئەو پەنابەرە توندڕەوانەی کە کۆیکردوونەتەوە و نزیکن لە بیری داعشەوە لەوێ نیشتەجێ بکات، ئەوە مەترسییەکی گەورەیە نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ سوریا و جیهانیش، چونکە ئەبێتە ناوەندییەکی توندڕەویی، ئێمە ئەو مەترسییە دەبینین بۆیە دژی ئەوە بەرخۆدان دەکەین.

- مەبەستمە بە ژمارە پێم بڵێی ئێوە دەتانەوێت ناوچەی ئارام چەن کیلۆمەتر بێت.

"قبوڵناکەین یەک بست خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە داگیربکرێت"

سلێمان عەرەب: ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە قبوڵناکەین یەک بست خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە داگیربکرێت، بەڵام دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەهێزی ناتۆ ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکات ئیمەش ئەوە قبوڵناکەین و بەرگریی دەکەین.

د.ع