شێخ هاوڕێ: کۆنگرەی نەتەوەیی شتێکە کە هەردەبێت ئەنجامبدرێت

شێخ هاوڕێ کاکە حەمە، ڕابەری 'بزوتنەوەی حەقە' ئاماژە بە گرنگی یەکڕیزیی کورد و یەکێتی نەتەوەیی دەکات و دەڵێت، کە کۆنگرەی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی شتێکە کە هەردەبێت ئەنجامبدرێت، چونکە کورد بە پارچە پارچەیی ناگات بە هیچ، دەشڵێت: پێویستە شێخ و کەسایەتییەکان بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵسن و کار بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەمان بکەن.


شێخ هاوڕێ کاکە حەمە، ڕابەری بزوتنەوەی حەقە، کە بزوتنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازی ناو تەریقەتی نەقشبەندییە، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا، باس لە چۆنێتی دروستبوونی بزوتنەوەی حەقە و ئەو ڕیفۆرمانە دەکات کە بزوتنەوەکەیان لە ئاین و کۆمەڵگادا کردوویەتی، هەروەها باس لە دۆخی ئێستای کوردستان و گرنگی یەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی دەکات بۆ کورد.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە

 

- بزوتنەوەی حەقە چۆن دروستبووە و چ ڕیفۆرمێکی لە ئایندا کردووە؟

 

"موریدەکان و سۆفییەکان وشەی یا حەقیان زۆر بەکارهێناوە"

شێخ هاوڕێ کاکە حەمە: بزوتنەوەی حەقە لە تەریقەتی نەقشبەندییەوە دروستبووە، باپیرە گەورانی ئێمە تەریقەتی نەقشبەندیان هەبووە، لەسەر ئەو تەریقەتە بەردەوامبوون تا سەردەمی شێخ عەبدولکەریم و مامەڕەزا، لەو سەردەمەدا موریدەکان و سۆفییەکان وشەی یا حەقیان زۆر بەکارهێناوە، یان کە شتێکیان بینیبێت بەڕاستیان زانیبێت وتویانە حەقە، ناوی 'حەقە' بەمشێوەیە بەسەر ئێمەدا بڕاوە، نەک ئەوەی وەک حیزبێک یان ڕێکراوێک دروستبووبین، ئەما شتێکی خۆرسکی ناو خەڵکە، ئەوکاتە جەماوەر لە ڕوویی کۆمەڵایەتیی و ئاینی و ڕۆشنبیریەوە تەواو شارەزا و  کامڵ نەبوون، لەبەر ئەوەی شێخ عەبدولکەریم و مامە ڕەزا تازەگەریان کردووە ئەم بزوتنەوەیە زۆر چووەتە ناو خەڵک.

 

- تازەگەرییەکان چیی بوون؟

 

"سەربەستی زۆریان بە ژن داوە"

شێخ هاوڕێ کاکە حەمە: سەربەستی زۆریان بە ژن داوە هەموو کەسێکیش ڕێگەپێدراو بووە کە ڕای ئازادانەی خۆی بڵیت بۆنمونە لە هەڵبژاردنی هاوسەردا چ کچ یان کوڕ ئازادنە هاوسەری خۆیان هەڵبژاردوە، هەر لەبەر ئەمەیە زۆرێک لە ئاغا و شێخەکان و حزبەکان دژی ئێمە وەستانەوە، چونکە لەو ڕۆژگارەدا حزب و سیاسەتی وا پێشکەوتوو نەبووە، تەنیا لە ساڵی ٤٠ کاندا حزبی شوعی دەرکەوت، بزوتنەوەی حەقە لە سەرەتای ساڵانی  ١٩٢٠ ەوە دروست بووە دوای کۆچی حاجی شێخ مستەفا و شیخ مەلا ئەحمەدی گەڵنێری، شێخ عەبدولکەریم تەریقەتی داوە و گۆڕانکاریی و تازەگەریی تیاکردووە، بۆ نموونە شیخ عەبدولکەریم و مامە ڕەزا، دژی چەوساندنەوەی خەڵک بوون لەژێر ناوی دین و ئاغا و دەرەبەگی و سەرمایەدارییدا.

- لە بزوتنەوەی حەقەدا چ چاکسازییەکی دیکەکراوە کە مافی زیاتر بدات بە ژن؟

 

"ژن وەک پیاو مافی خۆی وەرگرتووە"

 

شێخ هاوڕێ کاکە حەمە: ڕێگا دراوە بە ژن وەک پیاوێک لە ماڵێکدا حەقی خۆی وەربگریت، مامە ڕەزا گرنگی داوە بە لایەنی ڕۆشنبیری و پاکو خاوێنی، پیاوی ناچارکردووە کە خۆی پاکوخاوێنی خۆی ڕاگرێت، پێویست بووە هەموو ڕۆژێک خۆی گۆرەوییەکانی خۆی بشوات، لەلایەنی خوێندەواریەوە، ڕێگا دراوە ژن بخوێنێت، بۆنمونە کچەکانی مامەڕەزا لە حوجرە و فەقێیەتی خوێندویانە.

 

- لە کۆندا زۆرجار شێخەکان ڕابەرایەتی گەل و شۆڕشیان کردووە، زۆرجاریش هەوڵی دروستکردنی تەباییان داوە، پێتان وانییە کە ئێستاش دەبێت ئەو هەوڵە بدەن؟

 

"زۆربەی تەکیە و خانەقاکان دوور کەوتوونەتەوە لە ڕیگا ڕاستەکە"

 

شێخ هاوڕێ کاکە حەمە: تەکیە و خەنقای کۆن زۆر جیاوازبووە لەوانی ئێستا، بەهۆی ئەوەی حزبی سیاسی نەبووە کەسایەتیەکان و شێخەکان ڕۆڵ و کاریگەریی زۆریان هەبووە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا زۆربەی شێخەکان لە ژێر باڵی حزب و لایەنێک تەکیە و خانەقاکانیان بەڕێوە دەبەن زۆربەی تەکیە و خانەقاکان دوور کەوتوونەتەوە لە ڕیگا ڕاستەکە.

 

وەک بزوتنەوەی حەقە، لەسەر ڕێبازەی خۆمان بەردەوامین، ئێستاش بەردەوام ئامۆژگارییمان هەیە بۆ خەڵک و بۆ دواکەوتوانمان، لەبەر ئەوەی ئێمە پێمان وایە گەل تەنها بە حزبێک یان ڕێکزراوێک یان کەسێک بەڕێوەناچێت، دەبێت بەکۆمەڵ هاوومان هەوڵبدەین بۆ ئازادیی نەتەوەکەمان.

 

- ئێستا دەرفەتێک بۆ کورد هاتووەتەپێش بۆ ئەوەی بە مافەکانی بگات، چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە لەدەست نەدەن؟

 

"یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەک وتاربین"

 

شێخ هاوڕێ کاکە حەمە: پێویستە ئێمە پەروردەی خۆمان ڕاست بکەینەوە و پەروەردەیەکی کوردانەی دڵسۆزانە ببێت بۆ گەل و نیشتیمان، پێویستە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەک وتاربین، بەڵام بەداخەوە هیچیان نین، کورد بە پارچە پارچەیی ناگات بە هیچ، هەتا چاوەڕوانی کۆمیتە و ناوچە بکەین کورد ناێت بەهیچ، ئەبێت کۆمیتەو ناوچەو ڕیکخراو و حزب هەمووی لادەینە لاوە، بە یەک دەنگ و دوور لە پارچەگەری کار بۆ کوردستانی گەورە بکەین.

 

- پەیوەندی نێوان پارچەکانی کوردستان چۆن دەبینیت؟

 

"نەمانتوانیوە ئەو تەلیسمی پارچە پارچەییە بشکێنین"

شێخ هاوڕێ کاکە حەمە: پەیوەندیەکان وەک پێویست نین و تەندروست نین، بۆنمونە ڕاگەیاندن پێویستە بەشێک بێت لە بردنەپێشەوەی دۆزی کورد، بەڵام هەندێک ڕاگەیاندن بونەتە سیبەری حزبێک دڵسۆزیان بۆمیللەت کەمە، حزب و ڕیکخراوەکانیش بەهەمان شێوەن، بۆ نموونە تەڤگەری ئازادیی ڕێگەی پێ نادریت کاربکات و بارەگای پێ دادەخرێت، کەرکوک پارێزگاری بۆ دیاری ناکرێت، ڕۆژئاوا وەک پێویست هاوکاریی ناکرێت، پێم وایە وەک چۆن بوینەتە چوار پارچە، لەناو خۆشماندا بوینەتە چەند پارچەک، نەمانتوانیوە ئەو تەلیسمی پارچە پارچەییە بشکێنین.

- هەوڵ زۆردراوە بۆ دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی، هەوڵەکان چۆن دەبینیت و بەربەستەکانی چین؟

 

"ئەوە کارێکە کە کورد دەبێت هەر ئەنجامی بدات"

شێخ هاوڕێ کاکە حەمە: ئێمە پشتگیریی لە یەکێتی نەتەوەی دەکەین، ئەوە کارێکە کە کورد دەبێت هەر ئەنجامی بدات، کۆنگرەی نەتەوەیی پێویستە و پیویستە خەڵک پشتگیریی بکات، بەتایبەت ئەوانەی لەشۆڕشدا بەشدار بوون، زانایانی ئاینیی، مامۆستایان و پزیشکانیش پشتگیریی بکەن، ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجامنەدەین وەک حزبێک واین کە نەتوانین کۆنگرە ببەستین. بەشێک لە حزبەکان دەیانەوێت خۆیان سەرپەرشتی کۆنگرەی نەتەوەیی بکەن، یان دەیانەوێت کۆنگرەی نەتەوەیی بەناوی ئەوانەوە تۆماربکرێت، ئەوە نابێت، ئەبێت هەمووکەس وەک ئەندامێک بەشداریی کۆنگرەی نەتەوەیی بکات، دەبێت لیژنەیەک دروستبکرێت لە هەموو پارچەکانی کوردستان سەرپەرشتی کۆنگرەی نەتەوەیی بکەن، داوا لە گەلی کورد دەکەم لەهەر حزبێک ئەندامن، دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتیمان نەگۆڕنەوە بە دڵسۆزی بۆ گەل.