مامۆستایەکى زانکۆ: هۆکارى نەگەشتنى کورد بە مافەکانى نەبوونى یەکڕیزییە

مامۆستایەکى بەشى مێژوو لە زانکۆى سلێمانى، دەڵێت، کە داگیرکەران و دوژمنانى کورد هۆکارى ئەوەنین، کە کورد نەگەشتووە بە مافەکانى، بەڵکو نەبوونى یەکڕیزیی هۆکارى ئەوەیە، هەروەها دەڵێت: ئەگەر یەکڕیزیی لەناو خۆماندا دروستنەکەین ئەو دەرفەتە گەورەیەمان لەدەست دەچێت کە بۆ بەدەستهێنانى مافەکانمان هاتووەتە بەردەممان.


دکتۆر ئارام عەلى، مامۆستاى بەشى مێژوو لە زانکۆى سلێمانى، لەم چاوپێکەوتنەى ڕۆژنیوزدا تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانى داگیرکەرانى کوردستان بۆ پارچەکردنى کورد لە قۆناغەکانى مێژوودا، هەروەها وەڵامى چەند پرسێک لەبارەى هەوڵەکانى دەوڵەتى تورک بۆ داگیرکردنى پارچەکانى کوردستان و سیاسەتى لایەنە کورستانییەکان بەرامبەر بەیەکتر دەداتەوە. 

دەقى چاوپێکەتنەکە

- دکتۆر با لەوەوە دەستپێبکەین، چۆن داگیرکەرانى کوردستان هەوڵى پارچەکردنى کوردیان داوە لە مێژوودا؟

"یەکێک لە چەکە سەرەکی و کوشندەکانی، کە بەکاریان هێناوە بەرامبەر کورد پارچەکردنی کورد بووە"

د. ئارام عەلى: پارچەکردنى کورد لە شەڕی چاڵدیرانەوە بۆ جەنگی جیهانی یەکەم دەست پێدەکات، داگیرکەرانی کورد یەکێک لە چەکە سەرەکی و کوشندەکانی، کە بەکاریان هێناوە بەرامبەر کورد پارچەکردنی کورد بووە، بە داخەوە ئێمەش کەوتوینەتە ناو ئەو داوەوە، لەشکری میرنیشنە کوردییەکانیان بەرامبەر یەکتر بەکار هێناوە، ڕەنگە ئەوەندەی کورد لە داگیرکاریی ناوچەکانی دیکەى کوردستاندا بەشداریان کردووە، لە ڕیزی سوپای عوسمانی وئێرانیشدا، ئەوەندە عوسمانییەکان و سەفەویەکان و قاجاریەکان خۆیان بە کوشت نە دابێت هەر بە کورد ئەو کارەیان کردوە.

هەروەها وڵاتانی ئەوروپی داگیرکەریش دەوری کاریگەریان هەبووە لەو مەسەلەیە، جاری واهەبووە نەک یەک ڕیزیی کوردییان تێکداوە، بەڵکو یەکڕیزیی هاونیشتیمانیانى کوردستانیان تێکداوە، بۆنمونە لەسەردەمی بەدرخان پاشادا لە ساڵی ١٨٤٠ ا باشترین پەیوەندی لەنێوان کوردی موسڵمان و ئاسوری و مەسیحی و ئەرمەنییەکاندا هەبووە، بەڵآم بەریتانیەکان هاتوون ئەو یەک ڕیزیەیان تێکداوە، بە داخەوە کورد هەتا ئێستا ڕزگاریی نەبووە، ئەگەر لە من ئەپرسی هۆکاری  ئەوەی کورد تاکو ئێستا نەبووە بە هیچ داگیرکەر نییە، هۆکاری سەرەکی نەبوونی یەکڕیزییە.

- باشە کورد بۆ ئەم یەکڕیزییەی تیا دروست نابێت؟

"هەمیشە هەوڵیان داوە سەرکردەی لاوازمان هەبێت"

د. ئارام عەلى: نزیکەى ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ ساڵ دەبێت داگیرکەران هەوڵى ئەوە دەدەن کورد پارچە بکەن، هەر کاتێکیش میرێک یان دەسەڵاتدارێک پەیدا بوبێت و ویستبێتی کورد یەک بخات، ئەوان دایان پڵۆسیوە، هەمیشە هەوڵیان داوە سەرکردەی لاوازمان هەبێت، بۆ نموونە کاتێک ئەوڕەحمان پاشاى بابان، میرنشینى بابانى بەهێزکرد ئامۆزاو برایان لێ هاندا، هەتا کورد لە ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی وئێرانیدا بووە هەر دوو لا دانیشتوون بۆ ئەوەی هاوکاری یەک بکەن لەسەر ئەوەى کورد یەک نەگرێت.

-  هۆکاری ئەوە چییە، کە داگیرکەران توانیویانە بە ئاسانى کورد دژی براکەی یان دەسەڵاتدارێکی دیکەى کورد بەکار بهێنن؟

"داگیرکەرانى کوردستان وایکردووە لە مێشکی تاکی کورد-دا ناوچەگەرێتی دروست ببێت"

د. ئارام عەلى: لە ڕاستدا من پێم وایە پەیوەندى بە بەرژەوەندییەوە هەیە، یەکێک لە دیبلۆماتکارانی ڕوس لە کاتی جەنگی ١٧٧٧ بۆ ١٧٧٨کە لە نیوان ڕوسیا و دەوڵەتی عوسمانی ڕوویدا، دەڵێت ' ئەو کوردانە لە ڕیزی سوپای عوسمانیدا شەڕدەکەن، دەوڵەتى عوسمانى ناپارێزن، بەڵکو ئەو شوێنە دەپارێزن کە تێیدا نیشتەجێن، بیر لە سنوری ئەودیو ناکاتەوە'، لەوە دەچێت هەتا ئێستا ئەقڵیەتی دەرەبەگایەتی لە مێشکماندا مابێتەوە، بیری فراوان خوازی نەک لە دەرەوەی کوردستان بەڵکو لە ناوەوەی کوردستانیش نەبووە، چەند جارێک هەوڵدان هەبووە، لە سەدەی ١٩ بەدرخان پاشا و میر محەمەدی میری سۆران هەوڵییاندا، چەند ناوچەیەکیان یەکخست، بەدرخان پاشا، لە ڕێگای دیبلۆماسی وگفتۆگۆوە ئەوەى کرد، میر محەمەد، میرنشینەکەى فراوانکرد بۆ ناوچەی برادۆست و میرنشینی ئامێدی وشنگال و هەتاوەکو ئەودیو سنورى ئێران ڕۆشت، بۆ ئەوەی پارچەیەکی گەورەی کوردستان دروست بکات، بەڵام دەبینین کە عوسمانییەکان و ئێران و بەریتانیا و ڕوسیا، یەکیانگرت بۆ ئەوەى ڕێگریی لێبکەن، ئەم هەوڵانەى داگیرکەرانى کوردستان وایکردووە لە مێشکی تاکی کورد-دا ناوچەگەرێتی دروست ببێت و بڵێن گرنگ ئەوەیە خۆم پارێزراوبم، ئیتر ئەوەی ترکەیفی خۆیەتی.

- لە سالی نەوەدەکانى سەدەى ڕابردووەوە هەوڵێک هەیە بۆ دروستکردنى یەکێتی نەتەوەیی، ئەم هەڵانە چۆن دەبینیت؟

        "کێشەکە لەوەدایە کە دوو جیهانبینینی جیاواز هەیە"

د. ئارام عەلى: ئەو هەوڵانە خراپ نین هەموو لێک نزیک بوونەوەیەکی کورد باشە، بەلام کێشەکە لەوەدایە کە دوو جیهانبینینی جیاواز هەیە، لەنێوان ئەو هێزانەی، کە بیر لە یەکێتی نەتەوەیی دەکەنەوە، باڕاستەوخۆ بیڵێن، ئەو هێزانەی نزیکن لە پەکەکەوە یان ئەو هێزانەی نزیکن لە پ- د- ک وە یەکتر ناخوێننەوە، ناکرێت بیر لە یەکگرتن و یەکێتی بکەیتەوە بەڵام مەرجەکانی خۆت بسەپێنیت، ئێمە هەتا ئەوەمان هەبێت یەکێتی نەتەوەیمان بۆ دروست نابێت.

- باشە ناکرێت ئەم حزبانە بە ناکۆکییەکانیانەوە لەژێر چەترى یەکێتى نەتەوەیدا کۆببنەوە؟

"گرنگ ئەوەیە هەموومان ئامنجمان کوردستان بێت"

د. ئارام عەلى: بەڵی من لەگەڵتام ئەبێت وابێت، ئەگەر خاڵى جەوهەرى دروستکردنى یەکێتى نەتەوەیى بێت لاى لایەنەکان، ئەتوان چاوپۆشی لە ناکۆکییەکان بکەن، مەرج نییە هەموویان یەک شێوازى بیرکردنەوەیان هەبێت، تۆ بیر لە خەباتی چەکداریی دەکەیتەوە، من بیر لە شێوازێکى دیکە دەکەمەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەموومان ئامنجمان کوردستان بێت.

دوژمن ئێمە زۆر باش دەناسێت، هەموو دوژمانی کوردستان وڵاتانی زلهێزیش وەک ڕوسیا و ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنساش ئێمە باش دەناسن، ئەرشیفییان لەسەر ئێمە کۆکردووەتەوە، بەس ئێمە خۆمان باش ناناسین، دوژمنەکانیشمان باش ناناسین، ئەوە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئێمە لەوە تێنەگەین کە دوژمن قەت دۆستی ئێمە نییە. حیزبی (ئەلف) ئەبیت بزانێت کە حیزبی (ب)  دۆستی ئەوە نەک داگیر کەرانی کوردستان، بەڵام ئێمە لەبەر بەرژەوەندی حیزبی و کەسی و بازرگانی خۆمان چاو پۆشی لەو ڕاستییە دەکەین.

- دکتۆر باسى بەرژەوەندى ماددیت کرد، پێت وانییە لە باشورى کوردستان بازرگانى زاڵ بووە بەسەر سیاسەتدا؟

"کە هەموو شتێک بوو بازرگانیی، بازرگانیی بەها نەتەوەییەکانیشەوە دەکرێت"

د. ئارام عەلى: من باش لەوە تێدەگەم کە سیاسەت گەورە دەربڕینێکی ئابوریانەیە، ئەمە قسەى گەورە سیاسەتمەدارەکان و فەیلەسوفەکانە، کێشە نییە با سیاسییەکانمان بازرگانیی بکەن، بەڵام ئەگەر هەموو شتێک بوو بازرگانیی، بازرگانیی بە کورد و بەها نەتەوەییەکانیشەوە دەکرێت.

- یەکێک لەو دەوڵەتانەى، کە هەوڵى پارچەکردنى کوردستان و داگیرکردنى پارچەکانى کوردستان دەدات، دەوڵەتى تورکە، سەرنجت چییە لەسەر سیاسەتەکانى دەوڵەتى تورک دژ بە خەڵک و خاکى کوردستان؟

" ئەوان نایشارنەوە باشوری کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستان بەشیکن لە میساقی میللی تورکیا"

د. ئارام عەلى: تورکیا دەیەوێت دەوڵەتی عوسمانی نوێ دروست بکات، ئەوان ئەیانەوێت ١٠٠ ساڵ بەسەر پەیمان نامەی لۆزان تێپەڕیت، ئەردۆغان دەیەوێت تا سای ٢٠٢٣بمێنێتەوەو کۆمەڵێک گۆرانکاریی لە تورکیا بکات، ئەوان نایشارنەوە باشوری کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستان بەشیکن لە میساقی میللی تورکیا، ئێستە بە کردەوە هەوڵی بۆ دەدەن، ئەوەتا عەفرین-یان داگیرکردووە، دەیانەوێت ڕۆژئاواى کوردستان داگیربکەن و بیخەنە ژێر دەستی خۆیان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئەردۆغان باسى لەوەدەکرد، کە شارى مەککە و مەدینە و قودس، سەردەمانێک بەشێک بووە لە دەوڵەتی عوسمانی، دەڵیت ئێمە پابەندین بە میراتی باب وباپیرانمان و ئەو ناوچانە خاکی ئێمە بووە، تورکیا پیلانى ئەوەى هەیە ئەم وڵاتانە داگیربکات، ڕەنگە نەتوانێت بە ئاسانی هەرێمی کوردستان داگیربکات، بەڵام کاتێک باش نەزانین سیاسەت بکەین، کاتێک دوو ئیدارەیی دروست بکەین و هەرێمی کوردستان دابەش بکەین، وەک کەرکوکیان لێ سەندینەوە، سلێمانیش جیا بکەینەوە لە هەولێر، ئەمە ڕێگا خۆشکردنە بۆ نەخشەکانی تورکیا.

- کەواتە چى بکرێت بۆ ئەوەى ئەو پیلانانەى دەوڵەتى تورک پوچەڵبکرێتەوە؟

" نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی هۆکاری پەرتەوازەیی کوردە"

  • د. ئارام عەلى: ئەگەر ئەوان بیر لە بەرژەوەەندی کورد و کوردستان بکەنەوە نابێت ڕیگە بدەن کە داگیرکەر نەخشەکەی جێبەجێ بکات، بەڵام ئەگەر بیر لە بەرژەوەندی کەسی وحیزبی و بنەماڵەیی بازرگانییەکەیان بکەنەوە، بێگومان داگیرکەران نەخشەکانیان جێبەجێ دەکەن، ئەگەر لە خوێندکارێکی یەک و دووی سەرەتایی بپرسیت دەزانێت، کە نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی هۆکاری پەرتەوازەیی کوردە، ئایە ئەوان ئامادەن لە پیناو بەرژەوەندی کورد-دا بەرژەوەندیی کەسی و بنەماڵەیی و ناوچەیی و کەسی فەرامۆش بکەن؟ من پێم وایە ئەمە تۆزێک ئەستەمە، جا سەرکردەی نیشتیمانیی ونەتەوەیی لە ئەوەدا دەردەکەوێت 
  •  
  • ئێستا نەخشەیەکى نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوڕاست دادەندرێت، ئەگەر کورد یەک نەگرێت و لەم دەرفەتەدا مافەکانى بەدەست نەهێنێت ڕووبەڕووى ئەوە نابێتەوە کە لە ١٠٠ ساڵى ڕابردوودا بەسەرى هاتووە؟

" ئەگەر لەیەکتر بدەین و یەکترت قبوڵ نەکەین ڕەنگە ئەو دەرفەتەمان لەدەست بچێت"

د. ئارام عەلى: ئەگەر بەرەى کوردستانى نەبووایە، هەرێمی کوردستان دروست نە دەبوو، ئێستاش لە ڕۆژئاواى کوردستان پێم وایە بە دەستپێشخەرى کەنەکە، تەڤدەم و ئەنەکەسە دانووستان ئەنجام دەدەن، ئەوە کارێکى زۆر باشە، من پێم وانییە، کە ئەنەکەسە بتوانێت لەگەل ئیخوان موسلیمین و تورکیا دابنیشێت و دۆستبێت، نەتوانێت لەگەڵ تەڤدەم دابنیشێت، یان تەڤدەم بتوانێت لەگەڵ سوریا پەیوەندی هەبێیت، لەگەڵ ئەنەکەسە نەتوانێت، ئێستا  هەلێکی زۆر باش بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە، پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی بۆ کورد دروست بووە، هەردوێنێ فەرەنسا ئەڵێت زۆر پێویستە پشتگیریی کورد بکەین، بۆیە بەڕای من ئەبێت یەکتر قبوڵ بکەین، چونکە ئەگەر لەیەکتر بدەین و یەکترت قبوڵ نەکەین ڕەنگە ئەو دەرفەتەمان لەدەست بچێت.

د.ع