مامۆستایەکى زانکۆ: بۆ سود وەرگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت یەکگرتووبین

پسپۆڕێکى یاسایی، پێى وایە، بۆ ئەوەى کورد سود لە یاسا نێودەوڵەتییەکان وەربگرێت، پێویستى بەوەهەیە یەکگرتووبێت، هەروەها دەڵێت: کورد لەسەر ئاستى نەتەوە یەکگرتووە، بەڵام لەئاستى لایەنە سیاسییەکاندا ناکۆکن.


د. تەحسین حەمەغەریب، پسپۆڕى یاسایى و مامۆستا لە بەشى یاسا و ڕامیاریی لە زانکۆى گەشەپیدانى مرۆیی لە شارى سلێمانى، لەم چاوپێکەوتنەى ڕۆژنیوزدا تیشک دەخاتە سەر گرنگى یەک ڕیزى و یەکگرتوویى کورد، هەروەها وەڵامى چەند پرسیارێکى گرنگ دەداتەوە لەبارەى یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییانەى کە کورد دەتوانێت بۆ بەدەستهێنانى مافەکانى و دژى هێرش و داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک هاناى بۆ بەرێت.

دەقى چاوپێکەوتنەکە

- چەند گرنگە کورد یەکگرتووبێت بۆ ئەوەى ئەو یاسا نێودەوڵەتیانەى کە هەیە بۆ پاراستنى خۆى هاناى بۆ بەرێت؟

"ئێمە دەوڵەتمان نییە، بەڵام دەتوانین یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکار بێنین بۆ مافە نەتەوایەتییەکانمان"

د. تەحسین حەمەغەریب: یەکێک لەفەیلەسوفەکان دەڵێت هەموو کۆمەڵگایەک بەدوو لایەن بەڕێوە دەبرێت لایەنێکیان بریتیە لەکۆنترۆڵ کردن لایەنەکەی تریش بریتیە لە ئەخلاق و بەهاکان، ئەگەر لە گەنجێکی کورد بپرسی بۆچی تۆ ئەڕۆیت بۆ ئەوروپا؟ بەدڵنیاییەوە دەڵێت 'لەبەر ئەوەی لەوێ یاسا بوونی هەیە و مافەکانم دابین کراوە' بەڵام لەڕاستیشدا کۆمەڵگا تەنها بەیاسا بەڕێوە ناچێت لایەنێکیتر کە گرنگى هەیە بەهاکانە،  ئەویش بریتییە لەوەى بەشێک لە مافەکانى خۆت وازلێبنێت بۆ بەرامبەرەکەت، لەڕاستیدا چونکە ئێمە دەوڵەتمان نییە، دەتوانین یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکار بێنین بۆ مافە نەتەوایەتییەکانمان، بۆیە یەکگرتنى کورد زۆر گرنگە.

 

یەکگرتن واتاى توانەوە لەناو یەکدا نییە، بەڵکو  یەکتر قبوڵکردنە، پشتگیریی کردنی یەکترە، بۆئەوەی بتوانین هەرچوار پارچەی کوردستان پێکەوە سود لە یاسا نێودەوڵەتییەکان وەربگرین، ئەوەى لە جیهاندا پیادەدەکرێت عورفى نێودەوڵەتییە، عورفى نێودەوڵەتیش ئەو میللەتانە هێزى لێوەردەگرن کە یەکگرتوو بەهێزن، ئێمە ئەگەر هەموو یەک نەبین بەدڵنیاییەوە ناتوانین ڕۆڵی خۆمان و جێکەوتی خۆمان بۆسەندنەوەی مافەکانی خۆمان بیچەسپێنین.

ئێمەی کورد مادام دەوڵەتمان نییە، مادام یاسایەکمان نییە پێکەوە کۆمان بکاتەوە، ئەبێت ئەم هاوکاریکردنەی یەکتر لەناوماندا جێگەی بێتەوە، ئەم دیوە ئەخلاقییە وامان لێدەکات پشتگیری یەکتربین، من پشتگیریی کوردێک بکەم لەتورکیا، کوردێکی تورکیا پشتگیری بکات لە کوردێکی ئێران، ئەوەی ئێمە پێکەوە ئەبەستی ئەم پێکهاتە ئەخلاقی و هاوکاری کردنەیە.

- باشە ئەو هاوکاریی و پشتگیرییە هەیە لەناو لایەنە سیاسییەکانى کورد-دا؟

" لەناو لایەنەکاندا ئەوە لاوازە"

د. تەحسین حەمەغەریب: لەناو لایەنەکاندا ئەوە لاوازە، لەڕاستیدا سیاسەت لەگەڵ هاوکاریا یەک ناگریتەوە، واتە ئەگەر من سیاسەت بکەمە پیوەر پێچەوانە دێتەوە لەگەڵ هاوکاریدا، واتا ئەگەر بەتەنها خەریکی سیاسەت بین شەڕ و ململانێ لەنێوانماندا دروست دەبێت، هەرچەندە حیزبێک بیەوێت سیاسەت بسەپینیت بەسەر حیزبەکەی تردا، ئەوەندە لە بەهاکان و ئەخلاقیاتی کوردەواریی دور دەکەوێتەوە، چونکە ئێمە بە بەهاکان و ئەخلاق و فەرهەنگ و بە کلتور دەتوانین پشتیوانی یەک بکەین، بۆیە چەن بەرەو سەنتەری سیاسەت بڕۆین ئەوەندە لەم بابەتە دور دەکەوینەوە، دەبێت سیاسەت بکەین، بەڵام پێویستە سیاسەت نەبێتە بابەتی سەرەکی هیچ حیزبێک، بەشێوەیەک بیەوێت لەوشوێنەی ئەو بوونی هەیە ئیتر کەسی دیکە بوونی نەبێت.

- دکتۆر بەو پێیەى پسپۆڕییەکى جەنابت لە یاسادایە، ئەوەى کە باوە دەوترێت یاسا هێز دەینووسێتەوە، یاخود ئەو گەلانەى بەهێز و یەکگرتوون، یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکار دێنن بۆ پاراستنى خۆیان، چەند گرنگە کورد یەکگرتووبێت بۆ ئەوەى لە نەخشەى نوێى جیهاندا مافەکانى بەدەستبهێنێت؟

" ئەو کەسەی هێزی هەبوو دەتوانیت باشتر سود لە یاسا ببینێت"

د. تەحسین حەمەغەریب: ئەم پرسیارەى جەنابت پرسیارێکى وردە،

ئەوەی کەباوەو لەڕۆشنبیری ئێمەدا باس دەکرێت وادەزاندرێت هێز پێچەوانە دێتەوە لەگەڵ یاسا، بابەتەکە وانییە، هێز تەنها هێزى چەکداریی نییە، ئێمەی کورد تەنها یەک هێزمان نییە ،‌هێزی چەکمان هەیە، هێزی کلتورمان هەیە، هێزی ئەخلاق و پێکەوە بوونمان هەیە، مەرج نییە ئەوەی هێزی هەبوو پێچەوانە بێت لەگەڵ مامەڵەی  یاسایی-دا، ئەو کەسەی هێزی هەبوو دەتوانیت باشتر سود لە یاسا ببینێت، هەموو ئەو کەسانەی هێزیان هەیە یاسا پێشێل ناکەن، کەسانێک هەن  هێزیان هەیە زیاتر سود لە یاسا دەبینن، هەر لەبەر ئەم هۆیە بۆئەوەی زیاتی سود لەیاسا ببینین پێویسە هاوکاری یەک بکەین بۆئەوەی ‌هێزی زیاتمان هەبێت بین ئەمەش تەنها بەشیعار نا ئەبێت ئیشی لەسەر بکرێت، نەتەوەى کوردیش ئەو توانایەى تیایە.

- دکتۆر چەند ڕۆژێک بەسەر ساڵیادى ڕزگاربوونى کۆبانێ-دا تێپەڕیوە، ئەوەى لە کۆبانێ کرا، نمونەیەکى یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزیى کورد نییە؟

"کۆبانێ سیمبولی یەکبوونی کوردە"

د. تەحسین حەمەغەریب: بەبۆچونی من کۆبانێ ئەو بوێریە ئەو ئازایەتیە ئەو لێبوردەیەی کەخەڵکی کۆبانی کردیان، ئەوەى کە نەتەوەی کورد پشتگیرییان کرد، ئەمە سیمبولی یەکبوونی کوردە، بەڵام من ئەترسم بابەتە نێو نەتەوەییەکە جارێکی تر نەک هەر کۆبانێ ڕۆژ ئاوای کوردستانمان پێ لەدەست بدات.

- چۆن دەکرێت هەموو ئەم لایەنانە لەسەر مێزى یەکێتى نەتەوەیى کۆببنەوە بە جیاوازییەکانیانەوە، بۆ ئەوەى چیتر مەترسى ئەوە نەبێت هێرش لەسەر ڕۆژئاواى کوردستان و پارچەکانى دیکە دروستبێت؟

"گرنگە دان بە هەڵەکانى خۆماندا بنێین"

د. تەحسین حەمەغەریب: کورد بوێرە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، بەژمارەیەکی کەم بەرامبەر بە ژمارەیەکی زۆر ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بەڵام کورد لەڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆیدا بوێرانە مامەڵە ناکات، گرنگە ئێمە لەگەڵ خۆمان ڕووبەڕوو ببینەوە، دان بە هەڵەکانى خۆماندا بنێین، لەگەڵ براکانماندا یەک بین ئەمەیان گرنگە، پێویستە حزبەکان واز لە غروری خۆیان بێنن و دان بەهەڵەکانی خۆیان بنێن و ئاشتەوای دروست بکەن، ئەمەش بوێری بڕیار دانی دەوێت.

- ئەگەر ئەوە نەکەن کورد ڕووبەڕووى چى دەبێتەوە؟

د. تەحسین حەمەغەریب: وەک هەموو دەرفەتەکانى دیکە ئەم دەرفەتەشمان لەدەست دەچێت.

- ئەگەر هەیە جارێکى دیکە دەرفەتێکى وەها بێتەوە بەردەم کورد بۆ ئەوەى مافەکانى بەدەست بهێنێت؟

"ئەگەر پێشتەوە بەردەممان لەدەستى دەدەینەوە"

د. تەحسین حەمەغەریب: ئەگەر هەیە، بەڵام ئەگەر ئێمە خۆمان یەکنەخەین هەر لەدەستى دەدەینەوە، ئەو قوربانییەى ئێمە داومانە بۆ ئەوەى بە مافەکانمان بگەین کەم نییە، شارمان لەدەستداوە، گەنجەکانمان لەدەستداوە ئابووریمان لەدەستداوە، ڕۆحمان بریندار بووە، ئەمانە کەم نین، ئەو قوربانیانەى داومانە شایەنى ئەوەیە لەپێناویدا یەک بگرین.

ئومێد هەیە بەوەى یەکێتى نەتەوەیى کورد دروستببێت؟

"دەبێت سەرەتا خۆیان بگۆڕن"

د. تەحسین حەمەغەریب: پێویستە سەرەتا لایەنەکان خۆیان بگۆڕن، ئەگەر بەکەسێکى لە خۆبایی بڵێى تۆ لەخۆبایت، لەبەر ئەوەى لەخۆ باییە ناتوانێت ڕەخنەکەى تۆ قبوڵ بکات، دەبێت لە پێشدا واز لە خۆبایی بوونەکەى بهێنێت ئەوکات گوێ لە قسەکەى تۆ دەگرێت و دەڵێت بەڕاستى من لەخۆبایی بووم پێویستە خۆم بگۆڕم، بۆیە بەم مامەڵە لەخۆبایی بوونەى لایەنە کوردییەکانەوە گەشبین نیم بە یەکڕیزى کورد، دەبێت سەرەتا خۆیان بگۆڕن.

- پەیوەندى نێوان پارچەکانى کوردستان چۆن دەبینیت، لەئاستى گەل-دا؟

" زۆر باشە"

د. تەحسین حەمەغەریب: لەئاستى نەتەوە و گەل-دا زۆر باشە، لەسەر بابەتە ئاساییەکانیش گەل پشتگیریی یەک دەکات، بەڵام لەسەر ئاستە سیاسییەکە باش نییە.

- دەوڵەتى تورک نزیکەى ٣٠ کیلۆمەتر خاکى باشورى کوردستانى داگیرکردووە، بەردەوام بۆردوومانى سنورەکانى هەرێمى کوردستان دەکات و هاوڵاتیان دەکاتە قوربانى، سەبارەت بە سیاسەتەکانى دەوڵەتى تورک بەرامبەر بە باشورى کوردستان سەرنجت چییە؟

د. تەحسین حەمەغەریب: ئێمە تەنها کێشی ناوخۆمان نییە کێشەی نێو نەتەوەیشمان هەیە،لەڕاستیشدا تەنها ئەوە تورکیا نییە پێشێلى یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات، بەڵکو ئەو وڵاتانەى کە لەدوریشەوە هاتوون هەمان مامەڵە دەکەن.

- کەواتە چى بکرێت بۆ ئەوەى ڕووبەڕووى ئەو پێشێلکارییانە ببینەوە؟

"دەبێت زیاتر چالاک بین"

د. تەحسین حەمەغەریب:  ئێمە دەبێت زیاتر چالاک بین، سود لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ببینین ،بەرگری کارێک و پارێزەرێکی باشی ئەم نەتەوەیە بین، خەڵکی پسپۆڕ پێبگەیەنین لەو بوارەدا کە بتوانن پارێزەر بن لەئاستی جیهانیدا بتوانن بەرگری لەمافەکان بکەن.

- حکومەتى هەرێم دەڵێت ئێمە دەسەڵاتى تورکیامان نییە، ئەو دەوڵەتێکى گەورەیە، چ ڕێکارێکى یاسایی هەیە بۆ ئەوەى حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراق سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمار بکەن؟

"لەیاسادا گەوەرە و بچوک نییە"

د. تەحسین حەمەغەریب: ئەگەر پێشێلکردنى یاسا نێودەوڵەتییەکان هەبێت، ئەوا دادگا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زۆرن، هەر لە لەتەوە یەکگرتووەکانەوە بیگرە هەتا دادگا نێودەوڵەتییەکان، لەیاسادا گەوەرە و بچوک نییە، هەموومان لەبەر دەم یاسادا یەکسانین لەبەر ئەوە هەموو کەس ئەتوانیت بەرگریی لەمافەکانی بکات ئەگەر مافێک هەیە.

- پێتوایە ئەوە پێشێلکردنى ماف نییە، کە ڕۆژانە هاوڵاتیان دەکرێنە قوربانی؟

"بڕوا ناکەم مرۆڤێکى هۆشیار هەبێت دان بەو ڕاستییەدا نەنێت"

د. تەحسین حەمەغەریب: بەدڵنیاییەوە، ئێستا ئەوە بابەتێکى دیارە، کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانى مرۆڤ لەوڵاتى ئێمە و لە سوریا و لەم ناوچەیەدا بەگشتى پێشێل دەکرێت، بڕوا ناکەم مرۆڤێکى هۆشیار هەبێت دان بەو ڕاستییەدا نەنێت.

- کەواتە چ دادگا و ڕێکخراوێک هەیە کە پێویستە لەسەر ئەم پێشێلکارییانە بێتە دەنگ؟

"ئێمە دەبێت ئەم بابەتانە بکەینە ڕووداو"

د. تەحسین حەمەغەریب: ڕێکخراوەکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان یاخود ڕێکخراوە جیهانییە ئازادەکان، کە بەرگریی لەمافی مرۆڤ دەکەن، ئێمە دەبێت ئەم بابەتانە بکەینە ڕووداو تا جێی سەرنج بێت، ئێمە کە مافە نەتەوەیەتیەکانمان پێشێلکراوە ئەتوانین داوا ی مافی خۆمان بکەین.

د.ع