لە برادۆستەوە هەڵمەتی ژنان دژی داگیركاریی ڕاگەیەندرا

لە برادۆستەوە هەڵمەتی ژنان دژ بە داگیركاریی دەوڵەتی تورك ڕاگەیەندرا و داوا كرا، كە بڕیاری دەركردنی سوپای تورك لە باشوری كوردستان بە زووترین كات بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


ئەمڕۆ شاندێك لە ژنانی ناوچە جیاجیاكانی باشوری كوردستان، كە پێكهاتبوون لە ژنانی سنوری كەركوك و سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە و شارەزوور، سەردانی گوندەكانی ناوچەی برادۆستی سەر بە پارێزگای هەولێریان كرد و ئەو خێزانانەیان بەسەركردەوە، كە بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی توركەوە زیانیان بەركەوتبوو.
ئەندامانی شاندەكە لەنزیكەوە زانیارییان لە خەڵكی ناوچەكە وەرگرت سەبارەت بە چۆنیەتی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆسەر ناوچەكە، هاوڵاتیان ناڕەزایی توندیان نیشاندا لەبەرامبەر هێرشەكان و بە شاندەكەیان ڕاگەیاند، "بەهۆی فشاری پارتی و میتی تورك، ناتوانن بە ئاشكرا هەڵوێستی خۆیان پیشان بدەن".

پاشان، شاندەكە لە گوندی شێخ زادە ڕێپێوانێكیان ئەنجامدا و لە گوندی مێرگەڕەش بە خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوێك هەڵمەتێكیان بەناو "هەڵمەتی ژنان دژ بە داگیركاریی دەوڵەتی تورك" ڕاگەیاند.
مامۆستا ویژدان نورەدین ڕاگەیەندراوی بەشداربووانی هەڵمەتەكەی خوێندەوە، كە تیایدا "تەواوی هێرشەكانی سەرخاكی باشوری كوردستان بەتایبەتی هێرشی  سەر كەركوك و خواكورك  و  داگیركردنی وڵاتەكەمان و وێرانكردنی گوندەكانمان و بۆردوومانكردنی خەڵكی گوندنشین لەلایەن سوپای توركیای فاشیستەوە" شەرمەزار كرابوو، هەروەها سەرەخۆشیی لەخانەوادەی قوربانیان كرابوو، هیوای چاكبوونەوەش بۆ برینداران خوازرابوو.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بە مێژووی كۆمەڵكوژییەكانی دەوڵەتی تورك كراوە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا دژ بە گەلی كورد ئەنجامیداوە، كۆمەڵكوژیی كەندەكۆڵ-ی باشوری كوردستان-یش بەنمونە هێندرابووەوە، كە دەوڵەتی تورك لە ١٥/٨/٢٠٠٠ لە گوندی كەندەكۆڵ-ی پارێزگای هەولێر ئەنجامیدا و تیایدا ٥٤ كەس بوونە قوربانی كە زۆربەی زۆریان منداڵ بوون.

هەروەها، ئاماژە بۆ ئەوە كرابوو"هێرشەكانی سەر شاری كەركوك و هاتنی سەربازی توركیا بۆ ناوشاری كەركوك و جێگیركردنی دام و دەزگای سیخوڕی دەوڵەتی توركیا لەشارەكە وهاندانی زهنیەتی نەتەوەپەرستیی لەنێوان دانیشتوانی شارەكەدا و سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران و ئەنجامدانی تەقینەوە لە شارەكەدا، ئەمانەهەمووی  نیشانەی بەرێوەبردنی داگیركەریەكی قوڵن لەسەر هەموو باشوری كوردستان و ئێمە وەك گروپی هەڵمەتی ژنان لەدژی داگیركەریی بەدروشمی( نابۆ داگیركەری نابۆ دەستێوەردانی كەركوك، بژی بەرخودان ) دەستمان بەم هەڵمەتە كردووە".

بەشداربووانی هەڵمەتەكە، چەند داواكارییەكیان خستەڕوو كە بریتن لە:

١.بەزووترین كات سوپای توركیا بچێتە دەرەوەی باشوری كوردستان، لەخولی سێهەمی پەرلەماندا، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا تەواوی سوپای داگیركەری كوردستان لە باشوری كوردستان دەربكرێت، بەتایبەتی سوپای توركیا پێویستە بەزووترین كات حوكمەت ئەم بڕیارە بخاتە بواری كردارییەوە.


٢.لەپێناوی پوچەڵكردنەوەی هێرشەكانی توركیا و بونیاتنانی هێزێكی نەتەوەیی یەكگرتووی كورد داوا لەهەموو پێشمەرگە دەكەین بەتایبەتی پێشمەرگە دێرینەكان و تەواوی خەڵكی خاوەن شەرەف و كەرامەت، كەوەرنە ڕیزی بەرخودانیەوەو بەیەكڕیزی و بەیەكگرتووویی هاوشێوەی ئەوەی چۆن بەیەكریزی بەرەنگاری هێزی هۆڤانەی داعش بوونەوە بەهەمان شێوە شان بەشانی گەریلا تێبكۆشن لەدژی داگیركەریەكانی توركیا لەسەر خاكی باشوری كوردستان.


٣.پێویستە حوكمەتی عێراق و حوكمەتی هەرێم  بەئاشكرا هەڵوێستی خۆی پیشان بدات، بەفەرمی داوا لە توركیا بكەن هێزەكانی خۆی بكشێنێتەوە، چونكە هەموو بێ دەنگییەك بەواتای هاوكاری كردنە.


٤.داوا لە نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین كە هەڵوێستیان هەبێت، چونكە ئەم هێرشانە بەواتای دەستدرێژیكردنە لەسەر سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستان دێت.


٥. داوا هەموو ژنانی باشوری كوردستان دەكەین  بەتایبەتی ژنانی  پەرلەمانتارو رێكخراوەكانی ژنان و ژنانی ناو  پارت و لایەنە سیاسییەكان هەڵوێستیان هەبێت لەبەرامبەر ئەم هێرشانە دەنگی نارەزاییەكان بڵند بكەنەوە.


٦.داوا لە خەڵكی برادۆست و تەواوی گوند نشینان دەكەین بەچالاكی مەدەنی و دیموكراتیانە ناڕەزایی پیشان بدەن لەدژی ئەم هێرشانەو بێ دەنگی و زوڵم و كوشتن پەسەند نەكەن، لەشێوەی خەڵكی شێلادزێ تۆڵەی خۆتان بستێننەوەو دەنگ هەڵبرن.


٧.داوا لە هەموو كەسێكی نەتەوەیی و دیموكراتیخوازو نیشتیمان پەروەر دەكەین چۆن لەماوەی رابردوودا هەڵوێستان هەبوو لەدژی داگیركاری عەفرین و لەدژی هێرشی شەنگال و كوبانی و دوزخورماتووو كەركوك، ئێستاش بە هەموو چین و توێژەكانەوە رۆژنامەوان و رۆشنبیران و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی وەرنە برادۆست و كەركوك هەموومان بۆئەوەی ببینە قەڵخانی زیندوو لەدژی داگیركاریەكانی توركیا  لە كەركوك و خواكورك. و تەواوی باشوری كوردستان.

ش.ف