سەرتیپ جەوهەر: هەولێر لەژێر کاریگەریی تورکیادا مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات

ڕۆژنامەنووس و کادری یەکێتیی، سەرتیپ جەوهەر ئەوەی خستەڕوو، کە بەغدا و هەولێر بەشێوەیەکی مەبدەئیی ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەولێر هەموو داهاتەکانی ڕادەستی بەغدا بکات، بەڵام هێشتا ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئەوەی بەغدا لەبەرامبەردا چەند پارە بۆ هەرێم دەنێرێت، پێشیوایە دەستێوەردانە دەرەکییەکان کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و دەڵێت: کاریگەریی تورکیا بە مامەڵەی هەولێرەوە دەبینرێت.


کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕەنگە لای کەس نوێ نەبێت، بە دیارییکراویی شەش ساڵە ئەم کێشانە زەقبوونەتەوە و سەرباری ترافیکە دیپلۆماسییەکانیش، هێشتا ئەو دوو پایتەختە نەیانتوانیوە خاڵی کۆتایی لەسەر کێشەکانیان دابنێن.

سەرتیپ جەوهەر، ڕۆژنامەنووس و کادری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و پێگەی کورد لە حکومەتی نوێی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوزی دایەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- لە کابینەکەی مستەفا کازمییەوە دەستپێبکەین، هێشتا دوو وەزارەت کە پشکی کوردن کاندیدەکانیان دیاریینەکراون، بۆچی؟

"پارتیی پێداگریی لەسەر فوئاد حسێن کرد بۆ وەزارەتی دەرەوە"

سەرتیپ جەوهەر: یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرێت کە نابێت وەزارەتەکان بە کەسانی حزبیی پڕبکرێنەوە بەڵکو دەبێت کەسانی تەکنۆکرات بن، بەڵام پارتیی پێداگریی لەسەر فوئاد حسێن کرد بۆ وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی دادیش کە بەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەوتووە هۆکاری ئەوەبوو کە ئەو کاندیدەی بۆی دیارییکرابوو کە عەبدولڕەحمان مستەفا بوو، نیگەرانیی لای یەکێتیی دروستکرد بەوپێیەی دەوترا کاندیدی پارتییە بۆیە دەنگی پێنەدرا.

-بەڵام عەبدولڕەمان مستەفا خۆی دەڵێت کە قوباد تاڵەبانیی پەیوەندیی پێوەکردووە و پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕیوە، بۆچی دواتر یەکێتیی پاشگەزبووەوە لە پشتیوانییکردنی؟

"ڕەنگە سەرۆک کۆمار پێی باشبووبێ عەبدولڕەحمان مستەفا ببێتە وەزیری داد"

سەرتیپ جەوهەر: بەدڵنیاییەوە عەبدولڕەمان مستەفا کاندیدی یەکێتیی نەبوو، بەڵام ڕەنگە ئەم و ئەو بەدڵیانبێت، بۆنموونە ڕەنگە سەرۆک کۆمار پێی باشبووبێ، ڕەنگە چەند برادەرێکیش لە سەرکردایەتیی یەکێتیی قسەیان لەسەر کردبێ لەناویشیاندا سەرۆک کۆماریش، بەڵام کە سەرکردایەتیی یەکێتیی ئاگادارکرایەوە لە کاندیدەکە دیاربوو قبوڵنەکرا پشتیوانیی بکرێت.

-بینیمان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا هەماهەنگیی لەنێوان لایەنەکاندا نەبوو، بەغداش لەسەر ئاستی شەخس و حزب مامەڵەی لەگەڵ کورد-دا کرد، بۆچی وەک هەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا نەکرد؟

"کورد شەرت و مەرجی نەتەوەیی بەرامبەر بەغدا نەماوە"

سەرتیپ جەوهەر: لەدوای ڕیفراندۆمەوە کورد لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا دەژی، هەموو لایەنەکان بەتەنیا و بەجیا دەچنە بەغدا و گفتوگۆ دەکەن، کورد وەرەقەیەکی هاوبەشی نەماوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، کە بڵێن ئێوە حکومەت پێکدەهێنن و ئەوە شەرت و مەرجی ئێمەیە بۆ بەشدارییکردن لە حکومەت، کورد خۆی خاوەن پرۆژەیەک نییە بۆ ئەو حکومەتانەی لەدوای ڕیفراندۆمەوە دروستبوون، شەرت و مەرجی نەتەوەییان نەماوە بچن داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان و داوای بەشە بودجە بکەن، ئێستا کە دەچنە بەغدا باسی ئەوە دەکەن چەند وەزارەتیان بەردەکەوێت و چ وەزارەتێکیان بەردەکەوێت، ئەوەندەی خواستی حزبیی زاڵە بەسەر دانووستانەکان لە بەغدا، ئەوەندە خواستی نەتەوەیی زاڵ نییە.

- ئەمە چ زیانێکی بە پێگەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە؟

سەرتیپ جەوهەر: ئەمە زیانی زۆری پێگەیاندووە، جاران لەناو پەرلەمانی عێراق ڕازیکردنی کورد زۆر ڕەچاو دەکرا لە پرسە گرنگەکاندا، ئێستا ئەوە نەماوە بەڵکو زۆرینە و کەمینە هەیە، کورد ڕازیبێت و ڕازی نەبێت کەس گوێی لێ ناگرێت، تەنانەت لە کابینەکەی عەبادی چاوەڕێی کوردیان نەکرد خۆیان یەکلایی بکەنەوە لەسەر کاندیدی وەزارەتەکان، بۆیە بەهۆی ئەو بارودۆخانەی بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ریفراندۆم دروستبوو، وەرچەرخانێکی گەورەبوو بەسەر پێگەی کورد-دا لە پەرلەمانی عێراق.

- بۆچی بەر لەوەی مستەفا کازمیی کارنامەی کابینەکەی ئاشکرا بکات، هەریەک لە یەکێتیی و پارتیی پشتیوانیی خۆیان بۆ دەربڕی؟

"بەر لە ڕاسپاردنی کازمی ڕێککەوتنی سیاسیی هەبووە"

سەرتیپ جەوهەر: پێش ڕاسپاردنی کازمی، عادل عەبدولمەهدیی مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕی، بەیاننامەکەی یەکێتیی و پارتیش بەتایبەت ئەوەی یەکێتیی خۆشحاڵیی بوو بە ڕاسپاردنی کازمیی نەک پشتیوانیی، بەو واتایەی کە خۆشحاڵن بە پێکهاتنی حکومەتێکی نوێ کە چارەسەری کێشەکان بکات، چونکە بەر لە ڕاسپاردنیشی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی سیاسیی هەبووە لە نێوان لایەنەکان.

-لەو ڕێککەوتنانەدا کازمیی هیچ بەڵێنێکی بەکورد داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان؟ بەدیارییکراویش لەسەر پرسی بودجە؟

"بەڵێنی پێشوەختی کازمیی چارەسەرکردنی پرسی بودجە و مووچە بووە"

سەرتیب جەوهەر: بڕواناکەم کازمی هیچ بەڵێنێکی بە کورد دابێت، چونکە عادل عەبدولمەهدیی کێشەی مووچەی دروستکرد، چونکە پێی وابوو ئەگەر کێشەی مووچە دروستبکات کورد دەبێتە پشتیوانی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە متمانەی پێبدرێتەوە، کازمی تەنها بەڵێنی ئەوەی داوە کە پرسی مووچە چارەسەر دەکات، ناتوانم لەبری سەرکردایەتیی یەکێتیی و پارتی ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە لە دانووستانەکاندا بەڵێنی چی دراوە بە کورد، بەڵام بەڵێنی پێشوەختی کازمیی چارەسەرکردنی پرسی بودجە و مووچە بووە.

-لە ماوەی پێشوودا چەند جارێک شاندی هەرێمی کوردستان چوونە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی، بۆچی؟

"بەشێوەیەکی مەبدەئیی ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی تەواوی داهاتەکان ڕادەستی بەغدا بکەن"

سەرتیپ جەوهەر: ئەوەی باسکراوە جۆرێک لە ڕێککەوتن کراوە، ئەو تیمەی بەغدا کە لەگەڵ شاندی هەرێم دانیشتوون خاوەن بڕیاری کۆتایی نەبوون، بەڵام بەشێوەیەکی مەبدەئیی ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی تەواوی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە داهاتی ناوخۆ و نەوتیشەوە ڕادەستی بەغدا بکەن، لە بەرامبەردا بەغدا مووچە و بودجە بێنرێت، بەڵام وردەکاریی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ماوە، چونکە بەغدا لەلایەک پارەی نییە و داوای کردووە مانگانە نزیکەی ٤٠٠ ملیار دینارێک بنێرێت، کە ئەمە کەمە بۆ هەرێمی کوردستان و خەرجی حکومەتی هەرێم زۆر زیاترە لەوە.

-چی وایکردووە هەتا ئێستا نەتواندرێت خاڵی کۆتایی لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دابنرێت؟

سەرتیپ جەوهەر: بەغدا گرنگیی بە هەرێمی کوردستان نادات و هەرێمی کوردستانیش گرنگیی بە بەغدا نادات، باشترین بژاردە بژاردەی عێراقە بۆ کورد بۆ ئەوەی کێشەکانی لەگەڵ چارەسەربکات، عێراقیش چاوپۆشیی لە ئێمە کردووە و باشترین شت ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا، ئەو بارودۆخەشی ئێستا لە عێراقدا هەیە بارودۆخێکی ئاڵۆزە و پێکهاتەکان لەنێوان خۆیاندا کێشەیان هەیە، دەستێوەردانی زۆریش لە عێراق هەیە، کوردیش ئەڵقەیەکی بەهێز نییە لەو نێوەندەدا، لەناوخۆدا ئابووریمان نییە و یەکڕیز نین و ناتوانین لەسەر مێزی گفتوگۆ دابینیشین، باترین چارەسەر ئەوەیە لایەنە کوردییەکان بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ، بۆ ئەوەی بتوانن بەیەکەوە بڕیار بدەن و حکومەتێکی بەهێزی هەرێم دروستبکەن.

-پێتوایە دەستێوەردانە دەرەکییەکان تاچەند کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە، کە نەتوانن کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن؟

"هەولێر لەژێر کاریگەریی تورکیادا مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات"

سەرتیپ جەوهەر: عێراق خۆی وڵاتی دەستێوەردانە دەرەکییەکانە، وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا و ئێران و تورکیا دەستوەردان دەکەن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، هەموویان بەیەکەوە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، دەبینین گۆشەنیگای هەرێمی کوردستان گۆشەنیگایەکی دیارییکراو نییە، پێموایە هەولێر لەژێر کاریگەریی تورکیادا مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات.

-مستەفا کازمی لە کارنامەی کابینەکەیدا باس لە پاراستنی سیادەی خاک و ئاسمانی عێراق دەکات، ئایا دەتوانێت ئەم بەڵێنە بباتە سەر؟

سەرتیپ جەوهەر: عێراق لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە کە ناتوانن سیادەی خۆیان بپارێزن، جگە لەوەش مستەفا کازمی سنوورەکانی هەرێم بە خاکی عێراق نازانێت، جۆرێک لە چاوپۆشیش هەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەرامبەر ئەو تۆپبارانانە، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر هەیانبووە بۆ ئەوەی تورکیا ٣٠ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراق، ناوبەناویش ئەو بەیاننامانەی عێراق دەریدەکات بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا زادەی هەڵوێستێکی ڕاستەقینە نییە، بۆیە هیچ حکومەتێک لە عێراق جددیی نابێت لە کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

- بۆچی؟

سەرتیپ جەوهەر: یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە ڕەنگە لایەنی سیاسیی هەبێت لە هەرێمی کوردستان جۆرێک لە لێکتێگەیشینی لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ تورکیا هەبێت، جگەلەوەش چاوپۆشی ئەمریکاشی تێدا هەیە.

س.ح