فاروق ڕەفیق مۆدێلی بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ عێراق بە گونجاو دەبینێت

فاروق ڕەفیق، داگیرکاریی ئەمریکا و هەڵەستراتیژییەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق بە کوردیشەوە بەهۆکاری ئاڵۆزبوونی دۆخەکە دەزانێت و مۆدێلی بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستانیش بۆ عێراق پێشنیار دەکات، هیوادەخوازێت، کە خۆپشاندەران وەک ڕۆژئاوا دروشمی پێکەوەژیان بەرزبکەنەوە.


فاروق ڕەفیق، لێکۆڵەری فەلسەفە لەم چاوپێکەوتنەدا دۆخی ئێستای عێراق هەڵدەسەنگێنێت و هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم دۆخە ئاڵۆزە شیدەکاتەوە.

ئەم دۆخەی لە عێراق دروستبوو بۆچی؟

فاروق ڕەفیق: دەرئەنجامی چەندین هەڵەی گەورەی ستراتیژییە، یەکێک لەوانە داگیرکردنی عێراقە لەلایەن ئەمریکاوە.

-بۆچی داگیرکردنە؟

"دەبوو بەعس لەناو خۆدا بڕوخێندرێت"

-چونکە ناسروشتییە هێزێک لەدەروە بێتو کۆمەڵێک خەڵکی بیر و کردار فاشی لەگەڵ خۆی بهێنێتەوە و عێراقیان ڕادەست بکات، کە بەشێک لەوانە ئیرهابیین، حزبی دەعوە لە هەشتاکاندا کردەوەی ئیرهابیی دەکرد، ئەوانەی سەفارتی عێراقیان تەقاندەوە ئێستا لە پەرلەماندان، دەبوو ڕژێمی بەعس خۆی لەناو خۆیدا بکەوێت، نەک ئەمریکا بیخات.

-هەڵەکانی ئەمریکا چیبوون؟

فاروق ڕەفیق: ئەمریکا عێراقی لەسەر سینییەکی ئاڵتونیی پێکەشی ئەو هێزە ئاینیی و میلشیایانە کرد، کە ئێران دروستیکردوون و هێزی ترسناک و خاوەن ڕابردووی خراپن، ئەگەر عێراق بدەیتە دەست هێزێکی ئاینیی میلشیایی ئەوە دەرئەنجامەکەیەتی. ئەمە هەڵەی ئەمریکایە، کە پەرلەمان کراوەتە شوێنی کڕینی ویژدانی خەڵک، لە مێژووی مرۆڤایەتییدا دزیی وا نەکراوە کەسێک ٣٠ هەزار دۆلار وەربگرێت و ٢٤ پاسەوانی هەبێت، ئەمانە کۆمەڵێک دزن لە شوێنێکدا کۆبوونەتەوە، واتای چی کەسێک بە چوار ساڵ پەرلەمانتاریی خانەنشین بکرێت و هەزاران دۆلار وەربگرێت؟ لەکاتێکدا لەناو ئەمریکا ئەگەر تەمەنت نەبێت بە ٦٥ ساڵ خانەنشین نابێت.

-ئەو حوکمڕانییەی ئێستا لە عێراق هەیە چۆن پێناسەی دەکەیت؟

"حوکمڕانیی چەتە و دزەکانە"

فاروق ڕەفیق: حوکمڕانی چەتە و دزەکانە، لە عێراق ویلایەتی فەقێ هەیە، یەک کەس بەناوی سیستانی حوکم دەکات، ئەوانەی تر بۆ ڕازاندنەوە و بۆیاخکردنی وڵاتەکەن، بێ ڕەزامەندیی ئەو هیچ شتێک ڕوونادات.

-ڕۆڵی کورد چییە؟

"کورد کارەساتی گەورەی ناوەتەوە"

فاروق ڕەفیق: کورد کارەساتێکی گەورەی ناوەتەوە لە عێراق-دا، چونکە ئەفسانەیەکیان بەناوی 'مەزڵومیەتی شیعە' دروستکرد، وایان نیشاندا هاوشێوەی کورد، زوڵم لە شیعەکانیش کراوە، بەڵام ئەمە ئەفسانەیە، حزبە شیعییەکانیش ئەمەیان قۆستەوە و بۆئەوەی ئیدی حوکمی عێراق بکەن بۆ ئەبەد.

-بۆچی ئەفسانەیە؟

فاروق ڕەفیق: بە وتەی بیرمەندێکی بەعسی، سەدا ٦٢ی ئەندامانی حزبی بەعس شیعە بوون، ئەو جەلادانەی دەهاتن بۆ کوردستان و دەستدرێژییان دەکردە سەر خەڵک، زۆربەیان شیعەبوون و خەڵکی ناسریە و نەجەف و بەسرە بوون، ڕاستە لە ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕینەکەیان سەرکوت کرا، بەڵام لە عێراق عەرەب حوکمی کردووە و شتیک بەناوی شیعە و سونە نەبووە، لەپڕێکدا شیعە و سوننە قوتبوونەتەوە، عەرەب هەبووە و هەتا ئەمڕۆ میللەتێکی سەردەستن، میللەتی ژێردەستیش کورد بووە.

-بۆچوونت لەسەر حزبە عێراقییەکان چییە؟

"حزب لە عێراقدا نییە"

فاروق ڕەفیق: لە عێراق حزبی دینیی هەیە، حزبی دینیی یەعنی چی؟ نابێت حزبی دینی هەبێت، دینی چۆن حزب دەبێت، حزب چۆن دینیی دەبێت؟ بۆ نمونە لەناو یەکگرتووی ئیسلامییدا، کاکەکەیی، شەبەک، شیعە، خانمی سفور هەیە؟ نییە، دەبێت باوەڕت بە مەزهەبی ئیخوانی عالەمیی هەبێت ئینجا دەبیت بە یەکگرتوو، ئەی دەعوە چییە؟، ڤێرژنەکەی ئیخوان موسلیمینە لەناو شیعەدا، ئەویش بەس شیعە وەردەگرێت، بۆیە حزب لە عێراقدا نییە، ئەمەش کارەساتە، یەک حزب بووە ئەویش بووبە قوربانیی چەقبەستوویی فکری و ئایدۆلۆژی خۆی، ئەویش حزبی شیوعی عێراقییە، دەیتوانی دوای کەوتنی بلۆکی شەرق و ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم، پێداچوونەوەی فکری خۆی بکاتەوە و ببێت بە حزبێکی نیشتیمانیی، چونکە بنەمای هەبوو، کورد و عەرەب و تورکمانی تێدابوو، مێژووی هەبوو، بەڵام بوو بە قوربانیی کۆمەڵێک بەناو سیاسەتمەداری گەمژە، لەوانەی ئەگەر لە مۆسکۆ باران ببارییایە لێرە چتریان هەڵدەدا، ئەوە ناتوانێت سیاسەت بکات، کە لە مۆسکۆوە پەیامی بۆ بێت و ئەو چی پێ بڵێت ئەوە بکات.

کورد دەیتوانی چی بکات، کە نەیکردووە؟

"دەیتوانی شتی گەورە بکات"

فاروق ڕەفیق: کورد ڕۆڵی گەورەی لە تەفروتوناکردنی عێراقدا هەیە، چوون بۆ پەرلەمان جگە لە خۆلێسانەوە و کڕین و فرۆشتنی ویژدان هیچی دیکە نییە، خەڵک دەناسم نەک عەرەبیی، کوردی نازانێت، کەچی بە دەفتەرێک دۆلار خانەنشینە، ئەمە دزییە، بەشدارییکردنە لە فەرهودکردنی عێراق، ئەو دامەزراوەیە بۆ فەرهودکردنی عێراق و ڕەوایەتییدان بە فەرهودکردنی عێراق دروستبووە و کورد چووەتە ئەوێوە، کورد دەیتوانی شتی گەورەتر بکات، بەس نەیکرد، ئێمە نەتەوەیەکی بندەست بووین و زوڵممان لێکراوە، خاوەنی ئەنفالین، دەبوایە عەقڵمان هێندەی ئەوە گەورەبوایە، بەڵام عەقڵمان گەورە نەبوو، ئێمە بەدەست نادادییەوە چەشتوومانە، بەڵام ئێستا خۆمان بەشێکی گەورەی دانەبڕاوین لەو نادادییەی لە عێراق-دا هەیە، کورد بەشدارە لە دزیی و فەرهودکردنی عێراقدا، لە لێدان لە مەدەنییەت و بنەبڕکردنی، عێراق کتومت مۆدێلی کلیپتۆکراسییەکی ترسناکە"حوکمڕانیی چەتەکان"، کوردیش برابەشە لەمەدا، چونکە قبوڵی کردووە و خواردوویەتی لێی، هەروەها کورد نەیتوانی مۆدێلێکی جێگرەوە پێشکەش بکات، لەکاتێکدا دەیتوانی و دەبوو ئەمە بکات، نەک ببێت بە چەتە.

-سیستمی عێراق فیدراڵییە، کە بە مۆدێلێکی هەرە گونجاوی حوکمڕانیی پێناسە دەکرێت، بۆچی لە عێراق ئەم هەموو کێشەی دورستکردووە؟

"فیدراڵیی لە بیرکردنەوەوە دروست نەبوو"

فاروق ڕەفیق: فیدراڵیزم لە غەباوەتەوە بوو، لە بیرکردنەوەوە نەبوو، ئەمە فیدراڵیزم نییە، بەڵکو فۆرمێکی شێواوی فیدراڵیزمە، فیدراڵیزم مۆدێلێکی گرنگ و شێوازێکی پێکەوەژیانە، کە بەردەوام دەتوانێت گەورەتر بێت، کاتی خۆی هێزێک وتی داوای فیدراڵیی بکەن و ئەمانیش داوایان کرد، خۆشیان نازانن فیدراڵی چییە، کوا دامەزراوەکانی فیدراڵیی؟، واتای چی ناوچەیەک پێی دەوترێت فیدراڵ، بەڵام باقیاتەکەی دامەزراوەی فیدراڵیی نەبێت؟، دابەشبوون بەسەر پارێزگاکاندا فیدراڵیی و دانان بە پێکەوەژیانی دوو نەتەوە دا نییە، کە لە ماوەی ١٠٠ ساڵدا بەریەک کەوتوون.

-چی لەبارەی خۆپیشاندەرانەوە دەڵێیت؟

"هۆشیاریی سیاسییان نییە"

فاروق ڕەفیق: من ڕێزێکی گەورەم بۆیان هەیە، دژ بەم پرۆژە شکستخواردووەی عێراق و دز و چەتەکان وەستاونەتەوە، کە حوکمی عێراق دەکەن، دەستیان خۆش، بەڵام هۆشیاریی سیاسییان نییە، ئەمە لەهەمووی کارەساتبارترە، دروشمەکانیان گەڕانە بەدوای سەدام حسێنێکی دیکەدا، بەڵام شیعەبێت.

-ئەمە بەهۆی نەبوونی ڕابەرایەتییکردنەوە دروستبووە؟

"لە ئامادەنەبوونی بیرکردنەوەوەیە"

فاروق ڕەفیق: لە ئامادەنەبوونی بیرکردنەوەوە هاتووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاکە گروپێک کە بیربکاتەوە و شتێک بڵێت، کوردی ڕۆژئاوایە، ئێمە نا، ئێمە ئەحزابی کوردی عەقڵ و بیرکردنەوەی تیرۆر کردین، ڕۆژئاوا لەژێر کاریگەریی کوردی باکور بیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە، ئەم جۆرە بیرکردنەوە لەوێ شێوازێکی نوێی ژیان بەرهەم دێنێت، کە پێکەوەژیانی مسۆگەر کردووە، من لە ڕۆژئاوا بینیم ئەرمەن و مسوڵمان و کورد و مەسیح پێکەوە لە ئەنجومەنێکدان، فکرەی هاوسەرۆکییم لەوێ ئەزموون کرد، کە بینیم کوردێک وئەرمەنییەک هاوسەرۆکن، ئەمە بیرکردنەوەیە، نەک ئەوەی لە عێراق هەیە.

-بۆچی ڕۆشنبیرانی عێراق پێشەنگایەتیی خۆپیشاندانەکان ناکەن؟

"ئەوانیش بەشداری سیستمەکەن"

فاروق ڕەفیق: ڕۆشنبیر بەشداری سیستمەکەن، کێ دەچێت بۆ بەغدا، کێ دەبێت بە پەرلەمانتار؟، ئەوانیش بیرناکەنەوە، خۆشیان نازانن چی دەگوزەرێت، ژمارەیەک لەوانە کە عێراق داگیرکرا هەلهەلەیان لێدا، چونکە بیرکردنەوەکانیان قوڵ و دوورمەودا نییە، باسیان لەوە دەکرد دەستکەوتێکی گەورەیە، ئەو کەسەی شیکاریی دەکات سەروکاری لەگەڵ ڕاستییدا هەیە، ئەو کەسانەی کە تۆ پێیاندەڵێت ڕۆشنبیر،  دەبوو ئەو ڕاستییەیان بزانیایە دەربارەی عێراق، بەڵام هیچیان نەیانزانی، نە مێژووی خۆمان و نەعێراقین نەخوێندووەتەوە، نمونەی وەک ئەفغانستان زۆرن لە ناوچەکە، بەڵام کورد نەیخوێندەوە، لەبەرئەوە کەوت، ئەمەش بەرپرسیارێتییە لەسەر شانی ڕۆشنبیران.

-لە هەرێمی کوردستانیش ڕۆشنبیر هەمان ڕۆڵیان هەیە؟

فاروق ڕەفیق: لێرە ڕۆشنبیر و سیاسییەکان کەلاوەیەکیان دروستکردووە، دەیانویست ئەمە بکرێت بە دەوڵەت، ئێمە کە لەدژی ڕیفراندۆم بووین، دژی ئەم مافەی ئینسانی کورد نەبووین، ئێمە دەڵێن جارێک دەبێت ئەم دەسەڵاتە لەکۆڵ خۆت کەیتەوە، بە کوردیی پەتیی "بیڕوخێنیت"، ئینجا شتێک لە شوێنەکەی دروست بکەیت، کە لایەنی کەمی دادپەروەریی تێدابێت، ئینجا بیر لە دروستکردنی دەوڵەت بکەرەوە، ئێستا ئێمە پێویستمان بە مەدەنییەتە لەجیاتی دەوڵەت، بەڵام ڕشنبیری کورد لەمەشدا ڕۆڵی نەبووە، ئەمە کارەساتی کارەساتەکانە.

-باس لە پرۆژەیەک دەکرێت بۆ دابەشکردنی عێراق بەسەر سێ هەرێمی شیعە و سوننە و کورد، ئەمە چارەسەرییە؟

"لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بیرکردنەوە هەیە"

-دووبارەی دەکەمەوە ئەگەر بیرکردنەوەیەک دەربارەی پێکەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، ئەوەیە کە لە ڕۆژئاوا هەیە، بەدەر لەوە بیرکردنەوە نییە، عەرەب گیری خواردووە، بیرکردنەوە نییە، بیر لەوە دەکەنەوە، کە دەوڵەتێکی مەرکەزیی بە سەدام حسێنەوە، یان هیچ، ئەمە نابێت، ناتوانن بیرلەوە بکەنەوە چۆن پێکەوەبژین، ئەم پرۆژەیە ئەگەر بڕیاری خەڵکی عێراق خۆی بێت، ڕەنگە ماوەیەک ئیش بکات و ببێت بە فیدراڵیزمێکی حەقیقیی، بەڵام ئەوەش دەبێت حسابی سنوورەکان بکرێت، نەک وەک ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا سەدا ٥١ی خاکی نیشتیمان فرۆشرا، بۆیە ئەگەر دوای بەجێهێشتنی ئەم حوکمە ئاینییە، لامەرکەزیی هەبێت، بنەبڕی گەندەڵیی بکرێت، ئەوا ڕەنگە بیرێکی خراپ نەبێت.

-هیچ پەیامێکت بۆ خۆپیشاندەران هەیە؟

"چەند جوان دەبوو چاویان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکردایە"

فاروق ڕەفیق: ڕێزێکی قوڵم بۆیان هەیە، خەباتێکی ڕەوایە دژ بە چەتە و مافیا بە کوردیشەوە، کۆمەڵێک لەم مافیایانە بکەون دەستکەوتە، بەڵام بیرکردنەوەی قوڵی تێدا نییە، ئەمە مایەی نیگەرانیی منە، هەژاریی فکرییان هەیە، بیرکردنەوەیان ستراتیژیی نییە، چەند جوانەبوو، کە چاویان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکردایە، بۆ ئەو دروشمی پێکەوەژیانە بەرزناکەنەوە کە کوردی ڕۆژئاوا بەرزی کردووەتەوە، ئەمە مەترسیدارە، بەڵام ئەگەر ناچاربم بە ڕستەیەک وەڵام بەمەوە، ئەوا دەڵێم لەگەڵیاندام بەتەواویی، لەبەرئەوەی دژ بە فاشیزمی دینیی خەباتە دەکەن، منیش یەکێک لە خەباتکارانی دژ بە فاشیزمی دینییم.

ش.ف