شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: سەرکەوتنی هەدەپە دەبێتە باشترین وەڵام بۆ شەڕخوازان

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانیی خۆی بۆ هەدەپە دەردەبڕێت و هیوا دەخوازێت، کە لە باکوری کوردستان بوایە و ماڵ بە ماڵ دەنگی بۆ هەدەپە کۆکردایەتەوە، دەشڵێت، سەرکەوتنی هەدەپە دەبێتە باشترین وەڵام بۆ شەڕخوازان.


لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ی ن ک، وەڵامی چەندین پرسیار دەربارەی پشتیوانییان بۆ پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئازار، یەکگرتنی لایەنە سیاسییەکانی باکوری کوردستان، مانگرتنەکان دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە کە بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن دەستیپێکردووە و دژایەتیی دەوڵەتی تورک بۆ کوردستان، دەداتەوە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

-٣١ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکوری کوردستان بەڕێوەدەچێت، گرنگی سەرکەوتنی کورد لەم هەڵبژاردنەدا چییە؟

"سەرکەوتنی هەدەپە دەبێتە باشترین وەڵام بۆ شەڕخوازان"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بێگومان لە ڕەوشێکی ئاوادا کە زۆربەی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان یان دوورخراونەتەوە یان لە زینداندانن، باشترین پەیام بۆ ئەوانەی کە دژی ئاشتی و پێکەوەژیانن، دژی ئەمن و ئاسایش و مافی مرۆڤن، ئەوەیە کە کورد بە سەرکەوتوویی ئەم هەڵبژاردنە بەڕێبکات، ئەوەش باشترین وەڵامە بۆ شەڕخوازەکان کە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێندرێت بۆ کورد، ئەو سەرکەوتنە دەبێتە گەورەترین وەڵام.

-لە ژێر چەتری هەدەپە هەشت لایەنی کوردیی پێکەوە چوونەتە ئەو هەڵبژاردنەوە، تاچەند ئەم یەکگرتووییە بە گرنگ دەزانن؟

"دەتوانین بە یەکگرتن و یەکڕیزیی دژی گەورەترین داگیرکەری خاکەکەمان بووەستینەوە"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بێگومان ئەوە یەکێکە لە گرنگترین ئەو هەنگاوانەی کە نراوە، پێویستە هەموو حزبە سیاسییە کوردییەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا ئەو یەکگرتووییە پەیڕەو بکەن، با ئەگەر تەنها بۆ جارێکیش بێت تەبایی و یەکبوون و یەکدەنگیمان بۆ هەموو دنیا بیسەلمێنین، بەو یەکگرتن و یەکڕیزییە دەتوانین دژی گەورەترین داگیرکەری خاکەکەمان بووەستینەوە، نموونەی زۆر جوان هەیە لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئومێدەوارم کە ئەم یەکگرتنەش ببێتە نموونەیەکی دیکە، بۆ ئەوەی سەری کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە بە یەکدەنگیی و یەکڕەنگیی دەتوانین ڕووبەڕووی هەموو ئاستەمەکان ببینەوە.

- ئایا دەتواندرێت ئەم یەکگرتنە ببێتە وەڵامێک بۆ ئەو هەڕەشە و تاوانانەی، کە ئەردۆغان دژی کوردان ئەنجامی دەدات؟

"ئەزموونی دوژمنایەتیی ئەردۆغان کوردی هێنایە ژێر یەک چەتر"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئەردۆغان هەمیشە بە شێوازێکی شەڕخوازانە مامەڵەی لەگەڵ حزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان کردووە لە باکوری کوردستان، ئەو دژایەتییکردن و سەرکوتکردن و بەندکردنە کارێکی وایکرد، کە خەڵکەکە بەهۆش خۆی بێتەوە و ئەو ئەزموونە بکەنە دەروازەیەک بۆ ئەوەی لەژێر یەک چەتردا کۆببنەوە و پێکەوە ڕووبەڕووی ئەو ستەمکارییە بووەستنەوە، کە ئەمەش گرنگییەکی زۆر زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ ئێمەی گەلی کورد، وە من هیوادارم کە جگە لە کوردی باکور، نەتەوە و باوەڕییە جیاوازەکانی دیکەش دەنگ بە هەدەپە بدەن، چونکە کە تۆ ئاشتی و ئارامیی و سەربەزیت بوێت، دەبێت ئەو پارتە هەڵبژێریت کە دروشمەکانی بە کردار سەلماندووە.

-ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخێکدا بەڕێوەدەچێت ئەردۆغان بە کورد دەڵێت لە تورکیا شتێک نییە بەناوی کوردستان، لە بەرامبەردا تا چەند گرنگە لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە پشتیگریی هەدەپە بکرێت؟

"لەوانەیە لە نەخشەی ئەردۆغاندا کوردستان نەبێت، بەڵام لە دڵی من و ملیۆنان کورد-دا کوردستان هەیە"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بێگومان پشتگیرییکردنی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان گرنگییەکی زۆر تایبەتی هەیە، ئێمە تەنها بەوە دەتوانین بیسەلمێنین کە یەکین، ئەردۆغان با هەر بڵێت کوردستان نییە، لەوانەیە لە نەخشەکەی ئەودا کوردستان نەبێت، بەڵام لە دڵی مندا کوردستان هەیە، لە دڵی ملیۆنەها کورد-دا کوردستان هەیە، بەپێی نەخشەکەی ئەو سوریا و عێراقیش نییە، بەپێی نەخشەکەی ئەو کەرکوک و موسڵ و خانەقینیش بەشێکن لە تورکیا، لەبەر ئەوە نەخشەکەی ئەو زۆر هەڵەیە.

-کاریگەریی سیستمی هاوسەرۆکایەتیی کە هەدەپە پەیڕەوی دەکات، تاچەند گرنگە بۆ دیموکراتیزەکردنی ئیدارەدان، دەبێت ژنان چۆن پشتگیریی ئەم سیستمە بکەن؟

"لەڕووی سیاسیی، ئیداریی و دیموکراسیشەوە سیستمێکی زۆر گونجاوە"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا لەڕووی سیاسیی، ئیداریی و دیموکراسیشەوە سیستمێکی زۆر گونجاوە، ئەوەنەی کە تاوەکو ئێستا کاری پێکراوە سیستمێکە کە مایەی دڵخۆشییە، بەتایبەتیش لەو ڕوانگەیەی کە دەرفەتێکی زیاتر بۆ ژنان ڕەخساوە لەو سیستمەدا، ژن توانیویەتی لەو سیستمەدا بۆ کۆنەپەرست و پیاوسالارەکانی بسەلمێنێت کە ژن نەک هەر دەتوانێت ماڵ بەڕێوەببات، دەتوانێت سیاسەتیش بکات و لە مەیدانی جەنگیشدا و لە سەرۆکایەتیی حزبیشدا هەر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

-١٤٢ ڕۆژە مانگرتنی لەیلا گوڤەن دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، سەرنجی ئێوە لەسەر ئەم چالاکییە چییە کە بە پێشەنگایەتیی ژنێک دەستیپێکردووە؟

" شۆڕشی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ژن بوو"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: شۆڕشی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ژن بوو، شۆڕشێک بوو کە ژن بۆ هەموو جیهانی سەلماند، کە چ هێز و بڕوایەکی هەیە و چ خۆشەویستییەکی بۆ خاکەکەی هەیە، وە سەلماندی کە چ خۆشەویستییەکیشی بۆ گەلەکەی هەیە، ئەمە ئیرادە و هێزی ژنی بۆ هەموو جیهان سەلماند، ئەو دەستپێشخەرییەی لەیلا گوڤەنیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئیرادە و هێز و توانا و خۆشەویستییە، بۆ ئەو باوەڕەی کە بە دۆز و ئازارەکەی خۆی هەیەتی، ئەو کۆڵی نەدا و لە کونجی زیندان دابنیشێت تاوەکو دواڕۆژی بەچی دەگات، ویستی لەناو کونجی زیندانیشدا بیسەلمێنێت بۆ هەموو جیهان، کە وەک ژنێک خاوەن ئیرادە و بڕیاری خۆیەتی و خۆی بڕیار لە دواڕۆژی خۆی دەدات، بۆ پرسێک کە خۆی باوەڕی پێیەتی.

-ئەم مانگرتنانە لە هەرچوار پارچەی کوردستان و تاراوگەش بەردەوامە، تاچەند گرنگە لایەنە سیاسییەکانیش هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن؟

"ئەگەر پارتە سیاسییەکان گوێ لە داخوازیی گەلەکەی خۆیان نەگرن، لە مێژوودا نامێنن"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: بێگومان زۆریش پێویستە، پارتی سیاسیی کێن بەبێ گەل، ئەگەر پارتە سیاسییەکان گوێ لە داخوازیی گەلەکەی خۆیان و داخوازیی جەماوەی خۆیان نەگرن، سبەینێ لە مێژوودا نامێنن، هەموو شتێک لە شەڕ و کوشتن و بڕین تاقیکرایەوە، بەڵام هیچی سەری نەگرت، بەدرێژایی مێژوو شەڕ نەبووەتە هۆی ئاشتی، بۆیە ئەو کەسانەی کە شتێکیان هەیە و باوەڕیان پێیەتی، زۆر جار بە مانگرتن خۆیانی بۆ دەکەنە قوربانی، لە پێناو ئازادییەکدا لە پێناو سڕینەوەی فرمێسکی چاوی دایکان، لە پێناو ئەوەدا کە ڕێگا نەدەن هیچ دایکێکی دیکە فرمێسکی بکەوێتە بەرچاو، ئەوەش بەڕاستیی دەبێت بە گەورەیی سەیربکرێت، لە ڕابردووشدا ئێمە نموونەی یەکگرتنی کوردمان بینی لە بەرخۆدانی کۆبانێدا، کە باشترین نموونە بوو بۆ گەلی کورد، کورد توانی لە پرسی کۆبانیدا نیشانی هەموو جیهانی بدات، کە ئێمە یەکین و پشتی یەکتر دەگرین، ئەگەر ئێمە یەکبین هەرگیز دوژمنەکانمان ناتوانن بەکارمانبهێنن، هەرگیزیش ناتوانن لایەنێک دژ بە لایەنێکی دیکەی کوردی بەکاربهێنن.

- دەوترێت ئەگەر دەوڵەتی تورک نەگەڕێتەوە بۆ ئیمرالی پرۆسەی ئاشتیی پێکنایەت، ئێوەش لەگەڵ ئەم بۆچوونەن؟

"ناتوانی باس لە ئاشتیی بکەی لەکاتێکدا هەموو کۆترەکانی ئاشتیت خستبێتە قەفەزەوە"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ڕاستیدا ناتوانی باس لە ئاشتی بکەی لەکاتێکدا کە هەموو کۆترەکانی ئاشتیت خستبێتە قەفەزەوە، ناتوانی باس لە پێکەوەژیان بکەی، لەکاتێکدا نیوەی خەڵکت لە ژیان بێبەش کردبێت، ئەگەر تۆ باسی ئاشتیی دەکەی، بەڕاستیی دەستی ئاشتیی و دۆستایەتی درێژ بکە، ناکرێت تۆ ماوەی ٢٠ ساڵە سەرۆکێکت خستووەتە زیندانەوە و باسی ئاشتیش دەکەیت، هەرکەسێکیش دێت دەستی ئاشتیت بۆ درێژ دەکات و بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەچێت و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە ئاشتی بچەسپێنێت، بەڵام ئەویش دەخەیتە زیندانەوە، ئەی کام ئاشتییە کە تۆ باسی لێوە دەکەی؟

- لە نەورۆزدا دەوڵەتی تورک ناپاڵمی لە شارۆچکەی قەڵادزێ خستەخوارەوە، ئەمە چ پەیامێک بوو، پێویستبوو حکومەتی هەرێم چ هەڵوێستێکی هەبێت؟

"ئەوەی من و سەدان هەزار کەسی دیکە نیگەران دەکات، بێدەنگیی خۆمانە"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: من چەندین جاری دیکە هەڵوێستی خۆم سەبارەت بە بێدەنگیی حکومەت و پەرلەمانی باشوری کوردستان و عێراقیش دەربڕیوە، هەرکات کە باسی ئازادیی و سەربەخۆیی بکەین، ئەوەمان بەگوێدا دەدەنەوە کە ئێمە بەشێکین لە عێراق، بەڵام کە هاتە سەر باسی بۆردوومان، بیریان دەچێتەوە کە ئێمە بەشێکین لە عێراق، عێراقیش بەرامبەر ئەو بۆردوومانانە بێدەنگە، بەڵام ئەوەی کە من و سەدان هەزار کەسی دیکەش نیگەران دەکات، بێدەنگیی خودی خۆمانە بەرامبەر بەو تاوانانەی کە دەکرێت، هیچ ناپاڵمێک لە خۆڕا لە ئاسمانەوە بەرنابێتەوە وەک ئەوەی کە باسیان دەکرد کە نەناسراوە، تەنانەت ئاماژەکردن بە هەواڵەکەش زۆر ناشرین بوو.

-لە هەرچوار پارچەی کوردستان بەشدارییەکی فراوان هەبوو بۆ جەژنی نەورۆز، پێتان وایە نەورۆزی ٢٠١٩ چ پەیامێکی گەیاند بۆ یەکگرتنی کورد؟

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە چاوی بە فرمێسکەوە ئەم پارچە شیعرەی ئیبراهیم ئەحمەدی باوکی دەخوێنێتەوە:

کوردە توو خاکی لەتلەت کراوت

توو بەری ڕەنجی بەزۆر براوت

توو کوردستانی بە خوێن گوڵگونت

تووبی قەندیل و پیرەمەگرونت

توو دڵی بوکی زاوا کوژراوت

توو شەهیدانی گشت کوردستانت

کوردە قوربانە ڕۆژێکە و ئەمڕۆ

بە قسەی دوژمن مەبە دەستخەڕۆ

هەر بە ویستن و تەبایی و خەبات

گەلانی جیهان گەیشتوونە ئاوات

تەبایت هەبێ چیت لەوان کەمە

هەر ناتەبایت سەرچاوەی خەمە

-لە کۆتاییدا چۆن دەتوانن گوزارشت لە هەستی خۆتان بکەن بۆ پشتیوانیی هەدەپە؟

"پێمخۆش بوو لەوێ بوومایە و دەرگا بە دەرگا دەنگم بۆ هەدەپە کۆکردایەتەوە"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: لە ناخی دڵمەوە هیوای سەرکەوتن بۆ هەدەپە دەخوازم، پێمخۆش بوو کە لەوێ بوومایە، بۆ ئەوەی کە دەرگا بە دەرگا بگەڕامایە و داوام لە هەموو کەسێکی ئاشتیخواز بکردایە، کە دەنگ بە هەدەپە بدەن، دووبارە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، دەستی هەموو ئەوانە دەگووشم کە دەنگ بە هەدەپە دەدەن، وە سەری ڕێز بۆ هەموویان دادەنەوێنم، هیوادارم کە بتوان دژ بە داگیرکەران و ستەمکاران و شەڕخوازان بووەستنەوە.

س.ح