عەلی کەریمی: بۆ یەکگرتن دەبێت ڕۆشنبیر چەکوشێک بێت بەسەر دەسەڵاتی سیاسییەوە

عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی، جەختدەکاتەوە، کە پارچەبوون چارەسەری پرسی کورد دوادەخات و لێکنزیکبوونەوە ڕۆڵمان لە جیهاندا گەورە دەکات، دەشڵێت: گەل حەز بە یەکێتیی دەکات، بەڵام حزبەکان ڕقەبەرایەتیی دەخەنە نێوان پارچەکانی کوردستانەوە، ئەرکی ڕۆشنبیریشە بۆ یەکگرتن چەکوشێک بێت بەسەر دەسەڵاتی سیاسییەوە.


عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا تیشک دەخاتە سەر بارودۆخی چوار پارچەی کوردستان، سەرکەوتن و هۆکاری شکستەکان و پەنجە لەسەر چارەسەرییەکان دادەنێت.

 

چاوپێکەوتنەکە

- ئێستا کورد بووە بە یەکێک لە ڕۆژەڤە جیهانییەکان، لە هەمان کاتدا مەترسیشی لەسەرە، کورد دەتوانێت مەترسییەکان تێبپەڕێنێت و گەرەنتیی دەستکەوتنەکانی بکات؟

"لەم قۆناغەدا کورد وەک پرسێکی هاوبەش تەماشا دەکرێت"

عەلی کەریمی: کورد ئێستا فاکتەرێکی گرنگە و بووە بە پرسێکی گەورە، ئەمەش زیاترلە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستانەوە سەرچاوەی گرت، هەلێکی گەورەش کە بۆ کورد ڕەخسا ڕاپەڕینی گەلانی سوریا بوو لە ساڵی ٢٠١١، بەڕاستیش کوردەکان و ئەو هێزانەی کە نزیکن لە فکری ئاپۆ، توانیان ئەو ڕاپەڕینە بقۆزنەوە و بە تیۆرییە دروستەکەیان پەرە بە هێزی ژن بدەن لە کۆمەڵگادا، ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ژن کردی لە جیهاندا بێوێنەیە، ئەگەر ساڵانی ٨٠ کورد وەک چوار پارچە تەماشا بکرایە، لەم قۆناغەدا کورد وەک پرسێکی هاوبەش تەماشا دەکرێت، ئەمەش بەتایبەت لەدوای شەڕی داعشەوە سەرچاوەی گرت، بەڵام ئەوەی بۆ نەمان توانیوە سوود لەم دەرفەتە وەربگرین، دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی ناتەندروستی نێوان حزبەکانی باشوری کوردستان، لە باشوری کوردستان کۆمەڵێک دەستکەوت بەدەستهاتوون، بەڵام سەرکردەکان لەبەر بەربەرەکانێ و تەماحی دەسەڵاتەوە، نەیانتوانی ئەوە قبوڵ بکەین کە ئێمە بتوانین پێکەوە بژین.

- ئەرکی لایەنە سیاسییەکان چییە بۆ پاراستنی دەستکەوتنەکانی گەلی کورد؟

"دەبێت هەندێک تموحی شەخسی و حزبی وەلا بنێن و لە بیری بەرژەوەندیی گشتیدا بن"

عەلی کەریمی: لە مێژوودا زۆر جار کۆمەڵانی خەڵک هەندێک بابەتیان یەکلاکردووەتەوە و لە دەستی حزبەکانیان دەرهێناوە، ئێستاش لە باشوری کوردستان تا ڕادەیەک دەرفەت هەیە کە گەل فشار بخەنە سەر لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان، لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان بەهۆی ئەو دۆخانەی کە بەسەریان هاتووە تا ڕادەیەک دەرفەت کەمترە، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش دەرفەتێکی زۆر هەیە و تا ڕادەیەکی زۆر گوتاری خەڵک و حزب لەیەکەوە نزیکن، ئەوەی کە دەبێت ئەمڕۆ بۆ دواڕۆژی کورد بکرێت، لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانە، لایەنە سیاسییەکان دەبێت هەندێک تموحی شەخسی و حزبی و بنەماڵەیی وەلا بنێن و لە بیری بەرژەوەندیی گشتیدا بن، زۆر بە ئاسانیی دەتوانین لەیەک نزیکببینەوە، ئەو لێکنزیکبوونەوەیە ڕۆڵمان گەورە دەکات لە جیهاندا، دەتوانین قسەی گەورە بکەین بە مەرجێک یەک گوتار بین، چونکە جیهان وەک یەک پرس سەیرمان دەکات، ئەوە خۆمانین کە وەک چەند پرسێک سەیری خۆمان دەکەین.

-کەواتە وێنایەکی یەکگرتوو لە تابلۆی کورد-دا دەبینن یاخود پارچە پارچە؟

"ئەوەی کە بە واقعیی پارچە پارچە کردووین کورد خۆمانین"

جیهان لە یەک چوارچێوەدا سەیری ئێمە دەکات، بەڵام کێشەکە کۆمەڵێک حزب و بۆچوونی سیاسییە کە ئێمەی لەتوپەت کردووە، ڕاستە عەرەب و فارس و تورک ئێمەیان لەباری خاک و کلتوورەوە پارچە پارچە کردووە، ئەوەی کە بە واقعیی پارچە پارچە کردووین کورد خۆمانین.

- ئەم پارچەبوونە چ مەترسییەک لەسەر کورد دروستدەکات؟

"چارەسەری پرسەکەمان دوادەخات"

مەترسییەکی گەورە کە ئێستا بە چاوی خۆمان دەیبینین و چارەسەری پرسەکەمان دوادەخات، ئەو دەرفەتە فراوانەیە کە بۆ دەوڵەتانی داگیرکەرمان کردووەتەوە، کە بێن و دەستێوەردان لە کارەکانماندا بکەن، ئەوەش چارەسەری پرسەکەمان دوادەخات، وادەکات پرسی کورد لە پرسێکی سیاسیی و یاسایی و مرۆییەوە، بکەنە پرسێکی خێڵەکیی، بۆ ئەوەی بڵێن کورد تیرۆریستە و شەڕ بخەنە ناومانەوە، هەموو جۆرە ئەجێندایەکی خۆیان بهێننە ناو گەلی کوردەوە، وەک ئەوەی کە ئێستا ئێران و تورکیا دەیکەن، بە نمونە لە پرسی  پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەبینین بە ئاشکرا تورک دەستێوەردان دەکات بۆ ئەوەی پارێزگاری کەرکوک دانەنرێت، دەزانین کە پرسەکە یەکێتی و پارتی نییە، ئەوە تورکیایە بڕیار دەدات کێ بۆ پارێزگاری کەرکوک دانرێت، ئێمە لەناو خۆماندا خەڵکمان هەیە سەر بە ئێران و تورکیا، ئەوانیش هیچکات پێیان خۆش نییە ئێمە یەکگرتوویمان لەنێواندا هەبێت، بۆیە بە هەموو ڕێگایەک پرسی کورد ئاڵۆز دەکەن.

- لەناو کۆمەڵگای کوردیدا تا ڕادەیەکی بەرچاو یەکگرتوویی لە نێوان خەڵکدا دروستبووە، بۆچی لایەنەکانیش یەکێتیی خۆیان پێکناهێنن لەکاتێکدا هەمیشە بانەگەشەی جێبەجێکردنی خواستی خەڵک دەکەن؟

"ئەوەی کە درز دەخاتە نێوان خەڵک و ڕقەبەرایەتیی لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا دروست دەکات حزبەکانن"

حزبەکان یەک ئەجێندایان هەیە ئەویش ئەجێندای حزبی خۆیانە، فەرهەنگێکیشیان لەناو خەڵکدا دروستکردووە، کە حزب دایک و باوک و نیشتمان و خاکە، ئەو فەرهەنگەیان دروستکردووە کە حزب لە هەموو شتێک خۆشەویستتر بێت، خەڵک بەڕاستیی یەکێتییان پێخۆشە، بەڵام ئەوەی کە درز دەخاتە نێوان خەڵک و ڕقەبەرایەتیی لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا دروست دەکات حزبەکانن، بۆ نموونە لە باڵەکایەتی کێشە کەوتە نێوان خەڵک و حزبی دیموکراتی ئێران، لێرە هانیان دەدان، کە ئەمە بکەنە شەڕی دوو پارچەی کوردستان، ئێمە زۆر بەتووندی بە گژ ئەمەدا چووینەوە، کێشەیەکی بچووک مەکەنە شەڕی براکوژیی دوو پارچەی کوردستان، ئەمە دەبێت کۆتایی پێبێت، ئەمە بەوە کۆتایی پێدەهات کە ئێمە کۆنگرەیەک و چەترێکی نەتەوەییمان هەبێت، هەتا تمووحی سەرۆک عەشیرەتەکانی باشوری کوردستان هەبێت، ئەستەمە ئەم چەترە نەتەوەییە دروستببێت.

- زۆر باسمان لە پارچەبوونی کورد کرد، ئایا ئەم پارچەبوونە لە نەبوونی زانستێکی نەتەوەییەوە سەرچاوە نەگرتووە؟ لێرەدا ڕۆڵی ڕۆشنبیران چییە بۆ داڕشتنەوەی زانستی نەتەوەیی؟

"دەبێت ڕۆشنبیر چەکوشێک بێت بەسەر دەسەڵاتی سیاسییەوە"

نەمانتوانیوە پەروەردەیەکی تەندروست بە نەوەکان بڵێینەوە، ئەمەش وایکردووە نەبینە خاوەن زانستێکی نەتەوەیی و بەپێچەوانەشەوە ئەم هەستە لە ناو نەوەکانماندا زیاتر کاڵ دەبێتەوە، ئەمەش تاوانێکی گەورەی ڕۆشنبیران و دەستەبژێری سیاسیی، کە ئێمە نەمانتوانیوە دەستەبژێری کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیر لە دەسەڵاتی بۆگەن جیابکەینەوە، تەماح و بەرژەوەندیی ژیانیی بەتایبەت لە باشوری کوردستان، وایکردووە ڕۆشنبیرەکانمان خۆیان ببەستنەوە بە حزبێکی سیاسیی، کە دەزانێت پارە و ئیمتیازی لەلایە و وادەکات لە ئەرکی بنەڕەتیی خۆی دووریدەخاتەوە، دەبێت ڕۆشنبیر هەمیشە چەکوشێک بێت بەسەر دەسەڵاتی سیاسییەوە، بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن دەسەڵات بەلاڕێدا بڕۆن، بەداخەوە لە باشوری کوردستان دەکرا ڕۆشنبیران ڕۆڵێکی گەورە ببینن بۆ لێکنزیکبوونەوە، بەڵام ئەو ڕۆڵەیان نەبینیوە.

- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵێک بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی هەبوو، هاوکاتی ئەو هەوڵانەش بەشێک لە لایەنەکانی ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووی هێرشی ئێران و تورکیا بوونەوە، بەڵام هێشتا ئەم یەکێتییە نابینرێت، بۆچی؟

"حزبەکانی ڕۆژهەڵات بەتەواویی لە ئیرادەی گەل دوورکەوتوونەتەوە"

کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتیی، ئامادەن بۆ زۆر جموجوڵی شۆڕشگێڕانە و ڕادیکاڵ، توانیویانە زۆر بابەت بکەن بە پرسێکی گەورە، بۆ نموونە پرسی کۆڵبەران و دەستێوەردانی جاشەکان لەناو شارەکاندا، بەڵام حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیانتوانیوە ئەم بابەتانە بقۆزنەوە و بیکەن بە پرسێکی گەورە، کە بەجیهانیی و ناوچەیی بکەن، هەندێک لەو حزبانە بەتەواویی لە ئیرادەی گەل دوورکەوتوونەتەوە، گەل بە ڕێگایەکدا دەڕوات و ئەوان بە ڕێگایەکی دیکەدا، نەیانتوانیوە لەگەڵ خەڵکدا ببنە یەک گوتار.

- ئەگەر یەکگرتوو نەبن لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێراندا ڕۆڵیان چۆن دەبێت؟

ئەو حزبانەی کە بۆچوونیان وایە لە ژوورە سیاسییە داخراوەکاندا کۆمەڵێک دەستکەوتی حزبیی و شەخسیی بۆخۆیان بەدەستدەهێنن، ئەوە بەڕای من جموجوڵێکی زۆر نەزۆکە، ئەوان ڕەنگە بە سەرداخستنیان بۆ کۆمەڵێک هێزی بەناو ئۆپۆزسیۆن، کۆمەڵێک دەستکەوت بۆ خۆیان و سەرکردەکانیان بەدەستبهێننن، بەڵام لە داهاتوودا لەناو خەڵک و ئەندامەکانیشیاندا ڕسوا دەبن، مەبەستیشم لە هەموو حزبەکان نییە.

- هەندێک لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەن لەگەڵ موجاهیدینی خەڵق و پادشاخوازەکان دابنیشن، بەڵام ئامادە نین لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات دابنیشن، ئێوە چۆن ئەمە لێکدەدەنەوە؟

"دەبێت دەست لەو بیروبۆچوونە کۆنانەی خۆیان هەڵگرن و بێن پێکەوە بژین"

هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەنە لە کامپەکاندا ماونەتەوە و دوورکەوتوونەتەوە لە خەڵک، خۆیان ناتوانن بگەنە ئاستی هەندێکی دیکە و ناچار بەجۆری جیاواز لێیان دەدەن بۆ ئەوەی بیانهێننە ئاستی خۆیان، ئەم لۆژیکە بەشێکی حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەگرێتەوە، بۆیە دەبێت دەست لەو بیروبۆچوونە کۆنانەی خۆیان هەڵگرن و بێن پێکەوە بژین، زۆر هەوڵ بۆ ئەوە دراوە کە ئەم حزبانە بێنە سەر مێزێک و یەکترنەسڕنەوە، لەم دواییانەدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک دروستبوو، کە هەڵگری فکری ئاپۆچییە، ئەمە تەنها لە ڕۆژهەڵات نییە، بەڵکو لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بڵاوبووەتەوە، ئەمە بەلای دوو هێزە سەرەکییەکەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەزم ناکرێت، بۆیە ئامادەن لەگەڵ هەموو کەسێک دابنیشن، بەڵام ئامادەنین لەگەڵ حزبێک دابنیشن، کە بە گەواهیدەریی هەموولایەک ئەمڕۆ پژاک بەشێک لە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە.

- ئەگەر سەرنج بخەینە سەر باکوری کوردستانیش، لە سەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکوری کوردستان، ئەردۆغان پەیام بە کوردەکان دەدات و دەڵێت لە تورکیا شتێک نییە بەناوی کوردستان و کوردستان لە باکوری عێراقە بڕۆن بۆ ئەوێ، ئێوە خوێندنەوەیەکی چۆن بۆئەم پەیامە دەکەن، وە دەکرێت کورد چۆن ئەم پەیامە لێکبداتەوە؟

" ئەردۆغان ڕوویەکی قێزەونە لە جیهاندا"

ئێمە دەمێکە لە سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان تێگەیشتووین، ئێستاش تورکیا هەڵبژاردنێکی دیکەی لەپێشە، ئەردۆغان ئێستا ڕەخنە لە جەهەپە دەگرێت کە وشەی کوردستانی بەکارهێناوە، بەڵام خۆی تا بووە سەرۆک کۆمار ڕۆژانە دەیان جار وشەی کورد و کوردستانی بەکاردەهێنا، من زۆر بایەخ بەو قسانە نادەم، چونکە تا ڕادەیەکی باش یەکگرتووییەک لەناو هێزەکانی باکوری کوردستاندا دەبینم، بەڵام دەبێت ئەو لایەن و کەسانەشی کە پشتگیریی سیاسەتەکانی ئەردۆغان دەکەن و لەسەر پارتەکەی ئەو دەبنە پەرلەمانتار و چەکیان بۆ لەشان کردووە، هەندێک بەخۆیاندا بچنەوە و دەست لە خیانەت بەردەن، بەو وتارانەشیان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشاندا، کە ئەوان بەتەنها دژی ئۆجالان و بزووتنەوەکەی نین، بەڵکو دژی نەژادی کوردن، ئەوەش لە جیهاندا قبوڵ ناکرێت، ئەمڕۆش ئەردۆغان ڕوویەکی قێزەونە لە جیهاندا.

- لە ڕابردوودا بینیمان خەڵکی شیلادزێ چیتر ئۆقرەیان نەما و ڕاپەڕينیان دژ بە بارەگاکانی سوپای تورک کرد، بەڵام حکومەتی هەرێم بەتووندی لەدژیان وەستایەوە و چەندین کەسی لێ دەستگیرکردن، پێتانوایە ئەم هەڵوێستی حکومەتی هەرێم بۆچی بوو؟

"دڵنیام کە نیشتمان لەسەر ئەو هەڵوێستە بەر نەفرەتیان دەدات"

بەڕاستیی هەڵوێستێکی کۆیلانە و زۆر زۆر نا نەتەوەیی بوو، دڵنیام کە نیشتمان لەسەر ئەو هەڵوێستە بەر نەفرەتیان دەدات، ئەوە هێزێکی داگیرکەرە و چەندین ساڵە ئەو ناوچانەی داگیرکردووە، خەڵک بێزاربووە و پێیان دەڵێن بڕۆ، ئارەزووم دەکرد لە هەموو شار و شارۆچەیەکی باشوری کوردستانەوە بە پیری ڕاپەڕینی خەڵکی شیلادزێوە بڕۆشتنایە، مانەوەی ئەو هێزانە لەسەر خاکی باشوری کوردستان، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان پارتی و تورکیایە، پارتی ئەم هێزەی بۆ گەرەنتیی مانەوەی خۆی هێناوە، بۆ ئەوەی ئەگەر ڕۆژێک هێزێکی وەک یەکێتی یان هێزێکی دیکە ویستی دەسەڵاتی پارتی ڕابماڵێت، ئەو دەوڵەتێکی داگیرکەری لەپشت بێت، دەنا مانەوەی هێزی تورکیا لە بەشێکی باشوری کوردستان شتێکی بێ واتایە.

- زۆر جار پارتی بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە بە هەڵوێستەکانی دەرفەتی زیاتر بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکاتەوە، هەمیشەش پەکەکە تاوانبار دەکات لە بەرامبەر بۆردوومان و داگیرکارییەکانی سوپای تورک، ئێوە پاساوهێنانەوەکانی پارتی بۆ داگیرکارییەکانی تورکیا بۆچی دەگێڕنەوە؟

"پارتی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئامادەی هەموو سازشێکە بۆ تورکیا"

پارتی هەموو کۆیلایەتییەک بۆ داگیرکەرێکی کوردستان دەکات کە دەوڵەتی تورکیایە، چونکە هەردوولا لەیەکتر دەخۆن، پارتی لە پێناو بەرژەوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانی، ئامادەیە نەک تەنها شیلادزێ، بەڵکو ئەگەر بۆی بکرێت کەرکوکیشی بۆ بکاتە قوربانیی، بۆ ئەوەی بێبەش نەبێت لەو بەرژەوەندییانە، بە دەیان ملیار دۆلار سەرمایەی بنەماڵەی بارزانی لە تورکیایە، کە دەتوانن لە ئانوساتێکدا دەستی بەسەردا بگرن، بۆیە ئەوان هەمیشە ئامادەی هەموو سازشێکن بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانیان لەناو نەچێت، بەژەوەندییەکانی خۆیانیان زۆر بەلاوە گەورەترە، لە بەرژەوەندیی تاکی کورد و هێزەکانی دیکەی کوردستان.

- لەسەر دەستی شەڕڤانانی قەسەدە، کە کورد پێشەنگایەتییان دەکات، چەتەکانی داعش هەناسەکانی کۆتاییان دەدەن و هەزاران هاوڵاتی مەدەنیی ڕزگارکران، ئەمە دەستکەوتێکی چۆنە و دەرفەتی چۆن بۆ کورد دەکاتەوە؟

"دوژمنانی کوردیش پێ لەو ڕاستییە دەنێن کە کوردانی ڕۆژئاوا بەسەر داعشدا سەرکەوتن"

تەنانەت دوژمنانی کوردیش پێ لەو ڕاستییە دەنێن کە کوردانی ڕۆژئاوا بە سەرپەرشتیی پەیەدە بەسەر داعشدا سەرکەوتن، کەس ناتوانێت گیانفیدایی و قوربانیدانی شەڕڤانان لەیاد بکات، سەرەڕای هەموو ئەو پیلانگێڕیی و دژایەتییانەشی کە دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان کراوە، بەڵام هێشتا وڵاتانی زلهێز ملیان بۆ ئەوە نەداوە کە پشت لە ڕۆژئاوا بکەن، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەیە، ئەوەیە کە ئەردۆغانی ئەوەندەی دیکە شێت کردووە، کۆتاییهاتنی چەتەکانی داعشیش لە سوریا لەسەر دەستی کوردە و جێگای شانازیی و دەستخۆشییە، بۆیە دەبێت لە هەرچوار پارچەی کوردستان، ئەم دەستکەوتە بە موڵکی خۆمان بزانین، سەروەرییەکی گەورەیە بۆ کورد.

ش.ف