سەرۆکی پەرلەمان: کۆکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنی کوێخای لادێیەک ده‌بێ


رۆژنیوز – شنا / کارۆخ

دکتۆر یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان له‌ چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ئاژانسی رۆژنیوز باس له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌‌کانی دروستبوونی قه‌یرانی سیاسی و دارایی له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌کات و راشیده‌گه‌یه‌نێت: سه‌ره‌تای دروستبوونی قه‌یرانی سیاسی هه‌رێمی کوردستان له‌وێوه‌ ده‌ستیپیکرد، که‌ سه‌ر‌ۆکی پێشووی هه‌رێم ئاماده‌نه‌بوو ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاته‌کانی بێت.

هه‌رێمی کوردستان ده‌سه‌ڵاتێکی حزبی هه‌یه‌

رۆژنیوز: بۆچی قه‌یرانی سیاسی له‌ هه‌رێمی کوردستان دروستبوو.؟

- په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ تا ئێستا یاسا به‌ته‌واوه‌تی سه‌روه‌ر نیه‌، وه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی حزبیمان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، حکومه‌تێکی لێپرسراومان نیه‌ که‌ له‌ هه‌موو هه‌رێمدا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات بێت، په‌رله‌مان له‌م خوله‌دا هه‌وڵیدا ببیته‌ په‌رله‌مانی خه‌ڵکی کوردستان، نه‌ک په‌رله‌مانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ په‌رله‌مانیش په‌کی خرا و ڕێگریان له‌ ئێمه‌ کرد، بچینه‌وه‌ سه‌ر کاره‌کانمان، له‌ هه‌مانکاتیشدا سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌، سه‌رچاوه‌ی کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌سه‌ڵاتێکی حزبی هه‌یه‌، نه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌کی پشتبه‌ستوو به‌ شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردن.

سه‌رۆکی پێشووی هه‌رێم ئاماده‌نه‌بوو ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بێت

رۆژنیوز: ته‌واوبوونی ویلایه‌تی بارزانی سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ دروستبوونی قه‌یرانه‌که‌؟

-به‌دڵنیاییه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ دروستبوونی قه‌یرانه‌کان، قه‌یرانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم قه‌یرانێکی تازه‌ نیه‌، ئه‌و قه‌یرانه‌ له‌ 2013 ش دروستبوو، چونکه‌ به‌پێی یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم به‌ڕێز بارزانی له‌و ساڵه‌ ماوه‌ی ویلایه‌ته‌که‌ی کۆتایی هات، دوو ویلایه‌تی خۆی ته‌واوکردبوو، که‌ به‌پێی یاساکه‌، ته‌نیا بۆ دوو ویلایه‌ت بۆی هه‌یه‌ خۆی هه‌ڵبژێرێت، بۆیه‌ له‌و کاته‌شدا که‌ ئاماده‌نه‌بوو ده‌ستبه‌ردای ده‌سه‌ڵات بێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمیش هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان دیاریکرابوو، به‌ڵام دوو ساڵ بۆ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی تازه‌کرایه‌وه‌، وه‌ ئه‌و دوو ساڵه‌ش له‌ 19/8/ 2015 به‌پێی یاسای ساڵی 2013 کۆتایی پێهات، بۆیه‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی قه‌یرانی سیاسی هه‌رێمی کوردستان له‌وێوه‌ ده‌ستیپیکرد، که‌ سه‌ر‌ۆکی پێشووی هه‌رێم ئاماده‌نه‌بوو ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاته‌کانی بێت.

رۆژنیوز: ئه‌گه‌ر جارێکی تر هه‌ڵبژاردن‌ بکرێته‌وه‌، بارزانی ده‌توانێت خۆی کاندید بکاته‌وه‌.؟

-به‌پێی یاسا ناتوانێت خۆی کاندید بکات.

له‌ 19/ئاب نیه‌تێک نه‌بوو بۆ ڕێککه‌وتن

رۆژنیوز: له‌ 19/ئاب لایه‌نه‌کان به‌ مه‌به‌ستی دواخستنی دانیشتنی په‌رله‌مان چوونه‌ ناو په‌رله‌مان یان ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌که‌.؟

- له‌ دانیشتنی 19/ئاب-دا نیه‌تێک نه‌بوو بۆ رێککه‌وتن، ئه‌گه‌ر نا ئاسانبوو ڕێککه‌وتن له‌نێوان فراکسیۆنه‌کانی په‌رله‌ماندا ئه‌نجامبدرێت، من داوام له‌ فراکسیۆنه‌کان کرد، که‌ مه‌تبه‌خێکی بچووک دروستبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌ڕێگای یاساوه‌ چاره‌سه‌ربکرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیان ڕاگه‌یه‌ندرابوو، که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابێ گفتوگۆی یاسای سه‌رۆکایه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌وه‌نه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت، بۆیه‌ ئاماده‌نه‌بوون به‌شداری گفتوگۆکان بکه‌ن، وه‌ داوامکرد فراکسیۆنه‌کان و به‌تایبه‌ت 5 فراکسیۆنه‌که‌ پرۆژه‌ی هاوبه‌شیان هه‌بێت، به‌ڵام دیسان پارتی ئاماده‌ی ئه‌وه‌ش نه‌بوو، چوار پرۆژه‌ پێشکه‌ش به‌ په‌رله‌مان کرا، ئه‌مه‌ چووه‌ لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌که‌ راپۆرتی له‌سه‌ر ئاماده‌کرد، ئێستا له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانه‌ و هه‌موو کاتێک ده‌توانرێت بخرێته‌ گفتوگۆی په‌رله‌مانه‌وه‌، دوای دانیشتنه‌وه‌ی په‌رله‌مان که‌ ئه‌مه‌ خرایه‌وه‌ گفتوگۆوه‌، ئه‌و کاته‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌کانیش ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که‌ کێ له‌گه‌ڵ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاساکه‌ ماوه‌ و کێ نه‌ماوه‌.

کاندیدی به‌هێز له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کن هه‌یه‌

رۆژنیوز: بۆچی لایه‌نه‌کان تا ئێستا کاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم نیه‌.؟

-هێشتا ده‌رگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم نه‌کراوه‌ته‌وه‌، کاتێک ئێمه‌ ده‌توانین داوای پاڵێوراو له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بکه‌ین، که‌ کاتی هه‌ڵبژاردن چ له‌ناو خه‌ڵک یان له‌ناو په‌رله‌مان دیاری بکرێت، ئه‌و کات کاندیدی لایه‌نێکی سیاسی یان هه‌رکه‌سێک به‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت خۆی بپاڵێوێت، به‌ دڵنیایشه‌وه‌ کاندیدی به‌هێز له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان هه‌یه‌.

رۆژنیوز : پێشنیاره‌کانی ئه‌م کۆتاییه‌ت نه‌رمی زۆر پێوه‌دیاره‌.؟

-ئه‌و پێشنیارانه،‌ پێشنیاری یاسایی و دیموکراسین بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و له‌ رابردووش کارمان بۆ ئه‌وه‌کرد، که‌ یان به‌ ده‌ستور چاره‌سه‌ری پرسی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بکرێت، یان ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ناو خه‌ڵکه‌وه به‌پێی یاساکه‌ی ئێستا‌، یان هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌، ئێستاش ئه‌گه‌ر کۆمسیۆن بتوانێت هه‌ڵبژاردنی سه‌ۆکی هه‌رێم له‌ناو خه‌ڵکه‌وه‌ ئه‌نجامبدات، هیچ ڕێگرێکی یاسایی نیه‌، به‌پێی ئه‌م یاسایه‌ی ئێستا به‌رکاره‌، به‌ڵام به‌ هه‌موو ته‌فاسیلی یاساکه‌وه‌‌، که‌ کێ بۆی هه‌یه‌ خۆی هه‌ڵبژێرێت و کێ بۆی نیه‌، وه‌ مه‌رجه‌کانی چین، له‌لایه‌کی تر ئه‌گه‌ر ناتوانرێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بکرێت، ئه‌وا به‌ له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ بکرێت، وه‌ک چۆن خولی یه‌که‌می سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ بووه‌، له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوو یه‌ک جار له‌ناو خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌، که‌واته‌ هیچ ڕێگریه‌ک نیه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی په‌له‌مان سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وه‌ی که‌ من باسی ئه‌وه‌م کردووه‌ ئه‌گه‌ر ناتوانرێت هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم بکرێت، ئه‌وا با ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆکی حکومه‌ت، که‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت لێپرسراوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ په‌رله‌مان، واته‌ ده‌توانرێت چاودێری ده‌سه‌ڵاته‌کانی بکرێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، کێشه‌ ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی بۆ کوێ ده‌چێت، کێشه‌ له‌ دوو شته‌، یه‌ک هه‌رکه‌سێک له‌و پۆسته‌ بێت ده‌بێت شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردنی هه‌بێت، سه‌رۆکی حکومه‌تیش له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ و هه‌رکاتێک په‌رله‌مان بیه‌وێت ده‌توانێت متمانه‌ی لێوه‌ربگرێته‌وه‌، دووه‌م، پێویسته‌ هه‌که‌سێک ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌رفراوانه‌ی هه‌یه‌ له‌ژێر لێپرسینه‌وه‌ و چاودێری په‌رله‌ماندا بێت، بۆیه‌ له‌و ڕووانگه‌یه‌وه‌ وه‌ک چاره‌سه‌رێکی مامناوه‌ند ئه‌و پێشنیاره‌مان کردووه‌.

کۆکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بۆ رێککه‌وتن له‌سه‌ر کوێخای لادێیه‌ک ده‌بێت

رۆژنیوز: کۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، تا چه‌ند ده‌توانێ ئه‌م کێشه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بکات.؟

- ئه‌وه‌ی که‌ باس ده‌کرێ، کۆکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌کان و له‌ڕێگای ئه‌وه‌وه‌ ڕێککه‌وتن بکرێت له‌سه‌ر دیاریکردنی که‌سێک، به‌ڕاستی ده‌کرێت ئه‌مه‌ بۆ رێککه‌وتن له‌سه‌ر کوێخای لادێیه‌ک یان سه‌رۆک عه‌شیره‌تێک راست بێت، به‌ڵام سه‌رۆکی هه‌رێم به‌مشێوه‌یه‌ دیاری ناکرێت، به‌ڵکو ده‌بێت له‌ دامه‌زراوه‌ی هه‌ڵبژێردراو و شه‌رعیه‌وه‌ شه‌رعیه‌تی پێبدرێت، بۆیه‌ من ئه‌و سی پێشنیاره‌م کردووه‌، له‌به‌رامبه‌ر پێشنیارێکی تر که‌ دروستکردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی کوردستانیه‌، ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی کوردستانی دروست ده‌که‌نه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وه‌ ئیتر پێویست ناکات نه‌ حکومه‌ت هه‌بێت نه‌ په‌رله‌مان، با هه‌مووی ئیزن به‌ین ئه‌م هه‌موو پاره‌ زۆره‌ش له‌ په‌رله‌مان و حکومه‌تدا خه‌رج نه‌که‌ین.

ئه‌گه‌ر ماوه‌که‌م ته‌واو بێت، یه‌ک ڕۆژ خۆم به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان نازانم

رۆژنیوز: ده‌وترێت پارتی و یه‌کێتی ڕێککه‌وتننامه‌ی ستراتیژی نوێ ده‌که‌نه‌وه‌، قسه‌ی تۆ له‌وباره‌یه‌وه‌.؟

- حزبه‌ سیاسییه‌کان ده‌توانن ڕێککه‌وتن له‌نێوان خۆیان واژۆ بکه‌ن، به‌ڵام پێویست ده‌کات ئاشکرا و بوێربن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆیان، ئه‌و قسانه‌ی که‌ له‌ناو کۆبوونه‌وه‌کان ده‌یکه‌ن، له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیش بیکه‌ن و ڕوئیای خۆیان بۆ خه‌ڵک روونبکه‌نه‌وه‌، که‌ ده‌یانه‌وێت چ هه‌نگاوێک بنێن، ده‌نا حزبه‌ سیاسیه‌کان خۆیان و جه‌ماوه‌ری خۆیان چیان ده‌وێ ده‌توانن بیکه‌ن، وه‌ من له‌ڕێگای ئێوه‌شه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نم، ئه‌گه‌ر فراکسیۆنه‌کان ده‌یانه‌وێت سه‌رۆکی په‌رله‌مان بگۆڕن، فه‌رموون با کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌نجامبده‌ن و منیش بگۆڕن، هه‌رچه‌نده‌ هیچ به‌هانه‌یه‌ک نیه‌ بۆ ئه‌مه‌، وه‌ هیچ به‌ندێک نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مان چۆن متمانه‌ی لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌، وه‌ سه‌ربه‌رزین نه‌ خیانه‌تی نیشتیمانیمان کردووه‌ و نه‌ به‌ ده‌بابه‌ چوینه‌ت ناو په‌رله‌مانه‌وه‌، نه‌ کاری نایاساییمان کردووه‌ و نه‌ تۆمه‌تباریشین به‌ هیچ که‌یسیکی گه‌نده‌ڵی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ویستوومانه‌ یاسا سه‌روه‌بێت بۆیه‌ ئه‌م کرده‌وانه‌مان به‌رامبه‌ر کراوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر متمانه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتارانم نه‌بێت، یه‌ک رۆژ خۆم به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان نازانم، وه‌ ئه‌گه‌ر ماوه‌که‌شم ته‌واوبێت یه‌ک رۆژ خۆم به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان نازانم.

یه‌که‌م دانیشتنمان له‌گه‌ڵ که‌نه‌که‌ ئه‌نجامدا

رۆژنیوز: ئامانج له‌ سه‌ردانه‌که‌ت بۆ ئه‌وروپا چی بووه‌.؟

- سه‌ردانه‌که‌م له‌ چوارچێوه‌ی زنجیره‌ سه‌ردانێکه‌، که‌ له‌وکاته‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانمان وه‌رگرتووه‌ ئه‌نجاممان داوه‌، بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا و وڵاتانی تر، وه‌ هیچ جیوازی نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ردانه‌کانی تر، ته‌نیا ره‌نگه‌ ئه‌و کێشانه‌ی که‌ هاتووه‌ته‌ پێش ئه‌وانه‌شمان بۆ گفتوگۆکانمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان زیادکردبێت، وه‌‌ یه‌ک له‌ ئامانجه‌کانمان به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوندی دیبلۆماسی په‌رله‌مانیه‌، وه‌ ئامانجێکی تر بینینی ره‌وه‌ندی کوردستانیه‌، وه‌ له‌ هه‌ر یه‌کێک له‌و سه‌ردانانه‌دا ره‌وه‌ندی کوردستانیمان بینیوه‌ و له‌گه‌ڵیان دانیشتووین، وه‌ له‌م سه‌ردانه‌ی دواییدا سه‌ردانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد (که‌نه‌که‌) مان کرد و یه‌که‌م دانیشتنمان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدان، ئامانجی سێیه‌میشمان گه‌یاندنی خواست و داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، به‌ په‌رله‌مانانی دنیا و میلله‌تانی تر.

دوو دڵی گه‌وره‌ هه‌یه‌، له‌باره‌ی کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی هه‌رێمه‌وه‌

رۆژنیوز: هه‌ڵویستی ئه‌وان چیبوو؟

- له‌ ئێستادا له‌ ئاستی دونیادا هاوسۆزیه‌کی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ کورد هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، که‌ ئێستا له‌ سه‌نگه‌ری رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆره‌، وه‌ تاکه‌ هێزه‌ ‌له‌ ناوچه‌که‌، که‌ به‌شێوه‌یه‌کی خۆڕاگرانه‌ و به‌هێز رووبه‌ڕووی تیرۆربووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌مانکاتیشدا هه‌ستکردن به‌ دوودڵیه‌کی گه‌وره‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی هه‌ێمی کوردستان، وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ په‌کخستنی په‌رله‌مان و به‌رده‌وامی به‌ هه‌ندێک له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی ناشه‌رعی.

رۆژنیوز: ده‌وترێت سه‌ردانی ئه‌مریکا ده‌که‌ن.؟

- من چه‌ند بانگهێشتێکی تریشم هه‌یه‌ له‌کاتی گونجاودا هه‌وڵده‌ده‌م سه‌ردانی ئه‌و وڵاتانه‌ی تریش بکه‌م، به‌ڵام هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی هه‌مان ره‌وتی رابردوو ده‌بێت.


سیاسه‌تی نه‌ت و غاز ناشه‌فافه‌

رۆژنیوز: هۆکاری دروستبوونی قه‌یرانی دارایی چیه‌.؟ په‌رله‌مان تا چه‌ند ئاگاداری فرۆشتنی نه‌وت و غاز بوو.؟

- پرسیاره‌که‌ زۆر به‌جێیه‌، ره‌نگه‌ هه‌ندێک له‌و قسانه‌ی که‌ له‌ رابردوودا نه‌مکردووه‌، ئێستا له‌رێگای ئێوه‌وه‌ بیکه‌م، یه‌کێک له‌ سه‌ره‌کیترین هۆکاره‌کانی په‌کخستنی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ له‌ مه‌له‌فی نه‌ت و غازدا په‌رله‌مان چالاکبووه‌ له‌ڕووی یاسایی و له‌ڕووی به‌دواداچوونیشه‌وه‌، په‌رله‌مان یاسای سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌کانی په‌سه‌ندکرد، وه‌ بڕیاربوو له‌ پایزدا ئه‌و سندوقه‌ دروستبکرێت، بۆئه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت شه‌فاف بێت، له‌ ڕاستیدا سیاسه‌تی نه‌وت و غازی هه‌رێمی کوردستان سیاسه‌تێکی ناشه‌فافه‌ و فه‌شه‌لیشی هێناوه‌، ئه‌م سیاسه‌ته‌ نه‌ک نه‌بووه‌ هۆی هێنانه‌ کایه‌ی سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵکو هه‌رێمی کرده‌ تاک سه‌رچاوه‌ی داهات، واته‌ ته‌نیا پشت به‌ستبێت به‌ نه‌وت و غاز، وه‌ ئه‌و نه‌وت و غازه‌ش نه‌بوو ‌به‌ سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ هه‌رێم، ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان خۆیان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، که‌ له‌نێوان 15 بۆ 20 ملیار دۆلار هه‌رێمی کوردستان قه‌رزی له‌سه‌ره‌، که‌واته‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌یه‌ داهاتێکی به‌رده‌وامیشی لێبڕین که‌ له‌ 10 ساڵی رابردوو له‌دوای رووخانی ڕژێمی به‌عس، له‌ به‌غداوه‌ بۆمان ده‌هات، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکو نه‌وته‌که‌شمان فرۆشراوه‌ و داهاته‌که‌ی دیار نیه‌، که‌ ئه‌م نه‌وته‌ میراتی باپیرانمانه‌ بۆ ئێمه‌ و بۆ نه‌وه‌کانی داهاتووشمان، بۆیه‌ په‌ر‌له‌مانی هارێمی کوردستان وه‌ فراکسیۆنه‌کانی په‌رله‌مان گه‌شتبوونه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی، که‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌یه‌، وه‌ پێویست ده‌کات ئاستێکی بۆ دابنرێت، بۆیه‌ له‌ لایه‌ن سێ په‌رله‌مانتار که‌ په‌رله‌مانتارێکی تریشیان بۆ زیاد ده‌بوو، له‌م ماوه‌یه‌ی تر، واتا چوار په‌رله‌مانتار له‌ چوار فراکسیۆنی جیاواز، لێپرسینه‌وه‌ ڕۆشتبوو بۆ وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی بێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان و لێپرسینه‌وه‌ی لێبکرێت، ئه‌مه‌ش په‌لی ده‌کێشان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ به‌ڕێز ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کان،به‌ ده‌قیقی ده‌‌یڵێم ئه‌مه‌ یه‌کێک بوو، له‌ سه‌ره‌کیترین هۆکاره‌کانی په‌کخستنی په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌.

رۆژنیوز: که‌واته‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی قه‌یرانی دارایی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی نه‌وت و غاز بوو.؟

- سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی که‌ ئێستا ئێمه‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنین له‌ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌و سیاسه‌ته‌ شکستخواردووه‌بوو، که‌ له‌ماوه‌ی هه‌شت ساڵی رابردوودا کاری له‌سه‌ر‌ ده‌کرێت، وه‌ ئێمه‌ی به‌م ڕۆژه‌ گه‌یاندووه‌، که‌ ئێستا موچه‌ خۆری هه‌رێمی کوردستان پێنج مانگه‌ موچه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌، وه‌ تازه‌ به‌تازه‌ ده‌یانه‌وێت نیوموچه‌ به‌سه‌ر ته‌نیا مامۆستایان دابه‌شبکه‌ن، وه‌ خوا ده‌زانێت، که‌ی نیو موچه‌ به‌سه‌رفه‌رمانبه‌رانی تری هه‌رێمی کوردستان خه‌رجده‌کرێت، که‌ هی مانگی نۆی ساڵی رابردووه‌.


ش.ف/ ب.ش