شیلان شاکر: پرۆژەکەمان پێشکەشی لایەنەکان دەکەین

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی ئەوەی خستەڕوو، کە وەک هەنگاوی یەکەم لە جێبەجێکردنی پرۆژەکەیاندا، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن و پرۆژەکە دەخەنە بەر گفتوگۆ، دەشڵێت: ئەم سیستمەی ئێستا ڕووبەڕووی چەقبەستوویی بووەتەوە و کێشەکانیش بە زیهنییەت و سیستمی دیموکراتیی چارەسەر دەکرێن.


شیلان شاکر، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، باس لە ناوەڕۆک و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە دەکات، کە ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و باشوری کوردستان پێشکەشیان کرد.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

- ئێوە ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەر پرۆژەیەکتان پێشکەش کرد، بۆچی لەم کاتەدا ئەم پرۆژەیەتان ڕاگەیاند؟

"ئەم سیستمە ڕووبەڕووی چەقبەستوویی بووەتەوە"

شیلان شاکر: بێگومان تەڤگەری ئازادیی بۆخۆی سیستمێکە، لەبەرامبەر بێچارەیی، دۆخێکی قەیراناویی و بنەبەستبوو، دۆخێک کە حزب و پارتە سیاسییەکانی دیکە نەیانتوانی ببنە وەڵام، کێشەکانی کۆمەڵگەش لەبوارەکانی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و کێشەی سیستم لە هەموو ئەو بوارانەدا زیاتر قوڵتر دەبووەوە، تا ئاستێک کە دەتوانم بڵێم گەیشتبووە بنبەست، تەڤگەری ئازادیی لەبەرامبەر ئەوەدا خۆی ڕاگەیاند، هەڵبەتە لە زۆر قۆناغدا کە بارودۆخێکی نالەبار هاتووەتە پێشەوە، کە لەبواری سیاسییدا ڕووبەڕووی قەیران بووینەتەوە، لەبواری ئابوورییدا ئەم سیستمە ڕووبەڕووی چەقبەستوویی بووەتەوە، ئێمە هەمیشە بە پرۆژەوە بەشدارییمان لە گۆڕەپانی سیاسیی کردووە و لە چوارچێوەی بنیاتنانی سیستمێکی دیموکراتی، هەوڵمانداوە کە بە پرۆژە بەشداربین، ئەم پرۆژەیەش لەو چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە، بۆیەش لە ئێستادا ئەم پرۆژەیەمان ڕاگەیاند، چونکە لەمساڵدا دوو هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، گەلێک قۆناغی سیاسیی جۆربەجۆر هاتە پێشەوە، گەلی کورد ڕووبەڕووی گەلێک بارودۆخی دژوار بوویەوە، لە ڕیفراندۆمەوە بگرە، لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بگرە، لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرە، لە هەموو ئەوانەدا ئەنجامێک دەرکەوت، ئەنجامێک کە هەموو ئەوانە نەک نەیانتوانی پرسەکانی سیستم دیموکراتیزە بکەن و قەیران و کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵکو قووڵتریان کردەوە، لەو چوارچێوەیەدا ئەو پرۆژەیە ڕاگەیەندرا.

 

- تا چەند بۆچوونی لایەنەکانتان وەرگرتووە لە ئامادەکردنیدا؟

"پرۆژەکە خۆی لە چوار تەوەردا دەبینێتەوە"

 

شیلان شاکر: پرۆژەکە خۆی لە چوار تەوەردا دەبینێتەوە، لەبوارەکانی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئیداریی و ئابووریی، وەک رەشنووسێک پێشکەشمان کردووە، لەکۆتایی پرۆژەکەشدا بانگەوازییمان کردووە، کە دەمانەوێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و هەموو ئەوانەی، کە پەرۆشن بۆ چارەسەرکردنی قەیران و بارودۆخی گەلی کورد، گفتوگۆ بکەین و فراوانی بکەین، وە پێشنیاز و بۆچوونی جۆراوجۆر ئەگەر هەبێت بیخەینە ناوییەوە، ئەمانە بۆچوونی ئێمەن و دەتوانرێت دەوڵەمەندتر بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاو بنێین بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیران و ئاڵۆزییانەی کە تێیدا دەژین.

 

- لە پرۆژەکەتاندا چەندین پێشنیازتان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی باشوری کوردستان عێراق خستووەتەڕوو، ئایا تاوەکو ئێستا ئەم پرۆژەیەتان ئاراستەی هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار کردووە؟

"بەرنامەمان هەیە پێشکەشی هەموو لایەنەکانی بکەین"

شیلان شاکر: تاوەکو ئێستا پێشکەشی هیچ لایەنێکمان نەکردووە، بەڵام بەرنامەمان هەیە، کە لەداهاتوودا پێشکەشی هەموو لایەنەکانی بکەین، هەرچەندە ئێمە پێشکەشی ڕای گشتییشمان کردووە، لە کۆتایی پرۆژەکەشدا دەرگامان ئاوەڵا هێشتووەتەوە، بۆ هەرچی لایەنێک کە بییەوێ بێت دابنیشین و گفتوگۆ بکەین و ئەو پرسانە تاوتوێ بکەین، بۆئەوەی هەنگاوی کرداریی بنێین بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە.

 

-پێتانوایە، پرۆژەکەتان چۆن دەتوانێت چارەسەری دۆخەکە بکات؟

"با لێگەڕێین ئەو خەڵکە بە ئیرادەی خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات"

شیلان شاکر: ئێمە پرۆژەکەمان زۆر کورت و پوخت کردووەتەوە، بۆ نموونە لەبواری دەستوورییەوە دەڵێین کە پێویستە کۆمیتەیەک یان لیژنەیەک لە کەسانی سەربەخۆ و بێلایەن و شارەزا و نوێنەرانی ڕێکخراوەکان و لایەنە سیاسییەکان پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی دەستوورێک بنووسنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە نەبوونی دەستوور وایکردووە، کە هەر گروپ و ڕێکخراو و پارتێکی سیاسیی لەچوارچێوەی دەستوورێک، کە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی دایڕشتووەتەوە کاربکات، ئەو دەستوورەشی کە ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کاری پێدەکرێت، لەگەڵ پێوانەکانی دیموکراتییدا ناکۆکە، وە لەبواری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیشەوە، ئێمە ئەگەر سەیر بکەین، لە پرۆژە شکستخواردووەکەی ڕیفراندۆمەوە بگرە، تا دەگاتە هەموو ئەو کارەساتانەی کە بەسەر گەلی باشوری کوردستاندا هاتووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییە ناتەندروستەی کە بەناوی هەرێمی کوردستانەوە حزب هەڵیدەسوڕێنێت، خاڵێکی دیکەش پرسی ناوچە جێناکۆکەکانە، کە نە حکومەتی عێراق و نە هەرێمی کوردستانیش، نەیانتوانی چارەسەر بۆ ئەو ناوچانە پێشبخەن، کەواتە دەبێت بەبێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و بیر لە بەرژەوەندیی تەسکی شەخسیی، حزبیی و بنەماڵەیی بکەینەوە، دەبێت دانیشین و چارەسەریی بۆ ئەو ناوچانە بدۆزینەوە، ئێمە نەمانتوانی ژیانێکی شایستە بۆ ئەوان دابینبکەین و پرسەکانیان چارەسەر بکەین، با لێگەڕێین ئەو خەڵکە بە ئیرادەی خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات، لەگەڵ ئەوانەشدا لەبواری کۆمەڵایەتییەوە لە کوشتنی ژنان بگرە تا دەگاتە کۆچبەریی و کۆچی گەنجان، نەتوانراوە دەستی چارەسەریی بۆ ئەو کێشانە درێژبکرێت.

 

- پێتانوایە هۆکاری سەرەکیی چارەسەرنەبوونی کێشەکان چییە؟

"لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ترسیان لە چارەسەرکردنی پرسەکانی کۆمەڵگا هەیە"

شذیلان شاکر: چارەسەرنەبوونی کێشەکان، دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، چونکە هەریەک لەئێمە وەکو پارت و لایەنە سیاسییەکان کۆمەڵێک بەرنامە و پرۆژەمان هەیە، بەڵام لە ڕاگەیاندنی ئەو پرۆژانە دەترسین، یان جاری وا هەیە ڕایدەگەیەنین، بەڵام کاری لەسەر ناکەین، یان کە دەبینە چەند لایەنێک، لە یەکتر نزیکبوونەوە دەترسین، جاری واش هەیە ڕاستگۆنین بەرامبەر یەکتر، هەموو ئەوانەش ترسێکی زۆریان دروستکردووە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بەوەی کە لایەنێک ئەگەر بیەوێت لە تەڤگەری ئازادیی نزیک ببێتەوە دەترسێت و ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، کەواتە ئێمە ترسنۆکین لەبەرامبەر پێشخستنی چارەسەرییدا، بەتایبەتیش ئەو ترسەی کە لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بۆ سەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکراوە، دەمەوێ ئەوە بەبیربێنمەوە کە ئێمە لەماوەی ڕابردوودا کە لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلول قەدەغە کراین، بە بڕیارێکی سیاسیی قەدەغە کراین، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەدەغەکردنی ئێمەش، هەڕەشەی دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان بوو، ئەمە نەک تەنیا لەبەرامبەر تەڤگەری ئازادیی، بەڵکو لەبەرامبەر چارەسەرکردنی پرسەکانی کۆمەڵگا و چارەسەرکردنی بارودۆخی ئەم بارودۆخە نالەبارەی کە هاتووەتە پێش، ئەم ترسەش دەگەڕێتەوە بۆ ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتی خۆیان، بۆیە تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بە ڕاستگۆییانە و بە جورئەتەوە لەیەکتر نزیکببیننەوە، با ناکۆکیشمان هەبێت، با رەخنەش لەیەک بگرین، لەوانەیە لەسەر کۆمەڵێک پرس بیرکردنەوەمان جیاوازبێت، بەڵام هەندێ پرس هەیە دەتواندرێت گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و هەنگاو بنرێت بۆ چارەسەرکردنیان.

 

- جگە لە لایەنە سیاسییەکان، پرۆژەکەتان پێشکەشی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەن؟

" دەمانەوێت ئەو پرۆژەیە بگاتە دەستی هەموویان"

شیلان شاکر: بێگومان بۆ هەر لایەنێکە، کە پەیوەستبێت بە چارەسەرکردنی کێشەکانەوە، دەمانەوێت ئەو پرۆژەیە بگاتە دەستی هەموویان، هەوڵی خۆشمان دەدەین و پێشکەشی ئەوانیشی دەکەین.

 

- هیچ نەخشەڕێگایەکتان هەیە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکەتان؟

شیلان شاکر: لەئێستادا وەک نەخشەڕێگایە کە ئامادەبێت و لەبەردەستماندابێ نییە، بەڵام هەوڵ دەدەین کە ئەم پرۆژەیە شتی تری بەدواوە بێت.

 

- یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی پرۆژەکەتان لەکوێوە دەبێت؟

"دەمانەوێت وەکو هەنگاوییەکەم سەردانی لایەنەکان بکەین"

شیلان شاکر: هەموو ئەو پرسانەی کە ئێمە قسەمان لەسەر کردووە لە پرۆژەکەدا پرسی گرنگن، دەمانەوێت وەکو هەنگاوییەکەم سەردانی لایەنەکان بکەین، بەتایبەت لەڕێگای پەیوەندییەکانەوە ئەو پرۆژەیە پێشکەشی لایەنەکان بکەین، ئەوکاتە ئەگەر ئەوانیش ئامادەبن بتوانن دانیشتنی لەسەربکەین و گفتوگۆی لەسەر بکەین.

 

- هیواتان بە پێکهاتنی پرۆژەکەتان هەیە؟

"١٠٠% هیوامان پێ هەیە"

شیلان شاکر: ١٠٠٪ هیوامان پێ هەیە، ئێمە لە جێبەجێکردنیدا هەوڵی خۆمان دەدەین لەگەڵ هەموو لایەنەکان، هیواداریشین کە بتوانین هەنگاوی گرنگ بهاوێژین، بەوهیوایەین کە لە داهاتوودا ئەگەر لەسەر ئەو پرۆژەیەش نەبێت، بتوانین کاری هاوبەش بکەین، بەڵام ئەگەر ئەوەش نەبوو ئێمە دەست لە تێکۆشانی خۆمان بەرنادەین و تێدەکۆشین بۆ بەئەنجام گەیاندنی، ئەو پرۆژەیە هاوکات لەگەڵ ئەو پارادیگمایەی کە ئێمە باوەڕمان پێی هەیە، وە بونیاتنانی ئەو سیستمەی کە ئێمە تێکۆشانی بۆ دەکەین، کار بۆ بونیاتانی سیستمێکی دیموکراتیی دەکەین.

 

- لەکۆتاییدا چی پەیامێکتان هەیە؟

"کێشەکان بە زیهنییەت و سیستمێکی دیموکراتیی چارەسەر دەکرێن"

شیلان شاکر: لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا ڕووبەڕووی گەلێک قەیران بووینەوە، وە لەئاستی نەتەوەییشدا پیلانی جۆربەجۆر هەن، باسی ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەرمان کرد، ئێستاش ئەو پرسانەی کە لەگەڵ عێراقدا هێشتا لە گفتوگۆدان، لەسەر ئاستی نەتەوەییدا ئەوەی دەبێتە چارەسەرییەکی ڕاستەقینە بۆ هەموو پرسەکانی دۆزی گەلی کورد، یەکێتی نەتەوەییە، وە هەنگاونانە بۆ لەیەکتر نزیکبوونەوە، بۆیە پێویستە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەم هەوڵەمان هەبێت، هەمیش لەسەر ئاستی نەتەوەییدا ئەو هەوڵە هەبێت، ئەگەر نا، بێگومان نە مێژوو و نە کۆمەڵگا و نە گەلەکەمان لێمان خۆشنابێت.

 

ش.ف