شه‌لال عه‌بدول: ده‌ستێکی تیرۆرستی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هاوڵاتیانی خورماتوو کردووه‌


رۆژنیوز – به‌رهه‌م له‌تیف

قایمقامی شارۆچکه‌ی خورماتوو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، که‌ تاوه‌کو ئێستا به‌شێک له‌و خاڵانه‌ی له‌ ڕێککه‌وتننامه‌کانی نێوان کورد و لایه‌نه‌ تورکمان و شیعه‌کانی خورماتوو واژۆی له‌سه‌ر کراوه‌ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌، ده‌شڵێت:" ده‌ستێکی تیرۆرستی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هاوڵاتیانی خورماتوو کردووه‌".

شه‌لال عه‌بدول، قایمقامی شارۆچکه‌ی خورماتووی سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین، له‌باره‌ی ڕه‌وشی ئێستای خورماتوو و ئاواره‌بوونی ژماره‌یه‌ک خێزان له‌ گه‌ڕه‌کی عه‌سکه‌ری ئه‌و شارۆچکه‌یه‌ به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستێکی نادیار و جێبه‌جێکردنی خاڵه‌کانی ڕێککه‌وتنه‌کانی نێوان کورد و لایه‌نه‌ تورکمان و شیعه‌کان، له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز وه‌ڵامی کۆمه‌ڵێک پرسیاری دایه‌وه‌.

ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

رۆژنیوز: به‌گشتی له‌ ئێستادا ڕه‌وشی خورماتوو چۆنه‌.؟

" گرفت هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م جێبه‌جێکردنی ڕێککه‌وتنه‌کان"

- دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی که‌ لیژنه‌یه‌کی باڵا پێکهاتووه‌ و ڕێککه‌وتنێک کراوه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌کان، ئێمه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس سه‌رپه‌رشتی و جێبه‌جێکردنی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ ده‌که‌ین، له‌ئێستادا له‌چاو ماوه‌ی ڕابردوودا ڕه‌و‌شه‌که‌ تاڕاده‌یه‌ک باشه‌، به‌رده‌وامی کۆبوونه‌وه‌کان و جێبه‌جێکردنی خاڵه‌کان وایکردووه‌، که‌ ڕه‌وشی شاره‌که‌ ئارامییه‌ک به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، چه‌ند گرفتێک له‌به‌رده‌م جێبه‌جێکردنی خاڵه‌کانی ڕێککه‌وتنه‌کان هه‌یه‌، به‌و هیوایه‌ین که‌ ئه‌و گرفتانه‌ نه‌مێنێت و ته‌واوی خاڵه‌کانی ناو ڕێککه‌وتنه‌کان جێبه‌جێ ببێت.

ڕۆژنیوز: تاچه‌ند خاڵه‌کانی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ جێبه‌جێ کراوه‌؟

"بۆ جێبه‌جێکردنی هه‌ندێک خاڵی گرنگ، ڕێککه‌وتنێکی سیاسی باڵا پێویسته‌"

- له‌ڕاستیدا چه‌ند خاڵێکی گرنگ هه‌یه‌ له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌دا تاوه‌کو ئێستا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌، کۆمه‌ڵێک خاڵی گرنگ هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی پێویست به‌ ڕێککه‌وتنێکی سیاسی ده‌کات، واته‌ پێویسته‌ له‌ ئاستێکی باڵادا جێبه‌جێ بکرێت، به‌ نمونه‌ تاوه‌کو ئێستا ڕێکخستنه‌وه‌ی هێزی پۆلیس له‌نێوان لایه‌نه‌کانی خورماتوودا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌، خاڵێکی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێزی چه‌کدار له‌ناو شارۆچکه‌ی خورماتوودا نه‌مێنێت، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا ئه‌و دیارده‌یه‌ هه‌ر ماوه‌، وه‌ گرنگترین خاڵ به‌لای منه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که‌ توشی زیان بوون و شه‌هیدی بوون و بریندار بوون قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه‌، که‌ تا ئێستا نه‌کراوه‌.

ڕۆژنیوز: ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی که‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودابه‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌کی عه‌سکه‌ری ئاواره‌بوون، ڕۆشتنه‌ کوێ و له‌ چ ره‌وشێکدا ژیان ده‌گوزه‌رێن.؟

"ده‌ستێکی تیرۆرستی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هاوڵاتیانی خورماتوو کردووه‌"

- ئه‌وه‌ پڕوپاگه‌نده‌یه‌ک بوو که‌ کرا و خه‌ڵکی ترساند و هه‌ندێک هاوڵاتی ئاواره‌بوون، ژماره‌ی هاوڵاتییانه‌ش زۆر نه‌بوون، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی که‌ ئاسایش چه‌ند که‌سێکی ده‌ستگیرکرد به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌ستیان هه‌بوو له‌ ناردنی نامه‌ و هه‌ڕه‌شه‌کردن له‌ هاوڵاتیان و به‌تایبه‌ت هاوڵاتییه‌ کورده‌کان، وایکرد که‌ خه‌ڵکه‌که‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌پێی هه‌ندێک به‌ڵگه‌ گومان له‌وه‌ ده‌که‌ین، که‌ ئه‌مه‌ ده‌ستێک بێت هاوشێوه‌ی ده‌ستی تیرۆرستی که‌ ئه‌م کاره‌یان کردووه‌، ئه‌و خه‌ڵکانه‌ ده‌ستگیرکراون و دانیشیان به‌وه‌دا ناوه‌ که‌ ئه‌وان بوون هه‌ستاون به‌ ناردنی نامه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێز بۆ ئه‌و هاوڵاتییانه‌، ئه‌و که‌سانه‌ش له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی تێدایه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ هاوڵاتیان کردووه‌، ئامانجیان له‌وه‌ش نانه‌وه‌ی پشێوی زیاتر بوو له‌ خورماتوودا".

ڕۆژنیوز: ده‌وترێت که‌ شیعه‌کان هه‌وڵی گۆڕینی جوگرافیای ناوچه‌کانی مادده‌ی 140 ده‌ده‌ن به‌تایبه‌ت شارۆچکه‌ی خورماتوو؟

"ده‌یان ساڵه‌ هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای خورماتوو ده‌درێت"

-ئه‌م شارۆچکه‌یه‌ نه‌ک له‌ ئێستادا به‌ڵکو ده‌یان ساڵه‌ هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا و نه‌هێشتنی سیمای کوردایه‌تی به‌ خورماتوون، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ 50 ساڵ پێش ئێستا، ده‌یان کلیۆمه‌تر له‌ خوارووی ئه‌م شارۆچکه‌یه‌وه‌ موڵکی کورد بووه‌، کاکه‌ییه‌کان و بابانییه‌کان له‌م سنوره‌ تاپۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام سیاسه‌تی چه‌وتی حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عێراق وایکردووه‌، که‌ کورد له‌م شارۆچکه‌یه‌دا به‌درێژای مێژوو پاشه‌کشه‌ی کردووه‌ تا گه‌یشتووه‌ته‌ ناوه‌ندی شارۆچکه‌که‌، کورد زۆر له‌مانه‌ خراپتری پێکراوه‌، بۆ نموونه‌ شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال و ڕوخاندنی گونده‌کان و ڕاگواستنی کورده‌کان له‌م شارۆچکه‌یه‌ له‌ ساڵانی هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، به‌ڵام دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ خه‌ڵکی ئه‌م شارۆچکه‌یه‌ خه‌ڵکێکی خۆڕاگره‌ و ناتوانن که‌ دیموگرافیا و سیمای کوردایه‌تی ئه‌م شارۆچکه‌یه‌ له‌ناو ببه‌ن، ئه‌م شارۆچکه‌یه‌ شوێنی پێکه‌وه‌ژیان و خۆشه‌ویستییه‌، به‌ڵام به‌ ناسنامه‌یه‌کی کوردایه‌تییه‌وه‌.

ڕۆژنیوز: ڕۆژانه‌ حاڵه‌تی کوشتن و ڕفاندن و ته‌قینه‌وه‌ له‌ خورماتوو هه‌یه‌، ده‌وترێت لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا ناکرێت که‌ ئه‌م کارانه‌ ده‌که‌ن، بۆچى ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ستگیر ناکرێن و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ناکرێت، که‌ پشێوی ده‌نێنه‌وه‌ له‌ خورماتوو؟

"هه‌ندێک لێپێچینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بکرێت شارۆچکه‌که‌ ڕوبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌بێته‌وه‌"

-ئه‌وه‌ نه‌بێت ئێمه‌ بڵێین ته‌قینه‌وه‌ هه‌ر له‌ خورماتوو هه‌یه‌، له‌ شاره‌کانی تری عێراق به‌رده‌وام ته‌قینه‌وه‌ هه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ خورماتوو به‌ ڕاده‌یه‌کی زیاتر ته‌قینه‌وه‌ و پشێوی هه‌بێت، ئێمه‌ لێپێچینه‌وه‌ ده‌که‌ین نه‌ک نایکه‌ین، بۆخۆتان ده‌زانن کورد هه‌میشه‌ هه‌وڵی سه‌روه‌ری یاسا ده‌دات، ئه‌گه‌ر لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کوردا ده‌که‌ین واتای ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ له‌گه‌ڵ تورکماندا لێپێچینه‌وه‌ ناکه‌ین، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک لێپێچینه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بیکه‌ین شارۆچکه‌که‌ ڕوبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌تر بکه‌ینه‌وه‌، تا ئێستا له‌و جێگایانه‌ی که‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌سه‌ڵاتی تێدا هه‌یه‌ کۆمه‌ڵێک سه‌رپێچی هه‌یه‌، وه‌ک ده‌زانرێت ناوبه‌ناو حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌کی به‌غداد خه‌ڵک ده‌ڕفێنرێت، ئه‌م دیاردانه‌ هه‌یه‌ و لێپێچینه‌وه‌ش ده‌کرێت".

ڕۆژنیوز: ئه‌و هێرشانه‌ی که‌ داعش له‌م دواییه‌دا کردیه‌ سه‌ر سنوره‌کانی خورماتوو، تاچه‌ند کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وشی خورماتوو هه‌بوو؟

"ئه‌مه‌ دوا په‌یامیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بڵێین هه‌ین"

-‌ داعش له‌م دواییانه‌دا له‌ چه‌ند قۆڵێکه‌وه‌ له‌م سنوره‌ که‌ په‌لاماری هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقی دا، ئه‌مه‌ دوا په‌یامیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بڵێین هه‌ین، دوای شکسته‌کانیان به‌تایبه‌تی له‌ که‌رکوک و فه‌لوجه‌ و ده‌وروبه‌ری موسڵ، ئه‌مانه‌ وایکردووه‌ که‌ ئه‌وان په‌لاماره‌کانیان بۆ سه‌نگه‌ره‌کانی تر بگوازنه‌وه.

ڕۆژنیوز: پێویسته‌ چی بکرێت بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و ئاڵۆزی و ترس و دڵه‌ڕاوکێیانه‌ی که‌ له‌ خورماتوو هه‌یه‌؟

"پێویسته‌ شارۆچکه‌ی خورماتوو بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر که‌رکوک"

- کۆمه‌ڵێک ڕێگا هه‌یه‌ ده‌بێت بیگرینه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌کان بنه‌بڕببێت، بۆ ئه‌وی که‌ ئه‌و گرفت و ئاڵۆزییه‌ی که‌ له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌کاندا هه‌یه‌ نه‌یهێڵین، پێویسته‌ له‌م شارۆچکه‌یه‌دا پێکه‌وه‌ژیان و برایه‌تی پێشبخه‌ین، وه‌ پێویسته‌ شارۆچکه‌ی خورماتوو بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر که‌رکوک، ده‌بێت نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی زیاتر پێشبخه‌ین له‌نێوان پێکهاته‌کانی شارۆچکه‌که‌دا، هه‌ندێک ده‌ستی ده‌ره‌کی هه‌یه‌ که‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م شارۆچکه‌یه‌ ده‌که‌ن، ده‌ستێکی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌جێندای ده‌ره‌کی و ناوخۆی هه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌دات پشێوی له‌م شاره‌ دروست بکات، هه‌وڵ بده‌ین له‌هه‌مان کاتدا متمانه‌ی له‌نێوان پێکهاته‌کانی ناو خورماتوودا دروست ببێته‌وه‌".

ش.ف