مامۆستایەکی زانکۆ: تای تەرازووی حکومەتی نوێی عێراق لای کورد و سوننەیە

لوقمان حەکیم، مامۆستای بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەشەپێدان پێیوایە، کە تای تەرازووی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لای کورد و سوننەیە، دەشڵێت، کە پێی باشە کورد لەگەڵ مالکی و عامریدا هاوپەیمانی بکات بەمەرجی ئەوەی مافە دەستورییەکانی کورد بدەن.


لە ئێستادا گەرمترین پرسی گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێنی عێراقە، دانیشتن و کۆبوونەوە و ئەنجامدانی هاوپەیمانی لە نێوان لایەنەکاندا بەردەوامە بۆ ئەوەی گەورەترین هاوپەیمانی پێکبهێنن.

لوقمان حەکیم، مامۆستای بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گەشەپێدان لە سلێمانی و پسپۆڕی پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا وەڵامی چەند پرسێکی گرنگ دەداتەوە لە بارەی ململانێی لایەنە شیعەکان بۆ پێکهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی پەرلەمانی و ڕۆڵی کورد و سوننە لەو ململانێیانەدا و چۆنیەتی مامەڵەکردنی کورد لەگەڵ هامپەیمانییە گەورەکەدا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

-چەند سیناریۆ هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق؟

"دوو بەرە هەیە، یەک نزیک لە ئێرانە ئەویتر نزیک لە ئەمریکا"

لوقمان حەکیم: من پێم وایە ئەمجارە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئاستەنگی دێتە ڕێ، هەرچەند پێکهێنانی حکومەت لە ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١٤دا بە ئاسانی نەکرا، بەڵام ئەم جارە جیاوازە، جیاوازییەکەش لەوەدایە، کە پێشتر ململانێ لە نێوان سوننە و شیعە و کورد و شیعەدا بوو، بەڵام ئەم جارە ململانێکە لە نێوان شیعەکان خۆیاندایە.

"شیعە دوو بەرەیە"

"لە ئێستادا دوو بەرەی شیعە هەیە، بەرەیەک بە بەرەی نزیک لە ئێران ناسراوە کە بەرەی هادی عامری و نوری مالیکییە، بەرەکەی دیکە بە بەرەی نزیک لە ئەمریکا ناسراوە، کە بەرەی حەیدەر عەبادی و موقدەدا سەدر-ە، ئێستا یەکلابووەتەوە کە حکومەت لەلایەن شیعەکانەوە پێک دەهێندرێت، بەڵام کام لایەنی شیعە!"

-کام لەو دوو هاوپەیمانییە چانسی پێکهێنانی حکومەتیان هەیە؟

"تای تەرازووەکە کەوتووەتە لای سوننە و کورد"

لوقمان حەکیم: هەردووکیان لە هەوڵی ئەوەدان، بەڵام ئێستا تای تەرازووەکە کەوتووەتە لای سوننە و کورد، بەوپێیەی کە کورد تەنها دوو حزبی دەسەڵاتداری ٤٣ کورسییان هەیە، سوننەکانیش ٥٣ کورسیان هەیە.

-پێت وایە نێو ماڵی کورد و سوننە ئەوەندە یەکگرتووە کە بتوانن بەیەکەوە بەشداری پێکهێنانی حکومەت بکەن؟

"یەکێتی و پارتی پێکەوەکار دەکەن، بەڵام سوننەکان ناکۆکیان تێکەوتووە"

لوقمان حەکیم: یەکێتی و پارتی کە خاوەنی ٤٣ کورسین تا ئێستا پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی بەشداری حکومەت ببن، لایەنە کوردییەکانی دیکەش بەرەیەکی هاوبەشیان پێک هێناوە، دەیانەوێت پێکەوە کار بکەن، بەلام نێو مالی سوننە هەندیک ناکۆکی تێکەوتووە، خەمیس خەنجەر و ئوسامە نوجەیفی، مەیلییان بۆ هاوپەیمانی کردن لەگەڵ عەبادی و سەدر-دا هەیە، بەرەکەی دیکە کە ٣٧ پەرلەمانتاریانی تێدایە دەیانەوێت محەمەد حەربوسی، بکەنە سەرۆکی پەرلەمان، ئەمانیش مەیلیان بەلای مالیکیدا هەیە.

"ئەگەر کورد بەلای بەرەی ئێراندا کە مالیکی و عامرییە نزیک ببێتەوە لەگەڵ ئەو ٣٧ کورسییەی سوننەدا، ئەوا بەرەی مالیکی و عامری چانسی پێکهێنانی حکومەتیان دەبێت"

-بەڕای تۆ باشترە کورد لەگەڵ کام کوتلەیەدا ڕێک بکەوێت؟

"پێم باشە لەگەڵ عامری و مالیکی ڕێکبکەون"

لوقمان حەکیم: یەکێتی و پارتی باسی ئەوە دەکەن کە دوای پلە و پایە ناکەون، بەڵکو بەدوای دەستکەوتە دەستورییەکانی کوردەوەن و دەیانەوێت ناوچە جێناکۆکەکان بەدەست بهێننەوە، ئەگەر ئەوە وابێت، ئەوا من پێم باشە لەگەڵ بەرەی هادی عامری و مالیکی ڕێکبکەون، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار.

"ڕاستە مالیکی خاوەنی بیرۆکەی ئابڵوقەدانی ئابوری هەرێمی کوردستانە، بەڵام عەبادی دەریخست کە چۆن سیاسەتێکی هەیە بەرامبەر بە کوردستان، لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا بینیمان چ تاوان و کوشتن و بڕینێک لە خورماتوو و کەرکوک و دوبز و ناوچەکانی دیکە ڕوویدا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەوڵدەدات کە خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان بخاتەوە ژیر دەسەڵاتی ناوەندی، بۆیە بەلای منەوە باشترە کە لەگەڵ بەری مالیکیدا مامەڵە بکرێت"

-هەموو حکومەتەکانی دیکەش لەسەرەتادا بەڵێنی گەورەیان داوە بە کورد دواتر جێبەجێبان نەکردووە، بەتایبەت مالیکی کە کورد ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵیدا هەیە، پێتوانییە بەهەمان شێوەی پێشوو دەبێت؟

"گرفتەکە لەوەدایە کە لەبەرامبەر مالیکیدا عەبادی هەیە"

لوقمان حەکیم: ئاخر گرفتەکە لەوەدایە کە لەبەرامبەر مالیکیدا عەبادی هەیە، عەبادی هێشتا ئەو خاڵانەی جێبەجێ نەکردووە کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەڵێنی جێبەجێکردنی داوە، ئێستا ئەگەر بڕۆیتەوە بەردەم عەبادی ئەبێت داواکارییە کۆنەکانی پێشکەش بکەیتەوە.

"ئەوە بڕاوەتەوە کە شیعە حکومەت پێکدەهێنێت، لەبەر ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانیان لایە، کورد ئەگەر بەدوای مافەکانییەوە بێت، ڕەنگە بتوانێت لەبەرەی ئێران ئەو مافەی دەست بکەوێت، لەبەر ئەوەی لەڕووی مەیدانییەوە کاریگەری هەیە لە عێراق، ڕاستە لە ڕووی تیۆرییەوە ئەمریکا کاریگەری هەیە لە عێراق، بەڵام لەڕووی مەیدانییەوە ئێران بەهێزترە، ڕاستە ئێستا ئێران ڕووبەڕووی سزای ئەمریکا بووەتەوە، بەڵام ئەوە هێشتا سەرەتایە، ئێران هێشتا کاریگەری هەیە لە سوریا و لوبنان و لیبیا و عێراق، بۆیە ئەگەر کورد گەرەنتی وەربگرێت ڕەنگە مافەکانی لای بەرەکەی ئێران بەدەست بهێنێت".

-ئەگەر بەراوردکارییەک بکەین لە نێوان ڕێژەی کورسییەکاندا، کام لەو دوو هاوپەیمانییەتییە کورسی زیاتریان لەلایە؟

"کورسییەکان جێگیر نییە بەڵام سەنگەرەکان جێگیرن"

لوقمان حەکیم: ناتوانین دیاری بکەین، لەبەر ئەوەی ئێستا دیاردەی کڕینی کورسییەکان دەستی پێکردووە، بە پێدانی ئیمتیاز و پارە ئەندام پەرلەمان بۆلای خۆیان ڕادەکێشن، ئێستا باس لەوە دەکرێت کە حەسەن فەیاز، لە سائیرون کشابێتەوە کە خاوەنی ١٢ کورسییە، هەروەها پێشتر باسێکی وا هەبوو کە حزبی شیوعی عێراق لە سائیرون بکشێتەوە، واتە کورسییەکان جێگیر نییە، بەڵام سەنگەرەکان جێگیرن کە سەنگەری مالیکی و عامرییە لەگەڵ سەنگەری عەبادیی و سەدر.

-پێتوایە کورد ئەوەندە یەکگرتووە کە بەیەکەوە بتوانن مامەڵەی سیاسی بکەن لە بەغدا، بەتایبەت کە ئێستا ناکۆکی گەورە هەیە لەنێوان لایەنە کوردییەکان لەسەر دواخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان؟

"نەبونی تەبایی هەمیشە زیانی بەکورد گەیاندووە"

لوقمان حەکیم: پارتی و یەکێتی بە حوکمی ئەو تەجروبە تاڵەی کە هەیانە لەگەڵ بەغدا لەوە تێگەشتوون کە دەبێت پێکەوە بچن بۆ بەغدا، بەڵام گرفتە لەوەدایە کە بەدرێژایی ٢٧ ساڵی حکومڕانی کوردی تا ئێستا حوکمێکی ڕەشید و پێگەشتوو حکومڕانی نەکراوە، نەبونی تەبایی لە ناو لایەنە کوردییەکاندا هەمیشە زیانی بە کورد گەیاندووە.

-پێتوایە حکومەت لەو کاتەی کە دەستور دیاریکردووە پێکبێت؟

"لەماوەی ١٥- ٢٠ ڕۆژی دیکە یەکلادەبێتەوە کێ حکومەتی نوێ پێکدەهێنێت"

لوقمان حەکیم: من پێموایە لەماوەی ١٥- ٢٠ ڕۆژی دیکە ئەوە یەکلادەبێتەوە کە کێ حکومەتی نوێ پێکدەهێنێت، لەبەر ئەوەی بارودۆخی باشوری عێراق زۆر خراپە، کێشەی ئاوی خواردنەوە و خراپی گوزەران هەیە، ئێستا خۆپیشاندان کە وەستاوە وەستانێکی کاتییە، بۆیە لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت ناتوانن کات بەفیڕۆ بدەن.

 

س.ح