شۆڕش ئالان: دروستبوونی پژاک وەڵامدانەوەی پیلانگێڕی بوو

فەرماندەی فەرمانداریی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم چاوپێکەوتنەدا باس لە کاریگەریی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکات، کە وێڕای ئەوەی سەدان گەنج بووەتە گەریلا، هاوکات هەوێنی دروستبوونی پژاک بووە، هەروەها باس لە دۆخی ئەمڕۆی کوردستان دەکات و یەکێتی نەتەتەوەیی بە گرنگتر لە هەموو شتێک دەزانێت و بۆ ئەوەش پەیامی خۆی دەگەیەنێتە هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەکان.


شۆڕش ئالان فەرماندەی فەرمانداریی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، سەبارەت بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات و دۆخی ئەمڕۆی ناوچەکە، لەم چاوپێکەتنەدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و شیکردنەوە بۆ دۆخەکە دەکات.

دەقی چاوپێکەتنەکە بەمشێوەیەیە:

 

سەرنجتان لەسەر ١٥ی شوبات؟

"ئامانجی پیلانگێڕییەکە پاکتاوکردنی گەلی کورد و کوردستان بوو"

شۆڕش ئالان: ١٥ی شوبات بۆ گەلی کورد ئەو ڕۆژەیە، کە نەیارانی کورد بڕیاری پاکتاوکردنی گەلی کوردیان دا، کاتێک باس لە و ڕۆژە دەکەین، کاتی پاکتاوکاریی و کۆمەڵکوژی وەبیر مرۆڤ دێتەوە، ١٥ی شوبات نوێ کردنەوەی پیلانگێڕییەک بوو کە لە بەرامبەر سەرۆکی کۆنی کوردان شێخ سەعیدی پیران کرا، بە دەیان ڕێبەری گەلی کورد لە سێدارە دراون، لە شێخ سەعید هەتا قازی محەمەد و سەید رەزا، ئەوانە هەموو پیشاندەری ئەوە بوو، کە جارێکیتر زلهێزانێک کە کوردستانیان پارچە کردووە بەو پیلانگێڕییە لە بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ خوازیارن پێش لە دەرکەوتنی سەرۆکێکیتر بگرن،

بۆچی دەوڵەتە زلهێزەکان ناسنامەی گەلی کورد پەسەند ناکەن؟

"ئەوان هەرگیز ناسنامەی کوردی ئازاد بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان نابینن"

شۆڕش ئالان: هەر وەک دەزانین گەلی کورد لە مێژوو هەتا ئەمڕۆ زۆر جاران پێشەنگایەتی پێشکەوتنی بیروڕای نوێی کردووە، خزمەتی بە مرۆڤایەتی کردووە، هەمیشە بۆ گەلانی جیرانی بە شێوەیەکی دڵخوازانە یارمەتیدەر بووە، کاتێک کە گەلی کورد ویستوویەتی خزمەتی جیرانەکانی بکات، ویستوویەتی پێشەنگایەتی تێکۆشان و شۆڕش بکات؛ لەبەرامبەر بەوە هێزی داگیرکەر، دەسەڵاتدار، ئەوانەی کە نەتەنیا نەیاری گەلی کورد، نەیاری گەلانن؛ لەبەرامبەر ئەوە دەرکەوتوون، دەوڵەتە زلهێزەکان و دەوڵەتانی داگیرکەری هەرێم هیچ کاتێک هەبوونی گەلی کورد و ناسنامەی ئازادی گەلی کوردیان بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان نەدیت و بە پارچەکردن، سەرکووتکردن و لە ناوبردنی کوردان توانیان سیاسەتی خۆیان لە هەرێمەکە باشتر بەڕێوەببەن، کاتێک گەلی کورد لەبەرامبەر بەم سیاسەتانە ناڕەزایەتی خۆیانیان پێشانداش بەتوندی سەرکوتیان کردن، بە تایبەتیش بە پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات ویستیان ئەو پەیامە بە گەلی کورد بدەن کە قەدەری ئێوە ئەوەیە، دەبێ بە چارەنووسەکەتان رازی بن، کە کورد مەحکومە هەرچەندە کە خاوەن ڕێبەرایەتێکی بەهێز و سەرکەوتوو، خاوەن ئایدیۆلۆژیایەک لەسەر بنەمای دیموکراسی، ئازادی و دادپەروەری بێت، هەرچەندە خاوەن هێزێکی لەشکەری بێت کە دەتوانێت بەرەنگاری هەموو هێزە داگیرکەرەکان ببێتەوە، ئیدی خاوەن فکرێکی نوێیە، خاوەن گەلێکە کە هەمیشە لەسەر پێیانە؛ پەیامی ئەوەیان دا کە دەتوانن پێش لە هەموو ئەمانە بگرن، دەتوانن رابردوو بۆ کوردان دووبارە بکەنەوە، بەڵام لەوەدا لە هەڵە دابوون؛ تێنەگەیشتبوون کە ڕێبەر ئاپۆ بە بیر و رامانێک کە پێشیخستبوو، بەو کادیرانەی کە بۆ تێکۆشانی ئازادی ئامادەی کردبوون، بەو گەلەی بۆ دۆخی دژوار و کاتی زەخت و گوشارێکی زۆریش ئامادەی کردوون، ئیدی کەوتۆتە نێو دڵی یەکە بە یەکەی کوردانەوە و تەنانەت سنوورەکانی کورد و کوردستانی تێپەڕ کردووە.

دوای گەلەکۆمەکە نەک کورد، هەموو گەلانی ئێران هەڵوێستیان هەبوو، ئێوە شرۆڤەتان چییە لەم بارەیەوە؟

"ڕێبەر ئاپۆ نوێنەری گەلان بوو، هەموو گەلانیش خۆیان لەنێو ئەودا بینی"

شۆڕش ئالان: سەرەتا گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەموو بەشەکانی کوردستان زیاتر، زیاتر ئێشی بێ سەرۆک بوونی دیتبوو؛ ئێشی ئەوەی چۆن سەرۆکی لەدەستدەدا، پێشەنگەکانی لەبەر چاوی لە سێدارە دەدرێن، سەردەبڕدرێن، شەهید دەکرێن، تیرۆر دەکرێن؛ لە سمکۆیان هەتا قازییان، لە کاک فوادان هەتا دوکتۆر سادق شەڕەفکەندییان؛ بە دەیان رێبەری خۆی بینیبوو کە چۆن قەتڵ دەکرێن؛ لە کاک سلێمان موعەینی و هاوڕێیانی هەتا دوکتۆر قاسملۆ و هاوڕێیانی، بەمشێوەیە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر شتێکی بۆ نوێ بوو، ئێش و ئازارەکانی نوێ بوو و لەتەنیشت ئەوە ئەزموونەکانیشی نوێ بوو، لە لایەکی دیکەوە لە بواری ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە بۆشایەتییەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هەبوو، داگیرکەریی بە ڕێبازی سیاسەتی نەرم، چەوساندنەوە و پاکتاوکردنی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەست پێکردبوو؛ بۆ ئەمەش سەرجەم چین و توێژەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێگاچارەیەک دەگەڕان، ئەگەر تەماشا بکەین هەرچەندە هەتا ئەمڕۆکە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیییە بەڵام، هەتا ئەو کاتەش هێزێک کە رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو چوارچێوەیەکی نەتەوەیی دا کۆبکاتەوە؛ نەبوو.

"بابەتێکی دیکەش گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران لە بواری کۆمەڵایەتییەوە و لەبواری بزوتنەوەی کۆمەڵایەتییەوە، گەل و وڵاتێکی زیندوون، لە لێگەڕین و گەڕانی ژیانەوەدابوون، بەردەوام لە فیکری نوێ دان، راوەستان پەسەند ناکەن، لەجێی خۆ مانەوە پەسەند ناکەن، بۆ ئەمە بۆ جاری یەکەم ئیدی کرمانج، سۆران، هەورام، کەلهوڕ و لۆڕ، شیعە، سونی، عەلەوی و یارسانی هەموو لە شتێکدا کۆدەبوونەوە، ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوەی هەموو ئەمانە بوو، هەتا ئەوکاتە چ بزووتنەوەی کوردان کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا پێش کەوتبوو، پارچە بوو یان ناوەندێک بوو یان ناوچەیەک بوو یا بەشێکی ئایینی لەنێو خۆیدا دەگرت؛ ئەو جارە هەر کەسێکی لەنێو خۆی گرت، رێبەر ئاپۆ نوێنەرایەتی هەموو بەشەکانی رۆژهەڵات و کوردستان و ناوچەی کرد، بابەتێکیتر گەلانی ئێران بەتایبەتی فارس و ئازەر و عەرەب و تورکمەن و بەلوچ؛ ئەو کەسانەی کە ئیدی هەستیان بەمە کردبوو کە پێویستە پێشوازی لە بیر و رامانێک بکەن کە هەموو ئەوان لە دەوروبەری یەکتر کۆ بکاتەوە".

هەڵوێستی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت گەنجان، دژی ئەم پیلانگێڕییە چۆن دەبینن؟

"گەنجان پێشەنگ بوون"

شۆڕش ئالان: سەرەتا گەنجان لە هەموو خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان پێشەنگایەتییان کرد، بە تایبەتی گەنجانێک کە لە دەرەوەی کوردستان لە تەورێز هەتا تاران و گەلێک شاری دیکە کە یا سەرقاڵی خوێندن بوون یان سەرقاڵی کرێکاریی بوون؛ هەڵوێستێکی وەهایان پێشخست کە گەلانی دیکەش بتوانن لەم نێوەدا خاوەن هەڵوێست بن، یەکەم هەڵوێسێک کە لەلایەن گەنجانەوە پێشکەوت بە بەرزکردنی دەنگ بوو؛ لەو پێناوەدا ئەو کاتە بە هەزاران گەنج دەستبەسەرکران، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە قۆناغی دووەمدا گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کوڕ و کچانەوە؛ ئەوەیان دیت کە ئەم هەڵوێستە تێر ناکات، قۆناغێکی لەپێشتر پێویستە، هەڵوێستێکی لە پێشتر پێویستە، بڕیارێکی بەهێزتر پێویستە، پێویستی بە بڕیارێک هەیە کە ببێتە لایەقی رۆژهەڵاتی کوردستان؛ بۆ ئەوە بڕیاریان دا بەشداری گەریلایانی ئازادی کوردستان بن، ئەمە قۆناغی دویەمین یانی قۆناغی هەرە بەنرخ بوو.

دەتوانرێت بووترێت بە گەریلابوونی کچان و کوڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دامەزراندنی پژاک، کاردانەوە بوو دژی گەلەکۆمەکە؟

"بەشداربوونی گەریلا لە ڕۆژهەڵاتەوە قۆناغێکی نوێی دەستپێکرد"

شۆڕش ئالان: بە بەشداربوونی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناو ڕیزەکانی گەریلا لە ١٩٩٩ بەدوواوە، قۆناغێکی نوێ و ڕۆحێکی نوێی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکرد، بە گشتی ڕۆژهەڵات ڕێگایەکی نوێی بۆ تێکۆشان دۆزییەوە، بۆ ئەوەش کاتێک بەشداربوون لەناو گەریلادا زۆربوو، ئەو کاتە قۆناغێکی گفتوگۆ دەستیپێکرد؛ ئێمە بەشداربووین و پرسیمان ئەم جارە دەبێ چی بکەین؟ ئایا بەشداربوون بەسە؟ بەشداربوون بۆچی؟ لەبەرامبەر چی؟ هەڵوێستمان وەرگرت، بەڵام، ئیدی پێویستە پێناسەیەکی نوێ بۆ ئەم هەڵوێستەمان ببینینەوە؛ چونکە یاسای گەردوون بەمشێوەیەیە، لە دەرئەنجامی ئەم گفتوگۆیانەی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشدار بووبوون، دوای چەند ساڵ خەبات و تێکۆشان و ئەزموون و تەنانەت بەشداریکردن لە شەڕ لە دژی داگیرکاری فاشیستی سەر کوردستان و ئاشنابوون لەگەڵ فیکری رێبەر ئاپۆ، ئاشنابوون لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان؛ ئەو گەنجانە لە ئەنجامدا لە نەورۆزی ٢٠٠٤دا بڕیاری کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیاندا، لەوێ بڕیارماندا؛ لە ٤ی نیسان رۆژی لە دایکبوونی سەرۆک ئاپۆ کۆنگرەیەکی بەرفراوان بەسترا و بڕیاری ئەوەمان دا، کە کە پارتێکی نوێ بە فیکرێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێنین، بەمشێوەیە بە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وەڵامی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات بوو.

چی بکرێت مێژوو دووبارە نەبێتەوە، کە تێیدا دەیان سەرکردەی کورد لە سێدارە دراون و تیرۆرکراون؟

"ئەگەر نەبن یەک، دەچن یەک بە یەک"

شۆڕش ئالان: ئێستا کە ٢١ـەمین ساڵڕۆژی پیلانگێڕیمان تێپەڕدەکەین و دەچێنە ساڵی ٢٢ـیەمین؛ لە کاتێکی وەهادا کە هێشتا لەسەر گەلانی کوردستان، لەسەر گەلی کورد، لەسەر بزوتنەوە ئازادیخوازی گەلی کورد پیلانی پاکتاوکاری، پیلانی لەناوبردن هەیە؛ لە هەموو بەشەکانی کوردستان هێرشی داگیرکەری و فشار لەسەر گەلەکەمان بەڕێوەدەچێت؛ لە کاتێکی وەهادا وەک زانایانمان، وەک گەورەکانی رابردوومان پێان ووتوین 'ئەگەر نەبن یەک، دەچن یەک بە یەک'، ئێمەش ئەمڕۆ دەبێت ببین یەک بۆ ئەوەی ئەم مێژوویەی لە ناوبردنی گەلی کورد چەندبارە نەبێتەوە، بڵێین ئێرە کۆتایی سەردەمێکە، ئێرە کۆتایی قۆناغێکە، ئێرە دەستپکردنی قۆناغێکی نوێیە، هەڵوێستی گەلەکەشمان لەسەرەتای گەلەکۆمەوە تا ئەمڕۆ ئەوە بوو؛ گەلەکەمان ئەوەی دەوێ بۆ ئەوە کێ چی دەکەوێتە سەرشانی، بەرپرسیارێتی چییە؟ وەک تاک، وەک ڕێکخستن، وەک لایەن، وەک سەرجەم توێژەکانی کوردستان، تەنانەت ئەوانەی کە لە دەرەوەی سیاسەتن، وەک هونەرمەندان و ژنان و کرێکاران و خوێندکارانچ ئەرکێک دەکەوێتە سەرشانی هەر کەس پێویستە پێکی بێنێت و سەرەتا پێویستە بۆ ئەوە یەکێتی نەتەوەیی درووست کەین، یەکێتی نەتەوەیی لە دڵ و مێشکماندا دروست کەین؛ ئەگەر لە دڵ و مێشکماندا وڵاتێکمان دروست کرد، لە دڵ و مێشکماندا یەکێتییەکی ڕۆحمان دروستکرد، ئەوکاتە یەکێتی نەتەوەیی بە شێوەیەکی ئاسان پێک دێت.

س.ح