ماجد خەلیل: ئەگەر قەندیل نەبووایە باشوری کوردستان لە چنگی تورکیادا دەبوو

ماجد خەلیل، پسپۆڕی مێژوو ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات لەسەر خاکی باشوری کوردستان و پێیوایە، کە ئامانجی دەوڵەتی تورک زۆر لەوە گەورەترە کە تەنها دژی قەندیل بێت، بەڵکو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سنووری میساقی میللی، پێشیوایە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم سوود لە مێژوو وەرناگرن و دەشڵێت: ئەگەر قەندیل نەبووایە ئێستا باشوری کوردستان لە چنگی تورکیادا دەبوو.


٤ی ئەم مانگە، ٢٤ ساڵ بەسەر ئۆپەراسیۆنی ئەژدەر-ی دەوڵەتی تورک لە دژی باشوری کوردستان تێپەڕبوو، دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٩٥-دا لە هێڵی بادینان ئۆپەراسیۆنێکی بە بەشداریی ٣٥ هەزار سەرباز ئەنجامدا، لەدوای شکستی ئۆپەراسیۆنەکەش، بەشێکی زۆری ئەو هێزەی کە بەشدارییان تێداکردبوو، لەسەر خاکی باشوری کوردستان مانەوە و جێگیربوون.

ئێستا کە ٢٤ ساڵ بەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنەدا تێپەڕدەبێت، دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی لە ناوچەی خواکورک لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چنگ"دا دەستپێکردووە، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، ماجد خەلیل، سەرۆکی بەشی مێژوو لە فاکەڵتی پەروەردەی زانستە مرۆڤایەتییەکانی سەیدسادق-ی سەر بە زانکۆی سلێمانی، باس لە ئامانجە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان و دژایەتییکردنی ئەو دەستکەوتانەی کە لە باشوری کوردستان بەدەستهاتوون دەکات، هەروەها سوود وەرنەگرتنی دەسەڵاتی باشوری کوردستان لە ئەزموونەکانی ڕابردوو و کەوتنە خزمەتی خواستە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەخاتەڕوو.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

-لە ٢٤ ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی ئەژدەردا ‌ئۆپەراسیۆن و داگیرکارییەکانی تورکیا بەردەوامن، ئایا ئەو ئۆپەراسیۆنانە تەنها لەدژی هێزێکی کوردیین، یان ئامانجیان نەهێشتنی پێگەی کوردە لە ناوچەکە؟

"کۆماری نوێی تورکیا هەر لە دروستبوونییەوە بووەتە ئافاتێک بۆ پێکەوەژیان"

 

ماجد خەلیل: دەوڵەتی تورک لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ڕەوایەتییان بە ئۆپراسیۆنەکانیان داوە و بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی، بە دەستگرتن بە سیستمە سەرمایەدارییەکانی وڵاتانی زلهێزەوە ئەو کارانە دەکەن، هەر یەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل بەدەرنین لەم بیرکردنەوانە، بەتایبەتی بۆ ڕەوتێکی وەک پەکەکە کە باوەڕی بە ئازادیخوازی و گۆڕانکاری هەیە و دەیەوێت مێژوو لە خاڵی سفرەوە بنووسێتەوە، کە ئەوەش گەورەترین مەترسییە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، چونکە کە هەرکاتێک مێژوو لە سفرەوە نووسرایەوە ئەوا هەموو بەرژەوەندییە سەرمایەدارییەکانی دەوڵەتانی دونیا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ئیدی گەلێکی بندەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست نابێت، وتاری پەکەکە وتارێک مرۆییە و لە زهنییەتی ڕژێمە سەرمایەدارەکانی ئەم ناوچانەدا جێگای مەترسییە.

"کۆماری نوێی تورکیا هەر لە دەستپێکی دروستبوونی و بە ئێستاشەوە بووەتە ئافاتێک بۆ گیانی پێکەوەژیان، هەمیشە دوو جۆر مامەڵەی لە گەڵ دۆزی کورد-دا کردووە، مامەڵەی یەکەمیان بەشێوەیەکی کلاسیکیی و دڕندانەیە، بۆ نمونە ڕووداوی کوشتی ٣٢ لاوی کورد کە بە ڕووداوی ٣٣ گوللـە ناسراوە، کە دەنگۆیەکی ئێجگار گەورەی هەبوو و وەک بابەتێکی جێگیر خزایە ناو زانکۆکانی ڕۆژئاواوە، لێرەوە ناوبانگی تورکیا کەوتە ژێر پرسیارەوە، لە تێروانینی تورکیادا کوردستان دابەشکراو نییە، بەڵکو کوردستان بریتییە لە پێکهاتەیەکی نامۆ لە ناوچەکەدا، ئەو گرێ سایکۆلۆژییەیان کە چۆن فەرهاد ئینجە لە پەرلەماندا باسی کرد، کە پێویستە تورکەکان سواری وڵاخەکانیان ببنەوە و بچنەوە بۆ مەنگۆلیا و باشوری سوریا (با تورکەکان بە ئەسپەکانیان بچنەوە مەنگۆلیاو ئێرە شوێنی ئەوان نییە)، بۆیە ئەم گرێیە لای سەرانی تورکیا بووە بە نەخۆشی و ئەوان دەزانن خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم خاکە کوردن، کە ئێستا بندەستن و هەر ئەم گرێیەش وادەکات توندوتیژی بەرهەمدەهێنن، کە دیوێکی توندوتیژییەکان بریتییە لە ئۆپراسیۆن، دەستێوەردان و پێشێلکارییە نێودەوڵەتییەکا".

- چەندین ئۆپەراسیۆن لە دژی باشور پێکهاتووە، ئایا ئەم ئۆپەراسیۆنانە توانیویانە ئەو ئەنجامانەی کە مەبەستیانە بەدەستیبهێنن؟

"کاتێک دەوڵەتی تورک بە هەماهەنگیی پارتی و پەکەکە دەزانێت، دەکەوێتە پیلانگێڕیی"

 

ماجد خەلیل: لە ساڵی ١٩٧٨ کە پەکەکە وەک هێزێکی سیاسیی ڕادەگەیەندرێت، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەناو جەماوەری کورد و شەقامی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کوردستاندا دەبێت و بەدەنگ ئەو بانگەوازەوە دەچن، دوای دوو ساڵ کودەتای ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیا ڕوودەدات، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێکهاتنی ئەو کودەتایەش، بریتییە لە مەترسیی تورکیا بۆ ئەو ڕاسارە نەتەوەییەی کە لە فکری پەکەکەدا ئاڕاستە کراوە، چونکە پەکەکە لە ڕووی هزر و کۆمەڵایەتییەوە کاری ئێجگار گەورەی کرد و کۆتایی هێنا بەو جەنگە ناوخۆییەی کە لە باکوری کوردستاندا هەبوو و ئاڕاستەی تاکی کوردی گۆڕی بۆ ئاراستەیەکی چارەنووسساز، فێریکردن کە دەبێت خاوەن مافێکی چارەنووسی دیارییکراوبن، پەکەکە ڕادەست نابێت و لە ناو ڕاست و چەپی تورک-دا، دەبێتە ئاڵاهەڵگری ڕزگاربوونی کورد لە دەستی ڕژێمی فاشیستی تورک، بۆیە لە ساڵی ١٩٨٢-شدا پەکەکە هەماهەنگی لەگەڵ ڕەوتی سیاسیی باشوری کوردستان دەکات و یەکەم هەماهەنگی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی مەسعود بارزانی-دا دەبێت و لەسەر ئەجێندایەکی نەتەوەیی ڕێکدەکەون، بەڵام کاتێک تورکیا بەمە دەزانێت دەکەوێتە پیلانگێیڕیی و تێکدانی ئەم ئەزموونە.

-لەو ئۆپەراسیۆنانەی کە تا ئێستا دەوڵەتی تورک کردوویەتییە سەر باشوری کوردستان، هەڵوێستی حکومەتی هەرێم چی بووە؟ ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکاندا چییە؟

"باشوری کوردستان نایەوێت سوود لە ئەزموونی ڕابردوو وەربگرێت"

 

ماجد خەلیل: تا ساڵی ١٩٩١ باشوری کوردستان کە خاوەنی خەباتێکی دوورودرێژتر و بەئەزموونتربوو، شکستی هێنا لەوەی کە هاوسەنگییەک لەگەڵ خەباتی ڕزگارییخوازی پارچەکانی دیکەدا ڕابگرێت، لە هەندێک حاڵەتدا بوو بە پڕۆژەی وڵاتانی دەرەوە، ڕووداوێکی وەک کارەساتی هەکاری کە ساڵی ١٩٧٨ دروست دەبێت پرۆژەیەکی تورکی-ئێرانی بوو، خەباتی سیاسی کوردی لە باشوری کوردستاندا دابەشکرد و بە سەدان شۆڕگێڕی شۆڕشی نوێی باشوری کوردستان لەسەر دەستی هێزە کوردییەکان لەناوبران، بەڵام کێشەش ئەوەیە کە باشوری کوردستان نایەوێت لەو ڕاستییە تێبگات و سوود لە ئەزموونی ڕابردوو وەربگرێت، لە ڕابردووەوە هەتا ئەمڕۆ تورکیا نایەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان پێشبکەوێت، بۆیە پێموایە ئەگەر قەندیل نەبووایە هەرێمی کوردستان لە چنگ تورکیادا دەبوو زیاتر دەچەوسایەوە و زیاتر ئابوورییەکی بەکارهێندراو دەبوو، بۆیە بە توێژینەوە ئەوە دەسەلمێنین کە هەرێم لە نەبوونی پەکەکە مامەڵەی ئێجگار خراپی لەلایەن تورکیاوە لەگەڵ دەکرا، ئەوەشی کە بەشێک لە میدیاکانی باشوری کوردستان باسی لێوە دەکەن و دەڵێن کە پەکەکە هۆکارە بۆ داگیرکارییەکان، تێروانینێکی کلاسیکییانەیە و بە پێچەوانەوە ئامانجی تورکیا داگیرکردنی باشور و نایەوێت بەرەو پێشەوە بڕوات.

- لە ٢٧ی مانگی ٥ی ئەمساڵەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چنگ لە دژی باشوری کوردستان دەستپێکردووە، بەرپرسانی پەکەکە دەڵێن ئامانجی تورکیا تەنها خواکورک و ناوچە سنوورییەکان نییە، بەڵکو ئامانج گەڕانەوەی تورکیایە بۆ سنووری میساقی میللـیی، کە سەرانسەری باشوری کوردستان بە موسڵ و کەرکوکیشەوە دەگرێتەوە، ئێوە ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە چۆن دەبینن؟

"ئامانجی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا زۆر لەوە گەورەترن کە دژی قەندیل بێت"

 

ماج خەلیل: تورکیا دەیەوێت هێزێکی هەرێمی بێت و ئێستا کشاوەتە ناو ئاسیای ناوەڕاستەوە و دۆزی عەرەب-ئیسرائیل بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕابەرایەتیی دنیای موسڵمانان بکات، کاتێک کە ڕووداوێکی نێودەوڵەتیی لەم ناوچەیە ڕوودەدات، تورکیا دەرفەت دەقۆزێتەوە بۆ بنبەستکردنی جوڵانەوە ناوخۆییەکانی خۆی، لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تورکیا دەرفەتەکانی بۆ ژێردەستەکردنی کورد قۆستووەتەوە، ئێستاش کە ئاگرێکی لەو جۆرە لە ناوچەکەدا لە هەڵگیرساندایە کە ئەویش جەنگی ئەمریکا و وڵاتانی ئیسلامگەرا لەگەڵ ئێران و دۆخی سوریا خۆی دەبینێتەوە، ئامانجی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیاش زۆر لەوە گەورەترن کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەندیل بن، چونکە بە خوێندنەوەی پەیامەکانی ئەم دواییەی ئۆجالان تێدەگەین کە قەندیل خواستێکی ئاشتیخوازانەی هەیە و چارەسەری ڕیشەیی داناوە، شەقامی کۆمەڵایەتی باکوری کوردستانیش بە گەشبینییەوە تەماشای ئەم لێدوانانە دەکەن، هیچ کاتێک پەکەکە نەیویستووە کە خەڵک بە دۆخێکی خراپدا ببات، بەڵام ئێستا تورکیا بازوویەکی بەهێزی ئەو سیاسەتە جەهەنمییانەیە.

- دەتوانین بڵێین پەکەکە ئاستەنگییەکی گەورەیە لە بەردەم سیاسەتە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک؟

"پەکەکە دیاردەیەکی دەگمەنە لە خەباتی ڕزگاریخوازیی تەواوی گەلانی دنیادا"

 

ماجد خەلیل: پەکەکە ئەجێندای خۆی هەیە و دوور دەڕوانێت، ئەم دوور ڕوانینەشی وایکردووە بە تۆکمەیی بمێنێتەوە و بە دەستگیرکردنی ڕێبەرە کاریزماکەشی دیسان هەر لەسەر پێیە، دیاردەی پەکەکە دیاردەیەکی دەگمەنە لە خەباتی ڕزگاریخوازیی تەواوی گەلانی دنیادا و بۆ ڕۆژئاوا جێی پرسیارە، بۆیە ئۆپەراسۆنەکان چەند ئامانجێکی نێودەوڵەتیی، هەرێمیی و ناوخۆیی هەیە، لە ئامانجە ناوخۆییەکەدا بۆ لێدانە لە ئەزموونی سیاسیی کوردستان و دروستکردنی درز لە نێوان پەکەکە و خەڵکی باشوری کوردستان، شتێکی چاوەڕوانکراویشە بەیاننامەیەکی شەرمنانە لە هەرێمی کوردستان دەربچێت، دەرچوونی بەیاننامەیەکی لەمجۆرەش بۆ ئەو جڵەوگیرییە دەگەڕێتەوە کە تورکیا لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە هەرێم کوردستان-ی پێ ڕادەستکردووە و ئەگەریش بییەوێت لە ماوەی پێنج خولەک-دا دەتوانێت هەموو سەرچاوە ئابوورییەکانی لێ وشک بکات.

-زۆرێک لە ڕۆشنبیران دەڵێن، کە ئەگەر کارتی پەکەکە نەبێت تورکیا دان بە هەرێمی کوردستاندا نانێت و هەرێمی کوردستان ناتوانێت بە سانایی سیاسەت بکات؟

"ئەوە تێگەیشتنێکی ڕۆشنبیرانەیە و لە هەمانکاتدا واقعێکی مێژووییە"

 

ماجد خەلیل: ئەوە تێگەیشتنێکی ڕۆشنبیرانەیە و لە هەمانکاتدا واقعێکی مێژووییە، چونکە بڕیاری ٦٨٨ کە لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی باشوری کوردستان بۆ دروستبوونی ناوچەی ئارام دەردەچێت، تورکیا کاری زۆری لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کرد و بیرکردنەوەشی لەسەر دروستبوونی ئەو ناوچەی ئارامە دیارییکراو بوو، چونکە ئەو بڕیارە ناوچە دابڕێندراوەکانی نەدەگرتەوە و تەنها سلێمانی، هەولێر و دهۆک-ی دەگرتەوە، بۆ ئەوەی ململانێکان بە زیندوویی بمێننەوە و هەرێمی کوردستان ببێت بە کارتێک دژ بە پەکەکە، بەدڵنیاییشەوە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی تورکیادایە، بۆیە ئێستاش دەیەوێت هەمان سیاسەت لە ڕۆژئاوای کوردستان پەیڕەو بکات، کە داوای دروستکردنی ناوچەی ئارام دەکات، بەڵام ئیرادەی ڕۆژئاوای کوردستان ئیرادەیەک نییە کە گوێ بۆ بەندە سیاسییەکانی دەوڵەتی تورک شل بکات، بۆیە ئەوەی کە لە باشوری کوردستان بۆی چووە سەر، لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆی ناچێتە سەر، پاشەکشە و ڕادەستبوون لە ئیرادەی پەکەکەدا نییە، بۆیە دەوڵەتی تورک ئەگەر بییەوێت گوندێکیش داگیربکات دەبێت بەسەر جەستەی گەریلادا تێپەڕببێت.

 

-لەکاتی ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریشدا، ئەوەی کە دژایەتیی ڕیفراندۆمی کرد بە پلەی یەکەم تورکیا و دواتر ئێران بوون، بۆچ هەرێمی کوردستان ئەزموون لەو مێژووە وەرناگرێت؟

ماجد خەلیل: ئێمە لەو ڕاستییە تێگەیشتووین کە وانە وەرگرتن لە مێژوو نەبووەتە بیرکردنەوەی تاکی سیاسیی سەرکردایەتیی کورد، بە پێچەوانەوە خاڵە لاوازەکانی دەیان ڕووداوی وەک ١٦ی ئۆکتۆبەر بووە بە خوویەک بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی باشوری کوردستان کە هەمیشە دووبارەی دەکەنەوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەو ئەزموونە بە ئاسانیی ڕادەستبوون بە دوژمن تۆختر دەکاتەوە.

 

-عەبدوڵا ئۆجالان لە دیدارەکانی ئەمدواییەیدا ئەوەی هێنایە زمان کە پێشکەوتنی چارەسەریی تەنها بە دانووستان لەگەڵ لایەنێکدا پێکنایەت، وەک چۆن پێشتر ئەزموونێکی بەوشێوەیە پێکهات بەڵام ئاکەپە لەباری برد، ئۆجالان جەخت لە ئاشتیی کۆمەڵایەتیی دەکاتەوە، لە بەرامبەر ئەم خواستە ئاشتیخوازییەی پەکەکەشدا، هەمیشە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە هەڵوێستەکانیاندا بە پەکەکە دەڵێن بچنە باکوری کوردستان، ئەمە تاچەند بەڕاستی دەبینن؟

"تورکیا لە پێشنیاری چارەسەریی دەترسێت"

 

ماجد خەلیل: هەتا چارەسەریی و پێشنیاریی چارەسەرییەکان پێشنیارێکی یەکلاکەروەبن و سودوەرگرتن لە ئەزموونی مێژووییان پێوە دیاربێت، دەسەڵاتی سیاسیی تورکیا زیاتر دەشێوێت و زیاتر مامەڵەی ڕەقئامێز ئاڕاستەی پێشنیارەکە دەکات، تورکیا پێشنیارێکی دەوێت کە تۆ ببیتە پرۆژەی ئەو، ئەوان لە پێشنیاری چارەسەریی دەترسن، چونکە چارەسەر لە بەرژەوەندی تورکیا نییە، بۆیە ئەو پێشنیارانەی کە ئۆجالان دەیکات بۆ چارەسەریی، بۆ ئەوەیە کە بەتەنها مامەڵە لەگەڵ ڕەوتێکی سیاسیی دیارییکراودا نەکرێت، کاتێک ڕەوتێک لە هەڵبژاردندا دۆڕا ڕەوتێکی دیکە بێت و ڕیسەکە ببێتەوە بە خوری، ئەمە سوود وەرگرتنە لە مێژوو.

 

-لە ماوەی ڕابردوودا هێزی خۆپاراستنی جەوهەریی لەلایەن گەنجانی باشوری کوردستانەوە پێکهێندرا، ئەو هێزە ڕایانگەیاندبوو کە پارێزگاریی لە هەر شوێنێکی کوردستان دەکەن، کە لەژێر هێرشدایە و بارەگاکانی تورکیاش دەبنە ئامانجیان، دروستبوونی ئەو هێزە چۆن دەبینن؟

"ئەمە ڕێگەچارەیە بۆ ئەو پێشهاتانەی کە دێنە ئاراوە"

 

ماجد خەلیل: دیسانەوە بەجۆرێکی کلاسیکییانە خوێندنەوە بۆ دروستبوونی ئەو هێزە کرا، دروستبوونی ئەم هێزانە مۆدێلێکە دەرهاویشتەی ئەو تیۆرییە سیاسییەیە، کە خەباتی کۆمەڵایەتی و مەدەنیی دەهێنێتە بەرهەم و گۆڕانکاریی لە ڕایەڵە چەقبەستووە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، کە پێشهاتێک دێتە پێشەوە، پێموایە ئەمە ڕێگەچارەیە بۆ ئەو پێشهاتانەی کە دێنە ئاراوە، پێویستە یەکەی بچووک بچووک و ڕیکخراو دروست ببێت بۆ هۆشیاریی، پێویستە پەروەدەیەک بێتە ئاراوە، چونکە ناوچەکە لە سەر ئاگرە و دەکرێت هێزێک بۆ بەهاناچوونی خەڵک و پاراستن ژینگە دروستبکرێت.

 

- ڕۆڵی ڕۆشنبیران لەم قۆناغەدا چییە و دەتوانن چی بکەن؟

 "ڕۆشنبیران دەتوانن لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە-شدا ڕۆڵی ئەرێنیی بگێڕن"

  

ماجد خەلیل: بە دڵنیاییەوە ڕۆشنبیران دەتوانن هەم لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی دەرەوە ڕۆڵی ئەرێنیی ببینن، ڕۆشنبیرانی ڕەسەن دەتوانن ئەمە بکەن نەک ڕۆشنبیری سێبەر و بەکارهێندراو، ڕۆشنبیرانی ڕەسەن دەتوانن کار لەسەر گۆڕانکاریی بکەن و ببنە کارتی فشار، وە تەنها ئەوان دەتوانن زەمینەیەکی زێڕین بڕەخسێنن و بۆ ئەوەی ئەو توانا بەهێزەی خەبات وەک خۆی بگەیەنن، ئەوان دەتوانن حەقیقەتەکان ڕاستبکەنەوە.

س.ح