عومەر عینایەت: حکومەت چاکسازیی لەکۆڵی خۆی کردووەتەوە و فڕێیداوەتە پەرلەمان

عومەر عینایەت، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان پێیوایە، کە چڕکردنەوەی پرۆژە یاسای چاکسازیی لە خانەنشینیی پلەباڵاکان کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر گێڕانەوەی داهات بۆ حکومەت و بە "فێڵ" ناوی دەبات، هەروەها باس لە خانەنشینیی نایاسایی دەکات و دەشڵێت: حکومەت چاکسازیی لەکۆڵی خۆی کردووەتەوە و فڕێیداوەتە گۆڕەپانی پەرلەمان.


ڕۆژی ١١ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ "مانگی ١٢"، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای چاكسازیی ڕەوانەی پەرلەمانی هەرێم کرد، پرۆژە یاساکە خۆی لە ڕێکخستن و کەمکردنەوەی مووچە پلەباڵاکان و بڕینی خانەنشینی نایاسایی و وەرگرتنەوەی پلە لەو کەسانەی بەشێوەیەکی ناشایستە پلەیان بەرزکراوەتەوە، دەبینێتەوە، هەر بەپێی پرۆژە یاساكە، یەكەكانی ژمێریاریی هێزەكانی ٧٠ و ٨٠-ی پێشمەرگە هەڵدەوەشێنرێنەوە و هیچ هێزێکی سەربازیی هەژماری تایبەت بەخۆی نابێت.

عومەر عینایەت حەمەسەعید، ئەندازیاری ڕێگاوبان و ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، باس لە ناوەڕۆکی پرۆژە یاسای چاکسازیی دەکات و  سەرنجی خۆی لەم بارەیەوە دەخاتەڕوو.

- سەرنجتان لەسەر پرۆژە یاساکە چییە؟

"چاکسازیی هەر ئەوە نییە چڕبکرێتەوە لە مووچەی کارمەندان و دەرماڵە و خانەنشینی"

عومەر عینایەت: کاتی خۆی ڕەخنەمان لەسەر ئەوەبوو چاکسازیی هەر ئەوە نییە چڕبکرێتەوە لە مووچەی کارمەندان و دەرماڵە و خانەنشینی، ڕاستە گرنگە کەسێک دوو مووچە وەرنەگرێت، یاخود مووچەی بندیوار ببڕدرێت، بەڵام زۆر بواری دیکە هەیە کە پێویستی بە چاکسازییە، وەرە چاکسازیی لە گێڕانەوەی موڵکوماڵی دەوڵەتدا بکە، ئەو هەموو گرد و گۆڕەپانەی کە ڕووبەرێکی زۆری خاکی کوردستانە لەلایەن هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە داگیرکراوە، وەرن لە خۆماڵیکردنی کەرتی کارەبادا چاکسازیی بکەن، حکومەت مانگانە دوو ملیار دۆلار دەدات بەو وەبەرهێنەرەی کە کارەبا بەرهەمدەهێنێت لە هەرێمی کوردستان، هەموو پێداویستییەکانیشی لە ناوخۆی هەرێمەوە بۆ دابین دەکرێت، ئێمە کارمان لەسەر کرد کە ئەگەر ئەم کەرتە بکرێتە حکومیی هەمووی هەر دوو ملیار دۆلاری تێدەچێت، بۆچی هێڵەکانی پەیوەندیی وەک تەلەفۆن و ئینتەرنێت دەدرێتە کەرتی تایبەت، بۆ حکومەت خۆی ئەمانە ناگرێتە ئەستۆ.

- ئەوکاتەی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای چاکسازیی ئامادەکرا ئێوە خۆتان لە پەرلەمان بوون، بۆچی ئەم سەرنجانەتان لە پرۆژە یاساکەدا جێنەکردووەتەوە؟

"پرۆژەم بۆ چاکسازیی پێشکەش، بەڵام کاری پێناکرێت"

عومەر عینایەت: من خۆم پرۆژەیەکم بۆ چاکسازیی پێشکەشی پەرلەمان کرد و پەرلەمانیش ئاراستەی حکومەتی کرد، بەڵام کاری پێناکرێت، بۆنموونە وڵاتێکی وەک تورکیا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٨٠ ملیۆن کەسە و ٢٠ وەزارەتی هەیە، بەڵام هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتووانەکەی پێنج ملیۆن کەسە کەچی ٢١ وەزارەتی هەیە، واتا ئەم بیرۆکراتییەی لە ئیدارەی ئەم هەرێمەدا هەیە نەگونجاوە، لە عێراق ئەندامێکی پەرلەمان نوێنەرایەتی ٢٥٠ هەزار کەس دەکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەندام پەرلەمانێک نوێنەرایەتیی ٤٥ هەزار کەس دەکات، وەرن ئەم ١١١ پەرلەمانتارە کەمبکەنەوە بۆ ٦٠ ئەندام پەرلەمان، ئۆتۆماتیکییەن ٥٠ مووچەی خانەنشینی کەم دەبێتەوە، ئەمە بەهەمان شێوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەڕێوبەرە گشتییەکان.

"لە هەرێم ٢٥٠ بەڕێوبەری گشتیی هەیە، بەڵام لە عێراق ٢٥ بەڕێوبەری گشتیی هەبوو"

"لە هەرێمی کوردستان ٢٥٠ بەڕێوبەری گشتیی هەیە، بەڵام لە عێراق لە سەردەمی مەلیکییەوە تا سەردەمی سەدام حسێنیش بۆ هەر کەرتێک بەڕێوبەرێکی گشتی هەبوو، واتا بەهەموویەوە نەدەگەیشتە ٢٥ بەڕێوبەری گشتی، ئێستا بۆ لەم هەرێمە بچووکە ٢٥٠ بەڕێوبەری گشتی هەیە، کە ئەمانە ٥٠٠ جێگریان دەوێت، دەبێت دەست بۆ ئەمانە ببرێت و کەم بکرێنەوە، کەچی هەمووی چڕکراوەتەوە لە خانەنشینی پلە تایبەتەکان، دەستان خۆشبێت ئەمە شتێکی باشە، بەڵام هەموو پلە تایبەتەکان پێنج ملیار دینار وەردەگرن، ئەگەر دەیانەوێت پارە بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، ئەو بوارانەی تر زۆر گرنگە.

- کەواتە ئەم پرۆژەیە دەتوانێت چاکسازییەکی ڕیشەیی لە سیستمی ئیداریی هەرێمدا بکات؟

"نەخێر "

عومەر عینایەت: نەخێر، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت چاکسازیی ڕیشەیی بکات، بەڵام هەنگاوێکی باشە، بەمەرجێک هەنگاوەکانی دیکەشی بەدوادابێت، خەڵک هەیە هەر وەزارەتی نەبینیوە و بە پلەی وەزیر خانەنشین کراوە، لە ٥٠٠ کەس زیاتر هەیە لە هەرێمی کوردستان کە وەزیر نەبووە و بە پلەی وەزیر خانەنشین کراوە، کەسی وا هەیە هەر ئەو ڕۆژەی فەرمانی دەستبەکاربوونەکەی دەرچووە و خانەنشینیش کراوە، هەر لەبەر ئەوەی لە ئەوروپاوە هاتووەتەوە وایان زانیوە لەبەر ئەوەی زمانی ئینگلیزی دەزانێت لەو باشتر دەستناکەوێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

- دیارترین ئەو خاڵانەی لە پرۆژە یاساکەدا هەیە، نەهێشتنی دوومووچەیی، ڕێکخستن و کەمکردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان، لەگەڵ وەرگرنتەوەی پلەی باڵا لەو کەسانەی کە بەناهەق پلەیان بەرزکراوەتەوە، پێتوایە واقعی سیاسیی هەرێمی کوردستان ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە؟

"دەبێت ئەم چاکسازییە هەموو سێکتەرەکانی دیکە بگرێتەوە"

عومەر عینایەت: سەرنجە بخە سەر قسەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە قسە لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازیی دەکەن، دەڵێن ئێمە ڕێگانادەین یەک پێشمەرگە زەرەمەندبێت، زۆربەی ئەوانەی پلەیان بەرزکراوەتەوە لە ملازمەوە بۆ مقەدەم و لیوا زۆربەیان پێشمەرگەن، کە تۆ ڕێگانەدەی ئەمانە زەرەرمەندبن چۆن دەتوانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەی؟، هێڵی سوور دانراوە بۆ پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیان سیاسیی، هەموو فۆکەسەکان خراوەتە سەر ئەندامانی پەرلەمان، کە دەبێت ئەم چاکسازییە هەموو سێکتەرەکانی دیکە بگرێتەوە.

-بەگوێرەی ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکە ئەگەر پەرلەمانتارێک ١٥ ساڵ خزمەتی هەبێت و مووچەکەی هەشت ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار بێت، ئەوا خانەنشینییەکەی پێنج ملیۆن دینار دەبێت، ئەمەش لەچاو داواکاریی خەڵکدا زۆرە؟

"جۆرێک یارییان کردووە"

عومەر عینایەت: جۆرێک یارییان کردووە، من کاتی خۆی پرۆژەیەکم پێشکەشکرد ئەندام پەرلەمانێک کە هیچ خزمەتێکی نییە مووچەکەی ٢ ملیۆن دینار بێت و ئەوەشی ٤٠ ساڵ خزمەتی هەیە ٥ ملیۆن دیناری هەبێت، ئەمە جۆرێک لە نزیکبوونەوەی تێدابوو لە خانەنشینەکانی دیکە، بەڵام ئەمەی ئێستا هەیە دوورە لەیەکەوە و جۆرێک لە نادادپەروەریی لەم پرۆژە یاسایەدا هەیە، ویستوویانە زۆرترین کەس ڕازی بکەن.

"٦٠ هەزار پاسەوانی بەرپرسەکان هەن"

"بابەتێکی دیکە پاسەوانەکانی بەرپرسەکان و حزبەکانە، ٦٠ هەزار پاسەوان لە هەرێمی کوردستان هەیە، من کاتی خۆی پێشنیارێکم کرد بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، وەرن ڕیزبەندی بکەن بۆ دانانی پاسەوانەکان، بۆ نموونە سەرۆکی هەرێم ٤٥ پاسەوان، سەرۆکی پەرلەمان ٤٢ پاسەوان و سەرۆکی حکومەتیش بەهەمان شێوە کەممان کردەوە، ئەوەی کە من حسابم کرد لە سەرۆکی هەرێمەوە هەتاوەکو کۆتا پەرلەمانتار و وەزیر هەمووی ٣ هەزار پاسەوانی پێویستبوو، بەڵام ئەو ٦٠ هەزار پاسەوانە ئەگەر مانگانە هەریەکەی ملیۆنێک دیناریش مووچەیان هەبێت ئەوا ٦٠ ملیار دینار دەکات، لەکاتێکدا بەشێکی زۆریان هەر ناویشیان نییە، هەندێکیان بەرپرسەکەی دەچێت مووچەکەی وەردەگرێت، بەرپرس هەیە دوو لیوا پاسەوانی هەیە، خەڵک هەیە سێ فەوجی هەیە، خەڵک هەیە سریەیەکی هەیە".

"حکومەت چاکسازیی لەکۆڵی خۆی کردووەتەوە و فڕێداوەتە گۆڕەپانی پەرلەمان"

عینات لە بەردەوامیی قسەکانیدا دەربارەی پرۆژەکە دەڵێت:"خاڵێکی گرنگی دیکەش، ئەم کارانەی کە کراوە لە خانەنشینی وەزیر و بەرزکردنەوەی پلە بە ناشایستەیی، حکومەت بە بڕیار کردوویەتی کەواتە دەتوانێت بە بڕیارێکیش هەڵیوەشێنێتەوە، هەر پێویستیشی بە پەرلەمان نییە، ئەمەی کە ئێستا کراوە ئەوەیە کە دەڵێت ئاگرە سوورە لەخۆم دوورە، حکومەت لەکۆڵی خۆی کردووەتەوە و فڕێداوەتە گۆڕەپانی پەرلەمان، لەناو پەرلەمانیش گەورەترین گرفت بۆ ئەم پرۆژە یاسایە دروستدەبێت و بە ئاسانیی تێناپەڕێندرێت".

- گرفتەکان چی دەبن؟

عومەر عینایەت: بۆنموونە یەکێتی ئێستا لەبەردەم کۆنگرەدایە، لەوانەیە ١٥ بۆ ٢٠ هەزار کەسی زەرەرمەندبێت لەم چاکسازییە ئەمەش وادەکات لەو حزبە دووربکەونەوە، بۆ پارتیش بەهەمان شێوە، با بچن کەسێک کە بەناشایستەیی کراوە بە لیوا و ٢٠٠ کەسی لەگەڵدایە، پلەکەی داببەزێننەوە بۆ مقەدەم بزانە چ کێشەیەک دروست دەبێت، پەرلەمان ناتوانێت ئەم پرۆژە یاسایە لە بواری سەربازیی و ئەمنیدا وەک خۆی جێبەجێ بکات.

- ژمارەی مووچەخۆری نایاسایی لە هەرێمی کوردستان چەندە؟

عومەر عیانەت: ناتوانین هیچ ژمارەیەک بڵێین، چونکە بەشێوەیەکی وا زانستییانە کردوویانە کە هیچ کەسێک پەی بەم بابەتە نەبات.

-بەڵام حکومەتی هەرێم دەڵێت ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان هەیە، حکومەتی عێراقیش دەڵێت تەنها ٨٠٠ هەزار مووچەخۆر لای ئێمە تۆمارکراوە؟

عومەر عینایەت: ئەو ٤٠٠ هەزار مووچەخۆرەی دیکە ئەوانەن کە بۆنموونە مووچەی خانەنشینی شۆڕشی ئەیلول وەردەگرن، هەندێکی لای یەکێتییە و هەندێکی لای پارتییە هەندێکیشی لای حزبەکانی دیکەیە، ئەمانە مووچەخۆری حزبین و ناویان لە بەغدا نییە.

- ئەمانەش دەکەونەوە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای چاکسازیی؟

عومەر عینایەت: نەخێر، بڕواناکەم، قابیلە بچن مووچەی ئەیلولانە ببڕن، پێموایە ئەو ملیۆن و ٢٠٠ هەزارە مووچەخۆرە زۆر زۆر بە کەمیی کەم دەبێتەوە، وای بۆدەچم ئەم پرۆژە یاسایە وەک حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات کە مانگانە ١٠٠ ملیار دینار دەگەڕێنێتەوە نەبێت، پێدەچێت بەهەموویەوە ٢٠ بۆ ٢٥ ملیار دینار بگەێڕێتەوە، بەڵام بەو قەبارە گەورەیە نابێت کە حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات.

- کەواتە سوودی ئەم یاسایە چییە؟

عومەر عینایەت: ئەگەر بێتوو حکومەتی هەرێم وەک سۆپەرمارکێتێک دابنێیت، کۆمپانیاکانی بەرپرسەکان و سەرمایەدارەکانی ژێرسایەی بەرپرسەکانیش وەک کۆشکێکی بچووکی تەنیشت سۆپەرمارکێتەکە بێت، هەمیشە کەلوپەلەکانی ناو ئەم سۆپەرمارکێتە خراوەتە ناو کۆشکەکە و کۆشکەکە گەورە بووە و سۆپەرمارکێتەکە بچووک بووەتەوە، تا وای لێهاتووە ئێستا کۆشکە بچووکەکە دەیان سۆپەرمارکێتی کردووەتەوە، بەڵام سۆپەرمارکێتەکە هیچی تێدانەماوە، ئەگەر بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان تێریان بخواردایە لە پارە، ئێستا ئاڵای هەرێمی کوردستان وەک ئاڵای دەوڵەتێک دەشەکایەوە.

س.ح