قادر عه‌زیز: پارتی بۆ شاردنه‌وه‌ی شکسته‌کانی دروشمی ده‌وڵه‌تی کوردی به‌رزده‌کاته‌وه‌


رۆژنیوز – ژاوێن شاڵی

سکرتێری حزبی ئایده‌ی کوردستان، ره‌خنه‌ی توند له‌ پارتی دیموکاتی کوردستانی-عێراق ده‌گرێت و پێیوایه‌ پارتی دروشمی ده‌وڵه‌تی کوردی بۆ شاردنه‌وه‌ی شکسته‌کانی خۆی له‌ حوکمڕانی و سیاسه‌ته‌ نا نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی به‌کاردێنێت.

له‌ به‌شی دووه‌می دیداره‌که‌یدا له‌گه‌ڵ رۆژنیوز، قادر عه‌زیز، سکرتێری حزبی ئاینده‌ی کوردستان به‌درێژی باس له‌ هۆکاره‌کانی پشت بانگه‌شه‌ی پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کوردی و ریفراندۆم له‌لایه‌ن پارتی-یه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی عێراقیش، قادر عه‌زیز، پێیوایه‌ بابه‌ته‌که‌ زۆر گه‌وره‌ کراوه‌ و ده‌شپرسێت: بۆچی په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کان ئه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مانی عێراق کردیان بۆ دوو شه‌ڕه‌ بۆکس، بۆچی ئه‌مه‌یان بۆ په‌رله‌مانی هه‌رێم نه‌کرد و بێده‌نگ بوون.؟

به‌شی دووه‌م و کۆتایی:

رۆژنیوز: له‌لایه‌که‌وه‌ باسی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌کرێت، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ده‌روازه‌ی سنوری نێوان دوو پارچه‌ی کوردستان داده‌خرێت، هه‌روه‌ها به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌ڕ و په‌لاماردان و کۆمه‌ڵکوژییه‌ سیاسه‌تی جینۆسایده‌ی به‌رامبه‌ر کوردانی باکور ده‌کرێت، به‌ڵام به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان حزبه‌کانی باشور بێده‌نگن، ئه‌م بێده‌نگی و دژیه‌کییه‌ بۆ.؟

ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونی تێکڕای نه‌ته‌وه‌ی کورده‌

- ئه‌م بێده‌نگییه‌ش یه‌کێکه‌ له‌و فشار و ترس و دۆخه‌ی که‌ پارتی دروستیکردووه‌ له‌باشوری کوردستان، دۆخێکی خراپ دروستبووه‌ که‌ ده‌بێت کۆتایی پێبێت، دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونی تێکڕای نه‌ته‌وه‌ی کورد و هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌یبینین پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی کوردستانه‌، تۆ نابێت بانگه‌شه‌ی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردستان بکه‌یت و له‌لایه‌کی تره‌وه‌ دام و ده‌زگای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی له‌م هه‌رێمه‌ له‌ناوبه‌ریت، نابێت داوای ده‌وڵه‌تی کوردستان بکه‌یت و سنور له‌نێوان دوو پارچه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ت دابخه‌یت، داوای ده‌وڵه‌تی کوردستان بکه‌یت و هه‌رچی داهاتی ئه‌م میلله‌ته‌ هه‌یه‌ بۆ خۆتی ببه‌یت و تاڵانی بکه‌یت، ده‌وڵه‌تی کوردستان کۆمه‌ڵێک پێگه‌ی هه‌یه‌، یه‌کێک له‌وانه‌ بوونی دام و ده‌زگای نه‌ته‌وه‌ییه‌ تۆ نیته‌، یه‌کێک له‌وانه‌ ژێرخانی ئابورییه‌ تۆ وێرانت کردووه‌، خاڵێکی تر پشتیوانی نه‌ته‌وه‌ییه‌ تۆ له‌ئێستادا ئه‌و پشتیوانییه‌ت تێکداوه‌، یه‌کڕیزی نه‌ته‌وه‌ییت تێکداوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌وڵه‌تی کوردستان دروستبکه‌ین ده‌بێت زیاتر کاری بۆ بکه‌ین وه‌ک نه‌ته‌وه‌، نه‌ک ته‌نیا له‌ راگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ قسه‌ی لێبکه‌ین، به‌ڵام بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌بێت به‌پراکتیکی کاری له‌سه‌ر بکه‌ین، ئێستا دوا په‌یامی مه‌سعود بارزانی خۆی ده‌ڵێت، که‌ ئێستا کاتی ده‌وڵه‌تی کوردستان نییه‌، ده‌ڵێت ریفراندۆم بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌که‌ رانه‌گه‌یه‌نین، یانی ده‌وڵه‌تی کوردستان ده‌م و ده‌ست رانه‌گه‌یه‌نرێت به‌ڵکو له‌کاتێکی گونجاو ده‌وڵه‌ته‌که‌ رابگه‌یه‌نرێت، باشه‌ ئه‌گه‌ر تۆ ده‌وڵه‌تی کوردستان راناگه‌یه‌نیت ریفراندۆمت بۆچییه‌؟ چونکه‌ هه‌موومان ده‌زانین رای هه‌موو کوردستان بۆ ریفراندۆم و بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ چییه‌، کاتی خۆشی له‌ساڵی 2005 ئه‌مه‌ کراوه‌، ئیتر ریفراندۆمی بۆچییه‌، پێم باشه‌ کاک مه‌سعود ریفراندۆمێک سازبکات بزانێت خه‌ڵک چییان له‌و ده‌وێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی که‌ پێویسته‌ کاک مه‌سعود بیزانێت که‌ ئێستا خۆی به‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ناوده‌بات ئه‌وه‌یه،‌ که‌ خه‌ڵک چییان له‌و ده‌وێت پێش ئه‌وه‌ی به‌ حسابی خۆی ده‌وڵه‌ت دروستبکات.

خه‌ڵک داوای ئه‌وه‌ده‌کات بارزانی به‌زۆر له‌ پۆسته‌که‌ی نه‌مێنێته‌وه‌

له‌درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌کاین بارزانی بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی قادر عه‌زیز وتی: خه‌ڵک داوای ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و به‌زۆر له‌ پۆسته‌که‌ی نه‌مێنێته‌وه‌، رێزله‌ یاسا و ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات بگرێت، رێز له‌ دیموکراسی و سه‌روه‌ری یاسا بگرێت، سیاسه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی بگرێته‌ به‌ر به‌رامبه‌ر پارچه‌کانی تری کوردستان، ده‌ست هه‌ڵگرێت له‌ قۆرغکردنی داهاتی نه‌وت و قۆرغکاری نه‌مێنێت، داهاتی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌کی شه‌فاف بۆ خه‌ڵکی کوردستان بگه‌ڕٍێته‌وه‌ و هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان به‌شداری بکات له‌م حکومڕانییه‌، وه‌ک له‌م رۆژانه‌دا زاڵمای خه‌لیلزاد له‌میانی چاوپێکه‌وتنێکدا باس له‌وه‌ده‌کات، ئه‌گه‌ر کورد بیه‌وێت ده‌وڵه‌ت دروستبکات یه‌کێک له‌مه‌رجه‌کانی ئه‌وه‌یه‌ چاکسازی بکات، چاکسازی هه‌نگاوێکی گرنگه‌ بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت، بۆیه‌ کاتێک رێگه‌ به‌ چاکسازی ناده‌یت، ئیتر باسی چی له‌ پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت ده‌که‌یت، ئه‌مه‌ به‌ڕاستی موزایه‌ده‌یه، پارتی ئه‌م دروشمه‌ی به‌رزکردۆته‌وه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی شکسته‌کانی خۆی له‌حوکمڕانی، بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ نانه‌ته‌وه‌ییه‌ی که‌ گرتویه‌تییه‌ به‌ر به‌رامبه‌ر باکور و رۆژئاوای کوردستان، بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر داهاتی نه‌وت و سه‌رقاڵکردنی خه‌ڵکی کوردستان به‌ شتی تر، چه‌ند ئه‌م قه‌یرانانه‌ زیاتر و قوڵتر ببنه‌وه‌ هاواری پارتیش بۆ ریفراندۆم و ده‌وڵه‌تی کوردی به‌رزتر ده‌بێت، که‌سیش بڕوای به‌وه‌ نییه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌س بڕوای به‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نه‌بێت، به‌ڵکو بڕوای به‌م بانگه‌شه‌یه‌ی پارتی نییه‌، کاتێک له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌بینێت و زه‌مینه‌ی تێکدانی ده‌وڵه‌تی کوردستان رۆژبه‌ڕٍۆژ زیاتر ده‌بێت، بۆیه‌ خه‌ڵک باوه‌ڕی پێ ناکات.

رۆژنیوز: که‌واته‌ پێتوایه‌ چی بکرێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ سیاسییه‌ی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان به‌ده‌ردی رێککه‌وتنی ستراتیژیی نێوان یه‌کێتی و پارتی نه‌چێت که‌ وه‌ک خۆت ئاماژه‌ت پێکرد به‌ باڵاده‌ستی پارتی کۆتایی هات و سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو.؟

رێککه‌وتنی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان دووره‌ له‌ قۆرغکاریی

- ئه‌وه‌ی شکستی به‌ رێککه‌وتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌کێتی هێنا ئه‌وه‌بوو رێککه‌وتنێکی زۆر نادیموکراسی بوو، هه‌روه‌ها له‌سه‌روی یاساوه‌ بوو، رێککه‌وتنێک بوو بۆ قۆرغکاری و دابه‌شکردنی داهات و ده‌سه‌ڵات، ده‌ره‌نجامیش بینیمان به‌ قۆرخکاریی ده‌سه‌ڵات بۆ پارتی ته‌واوبوو، رێککه‌وتنه‌که‌ خۆی بۆ قۆرغکاری بوو، بۆیه‌ ئه‌نجامه‌که‌شی به‌ قۆرغکاریی ته‌واو بوو، به‌ڵام ئه‌و رێککه‌وتنه‌ی ئێستای نێوان یه‌کێتی و گۆڕان نا، ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا ناوی لێنراوه‌ و رێککه‌وتنی له‌سه‌ر کراوه‌ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بکرێت دووره‌ له‌ قۆرغکاریی و دووره‌ له‌ دابه‌شکردنی داهات و ده‌سه‌ڵات، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش مه‌به‌ستی هه‌مان رێککه‌وتنی ستراتیژیی نێوان یه‌کێتی و پارتییان هه‌بێت به‌هه‌مان ده‌رد ده‌چێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر رێککه‌وتنێکی دیموکراسی بێت و له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بێت به‌ڕێگه‌یه‌کی دیموکراسی و یه‌کخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی کوردی بێت له‌سه‌ر بنه‌ما و پره‌نسیپی دیموکراسی و گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ سه‌روه‌ری یاسا له‌کوردستان، کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و دام و ده‌زگا شه‌رعییه‌کان و پیاده‌کردنی سیستمیکی په‌رله‌مانیی مه‌ده‌نی له هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌و پره‌نسیپانه‌ن که‌ خه‌ڵکی کوردستان و له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌وه‌ هه‌م پشتیوانی لێده‌کرێت و هه‌م ئه‌و رێککه‌وتنه‌ش به‌وجۆره‌ سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستدێنێت.

رۆژنیوز: ئه‌گه‌ر له‌دۆخی هه‌رێم لابده‌ین و بچینه‌ سه‌ر دۆخی به‌غدا، به‌ وته‌ی هه‌ندێک له‌ په‌رله‌مانتاران خۆیان پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ناو حه‌ره‌می په‌رله‌مانی عێراق روویدا ده‌ستی عه‌بادی و موقته‌دا سه‌ردی له‌پشته‌وه‌یه‌ و کاتێک خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیانکوتاوه‌ته‌ ناو په‌رله‌مان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ هیچ رێگرییه‌کیان لێنه‌کراوه‌، قسه‌ی تۆ چیه‌.؟

هێزه‌کانی عه‌بادی یاسایان په‌یڕه‌و کردووه‌

- په‌لاماردانی په‌رله‌مانتاران و سوکایه‌تیکردن پێیان شتێکی خراپبوو و هه‌مووشمان ئیدانه‌ی ده‌که‌ین، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین که‌ خۆپیشاندان رویدا رق و توڕه‌یی خه‌ڵک ئه‌مه‌شی تێده‌که‌وێت، ئه‌مه‌ نابێت له‌خۆی زیاتر گه‌وره‌بکرێت، ناشبێت بگۆڕێت به‌ پرسێکی سیاسی گه‌وره‌، نابێت لایه‌نێک یان چه‌ند لایه‌نێک بیقۆزێته‌وه‌ و بڵێت وتمان به‌غدا ئه‌نجامی نییه‌ و با بگه‌ڕێینه‌وه‌ و هه‌وڵده‌ن بۆ ئه‌جێندای سیاسی خۆیان به‌کاری بێنن، ئه‌مه‌ زۆر خراپه‌، پێموایه‌ بێگومان عه‌بادی ناتوانێت رێگریی له‌ خۆپیشانده‌ران بکات، ئه‌مان بۆ باسی ئه‌م شته‌ گرنگ و ئه‌رێنی-یه‌ی عێراق ناکه‌ن که‌ به‌پێی ده‌ستوری عێراق هێزی چه‌کدار نابێت دژ به‌ میلله‌ت به‌کاربهێنرێت، یانی سوپا و هێزه‌کانی عه‌بادی کاتێک ده‌یانتوانی رێگریی له‌و خۆپیشاندانه‌ بکه‌ن که‌ته‌قه‌ بکه‌ن یان خه‌ڵک بکوژن، که‌واته‌ ئێستا که‌ ئه‌و هێزانه‌ رێگرییان نه‌کردووه‌ و سوپا و هێزی ئه‌منی به‌کارنه‌هاتووه‌ بۆ کوشتنی خۆپیشانده‌ر ئه‌مه‌ مایه‌ی ئه‌وپه‌ڕی گرنگییه‌ بۆ عێراق، ده‌بێت ئه‌م شانازییه‌ باسبکرێت، له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵدانی ورده‌ به‌ردی هه‌ندێک گه‌نج به‌ بیکه‌یسی وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌، ئه‌وان بۆچی باسی ئه‌وه‌ ناکه‌ن؟ پاشان له‌گه‌ڵ رێزم بۆ فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان له‌ به‌غدا که‌ ماندووبوون و جێگه‌ی ده‌ستخۆشین، له‌وێ یه‌کگرتویی کوردیان پاراستووه‌، به‌ڵام بۆچی ئه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مانی عێراق کردیان بۆ دوو شه‌ڕه‌ بۆکس، بۆچی ئه‌مه‌یان بۆ په‌رله‌مانی هه‌رێم نه‌کرد، من پرسیارێک ده‌که‌م ئه‌وه‌ی به‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان کراوه‌ به‌ په‌رله‌مانی به‌غدا کراوه‌؟ که‌واته‌ بۆچی له‌مه‌ بێده‌نگ بوون؟ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان کرا و رێگریی لێکرا و ئه‌گه‌ر قبوڵی نه‌کردایه‌ شه‌ڕ و کوشتن دروست ده‌بوو، بۆ له‌مه‌ بێده‌نگن؟ ئه‌م بانێک و دوو هه‌وایه‌ بۆ خۆیان جوان نییه‌.

پارتی ئێستا هاوکاری دوژمنانی عێراق ده‌کات

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی پرسی ناکۆکییه‌کانی ناو په‌رله‌مان و ره‌وشی عێراق سکرتێری حزبی ئاینده‌ی کوردستان جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌: نابێت ئه‌مه‌ی له‌به‌غدا روویدا ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بکرێت و بخرێته‌ خزمه‌تی ئه‌جێِندای لایه‌نێک بۆئه‌وه‌ی به ‌خه‌ڵکی کوردستانی بفرۆشێته‌وه‌ و بڵێ:"نه‌مانوت به‌غدا ئه‌نجامی نیه‌"، دواجار ئه‌مه‌ش وه‌ک موزایه‌ده‌ به‌کاردێت، بێگومان ئه‌مه‌ رووده‌دات، هاوکێشه‌که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ نییه‌، به‌شێکیشی ئه‌وه‌یه‌ سیاسه‌تێکی شۆڤێنی له‌به‌غدا هه‌یه‌، له‌به‌غدا یه‌ک ناوه‌ندی بڕیار نییه‌ و خه‌ڵکی وه‌ک موقته‌دا سه‌ردیشی تێدایه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین که‌ کورد خۆشی هۆکاره‌ له‌وه‌ی له‌به‌غدا دۆخی به‌وجۆره‌یه‌، ئێمه‌ ده‌پرسین بۆچی پێشتر حکومه‌ته‌کانی به‌غدا له‌ هه‌ولێر دروست ده‌کران، بۆچی به‌بێ کورد حکومه‌ت دروست نه‌ده‌کرا، ئه‌ی بۆچی ئێستا گه‌یشت به‌م ره‌وشه‌؟ کاتێک تۆ ده‌که‌ویته‌ دژایه‌تی به‌غدا و بێ ره‌زامه‌ندی به‌غدا نه‌وت ده‌فرۆشیت، کاتێک ده‌چیت هاوکاری دوژمنه‌که‌ی به‌غدا ده‌که‌یت که‌ تورکیا و سعودیه‌یه‌، کاتێک ده‌چیت سوپای تورکیا دێنیت و له‌باشوری کوردستان جێگیری ده‌که‌یت، ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو عورف و یاسا و ده‌ستورێکه‌وه‌یه‌ له‌عێراق، کاتێک تۆ سوپای تورکیا ده‌هێنیت و ده‌یبه‌یت بۆ باشیک که‌ به‌م هه‌ڵوێسته‌ عێراق و عه‌ره‌ب به‌گشتی نیگه‌ران و ئیستیفزاز ده‌که‌یت، بێگومان ئه‌م رق و په‌رچه‌کرداره‌ی به‌غدا به‌شێکی ده‌ره‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ پارتی په‌یڕه‌وی ده‌کات، پارتی ئێستا هاوکاری دوژمنانی عێراق ده‌کات، عێراقیش قبوڵی ناکات، په‌رله‌مانتاره‌کانی ئێمه‌ بۆ باسی ئه‌وه‌ ناکه‌ن، بۆچی ناپرسن به‌ چ یاسایه‌ک سوپاس تورکیا له‌ باشوری کوردستانه‌، به‌پێی ده‌ستور تۆ هه‌رێمێکیت به‌شێکیت له‌عێراق به‌ چ مافێک تۆ سوپای ده‌وڵه‌تێکی دوژمن دێنیت و له‌هه‌رێمه‌که‌ت جێگیری ده‌که‌یت.

رۆژنیوز:غیابی مام جه‌لال له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی کوردیدا چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و هاوکێشه‌ی سیاسی کورد دروستکردووه‌.؟

- غیابی مام جه‌لال له‌گۆڕه‌پانی سیاسیدا بۆ هه‌موو لایه‌ک کاره‌سات بوو، ئه‌و باڵانسه‌ی ئه‌و توانیبووی رایبگرێت له‌نێوان شیعه‌ و سونه‌ و کورد و به‌غدا و ئه‌مریکا و ئێران، دوای ئه‌و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نه‌ما، پاش غیابی مام جه‌لال کێشه‌کان به‌وجۆره‌ قوڵ بوونه‌وه‌ و ره‌وشه‌که‌ وه‌ک ئێستا تێکچوو، هه‌موومان ئێستا هه‌ست به‌ غیابی مام جه‌لال ده‌که‌ین، چ له‌ عێراق و چ له‌ هه‌رێمی کوردستان و چ له‌ ئێران و له‌ هه‌رێمی کوردستان و چ له‌ناو یه‌کێتی و هه‌موو حزبه‌کانی تریش، مام جه‌لال که‌سایه‌تییه‌ک بوو حسابی بۆ هه‌موو شتێک ده‌کرد، ئێستا ئه‌م که‌سایه‌تییه‌ نه‌ماوه‌ له‌ناو یه‌کێتی و بۆ حزبه‌کانی تریش بوو به‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌، بۆیه‌ غیابی مام جه‌لال زیانی گه‌وره‌ی به‌هه‌موومان گه‌یاند.

ش.ف