سه‌رۆکی په‌رله‌مان: په‌یوه‌ندی هه‌رێم و تورکیا به‌نده‌ به‌دۆزی کورد له‌ باکور -2


رۆژنیوز – شنا/کارۆخ

دکتۆر یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان سوپاسی خۆڕاگری گه‌لی کورد ده‌کات له‌ باکوری کوردستان، له‌به‌رامبه‌ر هێرشی وه‌حشاینه‌ی ده‌وڵه‌تی تورک و ڕایده‌گه‌یه‌نێت:" ئێستا گونجاوترین کاته‌ بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد".

له‌ به‌شی یه‌که‌می چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی رۆژنیوز له‌گه‌ڵ یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان، تیشک خرایه‌ سه‌ر قه‌یرانی سیاسی و دارایی له‌ هه‌رێمی کوردستان، له‌ به‌شی دووه‌مدا سه‌رۆکی په‌له‌مان، باس له‌ گرنگی به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌وشی باکوری کوردستان ده‌کات.

رۆژنیوز: که‌ی گونجاوترین کاته‌ بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی.؟

-له‌ ئێستا گونجاوترین و باشتر نیه‌، که‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و له‌سه‌ر ئاستی دیاسپۆرا-ش ببه‌سترێت، چونکه‌ ئێستا له‌ هه‌رکاتێک زیاتر کورد ره‌وایه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، وه‌ک کاره‌کته‌رێکی سه‌ربه‌خۆ له‌ناوچه‌که‌ خۆی نمایش بکات به‌تایبه‌ت، که‌ ئێستا قوربانیدان و ئازایه‌تی و قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ و گه‌ریلا و شه‌ڕڤان له‌ ئاساتی دنیادا ناوبانگێکی ئێجگار گه‌وره‌ی هه‌یه‌، شه‌ڕڤان به‌تایبه‌ت یه‌په‌ژه‌، که‌ بوونه‌ سمبول بۆ بۆ ژنانی ئازادیخواز له‌سه‌ر ئاستی دنیا، بۆیه‌ ئه‌و گیانی پێکه‌وه‌ییه‌ی که‌، ئێستا له‌ ناخی هه‌ر تاکێکی کورد-دا هه‌یه‌، پێگه‌یشتنی خه‌باتی کورد له‌ پارچه‌یه‌کی تری کوردستان که‌ رۆژئاوایه‌، به‌ره‌و پێشجوونی خه‌باتی ئێمه‌ له‌ باکور، وه‌ بۆیه‌که‌م جار حزبێک که‌ ته‌مسیلی شه‌قامی کورد ده‌کات له‌ باکور ده‌چێته‌ په‌رله‌مانی تورکیا، ئه‌مانه‌ به‌ره‌وپێشچوونی گه‌وره‌ن که‌ ئێمه‌ ده‌توانین سودی لێوه‌ربگرین، بۆیه‌ من پێموایه‌ داهاتوو، کورد خۆی ده‌توانێت بینه‌خشێنێ، نه‌ک وڵاتانی دراوسێ، ڕێگای سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستانیش، ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ک پارچه‌ش بووبێ، له‌ تورکیا نیه‌، به‌ڵکو له‌ قامیشلۆ، له‌ کۆبانێ و دیاربه‌کر و مهاباده‌، وه‌ له‌پێکه‌وه‌ کارکردنی هێزه‌ کردییه‌کانه‌، له‌ هه‌موو پارچه‌کان، بۆیه‌ ئێستا ده‌رفه‌تێکی زێڕین هایه‌، کاتی ئه‌وه‌یه‌، به‌ وتارێکی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ خه‌باتی خۆمان پێشخه‌ین، وه‌ ئه‌گه‌ر ڕێگریش له‌به‌رده‌م کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ڕێگری له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ نیه‌، ئه‌و هێزه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی بڕوایان به‌م پره‌نسیپانه‌ هه‌یه‌، خۆیان له‌ده‌وری یه‌کتر کۆببنه‌وه‌ و خۆیان ڕێکبخه‌ن، وه‌ خه‌باتی کورد به‌رفراوان بکه‌ن له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌که‌ و له‌سه‌ر ئاستی دنیا.

رۆژنیوز: قسه‌ی تۆ چیه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک له‌سه‌ر باکوری کوردستان و له‌ به‌رامبه‌ردا، به‌رخۆدانی بێوێنه‌ی کورد له‌و پارچه‌یه‌.؟

-به‌ ڕای من پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌کی عه‌قڵانیانه‌تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌دا بکات که‌ ئێستا هه‌‌یه‌، وه‌ پێویسته‌ په‌ند له‌ رووداوه‌کانی رابردوو وه‌ربگرێت، به‌ درێژایی ده‌یان ساڵی ڕابردوو به‌ ئاگر و ئاسن نه‌توانراوه‌ خه‌باتی گه‌لی کورد له‌ باکور وه‌ له‌ هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستان سه‌رکوت بکرێت، به‌ڵکو له‌ڕێگای داننان و پێدانی مافه‌کان و ئینکاری نه‌کردنی به‌ رێگای ئاشتی ده‌توانرێت ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ربکرێت، بۆیه‌ هیوادارم، ده‌وڵه‌تی تورک به‌و هه‌نگاوه‌ هه‌ڵانه‌دا بچێته‌وه‌، وه‌ جارێکی تر پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ تورکیا ده‌ستپێبکرێته‌وه‌، که‌ ئێستا زه‌مینه‌ زۆر له‌بارتره‌ بۆئه‌وه‌ی ئاشتی له‌ تورکیا به‌رقه‌راربێت، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا شه‌ریکێکی شه‌رعی دیموکراسی له‌ تورکیا بوونی هه‌یه‌، که‌ هه‌ده‌په‌یه‌ و نوێنه‌رایه‌ی گه‌لی کورد ده‌کات له‌ باکور، له‌ناو په‌رله‌مانی تورکیادا، بۆ یه‌ پێویسته‌ سه‌رله‌نوێ پرۆسه‌ی ئاشتیه‌وه‌ گه‌لی کورد له‌ تورکیا به‌ مافه‌کانی شاد بێ.


وه‌ من ده‌مه‌وێ بڵێم، ته‌نیا به‌ مافی کلتوری و ڕۆشنبیری ناتوانرێت چاره‌سه‌ری پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بکرێ، وه‌ ئێمه‌ له‌ باشور ئه‌زمونمان هه‌یه‌، له‌کاتێکدا خوێندن به‌ زمانی کوردی بوو له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا خه‌باتی گه‌لی کورد له‌ باشور به‌رده‌وامبوو، تا مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی به‌ده‌ستهێنا، دووه‌م پرۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری نه‌ته‌وه‌یی تاکلایه‌نه‌ ناکرێت، به‌ڵکو پێویسته‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌که‌ و ئه‌و هێزه‌ خۆی ئه‌نجامبدرێت، بۆ ئه‌مه‌ش دیسان نمونه‌ی باشور ده‌هێنمه‌وه‌، ساڵی 1975 حکومه‌تی عێراقی تاکلایه‌نه‌ قانونی خودموختای راگه‌یاند، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ هۆی هێنانه‌ کایه‌ی ئاشتی و دابینکردنی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان، به‌ڵکو ئه‌وه‌ سه‌ری ڕژێمی به‌عسی خوارد، وه‌ دوای کۆتایی هاتنی ڕژێمی به‌عس پرۆسه‌ی ئاستی له‌ کوردستانی باشور و ده‌وڵه‌تی عێراق چه‌سپێنرا.

بۆچوونی تۆ له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ و نزیکایه‌تی به‌رپرسانی هه‌رێم و لایه‌نێکی دیاریکراوی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌ررپرسانی ئاکه‌په‌ له‌ ئێستا دا.؟

-ئه‌وه‌ کارێکی هه‌ڵه‌یه‌، پێویسته‌ کورد له‌ هه‌موو پارچه‌کان هاوکاری خه‌باتی یه‌کتر بێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ ڕێگای ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ بێت بۆ چاره‌سه‌ری پرسه‌که‌.

رۆژنیوز: به‌رخۆدانی باکور، چ کاریگه‌ریه‌ک له‌سه‌ر پارچه‌کانی تری کوردستان دروست ده‌کات.؟

-به‌رخۆدانی گه‌لی کورد له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ک ده‌بێته‌هۆی دڵگه‌رمیه‌کی زیاتر و خه‌باتی زیاتری نه‌ته‌وه‌یی له‌ پارچه‌کانی تر، وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی نه‌رێنی به‌سه‌ر حکومه‌تی تورکیادا ده‌شکێته‌وه‌، نایشارمه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ڕق و توڕه‌یی به‌رامبه‌ر حکومه‌تی تورکیا دروستببێ، له‌ پارچه‌کانی تر کاتێ، که‌ ده‌بینرێت ده‌وڵه‌تی تورک به‌شێوه‌یه‌کی توندوتیژ ئامێز له‌به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد له‌ باکور مامه‌ڵه‌ ده‌کات، بۆیه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ ده‌رئه‌نجامێکی نه‌رێنی هه‌بێت له‌ روانگه‌ی گه‌لی کورد له‌ پارچه‌کانی تری کوردستان و دیاسپۆرا به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی تورک، که‌ ئه‌مه‌ بۆ تورکه‌کان خۆیان باش نیه‌، هه‌رێم و تورکیا په‌یوه‌ندی ئابوری گه‌وره‌یان هه‌یه‌، پێویسته‌ تورکیا ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرێت، به‌رده‌وامی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ دۆزی کورد له‌ باکور به‌شێوازی ئاشتیانه‌ یه‌کلا بکرێته‌وه‌.

رۆژنیوز: فراکسیۆنی گۆڕان پێشنیاری کرد، که‌ باره‌گاکانی تورکیا له‌ هه‌رێم بکرێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆچی په‌رله‌مان موناقه‌شه‌ی نه‌کرد.؟

-نازانم، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی ئێمه‌ له سه‌رۆکایه‌تی ‌په‌رله‌مان بووین هیچ پێشنیارێکی له‌و شێوه‌یه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی نه‌کراوه‌، وه‌ هه‌ر پێشنیاریکی له‌و شێوه‌یه‌ ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان بکرێت، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، باس و خواسی له‌سه‌ر ده‌کرێ.

رۆژنیوز: پێویسته‌ حکومه‌تی هه‌رێم چ هه‌ڵوێستێکی له‌به‌رامبه‌ر له‌شکرکێشی ده‌وڵه‌تی تورک هه‌بێت.؟

-نابێت بهێڵین ئه‌و توندوتیژیانه‌ی ئه‌نجامده‌درێت له‌ باکور، بگوازرێته‌وه‌ بۆ خاکی هه‌رێمی کوردستان-یش، وه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ی له‌ باکوریش هه‌یه‌ به‌شێوه‌ی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت، ده‌وڵه‌تی تورک پێویسته‌ له‌وه‌ تێبگات، وه‌ک چۆن له‌ باکور ناتوانێت، سه‌رکه‌وێت به‌سه‌ر خه‌باتی گه‌لی کوردستاندا، له‌ باشوریش دیسان ئه‌وه‌ مه‌یسه‌ر نابێت، وه‌ ئه‌مه‌ زیاتر ده‌بێته‌ هۆی قوڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان، پێویسته‌ حکومه‌تی هه‌رێمیش ڕێگا نه‌دات، که‌ خاکی باشوری کوردستان، ببێته‌ مه‌یدانی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هێزه‌کانی تورکیا و گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ له‌ زیانی هه‌رێمه‌ و نابێت ئه‌م شه‌ڕه‌ بێته‌ ناو هه‌رێمی کوردستان.

رۆژنیوز: بانگهێشتکراوی بۆ کۆنگره‌ی هه‌ده‌په.؟ به‌شداری ده‌که‌ی.؟

-من بانگهێشتکراوم بۆ کۆنگره‌ی هه‌ده‌په‌، ئاواته‌خوازم بتوان بچم، وه‌ ئامانجی من ئه‌وه‌، که‌ بچمه‌ ئه‌و کۆنگر‌ه‌یه‌ به‌ڵام، دۆخی هه‌رێمی کورردستان دۆخێکی ناجێگیره‌ هیوادارم ئه‌و دۆخه‌ نه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌ه‌م په‌کی بکه‌وێت.

رۆژنیوز: په‌یامی تۆ چیه‌ بۆ گه‌لی باکور.؟

-من سوپاسی خۆڕاگریان ده‌که‌م، هیوادارم ده‌رفه‌تێکی نوێ بێته‌ کایه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پرسه‌کان له‌ ڕێگای ئاشتیانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێ.


ش.ف