فایەق گوڵپی: خەڵکی باشور پێویستی بە سیستمی ڕۆژئاوا هەیە

د. فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسی، پێی وایە بەهۆی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و قۆرغکاری حزبەکانەوە خەڵکی باشورتوشی بێئومێدی بووە و پێویستی بە گۆڕانکارییە، دەشڵێت: خەڵک ئومێدی بە سیستمی ڕۆژئاوا هەیە و پێیان باشە ئەو سیستمە بگوازرێتەوە بۆ باشور.


 د. فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسی، لەم چاوپێککەوتنەی ڕۆژنیوزدا، باس لە کێشە سیاسی و کۆمەڵاییەتییەکانی باشوری کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم بە دیموکراتی بوونی سیستمی حکومڕانی دەکات، هەروەها ئاماژە بە سیستمی خۆبەڕێوبەریی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و پێی وایە سیستمێکی کامڵە و پێویستە بگوازرێتەوە بۆ باشوری کوردستان.

 

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە

زۆرکەس ئەڵێن ئەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە لە نەبوونی دیموکراتییەوە سەرچاوە دەگریت، بۆچوونتان لەو بارەیەوە؟

 "کۆبونەوەی حزبی و بڕیاری حزبی شوێنی دەستوری گرتووەتەوە"

د. فایەق گوڵپی: کێشەی سەرەکی ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە کە لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا دەستورمان نییە، ئەو وڵاتانەی کە گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت یەکەم ئیش ئەوەیە، کە دەستور بۆ وڵاتەکەی خۆی دابنێت، بۆنمونە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام ئەمریکییەکان ئیشی سەرەکیان لەدوای لەناو بردنی ڕژێم ئەوەبوو دەستورێک بۆ عێراق دابنێنن، ڕۆژئاوای کوردستان کە بەشێکی سوریا-یان لە بەردەستدایە، یەکێک لەئیشە سەرەکییەکانیان ئەوەبوو کە پەیمانی کۆمەڵایەتییان نووسی، وڵاتانی دیکەش وەکو سودان مسر و جەزائیرە هەموو بە دەستور کاردەکەن، دەستورەکەشیان ئەگەر نادیموکراتی بیت هەمواری دەکەنەوە، لێرە لە هەرێمی کوردستان دەستور نییە، چی هەیە؟ کۆبونەوەی حزبی و بڕیاری حزبی شوێنی دەستور دەگێتەوە.

یانی لە هەرێمی کوردستان، دەستور و یاسا لە بەرچاو ناگیرێت؟

"بڕیاری سەرۆکی حزبەکان یانی دەستور"

د. فایەق گوڵپی: دەستور نییە، یاسا نییە، کە دەستوریش نەبوو فەوزا دروست دەبێت، بۆ نموونە ئێستا لە باتی دەستور کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکان و کۆبونەوەی سەرۆکی حزبەکان هەیە، بڕیاری سەرۆکی حزبەکان یانی دەستور، بۆنمونە لەم ماوەیەدا کێشەیەک دروستبوو لە بەینی پارتی و یەکیتی و گۆڕاندا لەسەر ئەوەی ئایا سەرۆکی هەرێم چەن جێگری هەبێت، ئێمە ئەگەر دەستورمان هەبوایە لە دەستوردا دیاری دەکرا سەرۆکی هەرێم یەک جێگری هەبێت یان دوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان دەستوری نییە، حزب و شەخس و بنەماڵ حکوم دەکات.

- بۆچی دەستور نانووسرێ؟

"لەبەر ئەوەی ماف و ئەرکی لایەنەکان دیاری دەکات"

د. فایەق گوڵپی: نایەڵن دەستور هەبێت، لەبەر ئەوەی ماف و ئەرکی لایەنە جیاجیاکان دیاری دەکات، گەل چ ماف و ئەرکێکی هەیە بەرامبەر بە وڵاتەکەی؟ ئەی دەسەڵات چ مافێکی هەیە؟ وە چ ئەرکێکی هەیە بەرامبەر بە میللەتەکەی؟، لێرادا کە دەستور نییە دەسەڵات هاتووە مافی زۆرزۆری ئابووریی و سیاسی و کلتوری بەخۆی داوە بەڵام مافی گەلی پیشێلکردوە، بۆنمونە ئێستا ئەو کەناڵانەی کەهەن هەموویان کەناڵی حزبن، لەوڵاتە پێشکەوتووەکاندا حزب کەناڵی نییە، لێرە ئابووریی هەمووی بەدەست حزبەوەیە، ئەوکەسانەی بەشداریی دەکەن لە دەسەڵاتدا هەموویان دەبێت حزبیی بن، ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان، کە دەتوانین بڵین دیموکراتیەت نییە، خاڵێکیتر ئەوەیە کە دەتوانین بڵێن دامودەزگاکان سەربەخۆنین، ئێستا بۆ ماوەی پێنج مانگە هەڵبژاردن کراوە، پەرلەمانتارەکان هەموو گوێڕایەڵی حزبەکانیانن، ئەگەر بەرژەوەندی حزبەکە نەبێت ئەمان هەنگاوێک نانین، بڕیارێک نادەن، بەشداریی کۆبونەوە ناکەن، پەرلەمان و حکومەت و یاسا و ڕاگەیاندن و هەمووی لە لایەن حزبەوە کۆنترۆڵ کراوە.

کەوایە چون ئەو دەستکەوتانە بەدەستهاتووە لە هەرێمی کوردستان و چۆن دەتوانین بیپارێزین؟

"ئەوەندە بەهێزنین سود لە هەڵەی دوژمنەکانمان وەربگرین"

د. فایەق گوڵپی: ئێمە لەسەر ئەساسی هێزی خۆمان ئەم دەستکەوتانەمان بەدەست نەهێناوە، بەهەڵەی دوژمنەکانمان ئەم دەستکەوتانەمان بەدەست هێناوە، ڕژێمی سەدام حسێن کیمابارانی هەریمی کوردستانی کرد، ئەنفالی کرد، شەڕی ئێران و عێراقی کرد، دانی بەمافی گەلی کوردا نەنا، کوێتی داگیرکرد، پێچەوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسوکەوتی کرد، لەبەر ئەوە دوژمنی بۆخۆی دروستکرد، ئەمەش سودی بۆ ئێمە هەبوو، ئێستاس عێراق و ئێران و تورکیا هەمووی خاڵی لاوازیان هەیە، بەڵام ئێمە ئەوەندە بە هێزنین، کە بتوانین سود لە خاڵە لاوازەکانیان وەربگرین.

هیوای ئەوە هەیە بە بوونی دەستورێک هەموو کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر ببێت؟

"پێویستمان بە عەقڵیەتێکی نوێ و دەستورێکی نوێ هەیە"

د. فایەق گوڵپی: بۆ گۆڕانکاریی دوو شتمان پێویستە یان چاکسازیی یان شۆڕش، چاکسازیی دەبێت دەسەڵات بۆخۆی بیکات یان ئۆپۆزسیۆن بیکات، ئێمە ئۆپۆزسیۆنمان نەماوە، دەسەڵات دەبێت لەبەر بەرژەوەندی خۆی هەندێک چاکسازیی بکات، بەڵام ئەم چاکسازیانە ڕیشەیی نین، بۆنمونە لە هەرێمی کوردستان ئێستا دەستور ئامادە بکەن، دەستورەکە هەندێل لیبراڵ بێت، خۆیان هەندێک ئەقڵیەتیان بگۆڕێت، ئەمە دەتوانیت گۆڕانکاریی پێبکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت پێویستمان بە عەقڵیەتێکی نوێ و دەستورێکی نوێ هەیە، بەڵام ئەگەر عەقڵییەت پێشنەکەوێت ناتواندرێت کار بەو دەستورە بکرێت، چونکە هەندیک وڵات هەیە دەستورێکی باشیشی هەیە بەڵام عەقڵێتێکی وانییە پەیڕەوی بکات، بۆیە لە هەرێمی کوردستان یان دەبێت دەسەڵات خۆی چاکسازیی بکات ،یان هێزێکی شۆڕشگێر بێتە پێشەوە شۆڕش بکات، شۆڕش مەرج نییە بە چەک بکرێت، شۆڕشی هزریی و یاسایی و سیاسی بە شێوەیەک بێت کە خەڵک سود بینێت.

دەوترێت حزب و بنەماڵە دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە و ڕێگرن لە بەرەوپێشچوونی دیموکراسییەت، لەم ڕووەوە شرۆڤەی ئێوە چۆنە؟

"ئەم بنەماڵچێتییە چارەسەری کێشەی کورد ناکات"

د. فایەق گوڵپی: بۆخۆی لە هەرێمی کوردستاندا یەکەم جار، کە شۆڕش دروستبووە پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق ڕابەرایەتی ئەو شۆڕشەی  کردووە، لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە ڕابەرایەتی کرا، هەندێک کەس کە دیموکرات بوون بنەماڵەیان پێقبوڵنەکرا لەبەر ئەوە جیابوونەوە، ئەوەبوو جیابوونەوەی ساڵی ١٩٦٦ و شەڕی ناوخۆ و ماڵوێرانی دروستبوو، دواتر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دروستبوو، یەکێتی لەسەرەتادا دژی بنەماڵەیی بوو، ئێستا یەکێتیش بەرەو بنەماڵەبوون دەچێت، هەتا ئابووریی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەدەست مناڵەکانی نەوشیروان مستەفاوەیە، ئەم بنەماڵچێتییە چارەسەری کێشەی کورد ناکات، لەگەڵ ئەقڵیەتی نەتەوەبوون و چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەی کورددا نایەتەوە، بۆیە یەکێک لە کێشەسەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بنەماڵەچێتییە، ئێمە ئەگەر دەستورمان هەبێت پێویستە یەکێک لەبەندەکانی ئەوەبێت نابێت حزب لەسەر بنەمای بنەماڵەچێتی دروستببێت.

لەباشوری کوردستان بێجگە لە کێشە سیاسییەکان کێشەی جیاوازی چینایەتی هەیە، ئەو جیاوازییە چ زیاێکی بە کۆمەڵگا گەیاندووە؟

"خەڵک زۆر ئومێدی بە سیستمی ڕۆژئاوای کوردستان هەیە"

د. فایەق گوڵپی: دەسەڵات نەبوونی دەستوری بەکار هێناوە بۆ ئەوەی کە تا دەتوانێت سەرمایە بۆخۆی کۆبکاتەوە و خەڵک هەژار بکات، ئەمە بەشێکی سەرەکی نادیموکراتییەت پیکدەهینێت، ئەوەی لەگەڵ حزبی دەسەڵاتداربێت دەتوانێک بازرگانی و وەبەرهێنان بکات، یان دەبێت ببێتە هاوبەشی حزب، بۆیە داهاتی وڵات دەچێتە گیرفای دەسەڵاتدارانەوە و خەڵک دەچەوسێننەوە، هەژارکردنی خەڵک و دەوڵەمەندکردنی خۆیان شتێکی زۆر خراپی دەسەڵاتدارییە، هۆکاری دروستبوونی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیش هەر ئەوەبوو.

لە ڕۆژئاوای کوردستاندا نمونەیەکی جوانی حکومڕانیمان هەیە، هەتا چاودێرە ڕۆژئاواییەکانیش بە نمونەیەکی جوانی ناو دەبەن، لەبەر ئەوەی گەل دەسەڵاتدارە لەوێ، هەروەها هەموونەتەوەکان پێکەوە بە یەکسانی دەژین، برایەتی لەنێوان ئاینەکان دروستکراوە و یەکسانی ژن و پیاو پێکهاتووە، هەروەها وەک لەشەڕی دژ بە چەتەکانی داعش بینیمان سەرکردەو گەریلا پێکەوە شەڕی چەتەکانیان دەکرد، بۆنمونە، کوڕیکی ساڵح موسلیم شەهیدبوو، کوڕێکی دیکەی برینداربوو، بەڵام کوڕی سەرکردەکانی ئێمە هەندێکیان لە دەرەوەبوون تاکو ڕوخانی سەدام نەهاتنەوە، ئەوانیتریش هیچکات شوێنێکی ناخۆشیان نەبینیوە هەر لە دایکبوون بەرپرسبوون، لەبەرئەوە خەڵک لە باشوری کوردستان زۆر بێزاربووە لە سیستمی حوکمڕانی لەهەموو ڕویەکەوە، زۆر ئومێدی بە سیستمی ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.

چارەسەر چیە؟

"پێویستە سیستمی ڕۆژئاوای کوردستان بگوازرێتەوە بۆ باشوری کوردستان"

د. فایەق گوڵپی: چارەسەر یان بە چاکسازی دەکرێت یان بە شۆڕش، ئەوەی گۆڕان ویستی بیکات چاکسازی بوو بەڵام پێی نەکرا، ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان کرا شۆڕش بوو، ئەگەر ئێمە وەک ئاپۆچییەکانی هێزمان هەبووایە لە باشوری کوردستان ئەمانتوانی گۆڕانکاریی بکەین، پێویستە سیستمی ڕۆژئاوای کوردستان بگوازرێتەوە بۆ باشوری کوردستان، لەبەر ئەوەی سیستمێکی تەواوە لە هەموو ڕوویەکەوە.

لێرە بۆچی نەتوانراوە سیستمێکی وەک ڕۆژئاوا بنادبنرێت؟

د. فایەق گوڵپی: ئێمە لێرەدا دوو ئاستەنگیمان لەپێشە، کە خەڵک ناتوانێت خۆی ڕێکبخات، ئاستەنگی یەکەم ئەوەیە، لە هەرێمی کوردستان بەرەی تورکمانی کە باوەڕی بە هەبوونی هەرێمی کوردستان نییە مۆڵەتی سیاسیی پێدەدرێت، سەلەفی و ئیخوانی مۆڵەتیان پێدەدرێت، هەرچی ئاراستەی سیاسیی هەیە لێرە هەیە، ئیتڵاعاتی ئێران، میت-ی تورکیا و مۆسادی ئیسرائیل لێرەن و هەموو ئاراستەکانی دیکەش مافی کاریان پێدەدرێت، بەڵام ئاراستە سیاسییە فکرییەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستانە، کە فکری بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە لێرە قەدەغەیە، ئەگەر عێراقیش مۆڵەتی پێبدات لێرە دیسان ڕێگری لێدەکەن.

"خاڵی دووەم، ئەو هاوپەیمانانەی کە لە باشوری کوردستان باوەڕیان بەو فکرە هەیە ئێمە گلەییمان لێیان هەیە، ئێمە بە سیسیمێکی جوان ڕۆژئاوای کوردستان دەبینین و وەک ئەوەی باسی دەکەین، بەڵام هەڤاڵانی ڕۆژئاوا ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ یەکێتی هەیانە لێرە، لەگەڵ کەسایەتییە سەربەخۆکان و تەڤگەر نییانە، هەڤاڵانی هەدەپە کە ئێمە وەک گەل لێرە پشتیوانیان دەکەین، ئەوان کاتێک دێنە ئێرە سەرەتا سەردانی بارزانی و تاڵەبانی دەکەن، هەروەها لە ماوەکانی ڕابردوودا فشارێکی زۆر خرایە سەر ئاپۆچییەکانی باشور، دەرگاکانی دەڤگەر و ڕژاک و گەنجان داخران، بەڵام هیچ هەڵوێستێکمان نە لە کەجەکە، نە پەیەدە و نە هەدەپە نەبینی.

د.ع