قادر عه‌زیز: پارتی به‌نایاسایی دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی بەڕێوبردندا گرتووە


رۆژنیوز – ژاوێن شاڵی

سکرتێری حزبی ئاینده‌ی کوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، که‌ پارتی به‌ نایاسایی ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌کانی به‌ڕێوه‌بردندا گرتووه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و ده‌شڵێت:" رێککه‌وتنی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان کۆتایی به‌ حوکمڕانی پارتی ده‌هێنێت".

کێشە و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان لەهەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی، پەکخستنی پەرلەمان، خوێندنەوەی پشت رێککەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و گۆڕان و داخستنی سنور لەنێوان باشور و رۆژئاوای کوردستاندا و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و زەمینە سازکردن بۆ هەرچی زووە چارەسەری قەیرانەکان لەدیدارێکی رۆژنیوزدا قادرعەزیز سکرتێری حزبی ئایندەی کوردستان، دەیخاته‌ بەر شرۆڤەکاری ورد و هەڵسەنگاندنی بۆ ده‌کات.

به‌شی یه‌که‌می چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

رۆژنیوز: لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەتایبەت لە ساڵی 2014 بەولاوە دۆخی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بەچەندین قەیران و رەوشی نالەباردا رۆیشتووە، کار گەیشتۆتە سەر پەکخستنی پەرلەمان و ئەنجامدانی دەیان کۆبوونەوەی بێ ئەنجام، دەربارەی کۆی ئەو کێشە و قەیرانانە قسەتان چییە و چی بەمیکانیزمی چارەسەر دەزانن.؟

پارتی به‌ نایاسایی ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو جومگه‌کانی به‌ڕێوه‌بردندا گرتووه‌

- کێشەکان لە بەغدا و لە هه‌رێمی کوردستانیش شتی هاوبەشیان هەیە، بەپلەی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دیموکراسی یان گەمەی دیموکراسی لە بەغدا و هەرێم، مۆدێلی حوکمڕانییەکانیش لەیەک نزیکن، بەڵام ئێستا بەغدا لەپێش هه‌رێمی کوردستانەوەیە، چونکە بەغدا پەرلەمانی پەرلەمانە و حکومەتی حکومەتە، حزبیشی حزبە، وەک ئێرە نییە، دەبینین ئەو ململانێیەی کە لەبەغدا هەیە راستە بەشێکی لەنێوان شیعەکان خۆیانە، بەڵام لەبنەڕەتدا لەسەر مەسەلەی چاکسازییە، عەبادی و ئێران و ئەمریکا و مەرجەعییەت و خەڵکێکی زۆر هه‌موویان دوای ئەوەی گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ئەو حوکمڕانییەی دابەشکاریی حزبی ئەوەی کە هەیە لەماوەی 12 بۆ 13 ساڵی رابردوودا پرۆسەی سیاسی عێراقی بەبنبەست گەیاند، بۆیە دەبێت چارەسەری بکەن، بۆئەوەی چارەسەری بکەن دەبێت چاکسازی بکەن، بۆئەوەی چاکسازی بکەن، بێگومان حکومەت چاکسازی دەکات وەک ئامێرێکی جێبه‌جێکار، دەبێت حکومەتێکی تەکنۆکرات هەبێت، بە دابەشکارییە (محاصصە) کۆنەکە ناکرێت، ئەوەشی لەبەغدا روویدا گەورەکرا، راستە هەڵکوتانە سەر پەرلەمان و پەلاماردانی پەرلەمانتاران کارێکی شیاو نیە، بەڵام دەبێت بشزانین ئەوە چەند لەمێژە لەبەغدا خۆپیشاندان هەیە و ئەو هەموو خەڵکە ناڕازییە کۆدەبنەوە، تائێستا کەسێک لوتی بەخوێندا نەهاتووە، لە هه‌رێمی کوردستان لەبەرامبەر بەردبارانی بچوکی چەند گەنجێک بە بیکەیسی وەڵام درانەوە، لەگەڵ رێزم بۆ رۆڵی فراکسیۆنە کوردییەکان بەڵام رووداوەکەیان زۆر گەورەکرد، لەبنەڕەتدا هەڵکوتانە سەر پەرلەمانتاران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە جاری کۆتایی لەوەوەهات کە ئەوان پەشیمان بوونەوە لە حکومەتی تەکنۆکرات و هەندێک حزب پێداگرییان کرد لەوەی کە دەبێت وەزیرەکانیان لە پۆستی خۆیاندا بمێننەوە، لەناو ئەوانیشدا لایەنی کوردی هەبوو، لەگەڵ هەندێک لایەنی سونی، ئەوەبوو موقتەدا سەدر دژ بەم رەوتە و هەڵوێستە خەڵک و خۆپیشاندەرانی جوڵاند، کە ئەمە شتێکی باش بوو، چونکە ئەگەر هەر دابەشکارییە حزبیەکە بمێنێتەوە هیچ چاکسازییەک ناکرێت، لەهەموو دنیاش چاکسازی به‌رگری هەیە و خەڵکێک دژی دەوەستێتەوە بەتایبەتی گەندەڵکاران، لەکوردستان کە پێشتر بانگه‌شه‌ی زۆریان دەکرد کە ئێمە ئەم ئەزموونە دەگوازینەوە بۆ عێراق، ئێستا بەڕاستی دەرکەوت کە عێراق زۆر لەپێش ئێمەوەیە، لەکوردستان تاکە دەزگایەک کە دەزگایەکی نیشتیمانی بوو، دەزگایەکی شەرعی و هەڵبژێردراوی خەڵک بوو پەرلەمان بوو، ئەویش پەکیان خست، لەبەرئەوەی دەستی بۆ گۆڕین و هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم برد، نەک لەبەرئەوەی تاوانێکی تری کردبێت، ئێستاش کێشەکانی کوردستان بۆ بە بنبەست گەیشتووە لایەنێک کە پارتییە بەئەنقەست دەیەوێت کات بکوژێت، پارتی بەنایاسایی دەستی بەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێمدا گرتووە، هەروەها دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی بەڕێوبردندا گرتووە لەهەرێمی کوردستان، لەخوار ئەوەوە دەیەوێت دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی تر بکات، ئەگەر وانەبێت هەموو ئەم کۆبوونەوانە بۆ بە بنبەست گەیشتن، پارتی وەک ئەمری واقیع خۆی سەپاندووە و لەخوار ئەوەوە ئامادەن مفاوەزە لەگەڵ لایەنەکانی تر بکەن، موفاوەزەکەش بۆئەوەیە کە لایەنەکانی تر شەرعییەتی پێ بدەن، دیارەلایەنەکانی تر بەمە رازی نه‌بوون، پارتی ئەمە زیاتر لە 10 مانگە هەوڵێکی زۆری لەگەڵ یەکێتی دا بۆئەوەی کەوەکو چۆن کاتی خۆی 30 حوزەیران شەرعییەتی پێدا، جارێکی تر لەڕێی رێککەوتنێکەوە ئەمە بکاتەوە، به‌ڵام یەکێتی ئەمەی نەکرد و کارێکی باشیشی کرد، چونکە یەکێتی هەم ئەزموونی رێککەوتنی ستراتیژی هەیە کە بەباڵادەستی پارتی کۆتایی هات، هەمیش دەبینێت ئێستا پارتی دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا گرتووە کە بڕوا ناکەم شوێنێک مابێت بۆ خەڵکی تر.

رۆژنیوز:کەواته‌ تۆ پێتوایە ئەم رێککەوتنە سیاسییەی نێوان یەکێتی و گۆڕان کە تەنها واژۆکردنی ماوە وەڵامدانەوەیەک بێت بۆ پارتی و سنوردانانە بۆی.؟

یەکێتی ئێستا دەبینێت پارتی هیچی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە له‌ دەسەڵات و حوکمڕانی

- بێگومان ئەمە له‌ ئه‌نجامی سیاسەتی پارتی بوو، که‌ ئەم رێککەوتنە هاتۆتە کایەوە، کاتێک پارتی دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا گرتووە، بە پۆستی سەرۆکی هەرێم و پەخستنی پەرلەمان و دەست بەسەر داهاتی نەوتدا دەگرێت و هەموو مەلەفەکان لەژێر دەستی خۆیەتی، کاتێک خەڵکی تر هەوڵ بۆ چاکسازی دەدات هیچ ئەنجامێکی نییە، بۆنمونە یەکێک لەوانە یەکێتی و گۆڕان لایەنەکانی تر، دەرەنجامەکەی ئەوەیە ئەوکاتە لایەنەکانی تر ناچاردەبن بیر لەگۆڕینی هاوکێشەکە بکەنەوە بۆئەوەی بتوانن بەهێزێکی زیاترەوە فشار لەسەر پارتی دروستبکه‌ن، بۆئەوەی پارتی بگەڕێتەوە بۆ یاسا و بگەڕێتەوە بۆ دیموکراسی و چارەسەکردنی کێشەکان لە پەرلەمان و دام و دەزگا شەرعییەکان، ئەمە دەرەنجامە، بۆیە پێموایە یەکێتی شتێکی باشی کرد، چونکە یەکێتی ئەزمونی رێککەوتنی ستراتیژی لەبەرچاو بوو، کە ئەمە تەنها بە خزمەتی پارتی کۆتایی هات، دووەمیش یەکێتی ئێستا دەبینێت پارتی هیچی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە لە دەسەڵات و حوکمڕانی، هەتا بۆ یەکێتیش، بۆیە هەرچی بکات ئەم دۆخەی پێ ناگۆڕێت، کەواتە دەبێت لە هاوکێشەیەکی تر بگەڕێت بۆئەوەی بتوانێت گۆڕانکاری دروستبکات، ئەویش ئەوەیە کە لەگەڵ گۆڕان ئەم رێککەوتنە سیاسییە ئەنجامبدەن، ئەم هەنگاوەش لەبەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، چونکە مادام رێککەوتنەکە داوای چاکسازیی و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی دەکات بەرە و سیستمێکی مەدەنی پەرلەمانی، مادام داوادەکات داهاتی نەوت بگەڕێِتەوە بۆ خەڵکی هه‌رێمی کوردستان و قۆرغکاریی نەمێنێت، بەومانایەی لەباشوری کوردستان سیاسەتێکی نەتەوەیی بگیرێتە بەر لەبەرامبەر پارچەکانی تر بەتایبەتی لەبەرامبەر باکور و رۆژئاوا، نەک بچیت دژایەتییان بکەیت و سنورییان لێدابخەیت، ئەمەش بەڕاستی ئەم پرەنسیپانەن کە هەموو خەڵکی کوردستان لەگەڵیەتی، دژی کەسیش نییە، من پێموایە ئەم رێککەوتنەی یەکێتی و گۆڕان دژی هیچ کەس نییە و بەپێچەوانەوە پارتی دژیەتی، چونکە کاتێک داوای چاکسازیی و گۆڕینی سیستەم دەکرێت، کاتێک داوا دەکات سەرۆکی هەرێم دەبێت لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت بێگومان پارتی بەم داوایانە رازی نییە و دژایەتی دەکات، ئەو بۆچی دژایەتی د.یوسف محەمەدی کرد؟ خۆ یوسف محەمەد تاوانێکی نەکردبوو، تەنیا وەک سەرۆکی پەرلەمان و وەکو ئەرکی یاسایی خۆی کاتێک هاتە سەر ئەوەی کە ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم تەواودەبوو ئەوکاتە ئەوان بیریان کردەوە کە یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، سیستمەکەش پێویستی بە گۆڕانکاریی هەیە، لەسەر ئەمە پەلاماریاندا، لەبەرئەوە ئەگەر دوو هێزی گەورەی وەک یەکێتی و گۆڕان و من پێموایە هێزەکانی تریش دەچنە ناو ئەو رێککەوتنەوە، ئەگەر بەو هێز و باڵانسە گەورەیەوە پێداگریی بکەن یان فشار بخەنە سەر ئەوەی کە بەپەرلەمان نەکرا، بەدڵنیاییەوە پارتی دژی دەبێت. ئەم رێککەوتنە بەهیچ شێوەیەک دژی پارتی نییە، بەڵام پێموایە پارتی خۆی دژی دەبێت.

رۆژنیوز: دەنگۆی ئەوە هەیە کە یەکێتی و گۆڕان دەرگایان واڵا کردووە بۆ هەر پارت و لایەنێک کە بیەوێت بچێتە ناو رێککەوتنەکەوە، ئێوە وەک حزبی ئایندەی کوردستان هەڵوێستتان بەرامبەر ئەمە چییەو ئایا دەتانەوێت بچنە ناو رێککەوتنەکەوە؟

پشتیوانی له‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌ی گۆڕان و یه‌کێتی ده‌که‌ین

- ئێمە ئێستا هێڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە دەزانین، هەموو ئەوانەی کە ئاماژەم پێکردن دیارە وردەکاری تریش هەیە، بەڵام بەگشتی رێککەوتنەکە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە و بۆ گۆڕانکارییە لەو رەوشەی ئێستا، بۆ چاکسازی و گەڕانەوەی داهاتە، بۆ گەڕانەوەیە بۆ سەروەری یاسا و چەسپاندنی سیستمێکی دیموکراسی مەدەنی، بەدڵنیاییەوە ئەمە شتێک نییە پشتیوانی لێ نەکەین، بەڵام کاتێک رێککەوتنەکە بەفەرمی رادەگەیەنرێت هەموومان دەیبینین و دەزانین مەسەلەی بەشداری لایەنەکان چۆن دەبێت، ئێمەش وەک حزبی ئایندەی کوردستان هەڵوێستێکی ئه‌رێنیمان هەیە و پشتیوانی لەو رێککەوتنە دەکەین، سەبارەت بەبەشداریی کردنیش بزانین چۆن دەبێت، دەبێت لەنزیکەوە قسەیان لەگەڵ بکەین و بزانین ئەو بڕیارەی ئەوان چۆنە، ئەوەی کە کراوەیە بۆ هەموو حزبەکان من پێم وایە هەموو حزبەکان دەبێت پشتیوانی لێ بکەن، چونکە ئەو رێککەوتنە بۆ ده‌ربازکردنی ئەم بارودۆخەیە.

رۆژنیوز: پێتوایە ئەم رێککەوتنە بتوانێت تەواوی ئەو کێشەو قەیرانە کەڵەکەبووانە چارەسەر بکات کە ئێستا بەرۆکیهه‌رێمی کوردستانی گرتووه.؟

ئه‌م رێککه‌وتنه‌ کۆتایی به‌وه‌ دێنێت پارتی حوکمڕانی بکات

- نەخێر، تەواوی ئەو قەیرانانە نە بەرێککەوتنێک و نە بەشەو و رۆژێک چارەسەر ناکرێت، چونکە قەیرانەکان قەیرانی 23 ساڵی حوکمڕانی رابردووە و کەڵەکە بووە و تەشەنەی کردووە، بەهۆی ئەوەی کە چارەسەر نەکراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەم رێککەوتنە دەتوانێت کۆتایی بەوە بێنێت کە پارتی حوکمڕانی بکات و لایەنەکان بەدیارییەوە دابنیشن، ئەویش بە ئارەزووی خۆی حوکمڕانی بکات و چی دەوێت بیکات کە سیاسەتەکانیشی هیچی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد نییە، بۆیە دەبێت ئەو قۆناغە کۆتایی پێبێت، دەبێت لە کوردستان بگەڕێینەوە سەر دەستەکەوتەکانی هەڵبژاردن (استحقاقی انتخابی)، بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتێکی نەتەوەیی، بگەڕێینەوە بۆ دیموکراسی و بۆ پەرلەمان و یاسا، میللەتی کورد ئەم هەموو ساڵە قوربانی بۆ ئەوانە داوە، بۆ ئەوە قوربانی نەداوە بەتەنها لایەنێک بێت و بۆخۆی قۆرغی بکات و بیکات بەئەمری واقیع و خۆی بسەپێنێت.

ش.ف