فەرید ئەسەسەرد: تا ئێستا بڕیارمان نەداوە نوێنەری یەکێتی بنێرینەوە بۆ ئەنقەرە

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، یەکێتی و پارتی و یەکگرتووی ئیسلامی خۆیان بە "دۆستی تورکیا" دەزانن و ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز لە ئەنقەرەوە هەبێت بۆ چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی کورد، ئەوا ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، ئەوە دەخاتەڕوو، کە "پارتی ناکۆکە لەگەڵ تێڕوانینەکانی بەغدا بۆ ڕێککەوتن"، دەشڵێت: تا ئێستا بڕیارمان نەداوە نوێنەری یەکێتی بنێرینەوە بۆ ئەنقەرە.


لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باس لە گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، پەیوەندییەکانی یەکێتی و دەوڵەتی تورکیا، پرسی پارێزگاری کەرکوک و ئاستەنگەکانی بەردەم ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- سەرەتا لە پەیوەندییەکانی ئێوە و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستپێبکەین، بەتایبەت لەدوای ئەو دۆخەی کە بەهۆی ڕێگرییکردن لە مەحمود سەنگاوییەوە هاتە ئاراوە، ئێستا پەیوەندییەکانتان لە چ ئاستێکدایە؟

"پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی ساردوسڕیی تێکەوتووە"

فەرید ئەسەسەرد: بە دڵنیاییەوە ڕێگرییکردن لە کاک مەحمود سەنگاوی بۆ چوونە هەولێر ڕەنگدانەوەی خراپی هەبوو، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی ساردوسڕیی تێکەوتووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر سەرجەم پەیوەندییەکانمان هەبووە لە بەغدا، هەولێر، سلێمانی و کەرکوکیش.

- لەدوای ئەو ڕووداوەوە یەکێتیی لە ئاستی مەکتەبی سیاسیی کۆبووەوە بۆ ئەوەی هەڵویستی فەرمیی بخاتەڕوو، بەڵام دواتر هیچ هەڵوێستێکی ڕانەگەیەندرا، بۆچی؟

"لە نەریتی دیپلۆماسیدا وایە، لایەنێک کە هەڵەیەک دەکات داوای لێبووردن دەکات"

فەرید ئەسەسەرد: ئێمە هەڵوێستی خۆمان بە نامەیەکی فەرمیی گەیاندووە، کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ پارتی کراوە و باسی ئەوەمان کردووە، کە هەموو هاوڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە بەبێ هیچ ڕێگرییەک بچێت بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەولێر موڵکی هەموو کەسێکە، بۆیە هیچ هۆیەکی یاسایی نەبووە سەبارەت بە ڕێگرییکردن لە کاک مەحمود، لە نامەکەماندا بۆ پارتی داوای ڕوونکردنەوەمان کرد، هەروەها داواشمان کرد لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە، بێگومان ئەگەر کەموکورتییەک هەبووبێ لە ئێمەوە نەبووە، لە نەریتی دیپلۆماسیشدا وایە، لایەنێک کە هەڵەیەک دەکات داوای لێبووردن دەکات، لە نامەکەشدا ئەمەمان باسکردووە.

- وەڵامی پارتی بۆ ئەم داواکارییانەی ئێوە چی بوو؟

"وەڵامێکی نەرێنیی بوو"

فەرید ئەسەسەرد: وەڵامێکی زۆر ئەرێنیی نەبوو، پێموایە وەڵامێکی نەرێنیی بوو، دەبوو تا ئێستا سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران خۆیان بێنە سەر هێڵ، چونکە ئەو بازگانە سەر بە حکومەتی هەرێمن، بەڵام هەندێ وردەکاریی ناوخۆیی پارتی هەیە کە ئێمە بەشێکی دەزانین و بەشێکی نازانین، ئەمە ڕێگرە لەبەردەم ئەوەی ئەگەر لیژنەیان بۆ ئەو بابەتە پێکهێنابێ ڕاپۆرت ئامادە بکەن و بەرزی بکەنەوە، بەڵام مادەم تاوەکو ئێستا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هیچ قسەیەکیان لەوبارەیەوە نەکردووە، دیارە ئەم بابەتە شتێکی تێدایە کە ئەوان نایانەوێت بیورووژێنن.

- ئێوە ئەو ڕێگرییە بە ڕێگریی پارتی دەزانن یاخود حکومەت؟ کە خۆشتان بەشێکن لە حکومەت؟

"ئەوانەی لە بازگەکەن هەموویان پارتین"

فەرید ئەسەسەرد: خۆی تێکەڵاوییەک لەم بابەتەدا هەیە، ئەوانەی لە بازگەکەن هەموویان پارتین، بەڵام لەهەمان کاتیشدا کارمەندی حکومەتن، دەکرێ ئەمە تێکەڵبکرێت، چونکە ئەو بازگەیە هی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ئێمە داوای وەڵامێک دەکەین، ئەو وەڵامە چ لە پارتییەوە بێت یاخود لە حکومەت، ڕوونکردنەوەیەکی گونجاو بێت و هۆیەکانی ڕێگرییکردنی لە کاک مەحمود تێدابێت، ئەوەی کە تاوەکو ئێستا هەبووە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی تێدانییە.

- بابەتەکە بۆ گەیشت بەم ئاستە؟ لەکاتێکدا ئێوە لە حکومەتدا هاوبەشن ڕێککەوتن لە نێوانتاندا هەیە؟

"ئەم ڕووداوە کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانمان جێهێشتووە"

فەرید ئەسەسەرد: ئێمە سێ ڕێککەوتنمان لەگەڵ پارتیدا هەیە، ئومێدیشمان هەبوو کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی بەرەو ئاساییبوونەوە بچێت، چونکە لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتدا بەهۆی کێشەکانەوە ساردوسڕییەک لە نێوانماندا هەبوو، بەڵام ئەم ڕووداوە بەدڵنیاییەوە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر پەیوەندییەکانمان جێهێشتووە و دەبێت چارەسەر بکرێت.

- ئەم ڕێگرییە دەرخەری ئەوە نییە کە هێشتا دووئیدارەیی لە واقعی سیاسیی و جوگرافیی هەرێمی کوردستاندا ماوە؟

"بە واقع ئاسەواری دووئیدارەیی ماوە"

فەرید ئەسەسەرد: بە فەرمیی دوو ئیدارەیی نییە، بەڵام بە واقع ئاسەوارەکەی ماوە، ئەگەر تەماشای دوو بازگەکەش بکەین یەکێکیان یەکێتیی و یەکێکیان پارتیی بەرامبەر یەکن، ئەمەش هەر کارێکی هەڵەیە، ئەگەر بازگەیەکی هاوبەش بێت لە هەمووی باشترە، بەڵام ئەمە ڕەنگە پەیوەندیی بە قۆناغێک پێشترەوە هەبێت، بەتایبەت پار و پێرار کە گرژییەک هاتە ئاراوە، ڕووخسارەکانی دووئیدارەیی کۆنە و ئاماژەی خراپی تێدایە، دەکرێت بە دروستکردنی پەیوەندییەکی ئاسایی ئەم ئاماژانە هەڵبووەشێندرێنە، چونکە هەرکاتێک کە گرژییەک لە پەیوەندییەکان دێتە ئاراوە، ئەم دیاردانە ڕوودەدەن.

- بچینە سەر پرسی پارێزگاری کەرکوک، کە ئێوە و پارتی لەسەر ئەو پرسە ڕێککەوتنتان ئەنجامداوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک بەدیناکرێت، هۆکار چییە؟

"زۆرجار کێشە لای پارتییەوە دروستدەبێت".

فەرید ئەسەسەرد: هۆیەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام زۆرتر پەیوەندیدارە بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتییەوە، پارتی ئەگەر مەبەستیبێت بە ڕۆژێک ئەندامەکانی دەنێرێت بۆ کەرکوک بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بکرێت، بیانوویەکیان هەبوو بەوەی کە کەرکوک داگیرکراوە و ئەوان ناتوانن بچنە کەرکوک، پێشنیارمان کرد کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ببرێتە هەولێر یان قەرەهەنجیرە، بەڵام لایەنە عەرەب و تورکمانەکان بە هەولێر ڕازی نەبوون، ئێمە کێشەمان نییە لە هەرکوێیەک کۆبوونەوەی ئەنجومەن بکرێت، بەڵام کێشەکە لەناو گروپی کوردە، لەناو گروپی کوردیشدا پارتییە، زۆرجار کێشە لای ئەوانەوە دروستدەبێت.

- هەندێک لە نێوانی یەکێتی و پارتی دووربکەوینەوە، بچینە سەر پەیوەندییەکانی ئێوە و تورکیا، ئێستا پەیوەندییەکانتان لەچ ئاستێکدان؟ بۆچی هێشتا نوێنەرایەتییەکەتان لە ئەنقەرە نەکراوەتەوە؟

" لەگەڵ تورکیا باسمان لە ناردنەوەی نوێنەرەکەمان بۆ ئەنقەرە نەکردووە"

فەرید ئەسەسەرد: گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر پەیوەندییەکانماندا نەهاتووە، بەڵام هەندێک هێوربوونەوە لەئارادایە، بەڵام هەتا ئێستا نوێنەرەکەمان نەگەڕاوەتەوە ئەنقەرە، لەگەڵ تورکیاش باسمان لەوە نەکردووە کە جارێکی دیکە نوێنەرەکەمان بنێرینەوە، تاوەکو ئێستا بڕیارمان نەداوە نوێنەرەکەمان بنێرینەوە بۆ ئەنقەرە.

- دیدار و کۆبوونەوە لە نێوانتاندا هەیە؟

"ئەگەر بمانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین دەبێت نوێنەرەکەمان بگەڕێتەوە"

فەرید ئەسەسەرد: کۆبوونەوەی سەرەکییمان لەسەر ئەو بابەتانە نەکردووە، بەڵام پەیوەندیی لە نێوانماندا هەیە، ئەگەر بمانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین بەدڵنییایەوە دەبێت نوێنەرەکەمان بگەڕێتەوە و نوێنەرایەتییەکەی خۆشمان وەرگرینەوە، بەڵام ئەگەر کۆببینەوە ئەمە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکان.

- لە ماوەی ڕابردووشدا شاندێکی باڵای هەدەپە و کەجەدە سەردانی ئێوەیان کرد، وەڵامی کرداریی ئێوە بۆ داخوازییەکانیان چی دەبێت؟

فەرید ئەسەسەرد: ئێمە لە دێرزەمانەوە درێخییمان نەکردووە بۆ هەنگاونان بە ئاراستەی پرۆسەی ئاشتی، بەتایبەت لە سەردەمی مام جەلال و تورگوت ئۆزالەوە، بە دڵنیاییەوە هەر دەرفەتێکشیمان هەبێت هەر باسمان لەم بابەتە کردووە.

- تاچەند گرنگە هێز و لایەنەکانی باشوری کورستانیش بەشێکبن لە هەوڵەکان بۆ وەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی؟

"ئێمە و پارتی و یەکگرتوو خۆمان بە دۆستی تورکیا دەزانین"

فەرید ئەسەسەرد: ئێمە و پارتی بەشێوەیەکی سەرەکیی و یەکگرتووی ئیسلامییش، خۆمان بە دۆستی تورکیا دادەنێین، پێمان ناخۆشە تورکیا تووشی قەیران بێت، ئەوەی کە ئێمە لەدەستمان بێت هەوڵی بۆ دەدەین و درێخی تێدا ناکەین، دەتوانین بە بەدەمەوەهاتنی تورکیا ئەو ڕۆڵە بگێڕین و کاریگەرییشمان دەبێت لەسەر ئەو لایەنانەی کە تورکیا دەبێت کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن، بەڵام ئەمە پێویستی بە ئیرادە هەیە لە ئەنقەرەوە بە ئاراستەی چارەسەریی، کە تاوەکو ئێستا ئەم ئیرادەیە نییە.

- بێینە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆچی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بێتە ئاراوە؟

"وەک یەکێتی پشتگیریی داواکارییەکەی حکومەتی عێراق دەکەین"

فەرید ئەسەسەرد: عێراق بۆچوونەکانی خۆی چڕکردووەتەوە و دەڵێت، دەتوانین لەگەڵ هەولێر ڕێکبکەوین، بەوەی کە هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، ئێمەش وەک یەکێتی پشتگیریی ئەو داوایەی حکومەتی عێراق دەکەین، چونکە چارەسەرکردنی پرسی نەوت دەبێتە بەردی بناغەی چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەش، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم بابەتە نەرمیی بنوێنێت و ڕازی بێت بەم داواکارییەی بەغدا.

- ئێوەش خۆتان بەشێکن لە حکومەت، بەدیارییکراویی کێ بەم داواکارییە ڕازی نییە؟

"تێڕوانینەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاستی دیالۆگەکان قورس دەکات"

فەرید ئەسەسەرد: هەر لە سەرەتاوە دۆسیەی نەوت لای ئاشتی هەورامی و نێچیرڤان بارزانی بووە، ئەم فایلە ئێستا لای سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، ئەو هەندێک تێڕوانینی هەیە ئێمە وەک یەکێتی پێمانوایە ڕەنگە ئاستی دیالۆگەکان قورس بکات، چەند مەرجێک دانراوە لەلایەن هەرێمەوە یەکێک لەوانە کە دەبێت بەغدا قەرزەکانی هەرێم بداتەوە، بەغدا لەمڕووەوە بۆچوونێکی گونجاوی هەیە کە دەڵێن ئێوە خۆتان قەرزتان کردووە و خۆشتان بیبژێرنەوە، بەڵام هەست دەکەین لەناو پارتیدا لەگەڵ ئەم تێڕوانینە نین.

- ئێوە چی دەکەن بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن؟

"ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن بەدڵنییاوە قەیرانی دارایی ڕوودەداتەوە"

فەرید ئەسەسەرد: ئێمە لە ڕێگای دکتۆر بەرهەم ساڵحەوە، کە سەرۆک کۆماری عێراق و جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیشە، هەوڵێکی دیپلۆماسیی بەهێزماندا، لە بەغداوە چووینە هەولێر لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کۆبوونەوە، حکومەتی هەرێممان هاندا بۆ ئەوەی لەگەڵ بە‌غدا بگەنە ڕێککەوتن، باسیان لە مەترسییەکانی بودجەی ٢٠٢٠ کرد، ئەگەر ڕێککەوتن نەبێت بەدڵنیاییەوە ڕەنگە بەغدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نەنێرێت، ڕەنگە هەموو مووچەش نەنێرێت، ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن بەدڵنییاوە قەیرانی دارایی ڕوودەداتەوە.

ک.س