فاروق ڕەفیق: ئەگەر نیشتیمان نەبێت نیشتیمان پەروەریش نابێت

فاروق ڕەفیق، پەرتەوازەبوونی کورد بە هۆکاری هێرشی بەردەوامی داگیرکەران بۆسەر کوردستان دەزانێت و پێیوایە، کە ئێمە ڕابردوو دووبارەدەکەینەوە و تا ئێستا لەناو پارادایمی چاڵدێرانداین، دەشڵێت:لە باشور بزوتنەوەی کوردیی نەیتوانیوە نیشتیمان دروست بکات، ئەگەر نیشتیمانیش نەبێت، نیشتیمان پەروەرییش نابێت.


د.فاروق ڕەفیق، نووسەر و توێژەری فەلسەفە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز تیشک دەخاتە سەر هۆکاری هێرشە بەردەوامەکان بۆسەر گەلی کورد و داگیرکردنی خاکی کوردستان و ڕۆڵی ڕۆشنبیران لەناو حزب و کۆمەڵگادا. 

دەقی چاوپێکەتنەکە:

-بۆچی بەردەوام پەلاماری کورد دەدرێت؟

"تا ئێستا لە شەڕی چاڵدێران دەرنەچووین"

فاروق ڕەفیق: لایەنەکان پەرتەوازەن، حزبەکان هیچ پەیوەندیان پێکەوە نییە، هەر کەسێک لە ئاوازێک دەخوێنێت، ئەمەش کاریگەریی زۆری هەیە، ڕابردوو دووبارە دەکەینەوە، ئێمە تا ئێستا دەرنەچووین لە شەڕی چاڵدێران و لەناو پارادایمی چاڵدێرانداین، کە بۆ یەکەم جار کوردستان دابەش دەبێت لەنێوان سەفەوی و عوسمانیی، خەڵکێک هەیە وەفای بۆ عوسمانییەکان هەیە و بەشێکی تر بۆ سەفەوییەکان، ئەمە پەرتەوازەیی دۆزی کوردییە و کاتی ئەوە هاتووە بە کردار دۆزەکە بخەینە ژێر پرسیارەوە.

"حزب تەنگی بە دۆزی کورد هەڵچنیوە"

-حزبەکان چۆن دەتوانن دۆزی کورد بۆ پێشەوە ببەن؟
 
فاروق ڕەفیق: حزب پێشی سوپای فارس و تورک دەکەوێت بۆ لێدانی شۆڕشگێرانی باکور و ڕۆژهەڵات، بۆیە ئەوە حزب خۆیەتی تەنگی بە دۆزی کورد هەڵچنیوە و ئەگەر دۆزەکەش بدۆڕێنێت کێشەی نییە، چونکە خۆی ئامانجە، لەکاتێکدا دەبێت ئامراز بێت بۆ دۆزی کوردیی، هێزێک لە کوردستاندا پێش سوپای تورکیا دەکەوێت، کۆمەڵێک خەڵکیش هەن پاساوی بۆ دەهێننەوە و بەو کەسانەش دەوترێت ڕۆشنبیر، چونکە هەموو حزبێک کۆمەڵێک ڕۆشنبیری هەیە کە پێیدا هەڵدەدا و کۆمەڵێک کەسی هەیە کە شەڕی بۆ دەکات و کۆمەڵێک میدیاکاری هەیە کە میکیاجی بۆ دەکات.

-خەڵک چۆن لە نیشتیمان دەڕوانێت؟

"بۆشایی هۆشیاریی و پەیوەندیی ڕۆحیی بە نیشتیمانەوە هەیە"

فاروق رەفیق: من لە ئەمریکا ژیاوم لەوێ قورسترین وشە خیانەتە، چونەک بە دەگمەن ئەمریکییەک خیانەت دەکات، تووشی شۆک دەبن کەسێک دژ بە وڵاتەکەی خۆی کار بکات، بەڵام لای ئێمە ئاسانترین وشەیە، چونکە بە بەردەوامیی ڕوویدا وە و ڕوودەدات، لێرە شتێک نییە ناوی نیشتیمان بێت، لەوێ نیشتیمان هەیە، نیشتیمان جوگرافیا نییە پرۆژەیە، کە نیشتیمان هەبوو نیشتیمان پەروەریش هەیە، خەڵکێک هەیە لەپێناو ئەو پرۆژەیەدا خۆی بە قوربانیی دەکات، بەڵام بزوتنەوەی کوردیی نەیتوانیوە ئەم نیشتیمانە لە ئاستی ویژدانیی و هۆشیاریی دورستبکات، نیشتمان ئەو شوێنەیە، کە من و تۆ کەرامەتمان تێیدا پارێزراوە، ئێمە ڕۆژانە لە وڵاتی خۆمان و لەلایەن هێزی خۆمانەوە  کەرامەتمان دەڕوشێت، بەرپرسێک داکۆکیی لە تورکیا دەکات و قسە بە هێزیکی سیاسیی باکور دەڵێت، ئەگەر هۆشیاریی لە باشور هەبوایە شەرمی دەکرد وا بڵێت، بەڵام دەزانێت مەیدانێکی چۆڵە و کەس لێیناپرسێتەوە، بۆیە، بۆشایی هۆشیاریی و پەیوەندیی ڕۆحیی بە نیشتیمانەوە هەیە. 

ڕۆشنبیر دەتوانێت چ ڕۆڵێکی هەبێت لەلادانی حزب و کۆمەڵگا لە بەڵای خیانەت؟
 

"ڕۆشنبیر خودی بەڵاکەیە"

فاروق ڕەفیق: ڕۆشنبیر خودی بەڵاکەیە و ئەو حزورەی نییە، ئەگەریش هەیە حزورێکی نەرێنییە و سەرقاڵی پیاهەڵدانە بە شان و باڵی حزبدا، لەکاتێکدا دەبێت نیشتمان بنیات بنێینەوە،ڕۆشنبیر ئەگەر دیدی ڕەخنەی نەبێت ناتوانێت هەنگاو بنێت بۆ پێشەوە، کۆمەڵگاش تاوانبارە کە وەک پێغەمبەر سەیری دەکات، ئەمە کۆمەڵگایەکی لادەر و کۆمەڵێک مرۆڤی کۆیلە دروست دەکات، بۆیە دەبێت واز لەوان بێنین و گرنگیی بەم نەوەیە بدەین، تا تێبگات ئێمەی کورد چ کۆژانێکمان هەیە.

-قۆناغی دوای ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

"جادوو هەڵگەڕایەوە بە سەر جادووگەردا"

فاروق ڕەفیق: لێرە ٢٦ ساڵ حومکڕانیی هەیە، کە ٢٦ ساڵە لە شکست و چەتەیی و دزیی، ڕیفراندۆمیشی بەسەردا هات، بەو حاڵەوە چۆن دەتوانرێت دەوڵەت دروست بکرێت، دەست دەبەن بۆ بودجەی حکومەت وا دەزانن گیرفانی خۆیانە، ئەوان هاتن گاڵتە بە هەستی خەڵک بکەن، ویستیان بەغدا بترسێنن و بێهێننە سەر خەتی ئەوەی کە بودجەیان بداتێ و نەوتەکەش بفرۆشن، بەڵام جادوو هەڵگەڕایەوە بە سەر جادووگەردا، ٥١٪ی خاکی باشور ڕۆشت و مامەڵەیان بە کۆمەڵێک خەڵک کرد و کەسیش لیکۆڵینەوەی لەگەڵ نەکرا.

-پێویستە کۆمەڵگ چی بکات؟

"دەبێت ئەو مینبەرانە بدۆزرێتەوە، کە خەڵک فێربکات بڵێت بۆ؟"

فاروق ڕەفیق: دەبێت کۆمەڵگا بەڕێکخستن بکرێت و ئەو مینبەرانە بدۆزرێتەوە، کە  خەڵک فێری ئەوە بکات کە بڵێت بۆ؟، هەر تاکێک لە ئاستی خۆیەوە دەتوانێت ئەو هۆشیارییە بدات.  


ش.ف