"سیسته‌مى هه‌رێم حزبیه‌، ده‌بوو له‌سه‌ره‌تاوه‌ پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم چۆڵبکرایه‌"


رۆژنیوز- هانا ئازاد

د.مه‌حمود عوسمان که‌سایه‌تى سیاسى له ‌باشورى کوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، په‌کخستنى په‌رله‌مان و ڕێگرتن له‌سه‌رۆکى په‌رله‌مان هه‌ڵه‌یه‌کى گه‌وره‌بوو که‌ کاریگه‌رى کرده‌ سه‌ر پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان.

له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌که‌مان ڕۆژنیوز د. مه‌حمود عوسمان ئاماژه‌ به‌ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ى موسڵ ده‌کات و به‌پێویستى ده‌زانێت سه‌رجه‌م هێزه‌کوردییه‌کان به‌شدارى بکه‌ن ده‌شڵێت :" هاتنى هێزى تورک مانه‌وه‌ى هێزه‌ سیخوریه‌کانى تورکیش له‌چه‌ند ساڵى پێشوو کارێکى خراپه‌ و ده‌بێت ده‌ربچن له‌خاکى هه‌رێم".

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و ڕێککه‌وتنه‌که‌ى نێوان یه‌کێتى و گۆڕان هه‌ڵوه‌سته‌ى زیاتر ده‌کات و ئاماژه‌ده‌کات، ده‌بوایه‌ هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم چۆڵبکرێت و دووساڵه‌که‌ش هه‌ڵه‌بوو که‌درێژکرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن پارتى و یه‌کێتیه‌وه‌.

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

ده‌مه‌وێت سه‌ره‌تا پرسیار له‌باره‌ى ئه‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ى باشورى کوردستان بکه‌ین، که‌تائێستا هیچ ئاینده‌یه‌کى ڕوون له‌به‌رده‌میدانیه‌، خوێندنه‌وه‌ى تۆ چیه‌ ؟

" ئه‌گه‌ر باشورى کوردستان به‌وشێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ ئاینده‌یه‌کى باش چاوه‌ڕوانى ناکات"

-ئاینده‌ى باشورى کوردستان که‌وتۆته‌ ده‌ست ئه‌و حزبانه‌ که‌ دابه‌شبووه‌ له‌نێوان پارتى و گۆڕان و یه‌کێتى و لایه‌ نه‌ئیسلامیه‌کان، ئه‌گه‌ر بتوانن بگه‌نه‌ ڕێککه‌وتن وه‌کو کورد کاربکه‌ن و حزبایه‌تى بخه‌نه‌لاوه‌ ئه‌وه‌ ئاینده‌یه‌کى باش ده‌بێت به‌تایبه‌تى له‌و قۆناغه‌دا که‌ کێشه‌ى کورد له‌ده‌ره‌وه‌ باسى ده‌کرێت و پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانان شه‌ڕ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین گروپى تیرۆرستى ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر باشورى کوردستان به‌وشێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاینده‌یه‌کى باش چاوه‌ڕوانى ناکات، ئه‌نجامى ئه‌و دۆخه‌ په‌یوه‌ندى یه‌کگرتن و یه‌کنه‌گرتنى ئه‌و حزبانه‌وه‌ هه‌یه،‌ چونکه‌ گۆڕانکارى له‌ ناوچه‌که‌دا له‌ئارادایه‌ و ئه‌گه‌ر ڕێکنه‌که‌ون ناتوانن سود له‌گۆڕانکاریه‌کان ببینن، ئێستا ده‌بینین له‌ناوچه‌که‌دا خه‌ریکه‌ تورکیا و سوریا ڕێکده‌که‌ون و له‌ئێران گفتوگۆ ده‌که‌ن دژى کورد، چونکه‌ تورکیا هه‌موو هه‌وڵه‌کانى دژى کورد خسته‌گه‌ڕ بۆ ئێستا و ئاینده‌ به‌تایبه‌ت دواى شه‌ڕى چه‌ته‌کانى داعش و بارودۆخى نوێ دروست ده‌که‌ن، بۆیه‌‌ ئه‌و خوێنه‌ى شه‌ڕڤانان ڕۆژانه‌ ده‌یڕێژن نابێت بێ سود بڕوات.

پێتوایه‌ سه‌رکردایه‌تى هه‌رێمی کوردستان ستراتیژیه‌تێکى دیاریکراوى هه‌بێت بۆ گۆڕانکارییه‌کان ؟

-نه‌خێر ستراتیژ بۆ گۆڕانکاریه‌کان له هه‌رێمی کوردستان نیه‌، چونکه‌ ئه‌وان ناتوانن به‌یه‌که‌وه‌ دابنیشن و ڕێکبکه‌ن و ناتوانن به‌رنامه‌یه‌کى دیاریکراویان هه‌بێت، ڕێککه‌وتنه‌کان ته‌نها له‌نێوان دوو حزب ده‌کرێت و هه‌موو به‌یه‌که‌وه‌ نین و له‌ژێر یه‌ک ستراتیژیه‌تدا نین.

حزبه‌کانى باشورى کوردستان زۆر بێ باکیان به‌رامبه‌ر میلله‌ت پێوه‌دیاره‌؟ ئه‌نجامى ئه‌وانه‌ چۆن ده‌بینى ؟

-حزب ده‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندى میلله‌ت بێت، چونکه‌ حزب له‌ هاوڵاتیان پێکهاتووه‌ و ئه‌گه‌ر حزبێک باکى به‌هاوڵاتیان نه‌بێت ئه‌وه‌ ناتوانێت سه‌ربکه‌وێت و ده‌بێت حساب بۆ ئه‌وه‌ بکرێت هه‌مووان له‌یه‌ک نه‌ته‌وه‌ن و هه‌وڵبده‌ن کۆنگره‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یى ببه‌ستن و یه‌کڕیزى هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستى پارچه‌کانى کوردستان و له‌سه‌ر ئاستى نه‌ته‌وه‌یى.

په‌کخستنى په‌رله‌مان، نه‌بوونى سه‌رۆکایه‌تیه‌کى شه‌رعى و حکومه‌تێکى لاواز کاریگه‌رى سیاسى و دیبلۆماسى کردۆته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان؟

" ئیجرائاته‌کانى پارتى بۆ ڕێگرتن له‌سه‌رۆکى په‌رله‌مان و وه‌زیره‌کان یاسایى نه‌بوو"

-کاریگه‌رى زۆرى هه‌یه‌، به‌ڵام من بڕوام وایه‌ په‌کخستنى په‌رله‌مان و ڕێگرتن له‌سه‌رۆکى په‌رله‌مان هه‌ڵه‌یه‌کى گه‌وره‌بوو هیچى یاسایى نیه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان نیوه‌ به‌نیوه‌ هه‌ڵه‌یه‌کى تر بوو، هه‌ڵه‌گه‌وره‌که‌ له‌وکاته‌وه‌ ده‌ستیپێکرد که‌ 23/6 هه‌وڵدرا بۆ کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان له‌کاتێکدا زۆرکه‌سى وه‌ک ئێمه‌ وتمان پێویست ناکات ئه‌وه‌بکرێت، چونکه‌ بارودۆخه‌که‌ توندتر ده‌بێت، ئیجرائاته‌کانى پارتى بۆ ڕێگرتن له‌سه‌رۆکى په‌رله‌مان و وه‌زیره‌کان یاسایى نه‌بوو، ئێستا ئه‌و بارودۆخه‌ دروستبووه‌ که‌ نابێت به‌رده‌وام بێت، ده‌بێت په‌رله‌مانى هه‌رێم کارابکرێته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌رله‌مانه‌دانیم که‌ هه‌یه‌ و ده‌بێت په‌رله‌مان که‌سى یه‌که‌مى حزبه‌کانى تێدابێت نه‌ک کادیرى پله‌ 3 و 4، چونکه‌ به‌وشێوه‌یه‌ په‌رله‌مان مه‌رجه‌ع نیه‌ و هه‌ڵه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بگۆڕدرێت، ئه‌گه‌ر باسى ریفراندۆمیش ده‌کرێت ئه‌وه‌ پێویستمان به‌په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستانه‌ بۆئه‌وه‌ى یاسایى بۆ ده‌ربکات.

باشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ش که‌هه‌یه‌ و دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێم په‌کیان که‌وتووه‌، هه‌ستناکرێت هیچ له‌ واقیعى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌رێم گۆڕابێت ؟

" سیسته‌مى هه‌رێم سیسته‌مێکى حزبیه‌"

-ئێستا پۆسته‌کان بوون به‌حزبى و گرنگى نه‌ماوه‌، چونکه‌ له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تى دامه‌زراوه‌کان بووین به‌چه‌ند به‌شێک، سیسته‌مى هه‌رێم نه‌په‌رله‌مانى و نه‌سه‌رۆکایه‌تیه‌ به‌ڵکو سیسته‌مى حزبیه‌، جارێکى تر ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى کوردیان ده‌وێت ده‌بێت ڕێکبکه‌ون سه‌یرده‌که‌ین له‌گه‌ڵ تورکیا و عێراق و ئێران ڕێکده‌که‌ون، به‌ڵام له‌ناوخۆ ڕێکناکه‌ون.

-تۆ وه‌ک سیاسى خوێندنه‌وه‌ت بۆ ئه‌وه‌ هه‌بوو که‌ مه‌سعود بارزانى پۆسته‌که‌ى چۆڵ نه‌کات و په‌رله‌مان په‌کبخرێت دواى دووجار درێژکردنه‌وه‌ى پۆسته‌که‌ى؟

" ده‌بوایه‌ هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم چۆڵبکرێت"

-ده‌بوایه‌ هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ پۆستى سه‌رۆکى هه‌رێم چۆڵبکرێت و دوو ساڵه‌که‌ش هه‌ڵه‌بوو که‌درێژکرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن پارتى و یه‌کێتیه‌وه‌، سه‌رۆکى هه‌رێم یان ده‌بوو به‌هه‌ڵبژاردن دابنرێته‌وه‌ یان پۆسته‌که‌ى جێهێشتبا، چه‌ند جارێک له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى قسه‌م کردووه‌ و ئه‌و ده‌ڵى باحزبه‌کان له‌سه‌ر که‌سێک ڕێکبکه‌ون یان ڕێگه‌بده‌ن تاساڵى 2017 هه‌ڵبژاردن بکرێت به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچ نه‌کراوه،‌ چونکه‌ دانیشتن و گفتوگۆ له‌نێوانیاندا نه‌بووه‌ و ته‌نها به‌به‌یاننامه‌ وه‌ڵامى یه‌کتر ده‌ده‌نه‌وه‌، بۆیه‌ به‌بڕواى من ده‌زگاکانى هه‌رێم بوون به‌ده‌زگاى حزبى.

رێککه‌وتنه‌که‌ى یه‌کێتى و گۆڕان که‌متر تائێستا کاریگه‌ریه‌کانى ده‌رکه‌وتوون، پێت وایه‌ به‌وشێوه‌یه‌ به‌بێ کاریگه‌رى تێپه‌ڕێت ؟

"پارتی به‌ دژایه‌تی خۆی ده‌زانێت"

-به‌بڕواى من بۆ یه‌کگرتن و ڕێککه‌وتنى نێوان یه‌کێتى و گۆڕان کاریگه‌رى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان ڕێککه‌وتنه‌که‌ى گۆڕان و یه‌کێتى کاریگه‌رى نه‌بووه‌ و کێشه‌شى دروستکردووه‌، چونکه‌ پارتى ئه‌وه‌ به‌دژایه‌تى خۆى تێده‌گات و کێشه‌ دروستده‌کات.

بۆچى پارتى دیموکراتى کوردستان ئه‌وه‌ به‌دژایه‌تى خۆى ده‌زانێت؟

" پارتى له‌لێدوانه‌کانى نه‌وشیروان مسته‌فا نیگه‌رانه‌"

ئه‌وه‌ى من تێیگه‌یشتووم پارتى له‌وه‌ نیگه‌رانه‌ که‌پێش ئه‌نجامدانى ڕێککه‌وتنه‌که‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌کراوه‌ و ئاگادار نه‌بوون به‌تایبه‌ت له‌یه‌کێتى نیگه‌رانن و ده‌ڵێن کۆتا ڕۆژ پێمان وتراوه‌ و پارتى له‌لێدوانه‌کانى نه‌وشیروان مسته‌فا نیگه‌رانه‌ که‌باسى نه‌هێشتنى تاکڕه‌وى ده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ى پارتى تاکڕه‌وى بکات و قۆرغکار بێ و حساباتى کۆن هه‌یه‌ له‌نێوانیاندا، من ئه‌و دژایه‌تیکردنه‌ به‌حه‌ق نازانم و پێویسته‌ پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان دابنیشێت و نابێت پێش مه‌رجیان بۆیه‌کتر هه‌بێت و نابێت کۆسپ بۆیه‌کتر دابنێن.

له‌ودۆخه‌ى هه‌یه‌ ئه‌رکى به‌رپرسیاریه‌تى له‌ئه‌ستۆى کێدایه‌؟ پێویسته‌ کێ ده‌سپێشخه‌رى بکات ؟

-مه‌سعود بارزانى ده‌توانێت بۆ ئه‌و دۆخه‌ ڕۆڵ ببینیت هه‌رچه‌نده‌ ئێستا بارزانى بۆته‌ به‌شێک له‌کێشه‌کان، بۆیه‌ له‌ئێستادا باشترین هێز که‌ڕۆڵى هه‌بێت له‌چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان یه‌کێتیه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى ڕێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ گۆڕان و پارتى هه‌یه‌، ئێستا هه‌وڵێک هه‌یه‌ بۆ لێک نزیک بوونه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وام له‌کاتى کێشه‌کانى کورد وڵاتان ڕۆڵیان هه‌بووه‌، به‌بڕواى من ئه‌مجاره‌ وڵاتانى نێوده‌وڵه‌تى به‌شدارى کێشه‌ى باشورى کوردستان ناکه‌ن و ده‌یانه‌وێت خۆیان چاره‌سه‌رى بکه‌ن.

پێمخۆشه‌ هه‌ندێ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر شه‌ڕى موسڵ و پێشمه‌رگه‌ بکه‌ین، تاچه‌ند به‌پێویستى ده‌زانن پێشمه‌رگه‌ و یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ هێزه‌کوردیه‌کان به‌گشتى به‌شدارى بکه‌ن؟

" به‌شدارى کورد له‌شه‌ڕى موسڵ ده‌بێت به‌ڕێککه‌وتنى سیاسى بێت"

-کورد ده‌بێت به‌شدارى شه‌ڕى موسڵ بکات، چونکه‌ به‌شێکیان بۆ کورد گرنگه‌ و له‌ژێر مادده‌ى 140 دایه‌ و تاموسڵ چه‌ته‌کانى داعشى لێبێت مه‌ترسى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ده‌بێت، به‌ڵام به‌شدارى کورد له‌شه‌ڕى موسڵ ده‌بێت به‌ڕێککه‌وتنى سیاسى بێت و پێداویستى پێشمه‌رگه‌ دابینبکرێت و دواى کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ى موسڵ چۆن ده‌بێت ئه‌وه‌ پێویستى به‌ڕێککه‌وتنه‌.

پێتوانیه‌ دوای ئازادکردنی موسڵ کورد ئه‌و سه‌نگه‌ی جارانی نامێنێت؟

-باوڕم وایه‌ تاشه‌ڕى موسڵ ته‌واو ده‌بێت ئه‌گه‌ر کورد یه‌کڕیزى دروستنه‌کات لاواز ده‌بێت، چونکه‌ ئێستا گرنگیه‌کى زۆر به‌ شه‌ڕڤانان و پێشمه‌رگه‌ ده‌درێت که‌ دواى نه‌مانى داعش ئه‌وه‌ نامێنێت و پێگه‌ى سیاسى ئه‌وکاته‌ رۆڵ ده‌بێنیت .

هاتنى هێزێکى تورکى بۆ نێوخاکى هه‌رێم تاچه‌ند به‌پێویست ده‌زانن؟

" نابێت ڕێگه‌ بده‌ین تورکیا هێز بێنێت و ده‌ستێوه‌ردان بکات"

-هاتنى هێزى تورک کارێکى خراپه‌ و هێزه‌ سیخوریه‌کانى تورکیش له‌چه‌ند ساڵى پێشوو هاتوون ده‌بێت ده‌ربچن له‌خاکى هه‌رێم، نابێت ڕێگه‌ بده‌ین تورکیا هێز بێنێت و ده‌ستێوه‌ردان بکات، چونکه‌ زیانى بۆ کورد و سوننه‌ ده‌بێت و کێشه‌ دروستده‌بێت، من ده‌مێکه‌ دژى بوونى باره‌گا و بنکه‌کانى سوپاى تورکم له‌خاکى هه‌رێم .

له‌م ڕۆژانه‌ پرۆتۆکۆلێک له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و ئه‌مریکا واژۆکرا پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ "بۆچی وه‌زیری به‌رگری خۆی نه‌هات بۆ هه‌رێمى کوردستان یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگری نارد بۆ واژۆکردنی رێککه‌وتنامه‌که‌"؟

" مه‌به‌ست شه‌ڕی موسڵه‌"

-ناوه‌ڕۆکى پرۆتۆکۆڵه‌که‌ى نێوان پێشمه‌رگه‌ و ئه‌مریکا نازانم ده‌بێت چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامه‌که‌ى بکه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ وڵاتێکى وه‌کو ئه‌مریکا زانیارى ناشارێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ هاوکارى پێشمه‌رگه‌ بێت گرنگه‌ و پرۆتۆکۆڵه‌که‌ سه‌ربازییه‌، یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى ئه‌مریکا به‌قه‌د وه‌زیرێکى ئێمه‌ گرنگره‌ ودووساڵه‌ خه‌ریکى ئه‌نجامدانى ئه‌و پرۆتۆکۆڵه‌ن، حکومه‌تى عێراق ئاگادارى ئه‌و پرۆتۆکۆڵه‌یه‌ و مه‌به‌ستیش شه‌ڕکردنه‌ بۆ موسڵ.

به‌ڵام پێده‌چێت سیاسه‌تى به‌غدا به‌وشێوه‌یه‌ قبوڵى نه‌بێت؟ ئه‌وه‌ کاریگه‌رى نه‌رێنی لێ ناکه‌وێته‌وه‌ ؟

-حکومه‌تى عێراق ئاگاداره‌ و ئه‌مریکا له‌پرۆتۆکۆڵه‌که‌ ئاگادارى کردوون، ره‌نگه‌ پێیان ناخۆش بێت، به‌ڵام ناتوانن کێشه‌ بۆکورد دروستبکه‌ن .

له‌باره‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان ماوه‌یه‌که‌ هه‌ندێ جموجۆڵ له‌لایه‌ن لایه‌نێکى دیاریکراو ده‌بینرێت بۆئه‌وه‌یان قسه‌ت چیه‌، ئه‌وه‌ خه‌باتێکى جدییه‌؟

" نزیکه‌ی 20 ساڵه‌ بێده‌نگ دانیشتوون"

-من تێکه‌ڵاویم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان و ئه‌وان نزیکه‌ى 20 ساڵه‌ له‌باشورى کوردستان بێده‌نگ دانیشتوون و هه‌ندێ جار غه‌در لێکراوبوون، به‌ڵام من له‌گه‌ڵ شه‌ڕى چه‌کدارى نیم له‌هیچ شوێنێک ئه‌گه‌ر بۆ به‌رگریکردن نه‌بێت، حزبه‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان به‌یه‌که‌وه‌ ناچن چالاکیه‌کان بکه‌ن و ڕێکناکه‌ون بۆیه‌ کاره‌کانیان زۆر ئه‌نجامى نیه‌ و کێشه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان دروستده‌که‌ن و ئێران تۆپباران ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ پلانى ساڵێک به‌رله‌ئێستا بووه‌.

تورکیا و سوریا ئه‌گه‌ری لێکنزیک بوونه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئایا نزیک بوونه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ مه‌ترسی نابیت بۆ رۆژئاوای کوردستان؟

" پێده‌چێت رێککه‌وتنێک بۆ دژایه‌تی کورد ببه‌سترێت"

-ئه‌وه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ دژایه‌تى ڕۆژئاواى کوردستان ده‌کرێت و تورکیا ئێستا بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ نه‌یانتوانیوه‌ سود له‌ئۆپۆزسیۆنى سوریا وه‌ربگرن ئێستا ئه‌مریکا و رووسیاش خه‌ریکى رێککه‌وتنن له‌سه‌ر سوریا و تورکیاش ده‌یه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندى خۆى بخاته‌ پێش و له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌که‌دا ڕێبکه‌وێت و به‌رژه‌وه‌ندى کورد له‌ڕۆژئاوا بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، پێده‌چێت ڕێککه‌وتنێک بۆ دژایه‌تى کورد له‌نێوان سوریا و تورکیا و ئێران و عێراق ببه‌سترێت.

ڕێکه‌وتنی تورکیا و ڕووسیا کاریگه‌ری له‌سه‌ر پرسی کورد به‌تایبه‌تی ڕۆژئاوا و باکور ده‌بێت یاخود نا؟

" ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌یکات تیرۆره‌ نه‌ک ئه‌و شه‌ڕى تیرۆر بکات"

-کاریگه‌رى خراپى ده‌بێت، ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌ى تورکیا ده‌یکات کاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر کورد و مه‌ترسى دروستده‌کا و ئه‌ردۆغان سودى لێده‌بینێت بۆ دژایه‌تیکردنى کورد، ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ سوریا و ڕووسیا و ئیسرائیل و ئێران سازشى کرد، به‌ڵام ناتوانێ سازش بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان بکات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌یکات تیرۆره‌ نه‌ک ئه‌و شه‌ڕى تیرۆر بکات.

ش.ف